"an independent online kurdish website

 بانگەوازی یەکێ لە حیزبەکانی ئاڵمانە بۆ ھەرەوەزیی پاکوخاوێنیی بەھاری. بە باوڕی ئەوان سیاسەت لە بەردرگای خۆتەوە دەست پێدەکات!

 

ئەم دروشمە قسەی زۆر ھەڵدەگرێ، بەڵام من ناچمە سەر بەشە زۆرەکەی. بەڵکوو قسەیەکی د.قاسملوو بیردێنمەوە کە ئێژێ: سیاسەت ھونەری مومکێن کردنی نامومکێنەکانە. ئەم قسە فەلسفەیەکی قووڵی لەپشتە. واتە مەبەست تەنیا بەکارھێنانی رێکارە سیاسییەکان بۆ رووی دیپلۆماسی و دانوستانی سیاسیانە نیە. بەڵکوو ئەوە تەنیا روویەکی سیاسەتە و ئەکرێ بێژین رووە ناشیرینەکەیەتی.

خێرا پرسیار ئەخوڵقێ کە ئەدی کامەیە رووە جوانەکەی سیاسەت!؟

 

بۆ نمونە لە قۆناغی ژێردەستەیی دا پێویستمان زیاتر بە ھونەری دانوستان، دیپلۆماسی، راگەیاندن و پەروەردی سیەسی ھەیە، بەڵام کە نەتەوە و وڵاتێ لە شەڕ و داگیرکاریی رزگار بوو، ئیدی رووەکانی دیکەی سیاسەت پێویست ئەبن و ھێزی شارەزا و کارامە لە بوارەکانی دیکەدا دەبێ پەروەردە بکرێن و بھێنرێنە مەیدان. بۆ نمونە کوردستان ژێردەسەڵاتی بەعس لەبەر شۆڕش و کوردایەتی و خەبات بۆ رزگاریی، رووبەڕووی تیرۆری ئێکۆسیستم یان شەڕ دژ بە ژینگەو سروشت بووەوە و بەم بۆنەیەشەوە زۆربەی دارستان و سەوزایی ژینگەکەی بە پلان لەناوبرا.

کەوابوو یەکەم کاری حیزبەکان پاش رزگاریی کوردستان دەبوایا کارکردنی لەسەر تیماری برینی ژینگەی کوردستان بوایا کە ئێستاکەش ھەر بریندارە

چەند جوان دەبوو پارتی و یەکییەتی ھاتبان و بەشێ لە بودجە و ھێزی پێشمەرگە و ئەندامی خۆیان بۆ دارچاندن و خزمەت و بوژاندنەوەی ژینگەی کوردستان تەرخان کردبا!

چەند جوان دەبوو بەجێی بڕینی دارە گەورەکانی ناو شارەکانی ھەولێر و سلێمانی بە بیانووی گەڵاوەرینی پاییز و پیس کردنی شەقامەکانەوە، ھاتبان ناوشارەکانیان پڕی داری جوان و گەش کردبا و چیاکان و دۆڵ و شیو و کەنار جەدەکانی کوردستانیان پڕی داری دەیمی وەک داربەڕوو، دەوەن، چوالەی دیمی،دارقەسوان ، گۆیژ و….کردبا!

ئەگەر لە ماوەی ٢٧ ساڵ دا ساڵانە ھێزی لق و ناوچە و رێکخراو و مەڵبەند و کەرت و کومیتەکانیان بۆ ئەو کارە جوانە راسپاردبایا، ئێستا کوردستان چۆن دەبوو!؟

 

یان ئەگەر بەشێک لە ئەندام و پێشمەرگەکانیان رێکخستبا و وەک چۆن بۆ دەنگدان رێکیان ئەخەن، ئاواش لانیکەم وەرزێ جارێ ھەرەوەزیی خاوێنکاریی شارو گەڕەک و جادەو کۆڵانەکانیان پێ کردبان و بەشێ لە پەروەردەکەیان بۆ رۆشنگەریی خۆشەویستیی ژینگە و شارو گەڕەک تەرخان کردبا، ئێستا خەڵکی کوردستان چۆنیان ئەڕوانییە حیزبایەتی، سیاسەت و وڵاتداریی!؟

 

ھەڵبەت ئەم کولتوورە جوانەم لە حیزبی دیمۆکراتدا دیتووە و بیستووشمە ھەر لە کۆنەوە ھەبووە. بۆ نمونە دوکتۆران قاسملو و شەرەفکەندی بۆ خۆیان ئەکەوتنە پێش بۆ ھەرەوەزی و ئەگێڕنەوە کە لە ھەموو ئەو شوێنانەی بارەگای حیزبی دیمۆکراتی لێ بووە، ھەفتانە دووجار ، لانیکەم جارێ ھەرەوەزیی پاک و خاوێنی ئەکرا و تەنانەت قونکە جگەرەشت لەو چیاو دەشتو دەرە نەدەبینی. کاک سەید سەلام عەزیزی بەرپرسی کۆمیسیونی سیاسی نیزامی حیزب بوو لە قەڵای حیزب لە کۆیە، ھەفتانە خۆی ئەھاتە بەردرگای قەڵا و ھەموو کادر و پێشمەرگەی بەبێ جیاوازیی پلەو پۆست و بەرپرسایەتی لەگەڵ خۆ ئەخست و پاک و خاوێنی قەڵا و دەوروبەرییان ئەکرد. ئەو کولتوورە جوانە لە حیزبی دیمۆکراتدا بەشێکە لە سیستمی پەروەردەی حیزب و ئێستاش بەردەوامە.

 

بێجگە لەمەش، لە ھەرکوێ بارەگای حیزبی لێ بووبێ، ئەوێ بە پلان و بێ پڵان پڕکراوە لە داری جۆراوجۆر. ئێستا شوێنی حیزبی دیمۆکرات لە کویە شایەتی ئەوەیە. کە حیزب ھاتە ئەوێ، ئەوێ دەشتێکی بەرەھووتی رەق و تەق بوو. ئێستا زیاتر بە ژینگەیەکی سەوز و پڕدار ئەچێ و ئەگەر رۆژێ حیزبی دیمۆکرات لەوێ بڕوات، ئەو بنکەو بارەگایانە ھەڵگیرێنەوە، جێگای ئەو مقەڕ و بارەگایانەی حیزب ئەتوانێ ببێتە پارکێکی جوان بۆ خەڵکی کۆیە.

 

واتە ئەو لایەنەی سیاسەت لە حیزبی دیمۆکراتا زۆری گرینگی پێ دراوە و لە پێشمەرگایەتیدا بە دەیانجار کە دەچووین بۆ سەێرانێ، گرینگیمان بەوە ئەدا کە ئاگر و دووکەڵمان دوور بێ لە دارو دەوەن بۆ ئەوەی ھەڵنەپڕوزێن، تەنانەت قونکە جگەرەشمان کۆئەکردنەوە و شوێنی دانیشتنەکەمان وەک پێش ئەوەی لێی دانیشین، خاوێن ئەکردەوە.

بەکورتییەکەی ئەو رێکلامەی سەرەوە پەیامێکی پێشکەوتوانە و روویەکی جوانی دیکە لە سیاسەت ئەنوێنێ. لەو پەیامەدا ئەو حیزبە داوای کردووە خۆبەخشانە لەو رێکەوت و کاتژمێرەدا لەو شوێنە کۆببنەوە و ھەرەوەزیی بۆ خاوێن کردنەوەی ئەو بەشەی شار بکەن. ھەڵبەت لە ناوچەکانی دیکەو شارەکانی دیکەش ھەروایە.

 

ئەم پەیامەش پێمان ئێژێ: سیاسەت تەنیا وەک لای ئێوەی کورد بە فێڵ و تەڵەکە و فریو و گەمەی بردنەوە و شکەست پێدان ماناکراوە نیە، بەڵکوو پەیامەکەی زۆر قووڵتر و پانتاییەکەی فرە بەرینتر لەوەیە و ئەلفوبێیەکەشی ئەوەیە کە دەبێ سەرەتا ژینگەیەکی سەلامەت و خاوێنت ھەبێ تا مرۆڤەکانی تێدا لە بوارەکانی جسمی و رۆحیەوە سالم و لەشساغ بن، ئەوجا ئامانجەکانی دیکەی تێدا ببەیەپێش.

ئەو رۆژانەی نەورۆز کۆمەڵێ وێنەم لە قەراخ جادە و سەێرانگا پڕ لە زبڵ و زاڵەکانی کوردستان بینی، وەک کوردێ زۆرم بەزەیی بە خۆم و میلەتەکەما لە باشووری خاوەن سێ دەھە سەروەری و حوکمداریی کوردی ھاتەوە.

ھیوامە رۆژێ دابێ، ئێمەش گرینگی بە ژینگەی خاوێن و مرۆڤی لەشساغ و ژیانی پێشکەوتوانە بدەین.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی