"an independent online kurdish website

بەردەوام گوێمان لێی بووە و گوێمان لێی دەبێ، لەملا و لەولا وتراوە و ئەوترێ: حیزبی دیمۆکرات قوتابخانەیە، مەکتەبە. ھەندێ جاریش زیاتر لەوانە دەڕواتە پێشتر و ئەوترێ حیزبی دیمۆکرات زانکۆیە.


 ئەم وتنانە لەوانەیە بۆ ھەندێ کەس و لای ھەندێ کەس تەنیا لە بەرگی قسە و دربڕینی ھەست و سۆز و عاتیفەیەکی جوانا دەرکەوێ و لە خۆشترین حاڵەتدا وتە و دروشمێکی جوان و رازاوە بن. بەڵام لای من و زۆر ھاوڕێیانی دیکەشمان کە من ئەیانناسم و ھاوڕێ و ھاوسەنگەرم بوون، حیزبی دیمۆکرات دوور لە کەشی ھەست و سۆز، قوتابخانە و مەکتەب و زانکۆیەکی راستەقینەیە.

ئێمەمانان لەوێ بناغەی دەرک و شعوور و باوڕی خەباتخوازانە و شۆڕشگێڕانەمان لە فۆرم و قاڵب درا. لەوێ بەرگی مەنتیق و عەقڵانییەت کرا بە بەر ھەستە کرچوکاڵە کوردایەتی و شۆڕشگێڕانەکانمانا. بەڵێ لە حیزبی دیمۆکراتەوە، لە کارگای فێرگەکەیەوە تاکە ئامادە بە خزمەتەکان وەرئەگیرێن و بە وانەکانی ئەخلاقی شۆڕشگێڕانە، کوردایەتی، مێژووی شۆڕش و راپەڕینەکان، ھۆکاری شکەستەکان، زمانی کوردی، وانەکانی دیمۆکراسی ، وانەکانی مافی مرۆڤ، وانەکانی مافی ژنان و یەکسانیی دوو رەگەز و….قوتابییەکانی کە دواتر ناوی پێشمەرگەیان لەسەر دائەنرێ، پەروەردە ئەکات.

ھەر لەو فێرگەوەیە کە رێگای کوردایەتی نیشانی قوتابییەکان ئەدرێ و ھەر لە پەزیرشەوەیە درگای فێر بوون، کوردایەتی، نیشتمانپەروەری، شۆڕشگێڕی، خەبات خوازی لە گەڵ درگای کتێبخانەکانی حیزبدا بە رووی قوتابییاندا ئەکرێتەوە.

مامۆستاکان، کادرەکانی پەروەردەو فێر کردن، فێرکراون خاکەڕایانە لە خزمەت پێگەیاندنی قوتابیاندا بن. بۆیەش پێشمەرگە شک نابەی کە حەز نەکات پرسیاری کوردایەتی و نیشتمان پەروەریی لێ بکرێ و حەز نەکات لە پرۆسەی فێرکردندا بەشدار بێ. سەرجەم پێشمەرگەکان تێدەکۆشن ببن بە یەکەیەکی فێرکردن و پەروەردە لەو سیستمەدا.

ھەر لە قۆناغی پەزیرش و فێرگەدا ئەبینرێ کە کتێبخانەکانی حیزب پڕ ھاتوچوترین ژوورەکانی حیزبن و قەرەباڵغترین. زۆربەی ناوەند و ئۆرگانەکانی حیزب کاغەزدیواری یان رۆژنامەی دیوارییان ھەیە، بەردەوام لە لایەن پێشمەرگەکانەوە بە بابەتی پەروەردەیی، نوێ ئەکرێتەوە. زۆرێ لە پێشمەرگەکان رکابەرێی زانیاریی ئەکەن و زۆر جاریش ئەکەونە رکابەرێی کۆڕ و کۆبوونەوە و سێمینار گرتنەوە.

لەو خاڵە گرینگانەی کە ھەوڵ ئەدرێ پێشمەرگەی بۆ پەروەردە بکرێ و ببنە شاباڵی ئامانج و تێکۆشانی پێشمەرگە لە حیزبی دیمۆکراتا، رەخنەگرتن و رەخنە قەبوڵکردن و پرسیار کردن و وەڵامی پرسیار دانەوەن. لە حیزبی دیمۆکراتدا ھەوڵ ئەدرێ پرسیار کردن وەک ئامرازی فێربوون بەنرخ سەێر بکرێ، نەک تەنیا بە ھێمای نەزانین دابنرێ. ھاوکاتیش پێشمەرگە فێر ئەکرێ باس بکات، گفتوگۆ بکات، گفتوگۆەکان بەبەتیانە سەێر بکات و بۆ گفتوگۆەکان تەوەر دابنێ  و ئامانجی ھەبێ و بۆ ئامانج دەستپێ بکات و بە ئەنجام کۆتایی پێ بێنێ. بۆ ئەم مەبەستەش لە پێکھاتە تەشکیلاتییەکانی حیزبا نۆبەت دائەنرێ بۆ ئەندامان و ئەکرێتە ئەرک لە سەریان کە بابەت دەستنیشان بکەن، زانیاریی لەسەر کۆبکەنەوە و کۆبوونەوە و سمینار و کۆڕی لەسەر بگرن.

زۆرمان پێشمەرگە ھەیە کە بە خوێندنی سەرەتایی و ناوەندییەوە ھاتوونەتە ریزەکانی حیزبی دیمۆکرات و لە پرۆسەی پەروەردە و پێگەیاندنی حیزبا ھاندراون و کەوتوونەتە رکابەرێی خوێندنەوە و روویان لە خوێندنگەکانی ھەرێمی کوردستان کردوەتەوە و تاقیکارییان کردووە و بە باشترین دەرەجەکانەوە چوونەتە زانکۆەکانی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت گەییشتوونەتە پلەی مامۆستایەتی قوتابخانە و زانکۆەکانی ھەرێم.

ئەمانە بەڵگەن بۆ زانکۆبوونی حیزب، بۆ قوتابحانە بوونی حیزب. بێگومان قوتابیشمان ھەیە سەھەندەیە و سەھەندە بووە. ئەوەش شتێکی ئاساییە. چونکی مەرج نیە ھەموو قوتابیانی قوتابخانەیەک بە پلەی بەرزەوە سەرکەون. ئەوانە ناتوانن نمونە بن بۆ تەواوی سیستمی پەروەردەی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی حیزبی دیمۆکرات.

و لە کۆتایی دا بە شانازیەوە من قوتابی ئەو قوتابخانەیەم و تا بشمێنم وانەکانی ئەو مەکتەبە لەبیرناکەم.

ساڵی: ٢٠٠٣

شوێن: ناوەندی یەکی کوردستان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی