"an independent online kurdish website

مێژووی جووڵانە سیاسی و سەربەخۆیخوازەکانی کورد ئەو ڕاستەی سەلماندوە کە ڕێبەرانی  ئەو شۆڕشانەی لە قۆناخە جۆبەجۆرەکاندا سەریان هەڵداوە و بەداخەوە  بەئامانجەکانیان نەگەیشتوون،


گەلێكیان بەلاوە  دژواربووە،  پێکەوە هەڵبکەن و لە سەر هێڵێکی دیاریکراوی نەتەوەیی دڕێژە بە خەبات و تێکۆشان بەدژی دوژمنی هاوبەش کە داگیرکەرانی کوردستان بدەن و،  خەمی ڕزگاری سیاسی و نەتەوەیی بخنە پێش هەموو ئاروزوویەکی تایبەتی و بەرژەوەندی تاکەکەسی  و  بنەماڵەیەوە.

ئەو ڕووداوانەی کە بەسەر کورددا هاتوون لە دێرزەمانەوە و هەتا ئەمڕۆ لێكچوونێکی تەواویان لە گەڵ یەکدیدا هەیە و زۆر لە ڕوناکبیران و بیرمەندانی گەلەکەمان لەو بڕوایەدان  کە، ڕزگاری سیاسی بەو جۆرە ناکۆکی و پرشوبڵاوییە، بێگوومان ناتوانێت   بە ئامانجەکانی بگا و بەشێوەیەکی گونجاو ڕێبەری سیاسی بزووتنەوەی نوێی لە کوردستاندا ڕێبەری بکات.  

دیارە ئەو ڕوانینە بەتەواوی دروستە و هەتا کورد لە سەر لایەنی نەتەوەسازی و متمانە کردن بە یارمەتی و هاوکاری و کۆدەنگی نیشتیمانی لە گەڵ خۆیدا،  زەمینەی لە بارتری لە سەر ئاستی هاوکاری و یەکیەتی سیاسی و نەتەوەی لە نێو کورددا نەڕەخسێ، ئاسۆی ڕزگاری یەکجاری بەداخەوە هەربەجۆرە  بە لێلی دەمێنێتەوە و ناکرێ ئومێد لە سەر قۆناخی سەربەخۆی کوردستان هەڵبچنین!

نەتەوەسازی و متمانەی سیاسی و ڕێکخراوەی وەك بابەتێکی گرنیگی نێوخۆی کوردستان، شتێکی دژوار و ئاڵۆزنیە، تەنیا هێندێك هیمەت و هەستی پێکەوە کارکردنی دەوێ و  ئەگەر لایەنەکان دەست بەرداری پلە و لوت بەرزیان بن، بێگوومان ئاسۆی بە ئامانج گەیشتن  ئەوەندە  تاریك و دوورە دیمن نابێ.

سەیربکەن، هێزە تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی قەیرانی نێوخۆی تەشکیلاتی و پێکەوە هەڵنەکردن، دوچاری لێکترازان و دابڕانێك هاتوون و هەر بەو هۆیەشەوە بزووتنەوەی سیاسی کوردستانیش لە رووی هزری و کۆدەنگی سیاسی و نەتەوەیی زیانی گەورەی بەرکەوتووە و شار و ناوچە و خەڵك و چین و توێژەکانی کۆمەڵگاش لەو نیعمەتەی بێ بەش نەبوون.

 ئەگەر لە ئێستاوە کورد لە سەر پلات فۆرمێکی نەتەوەیی پێکەوە ئامادەی کارکردنی  تێدا نەبێ و بیر لە ستڕاتیژی نەتەوەی خۆی نەکاتەوە و بەردەوام وەك دۆست و هاوپەیمانی زۆر نزیك حیساب لە سەر وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بکا، ڕەنگە لە  داهاتوودا گەل زیانی زۆری بەربکەوێتەوە و بە هۆی بارودۆخی ناوخۆیەوە، دووچاری هەلومەرجێك بێ کە بۆ سەرکەوتن بە سەر لایەنی بەرامبەریدا کە هێزێكی کوردییە، پەنا بەرێتەوە بەر داگیر کەری کوردستان.  ئەوجار دیسان مێژوو کارەساتێکی تر لە هەناوی خۆیدا لە سەر ڕێبەرانی کورد تۆمار دەکا.

 بەداخەوە ئەو بابەتەشێک نیە هەر لە خۆوە باس بکرێ و وەك خاڵێکی جەوهەری بێتەوە بەرباس. رووداوی هاوشێوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر بێگوومان زۆر جاران بەسەر شۆڕشەکانی کوردستاندا هاتووە و جووڵانەوەی کوردی بۆ چەند دەیەك لە خەبات و بەرخۆدان بەرەو دواوە گێڕاوەتەوە.

هەر چەندە لەوبارەوە باروودۆخی سیاسی و یەکگرتووی لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا زۆر بە وشیاری گەشەیکردوە و ئەوان بەیەکەوە و لە سەنگەرێكدا بەدژی حکوومەتی ناوەندی خەبات دەکەن.

 کاتێك ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات بە جۆرێك بێ کە دژی یەکدی هەڵسوکەوت بکەن و هەریەك لە لایەنەکان خۆی بە هەقداری هەموو شتێك بزانێ و لایەنی تر و فرە ڕەنگی لە بەرچاو نەگیرێ، بێگوومان ئەو ڕوانین  و کولتورە دەگوازرێتەوە بۆ نێو خەڵك و سروشتی سیاسی لە کوردستاندا، دەرهاویشتەی تری لێ دەروێنە دەکرێ. 

بەڵام یەکگرتووی نێوخۆی، بەدڵنیایەوە کاتێك لە لوتکەی سەرکەوتن نزیك دەبێتەوە کە هێزەکانیش نێوماڵی خۆیان ڕێکبخەنەوە و بە هەنگاوی سیاسی و ژیرانەیان، کۆتایی بە قەیرانی لێکترازان بێن و هەروەك هەمیشە لە سەنگەرێكدا خەبات بکەن، کە بەر لە روداوەکانی لێك دوورکەوتنەوە و لێک زویربوون تێکۆشاون.

حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران کە بەکردەوە داکۆکی لە مافی سیاسی و هەوڵی بۆ ڕزگاری نەتەوەی دەدا و مێژووش ئەو ڕەساڵەتە گرینگ و هەستیارەی خستۆتە سەرشان وەك هێزێکی دیار و شۆڕشگێری ئەو مەیدانە و هەر بۆیەش لازمە بە چاوی ڕەخنەگرانەوە بەرەو قۆناقی نوێی خەبات بڕواتە بەرەوە و هەوڵی ئاشتی و ڕێکخستنەوەی لانیکەم  نێوماڵی خۆی بخاتە دەستووری کاری خۆی و ئەولەویەت بە یەکڕیزی و کۆدەنگی نەتەوەیی  بدات.

 ڕێبەرانی سیاسی کورد کە مەبەست لەو چەند دێرە  هەر چوار بەشی کوردستانە، گەڵاڵەیەکی هاوبەش و نەتەوەیان نیە و هێزەکانیش هەتا لە گەڵ یەکدیدا هەڵناکەن و حیزبێك بە هۆی ململانەی نێوخۆی دووچاری لێكترازان و  دابڕان بێ و جارێ بۆ ماوەیەکی دووروو درێژ بەدژی یەکدی کار دەکەن و کەش و هەوای سیاسی کوردستان بە تەواوی تێك دەچێ و هەرکەس بۆ لای خۆی دەکێشێ و هەوڵدەدات خۆی بسەلمێنێت کە هەر ئەو هەقە.

 بەداخەوە بارودۆخی کورد بەگشتی و لە هەر چوار بەشی وڵاتدا، هەر بە شێوەکی لێك نزیك دەڕواتە بەرەوە و هەتا ئەمڕۆش هێچمان بە هیچ پێ نەکراوە.

بیرکردنەوەی ورد و ڕوانینی بەرچاو روونانە و هەستکردن بە قۆناخ و زەروورەتی ئەو بەرخۆدانەی دەستی پێکردوە، هەتا ئەمڕۆش، نەیتوانیووە لە قۆناخی فەریکەی، خۆی ڕزگار بکا و بکەوێتە سەر ڕێڕەوی  ڕاست و دورست کە لە ئامانجەکانی نزیکی بخاتەوە.

هێزە کوردییەکان بەجۆرێك خەبات دەکەن کە خۆیان و پێگە و بیرو هزری حیزب بە سەر نەریتە سیاسی و ستڕاتیژی نەتەوەیدا زاڵدەکەن و بۆ باڵادەستی و دەسەڵاتخوازی، زۆرجاران جووڵانەوەی کورد کە زۆریش چۆتە پێش و سەرکەتووبووە، تێك شکاوە و خۆی پێنەگیراوە و دوژمن بەسەریدا زاڵبووە.  ئەو شتانە هەر ئەوەنیە کە نەزانرێ، هەموو لایەك لەسەر ئەو خاڵە کۆکن، بەڵام هیچکام لە هێزەکان ئامادەی ئەوەی تێدا نیە بە کردار بۆ ئەو مەبەستە کار بکا.

گەل و بڕیار و کۆدەنگی نەتەوەیی وەك جەوهەری قۆناخی نوێێ خەبات هێشتا بەتەواوی جێ نەکەوتووە و بایەخی پێنادرێت و ئەگەر کەس یان لایەنێك بیر و ڕایی لەو بارەوە ئەرێنی بێ، بەڵام بەکردار هەنگاوێکی شیاوی هەڵنەگرتووە.

خەباتی نەتەوایەتی وەختێك دەتوانێت نەتیجەی باشی هەبێ، کە کرۆکی باس و داخوازەکان، سەمەرەیی خۆی لە هەستی بەرزی ڕزگاری نیشتیمانی وەرگرتبێ و هێزەکان بەگشتی لە سەر کۆمەڵێك خاڵ و بەرگەی تایبەت بە ڕزگاری سیاسی نەتەوەیی پێکەوە کۆك و بسازێن!

ئێمە فێری سازن و کارکردن بە شێوەی بە کۆمەڵ کە ڕەندانەوەی بیر و هزری فرەبێ، هێشتا نەبۆتە نەریت و  جێنەکەوتووە!  

ئەو خاڵە دەبێ کاری لەسەر بکرێ و ناکرێ هەتا دونیا بەدونیایە کورد لە هۆکارەکانی بە  دەوڵەت بوونی خۆی نە کۆڵێتەوە و بۆ ئ ژیانی ژێردەستەی خۆی شوکرانە بژێربێ، بەواتایەکی تر  بە ژیری دەفیکری داهاتوویدا نەبێ و سەرفەسڵێکی نوێ لە هاوکاری و خەباتی ڕزگاریخوازی دەست پێنەکات.

هێزەکان بە قسە هەموویان نەتەوەیی و نیشتیمانین! بەڵام ئەوە هەر بەقسە ناکرێ، دەبێت پڕۆژە و هێلکاری هاوبەش بکرێتە دەست مایەی شۆڕشی نوێ لە کوردستان. بەقسە هەموو لایەك نەتەوەیە و باسی ئەو بابەتە دەکا، بەڵام بەکردار گرینگی لە ئێستادا خەباتی بۆ بکەی.

 ئەگەر بڵێین کورد خەباتی بەتەنیا بۆ قۆناخەکانی تێکۆشانکردوە، ڕەنگبێ شتێكی هەڵە و سەیر باسنەکرابێ. وەرە سەرنج بخەنە سەربەشێك لە جووڵانەوەی سیاسی کورد، ئێمە هەر مێژوومان لە بەرچاوە و بە وردیش باسی ئەزموون و بەردەوامی و پشوو درێژی ئەو شۆڕشە دەکرێ، بەڵام ڕێبەرانی سیاسی نەهاتوون لەو لایەنەی ئەزموون وەربگرن، کە هۆکاری ئەو هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانیە کە بەسەر خەڵکی کوردتاندا هاتووە.  
دیارە ئەو لایەنەی زیاتر بۆ ئەوەیە هەتا دڵی خۆمان بەجۆرە خۆش بکەین و یانیش بڵێین ئێمەش وەك کورد خۆ خەباتمانکردوە و مێژوو گەواهیدرمانە!

هەتا لەسەر ئەو بنەمایە بڕوانینی داهاتووی بەرخۆدانی نەتەوەیی و ، قۆناخی گەشەی نەتەوەیی لەو چوار چێوەیەدا خویندنەوەی لەبارەوە بکرێ، کە بەباوەڕی من ئەو لێكدانەوە و تێگەیشتنە، زیانی زۆری بە هێڵە گشتیی و جەوهەریە کانی خەبات گەیاندوە.
کاتێك باس دێتە سەر پاشەکشە و شکەستەکان، دەرکەوتووە کە هەمووی بەهۆی دژایەتی نێوخۆی و خۆ بەزلزانی و وێك هەڵنەکردنی کورد خۆی  باحیسی بنەڕەتی  ئەو بارودۆخەیە.

ناکۆکیەکان لە گەڵ یەکدیدا هەتا ئەو جێگایە مەترسیداربووە، کە لایەنێك بۆ ئەوەی بە سەر بەرامبەرەکەیدا سەربکەوێ و لە مەیدانی ملمانیدا پەراوێزی بخا، بەپشتی خۆی  بە دوژمن بەستووە و  و براکەی خۆی کوشتووە!  ئەوەی جێگای سەرنجە هەتا ئەمڕۆش لەو بابەتە پەند وەرنەگیراوە و ئەگەری دووبارە بوونەوەیشی  کەم نیە. ئەو باسەش پەیوەندی ڕاستە و خۆی بە فەریکەی هەستی نەتەوەیی و جۆری خوێندنەوەی سیاسیەکانە سەبارەت بە مێژوو و داهاتووی کوردستان.

محەممەد سلێمانی

09.04.2019

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی