"an independent online kurdish website

تا چەند ڕۆژێکی‌تر پێ دەنینە سەتەمین ساڵی گرێبستی سایکس- پیکۆ، بە پڕکردنەوەی سەد ساڵ تەمەن، سایس- پیکۆ دەمرێت و لە مێژوودا دەنێژرێت!reuf-gulbeden

ئەوەی کە ئەوڕۆکە گرینگە ئەوەیە کە کورد بە درێژایی تەمەنی خۆی هەرگیز بەو ڕادەیە بەهێز نەبووە کە ئەوڕۆکە هەیە! باشووری کوردستان لە گەڵ ئەوەی کە هێشتا لە شەڕی داعشدایە، سەرەڕای ئەوەش هەر ئێستە باشووری کوردستان لە دەوڵەتێکی دان پێدانراو دەچێت کە چاوەڕێی کات دەکات بۆ ئەوەی بانگەوازی سەربەخۆیی بە گوێی جیهاندا بدات!

ڕۆژئاوای کوردستان لە جەنگەی شەڕەکانی خۆیدا توانی شێوە دەسەڵاتێکی مۆدێڕن، دەوڵەت ئاسا پێک بێنێت کە  کار و باری وڵات بەڕێوە دەبات و بە هیوایەکی پڕ ئۆمێدەوە بۆ داهاتووی خۆی دەڕوانێت! لە ڕاستیدا ئەم جۆرە سیستەمە شێوازێکی نوێیە لە دەسەڵاتدارەتی بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی دەوڵەتداری کوردی!

باکووری کوردستان تەجرۆبەیەکی گەلەک سەرکەفتی لە شاخ و شار و ڕێکخستنەکانی دەرەوەی وڵات بە تایبەتیش ئورووپا لە لایەن پەکەکەوە تەنگی بە دەوڵەتی تورکیا هەڵچنیوە!

لە دوای تێکشکانی هەیبەتی داعش لە لایەن کوردەوە کورد خۆی بۆ قۆناخی دوای داعش ئامادە کردووە و ئێستا ئیتر کورد لە باکووری کوردستان پێویستی بە دامەزراندنی سیستەمەک هەیە بۆ ئەوەی باکووری کوردستان لە ژێر چەکمەی زۆردارانی تورک دەربێنێ و دەسەڵات لەوی بگرێتە دەست!

 کورد لە باکوور ناچارە هەنگاو باوێژێ بۆ بە دامەزراوەیی کردنی دەسەڵاتی خۆی!

 لەم پێناوەشدا پێویستە لە گەڵ هاوپەیمانی داعش واتە تورکیای ئەردۆغان بکەوێتە شەڕەوە و بە یەکجاری دوایی بە پیلانگێڕی تورکیا لە ناوچەکەدا بێنێت!

ئەو شەڕە لە باکووری کوردستان درێژەی خەباتی  چەندها ساڵەی نەتەوەی کوردە لە هەموو پارچەکانی کوردستان بە بێ جیاوازی و بەری ڕەنج و خەباتی تاک بە تاکی کوردە لە کوردستان بە گشتی و هەر وەک لە خەمەکاندا هەموو بەشدارین لە شادی و سەرکەوتنەکانیشدا هەست بە شادی و خۆشی دەکەین!

باشوور و باکوور و ڕۆژئاوا بە بڕێک جیاوازی تایبەتی خۆیان هەموو بەرەو یەک ئامانج  ڕێگە دەپێون ئەوڕۆکە بە شیان خۆیان دەکرێت لە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی تازەدا بە قورسایی خۆیان هاوکێشەکان بە لای بەرەی کورددا ڕاکێش کەن!

ئێستە ئاشکرایە کە دیاردەی دەرکەوتنی داعش لە لایەن زلهێز و خاوەن بەرژەوەندییە گەورەکانی جیهانەوە  بە مەبەست بووە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی تازە و تەنانەت بەشێک لە ئەفریقاش!

داعشیان  بەردایە ناوچەکە و بە هەموو چەک و پێداویستییەکەوە یارمەتی کران و دەکرێن لە پێناوی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی کۆنە خاوەنەکانی گرێبەستی ” سایکس- پیک” بە زیادکردنی زلهێزی گەورەی جیهان واتە ئەمریکا!

ئەوڕۆکە داعش خەریکە لە دوای جێبەجێکردنی ئەرکە ڕاسپێردراوەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئەفریقا دەگوێزرێتەوە و ئەوەتا بە ئاشکرا لە بەشێک لە وڵاتی لیبیا بانگەوازی خلافەتی ئیسلامی کردووە و لەوە دەچێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاتی بەسەرچووبێت هەر بۆیە زۆر بە پەلە گواستیانەوە بۆ لیبی!

 

سایکس- پیکۆ دوایی دێت، کەڵکەڵەی عوسمانی دوایی نایە!

 

ئەو ناوچەیە وا لە ژێر دەستی داعشدایە دیارە بۆ سوونەکانی عێراق و سووریا دامەزراوە!

کوردستان دەکەوێتە نێوان تورکیایەکی بچووکتر لەوەی ئێستا و عەرەبی سوونە و عەرەبی شێعە! ئەوەی وا دوای ئەم قۆناخە دەمێنێتەوە ئێرانە کە لەوە دەچێت ئیران دوایین قۆناخی گۆڕانکاری لە نەخشەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت!

ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر بەم پێوەرە دەکەوێتە ئەو قۆناخە و کورد بە گشتی و کوردی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی هەر لە ئێستەوە دەبێ خۆیان بۆ ئەو رۆژە ئامادە بکەن کە ڕۆژێکی دوور نییە!

ماوەتەوە هەر لە سەر ئەم مژارە ئەوەی لێ زیاد کەم کە کێشەی نەتەوەی کورد بە پێی پێوەری داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێ دەبێ یەک کێشە بێت و بۆ هەتا هەتایە دوایی بەو لێکدابڕانە بێت کە لە پەیمانی 1916 سایکس- پیکۆ ڕێکەوتن لە سەری کراوە! مەرجی سەربەخۆیی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ویست و شیانی نەتەوەی کورد بۆ خۆی!

هەر بۆیە هەرچی لە هەر پارچەیەک لە کوردستان ئەوڕۆکە ڕوو دەدات هەمووی پێوەندیان بە یەکەوە هەیە! ئەرکی تاک بە تاکی کوردە هەست بە بەرپرسایەتی دۆخەکە بکات!

ئەوڕۆکە رووسیاش وەک ئەمریکا لە گەڵ چارەنووسی کورد دایە و هەر بۆیە ئەویش لە ڕۆڵی گرینگی کورد تێگەیشتووە و دەزانێت کە کورد بووە بە هۆی گۆڕانی نەخشەکە بە بۆنەی شەڕی ئازایانەی خۆی لە گەڵ داعش و لە لایەکی‌ترەوە تورکیا لە گەڵ ئەوەی ڕێگەی تڕانزیتی هەمە جۆرەی داعش بوو و لە ڕاستیدا تورکیا بۆیە پشتیوانی لە داعش دەکرد لە بەر ئەوەی کە کەڵکەڵەی دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە خەیاڵیدا بوو بەڵام کورد خەیاڵەکەی وەک تۆقلەی سەر ئاو تەقاند و بوو بە بەربەستی فراوانخوازی ئەخوانەکانی تورکیا بە نوێنەرایەتی  ئەردۆغان و ئاکەپە!

هەر بەم هۆیەوە بوو کە تورکیا داعشی لە ڕێگەی بەغدا پەشیمان کردەوە و ئاراستەکەی بەرەو کوردستان گۆڕی! داعشیان بەرەو کوردستان ئاراستە کرد! هەر لەو کاتەی کە داعش ڕووی لە  هەولێر کرد تورکیا بێدەنگی هەڵبژارد!! ئەوڕۆکە کورد دەبێت هەموو ئەوانەی لە بیر بێت!

هەر وەها ئەو قسە بێ مانایەی ئێرانی لە بیر نەچێت کە گۆتی: ئێمە بە 70 کەسەوە نەمانهێشت داعش هەولێر بگرێت کە لە ڕاستیدا ئەو قسە بۆ سووککردنی هێزی پێشمەرگە و کورد بوو!

بە هەر حاڵ کوردی چوار پارچە بە تایبەت باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا بە هێزی خۆیان  نەخشەکانیان گۆڕی و بوون بە ئەمری واقێع بۆ ئەمریکا و ئورووپا و تەنانەت لە لایەن خودی ئورووپای  کۆنەپارێزەوە نازناوی ئەوەیان بە کورد بەخشی کە:

کورد بە نوێنەرایەتی جیهان شەری ترۆر دەکات” !

 

کورد هێشتا لە شەری ترۆر نەگەڕاوەتەوە تورکیا بە خستنە خوارەوەی فڕۆکەی رووسی هەمدیسان دەیهەویست هەم دڵی ئەمریکا و ناتۆ خۆش کات و هەمیش بە پشتیوانی ناتۆ و ئەمریکا چاوی بڕیبووە سنوورە کۆنەکەی عوسمانی لە گەڵ ڕووسیا!

ڕووسیا بە خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەی وەخەبەر هات و بە تەواوی هێزەوە بەڵام بە شێوەیەکی زۆر ژیرانە لە سووریا جێگیربوو، بە تایبەتیش لە بەندەر و شوێنە ستراتژی و گرینگە سەربازەییەکانی کەنارەی دەریا سپی بۆ ئەوەی لە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوکێشەکان بە قازانجی خۆی بە لاسەنگ بکات!!

بە هاتنی رووسیا بۆ دەریا سپی واتە مەدیتەرانە خود بە خود لە ئۆکراینا قورسایی بە لای ڕووسیادا کەوت و ئێستە ئیتر ئۆکرانیا کێشەکەی نووستووە لە بەر ئەوەی بەر پشکی ڕووسیا دەکەوێت!

تورکیا لە لایەن رووسەوە بە تۆپزی لە ژێر هەڕەشە و بایکۆتدایە!

 ڕووسیا لەوانەیە وەرچەرخانێک لە سیاسەتەکانی خۆی لە پێوەندی لە گەڵ تورکیادا بێنێ و هەر وەها ڕەنگە ڕێگەیەکی‌تر لە دژی تورکیا بگرێتە بەر کە ئەویش پشتیوانی کردن و داکۆکی کردن لە مافی نەتەوەی کوردە کە دەبێتە هۆی بە هێزبوونی بەرەی کورد لە ناوچەکەدا!

کورد ئەگەر بتوانێت پشتیوانی ئەمریکا و ناتۆ و ئورووپا لە لایەک بۆ خۆی مسۆگەر بکات بە دڵنیاییەوە دەشتوانێت لە گەڵ رووسیا دژی تورکیای هاوپەیمانی دامەزرێنێت!

کورد ئەوڕۆکە لە بار و دۆخێکی ئێجگار تایبەتدایە و توانیویەتی وێنایەکی جێی باوەڕ بە لە خۆی نیشان بدات!

 

قۆناخی دوای داعش، قۆناخی دامەزراندنی کوردستانە!

 

من ئەم قۆناخە بە قۆناخی دوای داعش ناودێر دەکەم و ئەم قۆناخە جارێ دریژەی هەیە و کوردستان دەبێ هەنگاو هەڵبێنێت بۆ دیاری کردنی سنوور و  ناساندنی نیشتمانی کورد!

بە دانانی ئاڵای کوردستان لە لایەن تورکیاوە بە بێ ئەوەی ناوی کورد و کوردستان ببا، مانای ئەوە دەگەیێنێت کە تورکیا ناچارە کوردستان قەبووڵ بکات!

 

ئەو شەڕەی باکووری کوردستان دەکرێت هەر لەم چوارچێوەدا وەها لێکبدرێتەوە کە تورکیا شەڕ بۆ ئەوە دەکات کە نەهێڵێ کورد لەوە زیاتر وا هەیە پەرە بستێنی!

لە ڕاستیدا کورد شەڕی پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان دەکەن و لەوە تۆقیون کە هێزی کورد پەرە بستێنیت و بنچینەی دەسەڵاتی تورک هەڵتەکێنێ!

تورکیا لە کاتێکدا خوازیارە بگەڕێتەوە سەر مێزی وتوێژ و درێژە بدات بە پێڤاژۆی چارەسەری کە دەستی باڵای هەبێت لە دانووساندنەکاندا بۆ ئەوەی یاری بە چارەنووسی کورد بکات و هەروەها کات بکوژێت!  هێشتاکەش لە تورکیا ناوی ” کوردستان” لە تریاک و هێرۆیین قاچاخترە!

 

 دوا بە  دوای دانانی ئاڵای کوردستان لە ئانکارا، تورکیای ئەندام ناتۆیە چووەتە ناو ئەو گرێبەستە تازەیەی کە سی و پێنج وڵات بە سەرۆکایەتی عەرەبستان لە خۆ دەگرێت!

مەسعوود بارزانی لە پێش پێکهاتنی ئەو هاوپەیمانییە تازەیە سەفەری بۆ عەرەبستان کرد، دیتمان بە فەرمی و لەو پەڕی ڕێز پێشوازییەکی شاهانەی لێکرا و دواتر کە چووە تورکیا لەوێش ئاڵای کورد هەڵکرا و ئەم هات و چووانە و ئەم هاوپەیمانییە تازەیە لە ڕاستیدا هەم بۆ خۆ ئامادەکردنە بۆ پێشهات و رووداوە نەخوازراوەکانی ناوچەکە!

ئەو هاوپەیمانییە جگە لەوەی کە خۆئامادەکردنە بۆ ئاڵ و گۆڕەکانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە هەمان کاتیشدا پەیامێکی گرینگیشە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کە ئیتر لە  بەرانبەردەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا، دەستەوەستان ناوەستن و  بێدەنگ نابن!

 کاریگەری ئەم گرێبەستە تازەیە، ئێرانی تووشی شڵەژان کرد، بە جۆرێک کە لە دۆخی هێرشەوە کەوتووەتە پاشەکشە لە ناوچەکە! هەر وەک دەیبینین ناوی قاسم سلێمانی و سپای قۆدس خەریکە کوێر دەبێتەوە و کەس نازانێ چییان بە سەر هات؟

   هەر لەم پێوەندییەدا دیتمان کە ئێرانیان لە یەمەن دەرپەڕاند و لە سووریاش هیچی بە هیچ نەکرد و ئێستە بیر لە هەڵاتن دەکەنەوە!

 

هاوپەیمانی بی بەرهەم

 

لەوە ناچێت ڕووسیا و ئێران هاوپەیمانێکی قورس و قایم بن، زیاتر لە تاکتیک دەچێت بۆ زەختکردنە سەر بەرەی ئەمریکا و ناتۆ و هەروەها  بازارێک بۆ چەک!

 

دوای تورکیا ئێرانە؟!

کورد دەڵێ: ” مەلی زیرەک بە دەنووکەوە پیوە دەبێت” ، وا دیارە ئەم پەندە خەریکە بە سەر داگیرکەرانی کورد تاقی دەبێتەوە و ئەوەتا تورکیا بە بەرچاوی خۆمانەوە خەریکە وەک سووریای لێدێت و لەوانەشە سبەینێ ئێرانیش ببی بە عێراق!

کورد لەم کاتە هەستیار و چارەنووس سازەدا دەبێت خۆی لە هژموونی هەر دوو وڵاتی تورکیا و ئێران دوور بخاتەوە و لە هەمان کاتدا کەڵک لە بار و دۆخەکە وەر بگریت و خەریکی خۆ ئامدەکردن بێت بۆ پێشهاتە چاوەروان نەکراوەکانی ناوچەکە کە لا ئان ساتدایە!

کورد لە ڕۆژهەڵات دەکەوێتە ئەم قۆناخە واتە قۆناخی ” دوای داعش” !

ئایەکوو کورد خۆی بۆ ئەم گۆڕانکارایانە ئامادە کردووە؟!

کوردستان ئیرۆ لە بەندا وەیە

 

ناوچەکە دەکوڵێت، کورد هیچی نییە لە دەستی بدات جگە لە زنجیری کۆیلەتی!!

 

 

ڕەوف گوڵبەدەن

 

*

*لە کۆندا بە بەردروویان دەگۆت ” دەرزی” ، دەگێڕنەوە کە دەرزییەک(بەرگدروو) دووکانەکەی لە سەر ڕێگەی گۆڕستان هەڵکەوتبوو، هەر کەسەک کە دەمرد لە بەر دووکانەکەی کابری دەرزی دەیانبرد بۆ سەرقەبران!

دەرزی گۆزیەکی دانابوو هەر کەسە کە دەمرد دەنکێک ناوکە خورمای دەخستە ناو گۆزەکەوە!

ڕۆژێکیان مشتەرەیەک لە بەر دووکان زۆر چاوەڕوان دەبێت و پاش ماوەیەک چاوەڕوانی دەچێت لە هاوسێ دووکانەکەی دەپرسێت: ئەرێ ئەم دەرزییە( بەرگدروو) بۆ دووکان ناکاتەوە؟ کەی دێت بۆ دووکان؟

هاوسێ دووکان لە وەڵامدا دەڵێ: دەرزی کەوتە ناو گۆزە! ( واتە مرد)

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی