"an independent online kurdish website

دیاردەی ژن کوشتنیش وەک فرە دیاردەی تری نەشیاو و دزێوی کۆمەڵایەتی، رەگ و ڕیشەکەی ھا لە کولتووری پەروەردەیی دینی و دابونەریتیی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای ئێمەی کورددا و کەمڕەنگ و لاوازکردنی دیاردەیەکی وا کاری جنێودان،


بێڕێزی، تانەو تەشەر، ھەڵپەھەڵپ، دۆعا و نزای پیرەژنانە و ئەو شتانە نیە، بەڵکوو ئەو دیاردەیە دەبێ بکرێتە بابەتی لێکۆڵینەوەیی زانکۆ و ئاکادێمیستە کوردەکان و بە دەیان تیمی بۆ پێک بھێنرێ و بەشێوەی بەرفراوان کاری لەسەر بکرێت.

لەم رۆژانەدا شایەتی روانینی رواڵەتیانەی ھەندێ پیاوی دووڕوو و ھەندێ ژنی دەم ھەراش و خۆبزر کردووی کوردی زیاتر ئۆروپانشین بووین کە بەناشیرین ترین شێوە و دوور لە ھەر مێتۆدێکی زانستی و عەقڵانی لەو تۆڕەکۆمەڵایەتییانە وەرببوون و شمشێری ژەنگاویی زمانیان لە کێلانی شڕی دەم دەرکێشابوو و “شەلم کوێرم، کەس نابوێرم” دابویانەبەر.

ئەوان بەشێوەی گشتی رەگەزی نێرینەی کوردیان بە رەوانی، شێت، دێو، درنج، مێردزمە، خێو، دڕندە، خوێنمژ و… وەسف کرد بوو! بە بێ ئەوەی بیری لێ بکەنەوە کە باوک، برا، مێرد و ئازیزانی ئەوانیش ھەر نێرینەی کوردن و کاتێ بە لاپەڕەکانیانا ئەگەڕێی، باوک و براو خاڵ و ھاوسەر و خۆشەویست و کوڕەکانیان ھێند بە مێھرەبان، خۆشەویست، دڵنەرم، ئازیز و مرۆڤ سیفەت وەسفکردووە کە پێڵەی چاوگەلت لە حەدیقە، وەک بڵق دۆ دەرئەپەڕن!

 

 بە دەربڕینێکی سادە و ساکار، ئەتوانین بێژین: ئەم قسەگەلە گشتیان تەنیا بەرھەمی گەروو و زوانن و بەس، بۆ یەک دانەشیان نەگەڕیاگنەسەو بۆ مێشک و عەقڵیان. ھەر لەبەر ئەمەیشە ئەکریەت بێژین: ئەم جۆرە دەربڕینگەلە تەنیا و تەنیا نیشانەی بێ ئاگایی، ناھوشیاری، نەزانی، تەعەسوب، ئێحساسی روانینە لە دلاقەی دونیابینییانەوە.

ماڵی داھێنەری فەیسبۆک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش کاول بێ کە مێگەلێکی توێژەر، بیرمەند، خاوەنڕا، نووسەر، رۆژنامەنووس، رۆشنبیر و چالاکی سیاسی و ترخێنەو تەڕەماش بەرھەم ھێناوە کە بەناوی ئاکادێمسیێنەوە دێن و بەشێوەی گشتاندن تێروپڕ بۆختان و بێڕێزی بە بەقەولی خۆیان نیوەی کۆمەڵگاکەیان ئەکەن. (ھەڵبەت بەردەنگەکانیان لە رواڵەتا پیاوە دووڕووە فێمینیست نوێنەکان) نین، بەڵام ئەوانیش ھەر ئەو پیاوانەیان پێ دووڕووە.

قسەی ھەق خۆشە. ئێمە پەروەردەی کۆمەڵگایەکین کە لە گەڵ کۆمەڵگای غەرب دوو دونیای بە رێژە زۆر جیاوازن. کولتووری پەروەردەیی ئێمە ھەتا ئێستاش ریشەکانی لە دابونەریت و کولتوورە ریشەدارە ھەزاران ساڵییە کۆمەڵایەتییەکانماندایە و ھەر مرۆڤێکی کوردی ئەم سەردەمە، ھەر کەمێ لێی رامێنێ، ئەزانێ کە ژن کوشتنیش وەک گەورە بەچووکە، ژن بەژنێ، خەتەنە، بە زۆر بەمێردان، لە خوێن دانی کچان و زۆر شتی دیکە، دزێو و ناشیرینن و زیانی زۆریشمان پێ ئەگەیێنن.

بەڵام ئیدی چارەسەرییەکەشی پێویستی بە رێگای لێکۆڵینەوەی زانستی و ئاکادێمیک و دواتر ھەوڵدانی بۆ جێگیرکردنی پەروەردەی عەقڵانی و زانستی لە کۆمەڵگای کوردستانا ھەیە و بۆ ئەم مەبەستەش یەک دونیا کۆسپ و تەگەرە لە بەردەم کارکردن لەم بوارەدا ھەیە کە زۆریتر کات دەوێ تابتوانین ئەو دیاردانە لاواز و کەمڕەنگ بکەین.

من کە خۆم بە خاوەنڕا لەم بوارەدا نازانم و پێموایە گەرچی دەبێ ھەموومان بەپێی توانا دەبێ ھەوڵ بۆ لاوازکردنی ئەو دیاردە دزێوانە بدەین، بەڵام لەسەروی ھەموانەوە کاری بەشی دەروونناسی کۆمەڵایەتی و بەشی پەروەردەی کۆمەڵگا پشکی زیاتریان بەرئەکەوێ.

 

تێبینی١: وێنە: سوهەیلا گۆگانی لە فەیسبۆک وەرمگرتووە، کە بەداخەوە لە 1ی ئاپریلی 2019 لە نۆروێژ بە دەست هاوژیانی پێشووی کوژرا.

تێبینی ٢: بەردەنگ و مەبەستی ئەم نووسینەم بە دیاریکراوی ھیچ کەسێ نیە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی