"an independent online kurdish website

بزووتنەوەی میللی  و دێموکڕاتی کوردستان   ،  بزووتنەوەیەکی ڕەواو بەرحەق!


لە دونیای ئەمڕۆدا  تێکڕای حەشیمەتی سەر ڕووی زەوی، بەو هەموو زمان و  کولتوور و دین  و مەزهەبە جۆرواجۆرانەوە کە هەیانە، لە چواچێوەی  دەوڵەتەکاندا دەژین.  بەردی بناخەی سیستەمی نێونەتەوەیی لەسەر ئەوە  دانراوە کە  دەوڵەت وەک ئەکتەرێکی سیاسی لەسەر ئاستی نێونەتەوەییدا و لە چوارچیوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوە کاندا،  بە پێی قانوون و عورفی  نێونەتەوەیی،  ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکان بۆ هەموو هاووڵاتیانی خۆی دابین و دەستەبەربکا.

ئەوە فەلسەفەی درووستبوونی دەوڵەتی میللیەو مەشڕوعیەت بە حاکمیەتی سیاسی دەوڵەت دەدا.  هاوڵاتیان بۆ کەڵک وەرگرتن لەو ماف و ئازادیانەی کە مرۆڤایەتی  پێیان ڕەوادەبینێ،  لە پێش هەرشتێکدا پەنا بۆ دەستوری وڵاتەکەیان و باقی ئەو یاساو قانوونانە دەبەن کە لە سیستەمی سیاسی و قەزایی وڵاتەکەیان دا  جێ یان بۆ کراوەتەوە.

ئەگەر دەستور یا قانوونی ئەساسی و سیستەمی قەزایی وڵات نەیتوانی ماف و ئازادیەکانی خەڵک دابین بکا، یا حاشای لەو ماف و ئازادیانە کرد، یا لەکاتی پێشێلکرانی ئەو ماف و ئازادیانەدا، ئەوانی بێ دیفاع هێشتنەوە و دادی نەپرسین،  هاووڵاتیان هاوار و پەنا بۆ پەیماننامەو کۆنڤانسێۆن و باقی ئەو ئەنستیتۆ و دامەزراوانە دەبەن کە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا  ئەرکی بەرگری لە ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ و کەمایەتی و گەلانی  چەوساوە و و خەڵکە بوومی یەکانیان  بە ئەستۆوەیە.

ئەو نەتەوە و کەمایەتیە نەتەوەییانەی کە دەوڵەتی میللی و حاکمیەتی سیاسی و  حکومەتی تایبەت بە خۆیان نیە، بەکەڵك وەرگرتن لە زمانی مافەکانی مرۆڤ و ئەدەبیاتی حقووقی نێونەتەوەیی، تێدەکۆشن دەنگی مەزڵومیەتی خۆیان  بە دونیا بگەیەنن. لەوەش زیاتر  ئەوان  خەبات دەکەن تا دەستەڵات و حاکمیەتی سیاسی و حکومەتی تایبەت بەخۆیان لە سەر خاک و نیشتیمانی خۆیان دامەزرێنن تا بتوانن ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ، کە لە یاسای نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤدا بەرەسمی ناسراون، بۆ خەڵکی خۆیان دابین و دەستە بەر بکەن.

بەو پێیە یاسای نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ نەک هەر ئیلهام بە بزووتنەوەی میللی و نیشتیمانی گەلانی چەساوە  دەبەخشێ، بەڵکوو ئەو بزووتنەوانە تەشویقیش دەکات. لە کاتی پەسندکرانی بەیاننامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا، واتە لە ساڵی ١٩٤٨دا، ژمارەی دەوڵەتەکانی  ئەندامی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان،  ٥٦ دەوڵەت بوو. ئێستا ٧٠ ساڵ دوایی ئەو رووداوە مێژووییە، ژمارەی  ئەندامانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند بەرانبەر زیادی کردوە و گەیشتۆتە ١٩٦وڵات. دیارە ئەو ژمارەیە هەروا لە زیادبونیش دایە. 

ئەوە باشترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەی کە  کۆنڤانسێۆنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، نەک هەر بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلانی بندەست تەشویق دەکەن، بەڵکوو لە ڕاستیدا سەرچاوەی ئیلهامیشن  بۆ بردنەپێشی خەبات و تێکۆشانی ئەوان لە پێناو وەدەستهێنان و دابین و دەستەبەرکردنی مافی دیاری کردنی چارەنوسی دەستەجەمعی خۆیان بەدەستی خۆیان.

لە راستیدا  گەلانی ژێرچەپۆکەی ئیستیعمارو میللەتانی چەوساوەی دیکە لە سەر ئەو بڕوایەن کە باشترین و درووسترین رێگا بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانیان، بریتیە لە بە دەستەوەگرتنی دەستەڵاتی سیاسی و حکومی و حەقی حاکمیەتی میللی و دامەزراندنی دەوڵەتی میللیی تایبەت بەخۆیان. ئەزمونی ژیان  لە چوارچیوەی دەوڵەت و حکومەتی میللەتانی دیکە دا، ئەوانی بەو قەناعەتە گەیاندوە کە لە ژێر سێبەری دەستەڵاتداریەتی و حکومەتی گەلان و میللەتانی دیکەدا، ئەوان هەرگیز ناتوانن بە ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانی خۆیان بگەن. 

یاسای نێونەتەوەیی بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، گەلێک رێگاو ئاڵترناتیوی دەسنتیشان کردوون. وەک حکومەتی مەحەللی، ئۆتۆنۆمی، فیدڕالزمی ناوچەیی و نەتەوەیی و مافی دیاری کردنی چارەنووسیی نێوخۆیی و شەریکایەتی عادڵانەو بەرانبەر لە قودرەت و حاکمیەتی سیاسیدا.

ئەگەر دەوڵەتێک ئامادەنەبێت لە  دەستووری خۆیدا ئەو داخوازە رەوایانەی گەلانی ژێر چەپۆکەو چەوساوە ی نێو چوارچێوەی دەستەڵاتداریەتی  خۆی دەستەبەربکات، ئەوە رێگا بۆ ئەو گەلانە خۆش دەکات کە لە دەرەوەی سنورەکانی ئەو یەکە سیاسیەدا بۆ دابین کردنی  مافی چارەنوسی خۆیان بگەڕێن. ئەوەش یا لە رێگای سیاسی و دیالۆگەوە یا لە رێگای شەڕو خەباتێکی خوێناوی و بێ ئامان و تووندوو تیژەوە مەیسەر دەبێت.

لە ڕاستیدا مافی دیاری کردنی چارەنووس و وەدەسهێنانی حەقی حاکمیەتی میللی  یا شەڕاکەتی عادڵانە لە حاکمیەت و حکومەتدا، تەنیا زەرفێکن کە ماف و ئازدیە بنەڕەتیەکانی  کەسانی سەربە نەتەوە ژێردەستەکانیان تێدا دابین دەبێت.  سەدان ساڵ جولەکەکان لە سەرتاسەری دونیادا پەرت و بڵاوبوون. لە هیچ وڵاتێكدا وەک هاووڵاتی ڕەفتاریان دەگەڵ نەدەکرا وتەنانەت لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانیدا بە ملێون کەسیان لێ قەتڵوعام کرا. بۆیە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان دامەزراند و ئەوەتا بە هەموو وجودیانەوە بۆ پاراستنی ئەو دەوڵەتە تێدەکۆشن.

لە دونیای ئەمرۆدا گەلانی بێ دەوڵەت و  ژێرچەپۆکە، کەمایەتیە نەتەوەیی و کولتوری و مەزهەبی و ئیتنیکیەکان و کەسانی چەوساوە و مەینەت بەش لە هەرکەس و دەستە و تاقم و گروپێکی دیکە زیاتر پێویستیان بەو حیمایەت و پارێزگارییە نێونەتەوەییە هەیە کە کۆنڤانسێۆنە نێونەتەوەییەکان دەستەبەریان دەکەن.

     حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە لەبەرچاوگرتن و هەڵسەنگاندنی وەزعی سیاسی   ئێران و  ئاستی ئێستای بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد لە ناوچەکەدا، لەسەر ئەو بڕوایەیە کە لە هەلومەرجی ئێستادا، هەموو داخوازە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئیران لە  چوار چێوەی ئێرانێکی دێموكراتیکدا دەکرێ دابین و دەستەبەربکرێن. بەومەرجەی لە دەستور و قانونی ئەساسی ئێراندا حەقی  شەڕاکەتی سیاسی  لە حاکمیەتی سەرتاسەری و حەقی حکومەتی خۆجێی و نیشتیمانیی بۆ گەلی کورد، بە شێوەی خودموختاری یا فیدرالیزم دەستەبەربکرێت.

ئەو  داخوازە سیاسیە واقعبینانە ومەسئولانە یە. لە ڕوانگەی قانوونی نێونەتەوەییەوە  مەشڕوعە و دەکرێ لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا پشتیوانیی و هاوپێوەندیی دەگەڵ نیشان بدرێ.  لە ئێرانی فرەگەل و نەتەوەشدا ئاسانتر  ئیمکانی وەدی هاتن و دەستەبەربونی هەیە. لەوەش زیاتر دەزانین کە یەکێک لە فاکتۆرەکانی دێموكراتیزەکردن و دیسانترالیزەکردنی دەستەڵاتی مەرکەزیش لە ئێراندا بریتیە لە دابەش کردنی دەستەڵاتی سیاسی و حاکمیەت لە نێو گەلانی  نێو چوار چێوەی ئەو وڵاتەدا. ئەوەش دەتوانێ پشتیوانی بۆرژوازی میللی ئێرانی ،ئەگەر بەراستی خوازیاری دیموکراسی و سکۆلاریزم و  و وەلانانی ئیستبدادی سیاسی و مەزهەبی بێت، بۆ لای ئەو راستیە مۆبیلیزەبکات کە خەباتی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران، بە شێکە لە خەبات لە پێناو ئازادی و دێموکراسی لە سەرتاسەری ئێراندا. 

 

 حیزبی ئیمە هەر لەوکاتەدا بڕوای قوڵیشی بەوەیە کە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بەشێکە لە نەتەوەی کورد کە نیشتیمانەکەی بێ ڕەزامەندیی خۆی  بەسەر چەند وڵاتدا دابەش کراوە. ڕەنگە لە نێو ڕۆڵەکانی خەڵکی کوردستاندا هەبن کە پێیان وابێ یەکگرتنەوەی کوردستان لە چوارچێوەی واحیدێکی سیاسی گەورەی یەکگرتوودا، باشترین ئاڵتڕناتیوە بۆ دابین بوونی ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانی خەڵکی کوردستان.

 لایەنگرانی ئەو بۆ چوونەش حەقی خۆیانە خۆیان لە چوارچێوەی حیزبێکی دیکەدا رێکخەن و بۆ برنە پیشی ئەو ئامانجە  خەبات بکەن.  بەڵام هێرش کردنە سەر ئامانج و سیاسەت و ستڕاتیژیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەساسدا  نەک هەر بە خەبات  لەو رێگایەدا بە حیساب نایە، بەڵکو ڕاست بنکۆڵکردنی مەشڕوعیەتی ئەو خەبات و تێکۆشانەیە کە بە دەیان هەزار کەس لە تێکۆشەرانی حیزبی ئێمە، ئەوەتا بە مایە دانان لە گیان و سەر و ماڵیان، بۆ وەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد  بێ وچان بەڕیوەی دەبەن.

ئیبڕاهیم لاجانی

٢٠.١٢.٢٠١٨

ئۆسلۆ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی