"an independent online kurdish website

گەیشتینە پاریس و لە لایەن نوێنەرانی حیزب لە تەیارەخانە وەرگیراین ، پێشتر کارئاسانیان کردبوو نۆبەی دوکتور وکات و ساتی چاوپێکەوتن دیاری کرابوو .


 کەژاڵ خانم کادری حیزب دەی بردمە لای دوکتور ، هەم لە بەغدا و هەم لە پاریس دەیان وت نابێ حەب و دەرمان بخۆی تەئسیری باشی نابێ ئەو شتانەی لە مەوادی شیمیایی دروستکراون بۆ من زیانیان هەبوو، لە پاریس دوو مانگم پێچوو ، هەر دەهات و وەزعم بەرەو باشی دەڕۆی ، کاک شاهۆ ، کاک ئەحمەدی شێربەیگی ، کاک ،دوکتور تایری ئەرەدەڵان ، کاک رەئوفی کەعبی ، دوکتور خوسرەو عەبدولاهی ، هەمویان دەعوەتیان دەکردم ، کاک ئاکۆ و کاک ئاسۆ حەسەنزادە زۆر شوینیان دەگەڕاندم ، کاک عەلی پورئامان و کاک ڕەسوڵ قادریش لوتفیان هەبوو لە گەڵم ، سەفەرێکی ئاڵمانیشم کرد بۆ لای شوکری تەریق زەحمەتی زۆری پێوە کێشام ، لە ئاڵمان برادەرێک بە ناوی (ح٠م ) وتی وەرە ناوت بنوسم داوای پەنابەری بکە لێرە بەو کەیسەوە دوای حەوتویەک قەبوڵ دەبی گەر بش رۆیەوە پارەکەت بۆ دەنێرمەوە ، وتم قەت کاری وا ناکەم ، من بۆ موعالیجە نێردراوم و ئەندامی ڕێبەری حیزبم ،گەر حەزم لە کاری وابێ پاکانە حیساب دەکەم و پیاوانە واز دێنم ، ڕاستە بەو وەزعەوە وەر ئەگیرێم بەڵام ئەوەندەش کەم هیمەت و ترسنۆک نیم نەڕۆمەوە و بڵێن لە ترسی کۆماری ئیسلامی خۆی گل دایەوە نەیوێرا بگەڕێتەوە جا تەعەهودی ئەخلاقیش با لە جێی خۆی وەستابێ ، من رفێقەکانم تا زە لە پەنا دە ستم شەهید بوون کاری وا چۆن ئەکەم ،لەوانەیە داواکاری (ح.م) لە ڕوی نیازپاکی و جۆرێک بەزەیی هاتن بە من دا بووبێ ، بەخۆشیەوە لە ژیاندا ماوە سپاسی دەکەم ، سەرجەم نزیکەی سێ مانگ مامەوە، دوای ئەو ماوەیە،

کاک خوسرەو عەبدوڵاهی لە دەفتەری پاریس کاری دەکرد بلیتی تەیارەی بۆ کڕیم و لە گەڵم هات بۆ تەیارەخانە و بەرەو وڵاتی ئوردۆن بەڕێی کردم ، کە گەشتمە ئەوێ جێژنی قوربان بوو ، وڵات تەحتیل بوو دەبوو بە ماشین بەرەو بەغدا بگەڕێمەوە یەک دوو رۆژێک تاخیربووم و پاشان سواری ماشین بووم بۆ بەغدا. لە یەکەم پرسگەی عێراق هێنایانمە خوار ، رۆژنامە و گۆفاوێکی زۆری حیزبم پێبوو، خۆشم کامپیوتێرێک و رادیۆیەکم پێ بوو ،لە سەیتەرەکە تەماحیان لە ڕادیۆ کە کردبوو بڕێک جوان بوو کابرای بەر پرسی سەیتەرە هەر تماشای دەکرد و بە عەرەبی پرسیاری دەکرد منیش هەر ئەوەندەم دەزانی بە عەرەبی دەموت ئانی مەعاریزە ئێرانی مقەرنە لیل بەغداد مەسئول محمەد نضیف قادری هازا هاتف ، کابرا دەیزانی عەرەبیە کە م دووکەڵ ئەکات لێی دوبارە ئەکردمەوە وتی؟ وین راح ؟ منیش هەرئەوەی پێشووم دوبارە دەکردەوە ، و پێدەکەنی ، کاک موحەممەدی حەسەن پوری شەهید زۆر جار پێی دەگێڕامەوە و مەجلیسمان پێ گەرم دەکرد ، عەسکەرێکیان هێنا کورد بوو لێی پرسیم وڵامم داوە پاشان وتی دەڵێ یا دەبێ ڕادیۆکە بە جێبێڵێ یا ئەو نوسراوانە تا لە مقەڕە کەیانەوە کەسێک دێت ناتوانێ هەمویان لە گەڵ خۆی بەرێ ، منیش بیرم لێکردەوە وتم رۆژنامە و شتی وایان ناوێ، بەڵام ڕادیۆکەم لێ بزر دەکەن ، وتم رۆژنامەکان بە جێ دێڵم ڕادیۆی دامەوە و ڕۆشتم بەیانی دەوروبەری سەعاتی هەشت گەیشتمەوە لای کاک حەمەنەزیف لە حەی زەیوونەی بەغدا و باسی سەیتەرەم بۆ گێڕایەوە مەجیدی نارد شتەکانی هێناوە.

لە بەغداوە دوای چەند ڕۆژ بەرەو کۆیە گەڕامەوە هەموان خۆشحاڵ بوون سلامەتم و زیندوو ماوم و لە دەفتەری سیاسی دەعوەتێکیان بۆ ساز کردم و دواتر بەرە وشوێنی کارەکەم لە بازیان وەڕێ کەوتم ، کە گەیشتمەوە بازیان بە سەر خەبەرێکی ناخۆش دا کەوتم ، بۆیان باس کردم عەباسی بەدری کە لە بەغدا ئاگای لە من و کاک ساڵە بوو ، لە گەڕانەوەدا چوەتە ماڵی پووری لە شاری سلێمانی ، ماوەیەک دیار نابێ پاشان عەتای فەیزی پێشمەرگەی فیداکاری مەڵبەندی دوو کە لە گەڵ عەباس ڕفێق دەبن ئەڵێ من ماڵی پووری پێدەزانم و عەتا دەنێرن بە دوای عەباس دا ، لەو سەرەوە کە دەگەرێنەوە بۆ بنکەی مەڵبەندی دوو لە بازیان ، لە پرسگەی نێوان سلێمانی و بازیانی یەکیەتی، خائینان و خۆفرۆشان لەو پرسگە هەر دوکیان بە بیانوی لێپرسینەوە کێن ؟ و چکارەن ؟ دابەزاندبوون ودواتر بە پێی تەوتەئە و پیلانی کۆماری ئیسلامی بە هۆی ئەو خائین و بەکرێگیراوانەی لەو بازگەیە بۆ گیانی پێشمەرگەی دیموکڕات دایان نابوون، هەر دوکیان دەکوژن و جەنازەکانیان لە و دەورو بەرە فڕێ دەدەن، غەم و نیگەرانی ساڵە سەقزی و عەتا کێلەشینی تەواو نەبوبو کۆستی عەباس بەدری و عەتا فەیزیشی هاتە سەرو جەنایەتێکی دیکە ڕووی دزێوی خۆی دەرخست.

ئەوە بەسەرهاتی ئەو خەیانەتە بوو، کە نەوید کردی، ، ئەو دەیتوانی بە ئێمە بڵێ ئەو شیرینیە دەرمانی تێکراوە و ئێمەش لە پاداشتی ڕاستی وتنەکەی هیچی پێنەڵێین ، بەلا م ئەو خەیانەتی هەڵبژارد و ڕووڕەشی و سەرشۆڕی ، پاش ئەو خەیانەتە بڕێک پوڵ و پارەیان وەک پاداش پێدابوو ماوەیەک لە کەرەج دەژیا و هاوتوچووی سەقزیشی دەرکرد. نەوید لە مێژە نەماوە، گۆڕ بە گۆڕ بووە و کوژراوە.

دوای ماوەیەک لە گەرانەوەم بیستمەوە بنەماڵەی یەکێک لە شەهیدەکان پرسی بویان نازانین چۆنە عەتا و ساڵە تیا چوون بەڵام سەید ئەحمەد ماوە، لە دەرفەت دەگەرام بیان بینم و جەرەیانەکەیان بۆ باس بکەم. دوای چەند ، ساڵ کەسێک لە بنەمالەکەیان هات و بۆم باس کرد.

لە جەرەیانی پێشمەرگایەتی دا زۆر جار رووی داوە لە ناو چەند کەسیک دا بە هەڵکەوت یەک نەجاتی بوە بۆ نمونە ، لە شەری قوڵقوڵەی سەقز شەش کەس پێکەوە خەوتبوین تەقەیان لێکردین هەر من بەر نەکەوتم و باقی هاورێکانم بریندار و دواتر شەهید بوون.

لە پشتی هەرمێدۆڵ دوو هێز پێشمەرگە بووین، من و سادق ئاتەش ئەفروز پێکەوە خەوتبوین لە کیسەخەوەکانماندا پشتمان دابوو بەیەکەوە سەرمامان نەبێ تەقەمان لێکرا سادق شەهید بوو من ڕزگارم بوو.

لە دەرمان خواردنەکەش سێ کەس بووین هەر دوو هاوڕێکەم شەهید بوون و من لە مردن ڕرزگارم بوو.

دیارە لە چەند شوێنی دیکەش تووش بووم بۆیە ئەو نمونانەم باسکردن دەیان شاهیدی زیندوو ماون و دەزانن ژیانی پێشمەرگایەتی بۆ منیش و بۆ هەموو پێشمەرگەکان لە کات و ساتە ئاستەمەکاندا هەر ئاوا بووە بەشی زۆری پێشمەرگەکان دەیان جار بە قەراغی مەرگ دا تێپەڕیون ڕاستە ئەو ڕۆژانە بوون بە مێژوو، بەڵام ئەو ڕوداوانە پڕ بوون لە ڕاستی و دروستی و حاشاهەڵنەگرن.

هەم عەتا و هەم ساڵە زۆر لە منەوە نزیک بوون نێوانمان زۆر خۆش بوو بەداخەوە توشی کردەوەی نەویدی خائن بووین و ئاوامان بەسەر هات، شەهیدکرانی عەباسی بەدری و عەتای فەیزی لە سەیتەرەی بازیان زۆر ناخۆش و دڵتەزێن بوو ئەوە ڕێگایەکی سەرەکی ئێمە بوو بەرەو سلێمانی کە ڕۆژانە پێی دا تێپەر دەبوین لەوێیش هەر خائینی لێبوو لە ماشینیان دابەزاندبوون و شەهیدیان کردبوون.

ساڵح شەریفی ناسراو بە ساڵە سەقزی ئینسانێکی نمونە، کادرێکی خۆشناو و تا بڵێی جێ باوەڕو متمانە بە خۆ و متمانە پێکراو، خەڵکی ئاوایی سونج لە ناوچەی گەورکی سەقز.

عەتا ڕەزاپوور خەڵکی کێلەشینی ناوچەی گەورکی سەقز کادرێکی جێکەوتوی تا بڵێی ڕازدار و ئەمیندار و لە سەرە خۆ و فیداکار ئەهلی کار و مەشوەرەت.

عەباسی بەدری کوری خەڵیفە سەعی خەڵکی شاری سەقز بوو لەو بەسەرهاتەدا لە گەڵ من و کاک ساڵە بوو لە بەغدا، ئەو بە خوڕ بۆ شەهید بوونی کاک ساڵە دەگریا مخابن بۆ خۆیشی ئەوەندەی نەخایاند شەهید بوو، پێشمەرگەیەکی خۆشناو و دڵسۆز بوو بۆ گەل نیشتمان.

عەتا فەیزی پێشمەرگەی ئازا و چاو نەترس لە بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەر و گەل دۆستی شاری سەقز بوو رۆح سوک و بوێر و چوست و چالاک و ئامادە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی پێ ئەسپێردراو، برا گەورەکەشی کاک رەزا هەر پێشمەرگەی دیموکراتە تەمەنی دریژ بۆ کاک  ڕەزای بەڕێز.

سپاس و ڕێزی بێ پایان بۆ هەر هەموو ئەو کەسانەی لە ساتەوەختەکانی توش بونمان بەو کارە ساتە تا ئاخر هەر یەکەو بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دەنگمانەو هاتن و هاوکاریان کردین.

سلاو لە یاد و ناوی هەر چوار تێکۆشەری دیموکڕات.

ساڵە سەقزی ، عەتا رەزاپوور، عەباس بەدری ، عەتا فەیزی

ڕووڕە شی بۆ خائینان و نیشتمان فرۆشان

هیوادارم نەوەکانی داهاتوو بە مێژوی نەتەوەکەیاندا بچنەوە نرخی ئەو ئازادیەی بۆیان .دێتەدی .بزانن بە چ رەنج و فیداکاری و گیان بەخشینێک بەدیهاتووە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی