"an independent online kurdish website

کۆنتڕۆڵی ئەمنیەتی سیاسی و تەشکیلاتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی تری ڕۆژهەڵات زەروورەتێکی  گرینگ و مێژوویە و  لازمە

 وەك ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی تەماشابکرێت و نهێنی کاری بکرێتەوە هەوێنی خۆپاراستن و درێژەدان بە تێکۆشانی سیاسی و چەکداری بەدژی ئەو رێژیمە کە دەست بۆ هەر جۆرە کردەوەیەکی دزێو و نامەردانەدەبات بەدژی هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشتەجێی باشووری وڵاتن.  عێراق و باشووری کوردستان بەداخەوە ئێران تێیدا زۆر باڵادەستە و هەرکاتێك بیان هەوێت، زیانی گەورە بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەگەیەن  و لە بەرامبەر دەست درێژیەکانی ڕیژیمیشدا هیچ لایەك دەنگی لە بەر نایەتەدەر و بە بەیاننامە و هەڵوێستی نەرم و زۆر شەرمێوانەنەیان هاوخەمی خۆیان  دەگەیەنە ئەو بەشەی کوردستان کە حیزب و ڕۆڵەکانیان بە پۆل شەهید و بریندار دەکرێن. کاتێك گەلی کورد بەڕێبەرایەتی هێزەکانی و یەك لەو هێزانەش کە ڕێژیم بەدڕێژای تەمەنی خۆی دژایەتی پێگەی جەماوەری  و کاریگەری ئەو حیزبەی لە سەر کۆی رووداوە سیاسی و کۆمەلایەتیەکانی وڵات کردووە حیزبی دێمۆکڕات بووە و ئێستاش هەتا ئەو جێگای بۆیبکرێت زیان بە بنکە ستڕاتیژیەکان و رێبەری و کادرو پێشمەرگەی حدکا و حدك دەگەیەنێت لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا. وەختی خۆی لە نێو تەشکیلاتی حیزب و کۆی ئۆرگانەکاندا دەستەواژەیەك زۆر باوبوو کە یەکێك لە بارەی بابەتێکی هەستیار پرسیاری لە بەرپرسێك یان کادرێکی تەشکیلاتی و فەرمەدنەیەکی نیزامی کردبا لەسەر مەسەلەیەکی نێوخۆی حیزب کە ڕەنگە بێ زۆریش  نهێنی نەبوایە، خێرا بەو جۆرە وڵام دەدرایەو”   ئەوەندە بزانە کە بە کارەکەت مەربووتە”، جا ئەو کات نە هاوڕێ کە دڵی دەڕەنجا و نە نهێنیەکەش بڵاو دەبوویەوە. وەختێك ئە باسە دێتە ئاراوە بەو مانایە نیە کە گوومان لە نیسەیی خۆشمان بکەین، بەڵام هێزێکی سیاسی و رێبەری شۆڕش لازمە هێندێك نەریت و ڕێوشوێنی ئەمنیەتی تایبەتی خۆی هەبێ و ئە وهاوڕێ و دۆستانەیش کە رۆژ هەتا شەودرەنگانێ بە تەلەفۆن و رێگای تردا لە هەندەرانەوە بە دوای زانیاریدان، تۆزێک بیر لە سوودی کارەکەیان بکەنەوە و بزانن ئەگەر ڕازدار نەبێت چ دەبێت. پاشان زۆربەمان ڕۆژە سەختەکانی خەباتی چەکداری شار و شاخمان لە بیرە، وەختێك بڕیار لە سەر جووڵەی  هێز  لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر دەدرا و شوێنی مانەوەش بڕیاری لەسەر دەدرا، لە کۆمەڵێك لەفەرمەندە و کادرەکان بەولاوە کەس نەیدەزانی بەروکوێ دەڕۆین و لە کوێ دەمێنیەوە هاتی دەگەیشتین. باشە دەبێت بۆ چی هاوڕێیان کە تادوێنی ڕێنوێنی کاری تەشکیلاتیان وەك وانە بەکادرەکان دەگووتەوە، خۆیان پەیڕەوی ناکەن و پێیانوایە لە گەڵ حکوومەتی ناوەندی تاران ئاشتی کراوە و ڕێژیم کاری پێیان نیە!  لازمە بۆ خۆپاراستن و نهێنی پاراستن بەرەوداوەوە بگەڕێینەوە، کە لە ساڵانی پێشوودا حیزبی دێمۆکڕات لە رووی هێز و کاریگەرییەوە لە قۆناخێکی  هەتا بڵێی بەهێزدابوو و کاناڵەکانی پەیوەندیش بە ڕێگای بێسیمی ڕاکاڵ و هێندێك دەزگای پچووکتری وەك یاشا و بیسیمەکانی تربوون و کەسانێك لە ئۆرگانەکاندا ئەو ئەرکەیان لەسەر شانبوو کە جێگای باوەڕ و متمانەی تەواوبوون. بەشێك لە هاوڕێیان کە ناومهەوێت لە کەسایەتی و خەبات و تێکۆشانیان کەمبکەمەوە، ڕازدارنین و هەربۆئەوەی واپێشانبدات کە هەمووشتێك دەزانێت  لە سەر حیزب و کاروبارەکانی لە نێوخۆ و دەرەوەشدا بە تەلەفوون و کاناڵەکانی تردا بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت کە زانیاری ورد لەباری حیزب و ئۆرگانەکانی دەست بکەوێت و بەداخەوە زۆر جار بابەتی سیاسی و تەشکیلاتی زۆر گرینگ، بەو رێگایەدا بڵاو دەبێتەوە، کە لازمە هەموو لایەك لە مەوەوە بەدوا هەستی پێبکەن. ئەو رووداوەش کە بەسەر حیزبی دێمۆکراتی کوردستاندا هات، زیاتر لەو چوار چێوەیەدابووە و پێش ئەوەی کاری پلینۆمەکەیان دەست پێبکەن خەڵکانێکی زۆر لە نێوخۆ و دەرەوەدا ئاگادری کۆبوونەوەکان بوون. تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانیش دەبێت لەو بارەوە ئەزموون وەربگرن و پێویست ناکات بەدوای زانیاریدا بڕۆین و لە رێگای هاوڕێ و دۆستایەتیدا سەرەداوی کۆمەڵێك بابەتی جەوهەریمان دەست بکەوێت.  پاشان لازم ناکات بۆ کۆبوونەوەی گەورە و گرینگی ڕێبەری و نێوخۆیش  کەڵك لە کاناڵەکانی وەك ماسێنجێر و مایل و فەیسبووك و توێتر و کاناڵەکانی تر وەربگیرێت بەتایبەت بۆ نێوخۆی کوردستان. دەکرێ ئەو ئاگادارکردنەوەیە بە شێوەی کۆن و سونەتی بێت و تەنیا ئەو کەس و گروپە ئاگادر بکرێت کە پەیوەندی بە جووڵەیەك یان کارێکی تایبەتیەوە هەیە و ئەو دەستە واژەیە زیندوو بکرێتەوە کە هەر کەسێک ئەوەندە بزانێت سەبارەت بەکار و باری تەشکیلاتی کە بەکارەکەی مەڕتبووتە. ئیدی کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی کەی و لەکوێ پێك دێت هەتا بەهەموو کادرەکانیش و فەرمەندەکانیش  و پێشمەرگەکانیش مەڕتبووت نیە. چوونکی کاری ئەوان شتیتر و ئەرکی  سیاسی و تەشکیلاتی دیکەیە لە چوارچێوەی حیزبدا.  مەبەستی ئەو دێرانە هەرگیز نابێت والێکبدڕینەوە کە بە گومانەوە سەیری پێك هاتەی تەشکیلاتی حیزب بکەین، بەڵکوو ئەوە یەکێكە لە ئوسووڵ و پرینسیپەکانی کاری سیاسی و تەشکیلاتی حیزبێکی سیاسی و تێکۆشەر. پاشان خەباتی ئێمە بەدژی دەوڵەتێکی مەترسیدار و خوێنمژی وەك حکوومەتی ئاخوندیە و بە رێگای تیرۆر و هێرشی هەوایی و مووشەکیدا نیازی کپکردنی جووڵانەوەی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتدەدات.  شۆڕشی ئەو بەشەی کوردستان بە ڕادەیەك بەهێز و بەرین بووە و کە تەنگی بە دوژمن هەڵچنیووە  و کاتێك گەلی کورد بە نیشانەی مەحکوومکردنی کردەوەی ڕێژیم بەدژی حیزبی دێمۆکڕات بە دەنگ پەیامی هێزە سیاسیەکانەوە دێن و ماندەگرن و پشتیووانی بۆ خەباتە ڕەواکەیان دەردەبڕن، ئیدی دەسەڵاتی جەهەندەمی تاران، لە داماوی  و هەراسانی زیاتر چیتری  بەکردەوە ترسەنۆکەکانی دەسناکەوێت. لە سەردەمی خەباتی سیاسی و تەشکیلاتی و نیزامی حیزبدا  شوعاری گرینگ و بەهێزی حیزب ئەوەبوو کە دەمان گوت: تەشکیلات چەکی هەرە گرینگی ئێمەیە، مەبەستەکە زۆرر روون بوو، هەم ئاستی کارکردنی دەگەیاند و هەمیش نهێنی کاری و خۆپاراستن بوو لە بەرامبەر هێروش و هەڕەشەکانی دوژمندا لە نێوخۆی کوردستان و دەرەەدا. هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئێستادا کەوتوونەتە بەردەم قۆناخێکی گرینگ و هەستیاری سیاسی و نەتەوەیی و هەرلەو پەیوەندیەشدا باڵادەستربوونی حکوومەتی ئاخوندی لە سەر ئاستی ناوچە و بەتایبەتیش عێراق و باشووری کوردستاندا، مەترسیەکان سێ ئەوەندەی تر زیادیانکردوە و ئەو هەلومەرجەش بێگوومان نیازی بە کردارێکی تۆکمەی ئاسایش و ئەمنیەتی حیزب و پێك هاتەکەیەوەهەیە. لازمە لە رووی ئەمنیەتیەوە زیاتر باروودۆخی نێوخۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن و بۆ کۆڕوکۆبوونەوەی نێوخۆیشیان دەکرێت، بەشیوەی کۆن ئەندامان لە کات و شوێنی کۆبوونەوەکان ئاگادار بکەنەوە و زۆر هەڵەیە ئەگەر بە رێگای کاناڵەکانی هاسانکاریدا بێت. لازمە حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لەو بارەشەوە هێندێك ڕێنوێنی وردی تەشکیلاتی بڵاو بکەنەوە و هەموو لایەك زانیارەیە گرینگەکان لەلای خۆیدا بپارێزێت. بابەتی تەلەفون و کاناڵەکانیتری پەیوەندەیش بێگوومان لەو بارەوە هاسانکاری بۆ ڕێژیم و هاوقۆڵەکانی دەکەن کە زەربەی ئەو تۆ لە حیزب بوەشێننەوە. حیزبی دێمۆکڕات  ئەوەی بۆیاندەکرێ لە رووی ئەمنیەتی سیاسی و تەشکیلاتیەوە باشتر کۆنتڕۆڵی باروودۆخی نێوخۆیان بکەن و زانیاری هەستیار و جەوهەری ، با لە ڕێگای دۆستایەتی و نزیکیشەوە دزەی پێنەکرێت و ئەندامانی ڕێبەریش هاوڕێ نزیکەکانیان لە هەموو شتێکی حیزبی ئاگادار نەکەن. هێڵە خەبەری و هەواڵگریەکانی ڕێژیم لە زۆر ڕێگای جۆربەجۆرەوە ئاگادری جمووجۆڵە سیاسی و کۆبوونەوەکان دەکرێن و یەك لەوانەش چونیەتی ئاگادارکردنەوەی هاوڕێیانی رێبەریە. پاشان زۆر بەجێیە ئەگەر بابەتی کۆبوونەوەی گەورەی ڕێبەری وەك پیلینۆم بە رێگای کەسییەکەمی ئورگانەکاندا بێت. وەختی خۆی کە هاوڕێیان دەچوون بۆ پلینۆم، کەس نەیدەزانی هەتا دەگەرانەوە و کۆبوونەوە پێک دەهات. بەڵام ئێستا چەند ڕۆژ پێش کۆبوونەوەکان، بەشێك لە تەشکیلات و هەتا خەڵکی لاوەکیش پێدەزانن لەکوێ و لە چ ڕۆژ و خولەکێکدا دەست پێدەکات. ئیدی ئەوە کارەساستی سیاسی و تەشکیلاتیە بۆ هێزە سیاسی و تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵات بەگشتی. بەو هیوای ئەو خاڵانەی ئاماژەیان پێکراوە، وەك نەریتێکی سیاسی و تەشکیلاتی وەربگرین و بە دڵسۆزیەوە یارو پشتیووانی حیزبەکەمان بین. سەرکەوێت خەباتی سیاسی و نەتەوایەتی گەلی کورد.

محەممەد سلێمانی

15.09.2018

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی