"an independent online kurdish website

ماڵی ئێمە و ماڵی قەشەنگی هـاوڕێم، لە شاری سلێمانی لە گەڕەکێک داین، بۆ یەکەمین جـار هـەر لـەم قوتابخـانەیەی ئێستمان لە پـۆلی یەکەمی بنەڕەتـیدا، یەکـتریمان نـاسی و بوویـن بە دوو هـاوڕێی دڵسـۆز و خۆشـەویست.


باوکـم کوتاڵفـرۆشێکی دەوڵەمەندی ناسراوە، دووکـانێکی گـەورە و کۆگـایەکی گەورەی کوتاڵی هەیە، بە تـۆپ و بە مەتـر کوتاڵ دەفـرۆشێت. پیاوێکی بەرچـاوتێر و یارمەتیدەر و بەخشـندەیە.. باوکی قەشەنگيش قۆنـاغی خوێندنی ناوەنـدی تەواوکردووە، شـۆفـێری پاسێک بوو، لە نێوان سلێـمانی و کەرکـوک ئیـشی دەکرد. دوو کـچ و کوڕێکـیان هـەیە،
قەشەنگ منداڵی گەورەیانە، بە کرێ دادەنیشتن. ژیـان و گوزەرانیان سەخت بـوو. بەڵام بە پیاوێکی دڵسۆز و راستگۆ و دەستپاک ناسراوە.. قەشەنگ کچۆڵـەیەکی ئێسکسووک و رووخۆش و جـوان هێمن و زیرەکە.. هەموو ساڵێک ئـەو بە یەکەم و من بە دووەمی پۆلەکـانمان دەرچووینە.

ساڵی پـار کە لە پۆلی پێنجەمـدا بووین، قەشنگ رووخۆشییەکەی جارانی نەما، دڵتەنگ و غەمگین بوو.. تا دەهات ماتر و غەمگینتر دەبوو.. ئەوەم زانی کە ئەو پاسەی بـاوكی شۆفـێری بوو، خاوەنەکەی فرۆشتی.. بێکاری و قەیـرانی داراییش رووی لە کوردسـتان کرد.. باوکی لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ کرێکاری دەستدەکەوت و سێ رۆژ دەستی ناکەوت. ژیان و گوزەرانیان زۆر سەخـتربوو.. ئەم نەبوونییە بە قەشەنگەوە دیـاربوو، جلەکـانی قوتابخـانەی هەمان جلەکـانی ساڵی پاربوون، کـۆن ببوون و بـۆی تەسکبوون.. زۆریش دەروون بـەرزن، یارمـەتی لە کـەس وەرناگـرن.. نەمـدەزانی چـۆن یـارمەتیـیان بـدەم.

 دە رۆژ بەر لە جـەژنی نـەورۆز، من و قەشەنگ و دوو هـاوڕێی هاوپۆلمان لە پشووی نێوان وانـەی سێیەم و چوارەمـدا، لە گۆڕەپـانی قوتابخانەکەمـان وەسـتابووین، ئەو دوو هـاوڕێیەمان هـەریەکەیان سێوێکی گەورەیـان بەر قـەپ دەدا، باسی ئەوەیان کـرد کە بۆ جەژنی نەورۆز جلوبەرگی جـوان و پێڵاوی تازەیان کڕیوە، لە نەورۆزدا بۆ سەیرانگای قەشقۆلی دەچەن.. قەشەنگ هەناسەیەکی ساردی قـووڵی هەڵکێشا و بە ئەسپایی لێمان دوورکەوتەوە.. ئاگام لێبوو کە چاوەکـانی پڕببوون لە فـرمێسک و قـۆڵپی گـریانی دەدا.
ئەم دیمـەنە دڵـتەزێنەی قەشـنگی هـاوڕێم، زۆر کـاری تێکـردم، کـزەی خسـتە دڵـمەوە.

کە هاتمەوە بۆ ماڵ دایکم چێشتێکی خۆشی لێنابوو، دڵم خواردنی نەبرد، سەرم دەئێشا.

هەموو ئێوارانێک کە باوکم دەهـاتەوە، من و شابازی بـرا بچووکم بە زاق و زیـق و بە گەشی و پێکەنینەوە، بەرەو پیـری باوکم دەچـووین و دەستمان لەملی دەکـرد. بەڵام ئەو ئێـوارەیە ئـەو گـەشی و پێـکەنیـنەم نەبـوون.. باوکـم هەسـتی بـە دڵتـەنگییەکـەم کـرد.
باوکـم: شەنگە گیان، کچـە شیرینەکەم بۆ دڵتەنـگی.. چی بـووە؟! تۆ تا ئێستا هـیچت لە ئێمە نەشاردۆتەوە، بڵـی بـزانم چـی وا دڵـتەنگی کـردووی؟

چاوکـانم پڕبوون لە ئەسرین و بە قـوڕگێکی پـڕ لە گریانەوە.. دیمەنی گریانی قەشەنگی هـاوڕێـم و باسی نەبـوونیـیان و بێکـاری باوکـیم بـۆ بـاوکـم و دایـکم گـێڕایـەوە.
باوکم دەستی بەسەرمـدا هێنا و ماچی کردم و ئافەرینی کردم کەوا بە تەنگی هـاوڕێیەکی دڵسۆزمەوە دێـم.. دوای کەمـێک بیری کـردنەوە.
باوکـم: تا سبەینی ئێوارە مۆڵەتم بدەرێ، بەڵـێن بێت بۆ ئەم نـەورۆزە دڵیان خۆشـدەکەم.

ئەم بەڵێـنەی باوکم دڵخۆشی کردم، پێکەوە نانمان خوارد.. کە چوومە سەر جێگاکەم، لە دڵی خۆمدا دەمووت: باوکم چۆن دڵیان خۆشدەکات..؟ گەر پـارە و جلوبەرگم بداتێ بۆیان بەرم.. دڵنیام کە لێم وەرناگرن.. ئەی چی؟ با تا سـبەینێ ئێوارە چاوەڕێ بکەم و بزانـم.

سـبەی ئێـوارە لە دوای نانخـواردنمان، باوکـم مۆبـایلـەکەی دەرکـرد و تەلـەفـۆنی کـرد.

باوکـم: هەلـۆ.. بەڕێزتان کاک ئـازادی باوکی قەشەنگن؟ ئێوارەتان باش.. مـن نەوزادی باوکی شەنگەی هـاوڕێی قەشەنگی کچتانم.. گەر دەتوانيت هەر ئێسـتا وەرە بۆ ماڵمان، سوپاسـتان دەکـم.. بەڵـی خـێرە و ئیشێکی گـرنگم پێـتانە.. ماڵیشمان لە لە کۆڵانی پشت قوتابخانەکەوەیە.. ژمارەی خانووەکەمان(٢٥) جە، چاوەڕێتان دەکەین.. خواتان لەگەڵ.

زۆری پێنەچوو کاک ئـازادی باوکی قەشەنگ لە دەرگاکەمانی دا، هەموومـان بە گەرمی بەخێرهـاتنیمان کرد.. دیاربوو ئەو پرسیارە خەیاڵی داگیرکردبوو کە بۆچی باوکـم بانگی کـردووە..؟ دوای چـای خواردنـەوە.

باوکم ( بە روویەکی خۆشەوە): کاک ئازاد گیان.. دەزانـم کە نـازانی بۆ بانگم کـردووی، من ئەمڕۆ لە سێ هاوڕێی دڵسۆزی خۆمم دەربارەی ئێوە لێم پرسین، کە باش دەتاناسن. هەرسێکیان بە باشی و بە دڵسۆزی و دەستپاکی ناوتیان بردن.. ژمارەی تەلەفۆنەكەشتم هەر لەوانەوە وەرگرت.. مـن کوتاڵفـرۆشێکی دەوڵەمەنـدم، زۆر مانـدوو دەبـم، دەمـێکە بە دوای یەکێکی وەکو بەڕێزتان دەگەڕام کە بڕوا و متمانەم پێبێت و بە هەمیشەیی کارم لەگەڵـدا بکات.. جا ئەگەر بەڕێزت رازیت و پێێخۆشە لام کاربکەیت.. هەر لە بەیانییەوە وەرە بۆ  دوکـانەکەم و دەسـت بەکارکـردن بکە.. مانگـانەیەکی باشیشت دەدەمی.

کاک ئازاد وایدەزانی کە خەون دەبینێ، کە گوێی لە قسەکانی باوکم بوو، زۆر گەشایەوە.
کاک ئازاد: بەڵی کاک نەوزاد رازیـم و زۆرم پێخۆشە، گەر ئەم چاکەیەم لەگەڵدا بکەیت، بەڵێن بێت بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و دەستـپاکییەوە کـارت بۆ دەکـەم.

باوکـم: کەواتـە هـەر لە بەیانیـیەوە وەرە بۆ دوکـانەکـەم و دەسـت بەکـارکـردن بکە.. پیکاپێکی توێتەی تازەشم کڕیوە، ئەو پیکاپەش با هەر لای تۆبێت، بۆ راپەڕاندنی ئیش و کارەکانی دوکانەکەمان. من ئۆتۆمبێلی خۆم هـەیە.. دەربـارەی مانگانەش، مانگی نـۆ سەد دۆلارت دەدەمـێ. جلوبـەرگی خـۆت و منـداڵەکـانیشت هـەر لەسـەر دوکـانەکـەمە.. ئەوەشـیان بـۆ باسکـردم کـە حـاجی نەریمـان ئاگـاداری کـردوویتەوە، کـە دەیـەوێـت لـە خانووەکەی دەرت بکـات و دەیفـرۆشێت.. بەیـانی بە چەنـد بیفرۆشێت من ئەو خانووەی لێدەکـڕم.. بەبێ کـرێ بۆ خۆتـان تێـیدا دابنیـشن، وابـزانـن کە خـانووی خۆتـانە.

ئینجا باوکـم دەسـتی کـرد بـە گیرفـانی چۆغـەکەیـدا، نـۆ سـەد دۆلاری ژمارد.
باوکـم: کاک ئازاد، ئەمە مانگانەی ئەم مانگەتە.. دووبەیانیش با دایەکی منداڵەکانت بێن بۆ دووکانەکـەم.. بە دڵـی خـۆی جلـوبـەرگ بۆ تـۆ و بۆ خـۆی و بۆ هـەرسێ منـداڵەکەت هەڵبژێرێت.. ئەم نەورۆزەش میوانی ئێمەن و پێکەوە دەچین بۆ سەیرانگای قەشقۆڵی.

کاک ئـازاد، لە خۆشیـیا قسـەی بۆ ناکـرا.. هەسـتا و بە بـاوەشی بە باوکـمدا کـرد.. زۆر سوپـاسی کـرد.. ماڵـئاوایـی لێکـردین و رۆیـشت.
منیش چووم باوەشم بە باوکمـدا کرد و تێر ئەمـلاو و ئەولایم ماچکرد و وتـم: بابە گیان تەمەن زیاتر لە سەد ساڵ بێت.. چەنـد دڵی کاک ئـازادت خۆشکـرد.. هێنـدەش دڵـی منت خۆشکرد.. چونکە کـزۆڵەیی و خەمباری قەشـەنگی هـاوڕێـم، خەمێکی گـەورەبوون.

بۆ بەیانی کە چووم بۆ قوتابخانە، بینـيم قەشەنـگ لەبـەردەم دەرگـای قـوتابخانەکەمـاندا وەستاوە و چـاوەڕێی منی دەکرد.. کە منی بینی رای کرد و باوەشی لێدام.. چاوەکانیشی پـڕببـوون لە ئەسریـن.. وامـزانی کە دەگـری: قەشـەنگ گیـان بـۆ دەگـری؟
قەشەنگ: لە خۆشیا دەگـریم، ئێمە ئەمشەو لە خۆشیـیا کەسمان خەومـان لێنەکەوتووە، دایکم زیاتـر لە پانـزە رکـات نوێـژی کرد و نـزای خێری بۆ کـردن.. ئێمەتان رزگـارکرد.

ئەمساڵ من و قەشـەنگ، لە پۆلی شەشەم داین، زیاتـر لە هـاوڕێ، خۆمان بە خوشکی دڵسـۆز و شیرینی یەکـتری دەزانـین.

رەزا شوان:
نەرویـج : ٤ی/ نۆڤەمبەر/ ٢٠١٨

  

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی