"an independent online kurdish website

هاوینی ساڵی ۱۳٦۱ ڕژیم بە پێنج هەزار جاشەوە هێرشی کرد بۆ ناوچەی مەڕەخێڵ( کە ئەودەم لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بوو) و ناوچەکەیان داگیر کرد .


پێشتر بڕیارمان دابو لە ئەگەری گیرانی مەڕەخێڵ ژن و منداڵەکانمان بەجێ بهێڵین.

ماوەیەک پاش گیرانی مەڕەخێڵ هیچ هەواڵێکی ژن و منداڵەکانمان نەدەزانی کە چییان بە سەر هاتوە ، بۆ زانینی هاڵ و هەواڵیان بڕیاری سەفەرێکی ناوخۆمداٚ.

زستانی ۱۳٦۲ لەگەل دوو کەسی دیکە خۆمان ئامادە کرد و لە ژێشاوەوە( شوێنی ماڵ و مەقەڕەکانی لکی شەهید موستەفا) بەرەو گوندی زەردۆیی(ڕوان) ڕێکەوتین . من و خاڵۆ تایەر عەزیزی هەمو هیواو هومیدمان بە عەلی دادە سەلە بو لەو سەفەرەماندا، خاڵۆ تایەر بەتەمەن و منیش ناشارەزا. هێشتای زۆر نەڕۆیشتبوین خاڵۆ تایەر لەپێ کەوت و بەناچار عەلی کۆڵەپشتی و ڕەختو چەکەکەی لێ وەرگرت و کردییە سەرباری کۆڵەکەی خۆی.

دەبو ئەو شەوە پێش لە ڕوناکایی بەیانی خۆمان بگەیەنینە ڕوان .لە دەروەنی ماسان و لە نێو مەیدان مینەکان

پێشقەرەوڵ و ڕێگە پاک کەرەوەی مین تاوێک بۆ پێشەوە تاوێکیش بۆ دواوە بۆ یارمەتی خاڵۆ تایەر .لە جادەکە بۆ سەرەوە بەفر گرتبوی و هەرچەندە زیاتر سەردەکەوتین بەفرەکەش زۆرتر دەباری. لێرە بەولاوەش عەلی ڕچە شکێن بو و من و خاڵۆ تایەریش شوێن پێی عەلیمان هەڵدەگرت . کوێستانێکی توش،، هەوایەکی جەستەتەزێن لەگەل بەفر بارێنێکی زۆر و دێوەروڵ بڕستی لێ بریبوین. هەرچۆنێک بو بە یارمەتی عەلی هیواو هومید بەخشین پێمان پێش لە بانگی بەیانی بە جەستەیەکی داپۆشراو لە بەفر زەنگوڵە یەخی سەر و سمێڵ جامانە و پوزەوانەکانمانەوە خۆمان گەیاندە ماڵێکی ڕوان.

سێ ڕۆژ بەردەوام بەفر دەباری ئێمەش چاوەڕوان خۆشکردنی هەوا بوین بۆ ئەوەی دەرکەوین.

بۆ پارێزگاری لە سندوقی دەنگدان بۆ پارلمانی ئێران هێزێکی زۆریان هێنابوە ڕوان و لە گەل تاریک بونی هەوا هەمو ڕێگاو گوزەرەکانی دەوری ئاوای بو بە کەمین و گەشتی.

بە هاوکاری دڵسۆزێکی لەخوبوردو کەلێنێکی دەربازبونمان پەیداکرد و لە گوند دەرکەوتین.

ڕێگایەکی سەربەرەوژورە و بەفرێکی زۆر ، دیسان عەلی لە پێشەوە دڕی بە بەفر دەدا و ئێمەش بە دوایدا، پاش پێنج کاتژمێر بەفر شێلان گەیشتینە لوتکەی ئەم شاخە( کورگی ماسان) ئێرە خۆرەتاوە و بەفرەکەی بەستبوی ، بەباشمان زانی لەم بەفرە یەخ بەستویە کەڵک وەرگرین و بە خلیسکان خۆمان بگەیەنینە نزیک جادەکە.

شوێنەکە زۆر توند و لێژە لە کاتی ئاسایدا زۆر زەخمەتە بەرەوخوار هەڵ بێیت، جا ئەگەر بەفری بەستوش بێت ئەوا دژوارتر دەبێت، چار نەبو لە لایەک هێزی بەفر شێلانمان نەمابوو ، لە لایەکی دیکە ڕێگای دورترمان لەبەر بوو فریای دەرباز بوون نەدەکەوتین و ئەگەر ڕێگای دیکەمان هەڵبژاردایە دەبوو ڕۆژی دوای لەناو ئەو بەفرەدا ماباینەوە.

پێشتر کەمێک ئەزمونی خلیسکانی سەر بەفرم هەبوو ، لەگەل عەلی سەرەنێزەی کڵاشینکۆفەکانمان کرد بەلەنگر ی خۆڕاگرتن و لەپێشەوە نیشتمە سەر بەفرەکە خاڵۆ تایەر کڵاشینکۆف سەرەنێزەی پێ نەبو دارێکی کردبو بە لەنگەر، ، لەو تیژاییەدا بە سەرەنێزەکە داکرا تا رادەیەک کونتروڵت لە دەس دەرنەچێت ، لە نێوقەدی تیژاییەکە خاڵۆ تایەر دارەکەی دەستی بەربویەوە بەبێ کونتروڵ بە خێراییەکی زۆر بە لای مندا بەرەوخوار بویەوە، دەستم دایە ڕێگای و دەرقاچەی شەڵوارەکەی گیربو لە دەستم بە پشتیوانی سەرەنێزەکە توانیم ڕایبگرم ، کەوشی لە پێ نەبو، پرسیارم کرد خاڵۆ تایەر کەوشەکانت کوان، وتی ئەی بۆ کەوشم لە پێدا نییە.لاقەکانی بەفر تەزاندبوی کەوشەکانی لەناو بەفردا بەجێمابون و بە خۆی نەزانیبو.

هەرچونێک بو خۆمان گەیاندە نزیک جادەکە کە بەفری لێ نەبو ، زیخو وردە بەردەکان یەخیان بەستبو و وەک بزمار یان لێ هاتبو خاڵو تایەری پێ سەرمابردوی بێ کەوش بە تەواوی کۆڵەوار ببو ، بە ناچار پشتێنەکانمن پێچا لە دەوری پێی و بۆمانکرد بەکەوش.

تاریک و ڕونی بەیان لە شیوێکی پەنجامیتری و نەدیوی پایگای سەرجادە( نەیجول)خۆمان دەرباز کرد، خوار جادە مەیدان مین بوو بەڵام دڵنیا بوین کە مینە دژە نەفەرەکانیش یەخیان کردوە و مەترسییان نیە و مینە تەڵەییەکانیش لە بەر روناکی بەربەیان دەبینران.

پاش دەرباز بون لە نێو ئەشکەوتێکی نەدیوی پایەگاکان ( دووگراڵ) ئاورێکی باشمان کردەوە و بێ ترسی بەفر و سەرما و جاش و مین کەوتینە جایی خواردن.

یادی عەلی دادە سەلە ئەو پێشمەرگە نەترس و بەورە و ماندونەناسە بەخەیر و ڕۆخی خاڵۆ تایەریش شاد

۲٥ /۰۲ / ۲۰۱۹

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی