"an independent online kurdish website

کاتی مانەوەمان لە ئاوایی دووسەعاتێکی پێچوو ، پاشان لە ماڵەکان هاتینە دەر ، دیتم پێشمەرگەیەک لە حەوشەی ماڵێک دا بوو بە هێواشی هەنگاوەکانی دەنا و و ئەم سەرە و سەری حەوشەی خانەخوێ دەکرد،


 چرایەکی پڵیتەداری قەدیمی لە داڵانێکی سەر داپۆشراودا بە شەوقێکی کەم و دوكەڵاوی بەروە بن میچ ، ئەو ناوەی تا ئەو ڕادەیە ڕوناک کردبوو کە نەمدەتوانی بزانم کاک ساڵەیە یا کەسێکی تر بڕێک چومە پێش و یەقینم حاسڵ کرد ساڵە سەقزیە، بانگم کرد وتم وەر دەر با بڕۆین وتی تەواو نیم !بۆ چی؟ هەموو گیانم دێشێ و گێژم،وتم لەو مالەی لێێ بووی چیت خواردوە ؟ وتی گۆشتیان بو، لە گیرفانی کۆڵەپشتیەکەم شیشەیەکی بچووکی ئاولێمۆی تیدا بوو دەرم ‌هیناو دامێ وتم بیخۆرەوە، پێموابوو مەسموم بوە،پاشان هەموو کۆبوینەوە فەرماندەکان سەر ژمێری نەفەراتی خۆیان کرد هەموان ئامادە بوون و کەوتینە ڕێ،تماشام کرد عەتا خوار وخێچ رێگە دەبرێ و لە نێو سەفی پێشمەرگەکان دەترازێ و ئیرادەی ڕاست ڕۆیشتنی بەدەست خۆی نیە،،خێرا گومانم بۆ دروست بوو کاری شیرینیەکەی نەویدە!! بێ ڕاوەستان چووم لە سەفی پێشمەرگەکان حەمەی خاکسارم دیتەوە وتم کوا شیرینیەکە؟ لێت خواردوە ؟ بەشی کەست لێداوە؟ وتی نا! نەمکردۆتەوە! لە دەستیم وەر گرت و فڕێـم دا،وتم دەرمانی تێکراوە بەو جۆرەش رەحیم هێژا دەیوەت هیچ نیە با بیخۆین ڕەحیم ئێستە لە وڵاتی دانمارک دەژی.

لە بەروەزعی ساڵە و عەتا نەمانتوانی زۆر دوور بکەوینەوە،چوار پێنج کیلۆمیترێک رۆیشتین و لە شیوێک دا ماینەوە ،ئەو شەوە تا سبەی ساڵە و عەتا هیچیان خەویان لێنەکەوت،وەزعێکی ناخۆش و خراپمان هەبوو، هەر ئاهو ناڵەیان بوو.

بە رووناک بونەوەی هەوا نگابانەکانمان ئاگاداریان کردین هێزێکی زۆری ڕژیم بەرەو ئاوایی دەرەویانی شێخ و شاخەکانی دەوروبەری هاتوون چمەس کە نەوید گەڕابوەوە بۆسەقز وەزعەکەی ئێمە و ئاکامی پێلانگێڕیەکەی خۆی و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی بۆ گێڕابوونەوە بە نیازی ئەوەی هەموومان بەو دەرمانە تێدا چوین و لە کار کەوتوین هێزێکی زۆریان هێنابوو جەنازەکانمان ببەنەوە یا بە بێهۆشی دەسگیرمان بکەن هەموو کون و کەلەبەرێکی ئەو ناو بە ناوە گەڕان تەنیا ئەو شوێنە نەهاتن کە ئێمەی لێبوین شوێنێکی چەپەک وگومان هەڵنەگر، پاسدارەکان خەڵکی ئاواییان دیبوو زۆریان پرسیبوو بەرە و کوێ ڕۆشتتتون کەس ڕاستی لە ئێمە نەگوتبوو، دیارە کەسیش نەیدەزانی بۆ کوێ دەچین و بۆ مەسەلەی دەرمانەکەش جەگە لە خۆمان کەس ئاگادار نەبوو،دواتر خەڵکەکە بە ئێمەیان وت لە ناو ماشنێک دا نەفەرێکی تێدا بوە پەتویەکیان دابوو بە سەری دا نەمادەزانی کێیە وادیار بوو هەر نەوید بوو لە بەر ئەوەی پێشمەرگەکانی دەناسی بۆ شناسایی دوبارە لە گەڵ خۆیان هێنابوویانەوە، کە ئەگەر دەسگیرمان بکەن ئەو ناو و موشەخەساتی ئیمەیان پێ بڵێ و زانیاری تەواویان بداتێ.

لەو کاتەدا کۆمیتەی سنە توشی شەر ببون برینداریان هەبوو سکرتاریا ئاگاداری کردبوین بچین بە هانای بریندارەکانەوە و هاوکاریان بکەین ئێمەش بەشێک لە پێشمەرگەکانمان ناردبوو بۆ مەسیری چلچەمە بە هانای بریندارەکانەوە چووبوون بەشێکی دیکەمان لە شوێنی تر لە هەڵسوڕاندا بوون. هەموان پێشمەرگەی بەڵەد و کارلێهاتوو بوون، دەفتەری سیاسی مان لە وەزعی خۆمان ئاگادار کرد ،ئەوانیش وەزعی ئێمەیان بە نەخۆشخانە وتبوو،پەیام مان بۆ هات ، ئاگاداریان کردین دوکتورەکانی نەخۆشخانە دەڵێن سرۆنگی غەزاییان بۆ وە سڵ کەن چەند ئامۆژگاری و ڕێنوێنیان بە پەیام بۆ ناردبوین کە دەبوو چیان لێ بکەین و دواتر بێان گەرێننەوە بۆ نەخۆشخانە،نە ئەو ئیماکاناتی پزیشکیەمان پێ بوو نە لەو ناو بەناوەش دوکتور و دەرمان دەست دەکەوت،دیارە لەو کاتانەدا تەنیا فکر و هۆش بۆ سەربازە بێ ناوو نیشانەکان ،یانی تەشکیلاتی ناوشاردەچێت،بە کەسێکی کار قایم دا خەبەرم بۆ یەک دوو کەسیان ناردو و ناونێشانم دایە بە جۆریک لە وەزعەکەم تێگەیاندبوون بە زوترین کات ئەو پێداویستیانەمان بۆ بنێرن، ڕۆژی تەنگانە و لێقەومان ئینسانە بە جەرگ و خۆنەویستەکان دەردەکەون و تاقی دەکرێنەوە،ئاخۆ لەو کاتەدا دەستت لە ئەرز و ئاسمان گیر نابێ کێ بە فریاتەوە دێ،ئەو شێرە بێ ناو نیشانانە زۆر ئازایانە کارەکەیان بۆ ئەنجامداین و بۆ ڕۆژی دوایی ئەوانەی داوامان کردبوو بەو ڕێگە پڕ لە مەترسیە، بە زیادەوە گەیشتە دەستمان.

گرفتی ئەسڵی سەر ڕێمان گیرانی سنورەکان بە مین و کەمین بوو هێزی زۆر بوو،دوژمن زانیبوی دەرمانمان خواردوە بە دوای سەرەداوی ئەوە دا دەگەڕا کە بێجگە لەو سێ کەسە چەند کەسی دیکەمان خواردومانە و چۆن بتوانێ لە داومان خات وبۆیە ئامادە باشی بەهەموو مۆڵگەکانی دابوو کەلە دانانی کەمین کۆکردنەوەی زانیاری غافڵ نەبن،،زۆر نیگەران بوین لە تێپەر بوونی جادە و سنوور،نەفەرێکمان پێ شک دەهات ، ئەویش هیمەتی خۆی نواند و جادەی جادی سەقز- مەریوانی بە ڕووناکی بۆ شناسایی کردین، دواتر بە شەو پێشما ن کەوت و لە جادە پەڕینەوە،ئەو هەر ئەوەندە بەڵەد بوو گرفتە ئەسڵیەکە سنوری نێوان ئێران و عێراق بوو، هەم پایگای لێ بوو،هەم مین ،هەم کەمین شوێنێکی قاقڕ و بێ ئاوەدانی و ئاو ،شانسێکی باشمان هێنا کاتێک لە جادە پەڕینەوە بەهەڵکەوت تووش کەسیک بووین بە ناوی سەرکۆ خەڵکی نەرمەڵاس ،هێسریکی پێبوو هێندیک جار باری بە قاچاخ ئەم دیوئەو دیو دەکرد قسەمان لە گەڵ کرد وتمان لێرە چی ئەکەی وتی جار و بار بارێک دێنم و شتێک بۆ ماڵەوە پەیدا دەکەم، لەسەر شوێنی دەرباز بوون لێمان پرسی ،وتی باریکە ڕێگەیەک بەڵەدم شەش حەوت مینی لێ داەنێن و هەمو جار لە سەر رێگە لایان دەبەم و پاشان وەک خۆیان لێدەکەمەوە .سەرکۆ زۆر مەردانە لە گەڵ عەزیزی ئەڵماسی کادری مەڵبەند و یەک دوو پێشمەرگەی دیکە ،کەوتنە مین هەڵگرتنەوە. لە نێوان کەمینە دانراوەکانی دوژمن دا، ،وتیان ڕێگەکە حەوت مینی لێ دانرابوو هەڵمان گرتۆەتەوە،لە بەر کەمینەکانی دوژمن تا درەنگ وەخت ماینەوە تا کەمینەکەیان هەڵگرتەوە، دەورو بەری سەعاتی چواری بەرەبەیان تێپەر بووین ،بە حاستەم لە باریکە ریگە ترازابای دەکەوتیە سەر مین و ،جگە لەوەش مۆڵگەکانی سپا و بەسیج هەموو زاڵ بوون بەر سەر کۆی ناوچەکەدا،حەسەن قەبەغڵوویی لە دوا منەوە بوو خەوی دەهات ،یەک دوو جار دەنگم دا وتم وریا بە لە خەت لابدەی دەکەویە سەر مین هەم خۆت تێدا دەچی هەم ئێمەش ئاشکرا دەبین لە بەر ماندوویی زۆر خەو خەریک بوو بە سەری دا زاڵ دەبوو،،جاریک خریک بوو بکەوێت بە لای خوارەوە دامەجبور مشتێكم تێسرەواند و هوشیارم کردوە حەسەن بەخۆشیەر لەژیاندا ماوە.

بە هاوکاری سەرکۆ بە سەلامەتی سنوورمان بری و گەیشتینە ناوپارێز،هەناسەیەکی قووڵم هەڵکێشا،نیگەرانیم جگە لە دەرمان خواردنەکە زیاتر ئەوە بوو بەو وەزعەوە توشی شەڕ ببوایەین توشی زیانی گەورە دەبوین،ساڵە و عەتامان لە سەر هێسر سوار کردبوو لە پێ کەوتبون توانای رۆیشتنیان نەمابوو، کە گەیشتنە بەشی باشوور و ناوچەی شلێر،ئەو کات هیزەکانی باشور لە هاتو چووی ئیمە بۆ ناوخۆ بەرگریان دەکرد ،هەر دوو شەو پێش ئیمە شەهید کەریم سەقزی و ٢٥ پێشمەگەی حیزبیان چەک کردەبوو،ناوپاریز بنکەی لەشکری، ی.ن.ک، لێبوو، فەرماندەکەیان کەسێک بوو بەناوی حەمەشوان ،چووم لە.وەزعی خۆمان ئاگادارم کرد،پیاوانە سالە وعەتای ناردە لای ئەو دوکتورانەی لەوێ بوون حەمەشوان وتی ئەوە چیە هەردوکیان وەزعیان خراپە.

بە جووتە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کران ، بە حەمە شوانم وت خۆشم لەو دەرمانەم خواردوە تەواو نیم ، دەس مەهێننە ڕێمان با بڕۆین وتی ئەمرمان بۆ هاتوە نابێ لێرەوە هاموشۆ بکەن ،چەند شەو لە وە پێش کەریم سەقزی و جەماعەتیک لیرەوە هاتوون، مەجبوور بوین چەکەکانیان لێوەر گرین ،کاک کەریم زۆری قسەی ناخۆش پێوتوین،ئێوە من بە دەر کردن ئەدەن،.بەڵام یەک شتم لە دەست دێت نامەیەک بنوسە بۆ بەشی پێوەندیەکانتان لە سلێمانی بۆ تان بەڕێ دەکەم بە شەو سەیارە بێنن و بە تاریکی برۆن تێپەڕن،پەیامێکم بۆ کاک سەید مەنسووری ناسری شەهید نارد کە ئەو کات بەرپرسی بنکەی سڵێمانی حیزب بو ، نوسیبووم چێمان بە سەر هاتوە و دوو نەفەر مان ڕەوانەی نەخۆشخانەی سڵیمانی کروان،هەم ماشێنی بۆ ئیمە نارد و هەم چووبون بۆ نەخٶشخانە بۆی لای دەرمانداو کرواەکان،ئێمە ئەو شەوە بەو ماشینانەی هاتبوون بەداواماندا خۆمان گەیاندە بنکەی حیزب لە سڵیمانی و هەر وەها دواتربەرەو   .…..

 

درێژەی بەسەرهات  ..لە بەشی سێهەم 

وێنە کەچەڵەکان بۆ خۆمم

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی