لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە بڕیاریان داوە بەخشش بەو کەسانە بدەن کە زانیاری لە بارەی شوێنی مانەوەی سێ کەس لە رێبەرانی پلە باڵای پەکەکە بدەن بۆ ئەوەی بکرێنە ئامانج.
بە پێی لیستەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بڕی بەخششەکان بەم شێوەیە: “موراد قەرەیڵان پێنج ملیۆن دۆلار، جەمیل بایک چوار ملیۆن دۆلار، دوران کاڵکان سێ ملیۆن دۆلار“.
ئەو بڕیارەی ئەمریکا دوای سەردانی “ماسیۆ پالمەر”، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ تورکیایە.
“ماسیۆ پالمەر” دەڵێت :” بە خۆشحاڵییەوە، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا یەکەم سەردانم بۆ ئانکارا ئەنجام دا. لە سەردانەکەم دا لەگەڵ چەند بەرپرسی باڵای حکومەتی تورکیا، پەرلەمان و بازرگانان لە بارەی چەند نیگەرانی و پرسێکی هاوبەش کۆبوومەوە“.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها دەڵێ: ” ئەمریکا هەوڵە هاوبەشەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانی ناتۆی بەرز دەنرخێنێت. لە بەشێکی ئەم سەردانەمەدا بەخۆشحاڵییەوە ناوی سێ سەرکردەی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رادەگەیێنین بۆ ئەوەی بکرێنە ئامانج“.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٧وە ئەمریکا پەکەکەی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە. لە ساڵی ٢٠١١وە ئەمریکا پەکەکەی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانی ناساندووە“.