"an independent online kurdish website

 کتێبی: پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک (١٩٧٥ ـ ١٩٩١) … لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی سیاسییە.


پێشەکی، پ.ی.د.یاسین سەردەشتی چاپی یەکەم،٢٠١٨….٢٧٢ لاپەڕە و نزیکەی ٣٤ بەڵگەنامەی دانسقە.  نووسینی: زانا فەقێ

     لەدەرەوەی مەودای وتار و بابەتی سیاسی حیزبایەتی دا, بۆیەکم جار کاک “کاوە ئەمین” بە بابەتێکی زانستی لەسەر پاسۆکی نووسیوە. بەناونیشانی” ناسیۆنالیزمی کوردی، خەبات بۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی، کاوە ئەمین/٢٠٠٦ کوردستان”.

ئەم کارەی ئێستای کاک زانا فەقێ لەسەر پاسۆک، وەک ماجستەرنامە لە زانکۆی سلێمانی پێشکەشکراوە، بە  دووەم سەرچاوە و هەوڵ دادەنرێ، وەک کارێکی زانستی و بەرهەمی قوتابییەکی زانکۆ. هەڵبەت لێرەدا جێی ڕێزێکی زۆرە، دەستخۆی لە کاک زانا بکەم، بۆ هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ ماستەرنامەکەی. گرنگییەکە لەوەدایە، بەتایبەت لاوێکی  گەرمیانی،نزیک گڕی نەوتە تاڵانکراوەکەی کەرکووک، بابەتێکی وا  تایبەت و قورس و هەستیار و پڕ لە سەختی و کەم سەرچاوەی هەڵبژاردووە، کە بەجۆرێک  لە جۆرەکان مێژووی ڕووداوەکانی دوای ڕاپەرین و میدیای بێ ڕوحمی کوردی، خێرا و دوور لە بەرپرسیارێتی و لەبەرچاوگرتنی مێژووی هاوچەرخ،  لەبیری کردووە.

ئاخر کەسێک نەزانێ پاسۆک بە چ نانەسکی و زەحمەت و ئەرک گرانییەک، تێکۆشانی کردووە، وا سەرپێی سەیری ئەم کار و حاڵەتە دەکات. بەڵام ئەوانەی خۆیان سووتەمەنی ئەم خەباتە سەختەن، و وردتر و بەویژدانتر و ئەقڵانیتر، خوێندنەوەی بۆ ڕووداوەکان و مێژووی سەردەم دەکەن، باشتر بایەخ بەم کارە دەدەن و پێیان وایە،  ئەوەی کراوە، نەک هەر شتێکی ئاساییە، بەڵکو ئەوپەڕی مایەی شانازیشە.

کارەکەی کاک زانا ماندووبوون و پەرۆش و دڵسۆزییەکی بێشوماری پێوە دیارە، مەگەر هەر ئەو توانیبێتی سەراسۆیی و سۆراخی ئەرشیف و بەسەرکردنەوە و پەیوەندیگرتن لەگەڵ هاوبیرانی پاسۆک دا بە گرانی و سەختییە بکات. هاوکات سەر بەسەر دەیان سەرچاوەی جۆراوجۆردا شۆڕ بکاتەوە، تاوەکو سەرەداوی باسێکی لێ ڕوون دەبێتەوە. هۆکارەکەش لە پلەی یەکەمدا، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، حیزبێکی وەک پاسۆک بۆی نەکرا، خاوەنی ئەرشیفێکی پارێزراو بێت و تۆماری مێژوو و  ڕووداو و هەڵوێستەکانی لەخۆ گرتبێت، ـ ئەمەش هۆوهۆکاری خۆی هەیە ـ تاوەکو  کەسانێکی وەک کاک زانا، بتوانن بۆ کارەکەیان پشتی پێ بەستن و سوودی لێوەرگرن.

کاتێک، بەندە هەواڵی لەخۆبووردوویی و پەرۆشی بەردەوام و گرتنە ئەستۆی ئەم کارە سەختە و لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕێگا پێچەڵپێچەی  کاک زانام بیست، زۆر خۆشحاڵ بووم.

 ساتەوەختێکیش  کاک زانا بۆ یارمەتی و پرسیارکردن و چاوپێکەوتن و هاوکاری ، پێوەندی پێوە کردم، بێ یەک و دوو  بەهانایەوە چووم و هەوڵم دا، مەڵۆیەکی جوان و دروست و دوور لە گیانی حیزبایەتی و شێواندنی ڕاستی بخەمە سەرت خەرمانی کارەکەی. تاوەکو ئەم هەنگاوە بێتە سەرەتایەکی باش و  پێویست بۆ ئەو مێژووەی پاسۆک، بێ ڕتووش بەدرێژایی تەمەنی خۆی نەخشاندوویەتی. بەڕاستی کارەکەی کاک زانا، جێی دەسخۆشی و پیرۆزبایی لێکردنە.

لێ ئەم هەموو  ڕاستی و ستایش و ڕێز و خۆشەویستییە، بۆ کارەکەی کاک زانا. ناکاتە ئەوەی ڕێگرێک هەبێت لەبەردەممان دا، هەندێ ڕەخنە و و باری سەرنج لەسەر ئەم کارە بەهادارەی نووسەر دەربڕین. تا ئێستاش بەدەگمەن نەبێت،کاری سەڕومڕی بێ کەلێن لەلایەن کەسەوە،پێشکەش نەکراوە. هاوکات،دەبڕینی ڕەخنە و باری سەرنج و تێبینی،مۆتیڤگەلێکن، بۆ باشترکردنی هەنگاوەکانی ئایندە و فروانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوە، پێشکەشکردنی کاری پوختەتر.

لەڕاستیدا نازانم لێکۆڵینەوەی زانستی، تا چەند خوێندکار ناچار دەکات چی ئامادە بکات و چۆن هەڵسوکەوت بکات؟ یاخود گەرەکە چی بنووسێ و چی بڵێ!؟ .. لێ ئەوە باش دەزانم کەوا مێژوو و ڕاستی دەڵێن، چ ڕەوای هەق نییە منداڵی دایک و باوکێک، بە زۆردارەکی یاخود مەبەست و  لە نەزانییەوە، بدرێ بە باوک و دایکێکی بێگانە!.

بۆیە وا لەبەرەوە لە ڕێی شەنوکەوکردنی ماستەرنامەکەی کاک زاناوە،  تەواوی سەرنجەکانم بە چەند فاکتێک، دەخەمە بەرچاو و ڕوونکردنەوەیان  لەسەر دەدەم.  بەو هیوایەی کاک زانا، بە دڵێکی فراوانەوە و کارێکی سوودبەخش بۆ ئایندەی خۆی لێم قبووڵ بکات.  خوێنەری هێژاش زیاتر بەڕاستییە مێژووییەکان ئاشنا بێت، ئەو ڕاستی و هەقیقەتانەی کەموزۆر تەپوتۆزی هەڵمەتێکی بێویژدانانەی چەواشەکاریی و شێواندنیان لەسەر نیشتووە، تاوەکو، وەک ئەوەی کە هەن نەخڕێنە بەردەست و چاو.

 

کاک زان لە کتێبەکەیدا،  شۆرشی ١٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ لە عێراق دا،  کردۆتە پاشخانی ماستەرنامەکەی. لەکاتێکدا نووسەر لەسەر پارتێکی نەتەوەیی وەک ” پارتی سۆسیالیستی کوردـ  پاسۆک”ی خاوەن فەلسەفە و ستراتیژێکی دیا و ڕوون و گەشی بیری نەتەوایەتی نووسیویەتی.

سەرەتا:

١ـ بەرگی کتێبەکە جگە لەناونیشانی کارەکە، نەخشەیەکی کوردستانی لەسەرە و لەتەک ئارمێکی پاسۆک دا. لەڕاستیدا ئارمەکە هی پارتی سۆسیالیستی کورد ـ پاسۆک نییە. ئەو  پارتەی کاک زانا لێکۆلینەوەی لەسەر کردووە، بەڵکو ئارمی “پارتی سەربەخۆیی دیموکراتی کوردستان”ە.  کە لە کۆنگرەی یەکەمی پاش دامەزراندنی پاسۆکەوە لە دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی  ١٩٩١وە، بووە ناو و ئارمی  حیزبی ناوبراو. هەق نەبوو کاک زانا بکەوێتە ئەم هەڵەیەوە، چونکە باسەکەی ئەویش باس لە پاسۆک لە نێوان ١٩٧٥ ـ ١٩٩١ دا دەکات.

٢ـ توێژینەوەکە لە ٣ بەش پێکهاتووە. کەچی نووسەر هاتووە وەک سەرەتا و پێشخان، ئەوەی ناسراوە بە  شۆرشی ١٧ی تەمووزی ١٩٥٨ لە عیراق دا،  کردۆتە پاشخان و  زەمینەی لێکۆڵینەوەکەی لەسەر بیری نەتەوەیی کوردیی و لە چوارچێوەی پاسۆک دا. لەکاتێکدا  بۆ نموونە، دەبوو لە کۆنتێسێکی وا مێژوویی دا حیزبی ” هیوا، ژ. ک یاخود خۆیبون” بکاتە پێشخانی کارەکەی. چونکە شۆڕشی ١٤ تەمووز ڕووداوێکە لەچوارچێوەی دەوڵەتێکی داگیرکەردا، بەناوی عێراق ڕووی داوە. عێراقیش  چ ئەوسا و  چ بە ئێستاشەوە، یەکێکە لە دەوڵەتە داگیرکەرە سەرسەختەکانی کورد و کوردستان و پاسۆک ئەم قەوارە سیاسییە زۆڵەکەی قەبووڵ نەبووە و بەهی کوردی نەزانیوە و بۆ تێکشکاندنی خەباتی کردووە.

پاسۆک نەک باوەڕی بەو شۆرشە نەبووە و  نییە، لەوەدا کە  چ پەیوەندییەکی بە دروست بوونیەوە نییە، بەڵکو خودی  عێراقیش بە داگیرکەر و دوژمن دەزانی.  کەواتە گەڕانەوە بۆ گرێدانی سەرهەڵدانی بزاڤی نەتەوە  و  کۆمەڵەیەکی نەتەوەیی وەک ” کاژیک”  و پاشان حیزبێکی سیاسی وەک “پاسۆک” بەشۆڕشی تەمووزەوە، هەڵەیەکی کوشندەیە.

٣ـ لە لاپەڕە/ ل ٦٥ دا، کاتێ باس لە بەرنامەی بەرەی کوردستانی پاسۆک دەکات،گوایە بەس پێشکەشی کۆمەڵەی کردووە. لەڕاستیدا ئەو بەرنامەیە خرایە بەردەم هەموو هێز و لایەنەکان.

٤ـ لە ل ١٠٣ باس لەوە دەکات، پاسۆک تا دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ کۆنگرەی نەبەستووە. هەڵبەت هەلومەرج و ژینگەیەکی لەبار لە ڕووی خودیی و بابەتییە، نەڕەخسا، تا پاسۆک بتوانێ کۆنگرەی خۆی بگرێ. کۆنگرە نەگرتن لەترس و لە بێباويرییەوە نەبووە،بگرە لە نەبوونی زەمینەوە بووە. بۆیەکا دەبینین  لە کورتترین ساتەوەختی دوای ڕاپەڕینی١٩٩١ دا و لەسێبەری ئازادیدا، پاسۆک یەکەم حیزب بوو لە کوردستان،هەمان ساڵی ١٩٩١ ،بە  شەش مانگێ دوای ڕاپەڕین کۆنگرەی خۆی بەست. پاشان ئەوە هەر تەنها پاسۆک نییە، کۆنگرە نەبەستبێت ، ی. ن. کوردستانیش و هەندێ لایەنیش بۆیان نەلوابوو کۆنگرە بگرن.

٥ـ لە ل ١٠٤ دا باس لە کۆنگرە و گۆڕینی ناوی  “پارتی سۆسیالیتی کوردـ پاسۆک” بۆ “پارتی سەربەخۆیی دیموکراتی کوردستان ـ پاسۆک ” و گۆڕینی دروشمەکەی لە “کوردستانێکی ئازاد…گەلێکی یەکسان”ەوە دەکات بۆ “کورستانێکی سەربەخۆ… گەلێکی ئازاد” .  بنۆڕە خاڵی یەکەم.

٦ـ لە ل ١٢٢ دا باس لە گۆڤاری سەربەخۆیی دەکات. سەربەخۆیی ڕۆژنامە بوو. تەنیا ئاڵای سووری کوردایەتی و چریکەی ئازاد دوو گۆڤار بوون پاسۆک دەری دەکردن.

٧ ـ لە ل ١٣٢ دا باس لە داخوازییەکانی پاسۆک دەکات بۆ ئازادکردنی خوێندکارە عەرەبە گیراوەکان. ژمارەکانی هەڵەی تێدایە ڕاستییەکەی بەم شێوەیەیە:

 ئازادکردنی ٢٠ خێزانی ی. ن. ک، ئازادکردنی ٢٠ خێزانی حشع ، ئازادکردنی ٢٠ پ. د. ک، ئازادکردنی ٢٠ خێزانی حسک، ئازادکردنی ١٠ خێزانی کۆمەڵە و ئازادکردنی ١٠ خێزانی پاسۆک. جا بنۆڕن هیچ حیزبێ هەیە لەدەستکەوتدا،کەمترین بەش بۆ خۆی هەڵگرێ و دانێ؟!.ئەم خاڵە شایانی ئەوە بوو، نووسەر تیشکێکی زیاتری بخاتە سەر،چونکە تاقانە و بێوێنە و تژی لە مانا و بەهای بەرزی کوردایەتییە. هەر نەبێت، پاسۆک داوای ئازادکردنی کەسوکاری هاوڕێ کۆمەنیستەکانیشی کردووە.

٨ ـ لە ل ١٤٤ دا باس لە دروستبوونی بەرەی جوقد دەکات. لە زمانی ملازم مەنسوورەوە دەنووسێ: ” گوایە پاسۆک ئامادە بووە، بێتە ئەندام لە جوقد دا، بەڵام ئەوان حسابیان بۆ نەکردووە و  پشتگوێیان خستووین”.

ئەم باسە زۆرلۆژیکی نایەتە بەرگوێ و هیچ بەڵگەیەک لەم ڕووەوە نییە، سەرەتا چونکە جوقد یەکێتی لێ دەرچێ، ئەوانی تر هەمووی هێزی عەرەبی و کەس و دووکەسی چایخانەکانی دیمەشق بوون. بەوەرگرتنی هەر کەس و لایەک نەک هەر  ڕازیبوون،بگرە پاداشیشیان دەدا.  لە لایەکی دیکەوە، هیچ خاڵێکی هاوبەشی نێوان ئەوان و پاسۆک نەبووە. بۆیە پاسۆک باوەڕی بەو خڕبوونەوەیە نەبوو. لەکاتێکدا پاسۆک بۆ بوونە ئەندام لە جوددا، کە لە هێزە کوردستانییەکانی پ. د. ک، حشع و حسک پێکهاتبوو، ئەمانە هاوسەنگەر و دۆست و هاوپەیمانی سەر گۆڕەپانی کوردستانی پاسۆک بوون.  بە پارێزەوە و لەوپەڕی ناچاریدا بێتە ئەندام، ئەویش دوای تێپەڕبوونی ٢ ساڵ بەسەر تەمەنی جوددا. جود لە ١٩٨٠ دا دامەزرا، پاسۆک ١٩٨٢ دوای سەرهەڵدانی کێشەکانی لەگەڵ ی. ن. ک دا و ئەقڵێت و سیاسەتی پاوانخوازی یەکێتی،  ئینجا چووە ناو بەرەوە بە پارێزەوە. واتە گەر یەکێتی تەنگی پێهەڵنەچنییایە، پاسۆک نەشدەبووە ئەندامی جود، چونکە پاسۆک جەختی لەسەر یەکێتی ڕیزەکان و دروستکردنی بەرەی کوردستانی و سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکردەوە، نەک سەنگەربەندی دژ بەلایەنەکانی سەر گۆڕەپانەکە. ئەو دوو بەرەیە لە بنەڕەتدا سەنگەربەندیی بوون.  یەکێتی لە پارتی و پارتی لە یەکێتی.  وەک بەڵگەش بۆ نێت و مەرام و ئامانجی پاسۆک، لە ١٩٧٦ و ١٩٨٠ و ١٩٨٣ و ١٩٨٦دا بە  پرۆژەوە بۆ یەکڕیزیی دیالۆگی لەگەڵ لایەنەکان و بەرەی جوددا کردووە. جا بیهێنەرە بەر چاوت،  چ لۆژیکێک دەیسەلمێنێ، کەوا پاسۆک بچێتە ناو جوقدەوە، کە بەرەیەکی تەواوی عێراقی بوو.

٩ ـ لە ل ١٥١ دا لە پەڕاوێزی باسکردنی کێشەکانی یەکێتی و پاسۆک دا، باس لە شەڕی مامەخەلان دەکات. لێرەدا دوو هابیر(بێستون و فارس) ی پاسۆک بەدەستی یەکێتی کوژراون، نەک پاسۆک لە یەکێتی کوشتبێ. پاشان بەسەر ناوی بێستون دا، تێدەپەڕێ و پەراوێزێکی دوورودرێژ بۆ فارس دەکاتەوە.  گوایە گوناحی فارس ئەوە بووە  پێشمەرگەیەکی شۆڕشی ئەیلوول و نزیک لەڕەوانشاد فەتاح ئاغا بووە. ئەوجا لە زمانی ملازم مەنسورەوە، جارێکی دیکە باس لەوە دەکات، یەکێتی  گومانیان لەوە بووە، فارس بەعسییە و هاتووە خوالێخۆش بوو نەوشیروان مستەفا بکوژێ.

 بەڕاستی هەڵبەستی ئەم چیرۆکە هەر لە هونەری ئەقڵی یەکێتی دێت. چونکە فارسێ لە شارباژێر و نەوشیروان مستەفای خوالێخۆش بوو لە توژەڵە و ناوزەنگ، فارس چۆن چۆنی دەتوانێ پلانی کوشتنەکە جێبەجێ دەکات؟!. لەوەش زیاتر، دەبوو یەکێتی بەڵگە بدات بە پاسۆک لەمەڕ ئەم شتەوە. پاسۆک دەبێت لێپێچنەوە لە هاوبیرەکانی بکات، بە دڵنییایشەوە دەیکرد، نەک هێزێکی تر. یەکێتی لەو زیاتر چ مافێکی نییە دەستخاتە ناو کاروباری حیزبێ تر و چارەنووسی هاوبیرێکی پاسۆک بخاتە مەترسییەوە. کەچی  بەداخەوە نابەرپرسانە دێت و فارس دەکوژێ؟؟!!.

 ڕەنگە پاسۆکیش لەسەر دەیان ئەندام و بەرپرسی یەکێتی تێبینی و گومانی  هەبوو بێت. جا ئایا دەبێت پاسۆک ئەوانە بگرێ و بکوژێ، وەک یەکێتی کردی!؟.

کاک زانا لێرەدا نەیتوانیوە، بێلایەنی بپارێزێ و لە چوارچێوەی کارە زانستییەکەیدا بمێنێتەوە. بەڵکو جۆرە پاساوێک لە ڕێی ئەو چیرۆکە هەڵبەستراوانەوە بۆ کارەکەی یەکێتی دێنێتەوە. ئاخر ئەو ورتە و چیرۆکانەی یەکێتی باسی دەکات،بە پێوەری زانستی ناخوێندرێتەوە و منداڵی سەر بێشکەش دەزانێ وانییە. هەرچەند لە لاپەڕەکانی دیکە،نووسەر باس لە گێچەڵ و شەڕفرۆشتنە بەردەوامەکانی یەکێتی بە پاسۆک دەکات. لێ شەهیدکردنی بێستون و فارس، کە سەرەتا و خاڵی بنەڕەتییە، دروست نایخاتە بەردەم خوێنەر و تەمێکی گومان و ناڕوونی بەسەرەوە جێ دێڵێت. پاشان نووسەر خۆی بۆ فاکتە گرنگەکانی ئەم سیاسەی یەکێتی ماندوو ناکات. بە باوەڕی من ئەم سەرەتا تاڵە، هۆکارێکی گرنگی پەکخستنی پاسۆک و هێنانە دی دروشم و ئاواتەکانی بوو.  

هەڵبەت چ ئەو ڕۆژە و چ ئێستاش، بەهەر بیانوویەک بێت کوڕی کورد بەکوشتدان و کوشتن،جێی شانازی نەبووە و نابێت. پاسۆک کە مەفرەزەکەی یەکێتی لەبری تۆڵەی خوێنی دوو هاوبیرەکەی گرتبوو، داوایان لێیان کرد بوو، وەک بارمتە لای پاسۆک بن، تاوەکو سەرکردایەتی یەکێتی ، ڕوونکردنەوە لەسەر ڕووداوەکان دەدەن. بەڵام بەداخەوە، یەکێتییەکان دەست دەکەن بە تەقە و دەرئەنجام ئەوەی نەدەبوو ڕووبدات، ڕووی دا. شایانی ئاماژە پێدانە، لە کوژراوەکانی ناو یەکێتیدا هاوبیری پاسۆک (فەرهاد) هەبوو.

١٠ـ لە ل ١٥٢ دا لە زمانی فوئاد ڕەوەند ناوێکەوە، باس لەوە دەکات، گوایە ساڵی ١٩٨١ لە ناوچەکانی شارباژێڕ پێشمەرگەی پاسۆک چاوساغیان بۆ هاتنەخوارەوەی پێشمەرگەی پارتی کردووە.

بەڕاستی ئەم باسە نەدەبوو، لەو کتێبەدا جێی بێتەوە، چونکە پێشمەرگەکانی پارتی هەم خەڵکی ئەو ناوچەیەبوون و هەمیش بە ڕێکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی هاتبوونە ناوچەکە. یەکێتیش مافی هەبوو بچێتە ناوچەکانی بادینان.ئەمەش بەپێی ڕێکەوتنی مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی بوو لە سەرەتای هەشتاکان لە دیدارێکیان دا لە لەندەن لەسەری رێک کەوتبوون. ئەوەی ڕاستی مەسەلەکەیە، پارتی لە زۆر شوێندا ڕازی نەدەبوو، پێشمەرگەی پاسۆکیان لەگەڵ دا بێت و زۆرجار بەجێیان دەهێشتن، لەبەرخاتری ڕاگرتنی پەیوەندییەکەیان لەگەڵ یەکێتیدا.ئەو دەم یەکێتی بەس ڤیتۆی لەسەر پاسۆک هەبوو. دیارە خودی خوالێخۆش بوو مام جەلال،بەگشتی هەڵوێستێکی نەرم و ئەرێنی هەبووە بەرامبەر بە پاسۆک،لێ دەروێشەکانی دیکە، کە بەگژ ئەرز و ئاسمان دا دەچوون توندبوون.

هۆکار بۆ دەرپەڕاندنی پاسۆک لە ناوچەی سلێمانی بەدەستی یەکێتی زۆرە، هەر لە هەڵگیرسانی شەڕی عێراق و ئێرانەوە، پەیوەندی بە لێشاوی خەڵک بە پێشمەرگەوە، چاوهەڵنەهاتن بە تا باڵادەستی رێکخستن و مەفرەزەکانی پاسۆک لە شاری سلێمانی ـ کە یەکێتی بە قەڵای خۆی دەزانی و بانگاشەی ئەوەی دەکرد حاکمی گۆڕەپانەکەیە ـ ،ئەنجامدانی چالاکی گەورە لە ڕووی چۆنایەتیەوە و گەلێ هۆوهۆکاری دیکەش. ئەم باسە جێدێڵین  بۆ دەرفەتێکی تر.

١١ـ لە ل ١٥٦ و ١٥٧ دا جارێکی تر باس لەوە دەکات، پاسۆک لە بەرەی جوددا، بەیاننامەی ناڕەزایی دژ بە سیاسەتی جود دەرکردووە. جارێک لەبەر ئەوەی بزوتنەوەی کورد بە بەشێک لە بزوتنەوەی عێراقی و عێراقیش بە هی عەرەبی و دژ بە کۆلۆنیالیزم و زایۆنیزم دادەنێن . جارێکی تر لە ١٩٨٣ دا بەرەی جود بانگاشەی شەڕ دژی یەکێتی دەکەن و پاسۆک دژ دەوستێتەوە و بەیاننامە دەردەکات.

 بەڵی پاسۆک زۆر بەپارێزەوە چووبووە ناو جودەوە، وەک تاکتیکێکی سەربازی لەناو جوددا بوو، بۆ خۆپاراستن لە هێزەکانی یەکێتی و شەڕی بە کۆمەڵی  دەوڵەتی عێراق و ڕژێمەکەی.  دەنا لەڕووی فکر و ستراتیژەوە،لەتەک بەشێکی زۆری هەرسێ لایەنەکەدا، ئاسمان و رێسمان نێوانیان بوو.

١٢ ـ کاک زانا لە ل ١٦١ ـ ١٦٢ دا، بە دەستپاکانە ئاماژە بە پێشوازییەکانی پاسۆک بۆ هەوڵەکانی حشع بۆ ئاشتەوایی دەکات. ئەمەش بەڵگەیەکی تری زیندووی، نێت پاکی و باوەڕی بەرزی پاسۆک بۆ پاراستنی یەکێتی و تەبایی نێوان هێزەکان دەسەلمێنێ.لە سەخترین ڕۆژەکانی ناکۆکی پاسۆک لەگەڵ لایەنەکان،دیسان پاسۆک بەوپەڕی باوەڕ و قەناعەتەوە،جەختی لەسەر یەکڕیزیی و تەبایی و یەکگرتنی لایەنەکان کردۆتەوە. ئەم مێژووە گەش و دیارە،بە هەنییەی خەباتی پاسۆک و باوەڕی کوردایەتییەوە.

١٣ ـ لە ل ١٦٦ ـ ١٦٨ دا، لەسەر هەڵوێست و سیاسەتی پاسۆک بەرامبەر بەشەڕی  یەکێتی و رێکەوتنیان لەگەڵ ڕژێمی بەعس دا، زۆر شت دەڵێ. من بۆ دەستنیشانکردن و نیشاندانی جیاوازی بیرکردنەوە و هەڵوێست و نووسینەوەی مێژوو، تەنها ئاماژە بە دوو نووسینی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا و شێخ محەمەد شاکەلی دەکەم و هەڵسەنگاندنەکە بۆ خوێنەر بەجێ دێڵم:

” ئازاد مستەفا کەوتە نووسینی بەیان و وتار دژی یەکێتی لە بواری موهاتەراتی سیاسیدا بۆڕی هەموو ئەوانەی پێش خۆیدا” نەوشیروان مستەفا، پەنجەکان یەکتر دەشکێنن،ل ٢١٠

” لەکاتی دانیشتنەکانی نێوان ئێمە و ی.ن.ک ، سەرکردایەتی ی. ن. ک داوایان لێکردین ناوەندگیریی بکەین لە نێوان ی.ن.ک و پاسۆک،بۆ ئاشتبووەیان،چونکە ی.ن.ک دەیویست لە وتار و بەیاننامەکانی پاسۆک ڕزگاریان بێت،کە لە دژیان دەیاننووسی، لەبەر ئەوەی پاسۆک لە ڕووی نووسین و بەیاننامەوە زۆر بەتوانا بوون.” چاوپێکەوتن لەگەڵ شێخ محەمەد شاکەلی و لەبیرەوەرییەکانی خۆشیدا” لە بزووتنەوە وە بۆ حزبی سۆسیالیستی کوردستان١٩٧٦ ـ١٩٩٣” ، دا ئاماژەی بەم خاڵە کردووە.

١٤ ـ لە ل ١٩٩ دا، باس لەوە دەکات کە ئازووقە و پێداویستی پاسۆک لەلایەن یەکێتییەوە دابین کراوە. ئەم خاڵە زۆرجار لێرەولەوێ باسکراوە و دەکرێ. ڕاستییەکەی بەشێکی هی ئەوەیە کە پاسۆک وەک هێزێک زۆری پێ ئابڕوومەندانەترە و شانازی پێوە دەکات، کۆمەک و یارمەتی لە جەماوەر و پارتێکی کوردی وەرگرێ، تاوەکو لە سەرچاوە گوماناوییەکان!!. هاوکات دیوێکی تری ئەم مەسەلە بریتییە لەوەی، پاسۆک بڕوای بەوە نەبوو، ئەویش شان بەشانی پێشمەرگەی چەند لایەنێکی تر، پێشمەگەیەک یان دووانی خۆی لە خاڵێکی گومرگدا دابنێ و بەشی خۆی ببات، ـ ئەگەرچی پارە هەم خۆشەویست و هەمیش گرنگە بۆ حیزب و حیزبایەتی ـ بەڵکو دەیقەبڵاند بە بڕەک یارمەتی دیاریکراو.

١٥ـ لە ل ٢٠٠ ـ ٢٠٦ جارێکی تر باس لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان یەکێتی و پاسۆک دەکاتەوە تا ڕووداوەکەی پشتئاشان،کە دەست بەسەر بارەگا و ئەرشیڤی پاسۆکدا گیرا.. لەوەش زیاتر، کاتێ بارەگای پاسۆک و یەکێتی لە قەڵاچوالان نزیکی یەک دەبن و لەسەر بارەگای پاسۆک ئاڵای کوردستان بەرزکراوەتەوە، خوالێخۆشبوو مام جەلال هەڕەشە و گوڕەشە لەسەر ئاڵای کوردستان لە پاسۆک دەکات. کاک زانا، لەدوای درک پێکردن و هەستکردن و بینینی ئەو هەموو ڕاستییانە و زانینی خودی گەوهەری کێشەکان، تاوان و گوناحەکە لەبەرامبەر پاسۆک و یەکێتیدا بە کراوەیی دەهێڵێەوە،هەروەک ئەوەی ئەو دوو هێزە لە هەڵە و گوناحەکان دا،وەک یەک بن. هەرنەبێت لە لێکۆڵێنەوەکەیدا، ئەم دژایەتییە کوێرانە و ناپێویستەی بەردەوامی یەکێتی بۆ پاسۆک، ناکاتە فاکتێک بۆ نەمانی پاسۆک، یاخود گرتنبەری سیاسەتێکی دیکە لە لایەن پاسۆکەوە،ناگێڕێتەوە بە ڕیشەی کێشە سەرەکییەکان. ئاخر لە هاوکێشەی پەیوەندیی و کێشەی نێوان پاسۆک و یەکێتی دا، بارستاییەکان هاوسەنگ نین،بەڵکو کێشەکە لای یەکێتی بوو، ئەوان وا بیریان دەکردەوە، ئەوەی لەگەڵیاندا نەبێت،دژیانە. یاخود یەکێتی هەرچی بکات، لە شەڕ و ئاشتی، دەبێت ئەوانەی دەووروبەری بۆی بسەلمێنن و لەدووی بڕۆن. ئەمەش بۆ پاسۆک سەخت بوو.

١٦ ـ  بۆ ئەوەی بە پشوویەکی ئارامەوە و بە لۆژیکێکی دروست و میتۆدێکی زانستانەوە،خوێندنەوە بۆ سەرجەم ڕوودا و پێشهاتەکان و خودی مێژووی پاسۆک بکەین، دەپرسین ئایا ئەگەر پاسۆکێک بتوانێ باشترین پەیوەندی لەگەڵ حیزبێکی وەک حشع دا ڕابگرێ،لەگەڵ حسک دا نیوە تێکەڵ بێت، لەگەڵ پارتیشدا،بەهەمان شێوە، پەیوەندییەکی تەندروستی هەبێت!، ئەی بۆ ناتوانێ و گەرەکی نییە، لەتەک هێزێکی وەک یەکێتیدا، لەدەڤەری خۆی پەیوەندییەکی ساغڵەمی هەبێت!؟.

پێموایە وەڵامی ئەم پرسیارە، کەموزۆر خوێنەری زیت و بەدیقەت، لە دووتوێی ماستەرنامەکەی کاک زانا و خەرمانی دیکۆمێنت و نووسراوی پاسۆک و خەڵکانی تردا هەستی پێدەکات و هەڵی دەهێنجێنێت.

١٧ ـ پاسۆک، وەک کاک ئازاد دەنووسێ: ” بەتەمەن منداڵ،بە ژمارە کەم،بە قەبارە بچووک،بە ئیمانیاتی سفر،بێ ئەزموون،دەوران دەورمان دوژمن و ناحەز” ،خاوەنی نووسرا و بڵاکراوەی زۆروزەبەند بوو،کە کاریگەریی گەورەیان لەسەر جەماوەر هەبوو. بەداخەوە دەزگای رادیۆی نەبوو،تا دەنگی بگاتە هەر شوێنێکی کوردستان. دۆستەکانیشی بەتابەتی پارتی، هەرگیز دەرفەتیان نەدەدا، تاکە بەیاننامەیەک، با لەسەر جەژنی نەتەوایەتی نەورۆزیش بوایە، لە ئیزگەکەیانەوە بخوێندرێتەوە. لێ پاسۆک توانی بە میتۆد و شێوازی دیکە، دەنگ و ڕەنگی خۆی، جگە لە بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکانی، لە ڕێگای پۆستەرەکانی دروستی دەکرد و دروشمەکانی لەسەر دیوارەکان لەناو شار و شوێنە ئازادکراوەکان، هەڵیان دەواسی و دەیاننووسی . ئەم چالاکییەش کاریگەرییەکی بەهێز و زوڵاڵی دروست کرد بوو. بۆیەکا  هەق بوو، کاک زانا ئەم لایەنەشی لە خەباتی پاسۆک لە بیر نەچوبایە.

١٨ـ دەبوو کتێبی ناوبراو، هەندێ وێنە و پۆستەری پاسۆکی لەخۆ بگرتایە. چونکە ئەو دوو توخمەش مانا و سیمبۆڵی گەورە و بەهادار دەنوێنن. چونکە وێنەکان بۆخۆیان بۆ خوێنەر دەدوێن.

١٩ ـ کاک زانا لەوە ئاگادارە،پاسۆک لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستانیش بەتایبەت، هەوڵی بەردەوام و زۆری بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی سەرتاسەری، لەنێوان هێز و لایەنەکانی هەموو پارچەکانی کوردستاندا دەدا. چەندین کۆبوونەوە لە سوید و ئەڵمانیا و دانیمارک بۆ ئەم ئامانجە کراوە. بەندە وەک نوێنەری پاسۆک لە چەندین کۆبوونەوەدا بە ئامادە بوونی کاک ئەمیری قازی وەک پارت سەربەخۆیی کوردستان، کاک عەدنان موفتی وەک نوێنەری سۆسیالیست و کاک جەلیل گادانی وەک نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستان/ شۆڕشگێران و  سەلاح بەدرەدین و چەندانێکی تر ئامادە بوون. پێشتریش کاک ئازاد و کاک ئەمیری قازی کە داینەمۆی هەڵسوڕێنەری ئەم بیرۆکەیە بوون، چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە. چونکە بەرەی کوردستانی، کە پاسۆک لایەنێکی پێکهێنەری بوو، تەنها لەنێوان هێزەکانی باشوور و بۆ باشووری کوردستان بوو. لێ پاسۆک گەورەتر دەیڕوانییە دۆزە نەتەوایەتییەکە. بۆیەکا توانا و وزەیەکی زۆری بەخشی بۆ هێنانە کایەی بەرەی کوردستانی سەرتاسەری. چەند پرۆژە و بەرنامەیەک گەڵاڵە کران و تۆڕی پەیوەندی بە لایەنە کوردی و کوردستانییەکانەوە فراوان کرا. بەداخەوە ڕووداوەکان هێندە بە خێرایی هاتن و تێپەڕین، ئەم ئاواتە بەدروستی نەهاتە دی. بەداخەوە ئەم ستراتیژە پیرۆز و گرنگەش لە سیاسەتی پاسۆک، نووسەر  لە بەرهەمەکەی ئاماژەی پێ نەداوە.

٢٠ـ کەماسییەکی زەقی ئەم کارە،لەودایە، پەیڕە و پڕۆگرامی پاسۆک،وەک گرنگترین بەڵگەنامە و دۆکۆمێنت،کە هەموو هزر و فەلسەفە و ستراتیژ و تاکتیکی پاسۆکی تێدا بەرجەستە بووە، چ خوێندنەروەیەکی بۆ نەکراوە و لە هیچ ڕەهەند و کۆنتێکسێکی فیکری و مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە،کاک زانا هیچ  قسەیەکی لەسەری  نەکردووە. لە کاتێکدا پەیڕەوپرۆگرام ناسنامەی هەرە دیاری حیزبە و خاوەنی کارەکتەر و بەها و تایبەتمەندییەکی خۆیەتی.دیارە بۆ پارتێکی نەتەوەیی لەو هەلومەرجەی ئەوسەردەمەی کوردستان دا،چ هێزێک نەبوو، بوێری ئەوەی هەبێت لەدەرەوەی خولگەی مارکسایەتی و خەباتی کرێکاری داوای فشەمافی ئۆتۆنۆمی قسەیەکی تری لەکایەی سیاسەتی کوردی دا پێشکەش کرد بێ و ڕاگەیاند بێت. ئەوە تەنها پاسۆکە هەڵگری ، بیری جیاواز، ستراتیژێکی تر، ڕێبازێکی بێ سازش، بانگاشەیەکی دیکە و ناسنامەیەکی جودا لە کۆی ئەو تێز و بەرنامانەی دیکەی حیزب و لایەنەکان  بوو.

 

ماوەتەوە بڵێم، ئەم چاوپێداخشانە خێرایەی من، بەم کارە ناوازەیەی کاک زانادا، ڕەنگە لێرە و لەوێ شتگەلێکم بەسەردا تێپەڕی بێت، یاخود بەکورتی ئاماژەم پێدا بێت و هەندێکیش هەر بۆ درێژنەکردنەوەی باسەکان، زۆر لەسەریان نەڕۆیشتووم. دەبێت جارێکی تریش جەخت لە کارە زەحمەتەکەی کاک زانا بکەمەوە و دەستی ماندووبوونی دەگووشم. دەزانم بەپەرۆش بوو، بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەی زۆر و گەیشتن بە ڕاستییەکان. لەو خەرمانە پەرشوبڵاوەی پاسۆک هەیەتی، لە نووسراو و نەنووسراو و گێڕانەوەی هاوبیران و گەواهەکانی ڕووداوەکان و بیرەوەی وکەسانی هاوسەردەمی پاسۆک و دۆکۆمێنتەکان، ،کاک زانا توانیویەتی بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەرانە، ئەم کارە زانستییەی لێ بەرهەم بهێنێت.

ئەم کۆمەڵە سەرنجەی منیش، هەر دەبێتە مەڵۆیەکی تر بۆسەر خەرمانی مێژووی پاسۆک و ئەم بەرهەمە نازدارەی زانا فەقی. ئەو مێژووەی بە خوێنی دڵسۆزترین کەسانی نیشتمان تۆمار کراوە و بە ڕەنجی خۆنەویستانە و خەباتی بێ پسانی تێکۆشەرانی ێێی کوردایەتی هاتۆتە بەرهەم و بە هزر و قەڵەم و لوولەی تفەنگ لە خزمەتی بەرجەستەکردنی ناسنامەی کوردبوون دا، هەموو توانایەکی خۆی خستۆتە گەڕ. تا ئێستاش لە فۆڕمێکی تری دەرەوەی حیزبایەتیدا،درێژە بە خەبات بۆ “کوردستانێکی ئازاد،گەلێکی یەکسان” دەدات.

بەواتایەکی تر، بەو هیوایەی سەرنجەکانم، بۆ کارەکانی ئایندەی کاک زانا و چاپەکانی داهاتووی ئەم بەرهەمە، بەسوود بشکێنەوە.

 

١٤/٤/٢٠١٩

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی