"an independent online kurdish website

یەکێک لە ئۆرگانیزاسیۆنە هەرە دێرینەکانی نێو بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانە کە لە بڕگەی جۆراوجۆر و بە شێوەی جۆراوجۆر ئەو بزووتنەوەیەی یان ڕێبەریی کردووە، یان یەکێک لە فەعاڵ ترین بەشدارانی بزووتنەوەکە بۆوە.armi_peshmerge

هەرکام لە بڕگەکانی مێژووی پڕلە شانازیی ئەو حیزبە کۆمەڵێک ئەستێرەی درەوشاوەی هەبووە   کە یان لە پێناو ئەو ڕێبازە دا گیانیان بەخشیوە، یان ئەوەی کە لە سەردەمانێک دا هەموو هێز و توانای خۆیان خستۆتەوە خزمەت ئامانجەکانی گەل و نیشتیمان. خەباتی ئاشکرای حیزب لە دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی یەکێک لە پڕگە هەرە پڕ لە خەبات و لە هەمانکات دا پڕ نرخەکانی مێژووی ٧٠ ساڵی تەمەنی ئەو حیزبەیە کە لە سەر دەستی هەزاران لاوی شۆڕشگێر و خەباتکار دەستی پێکرد و درێژەی کێشا کە تا بە ئەمڕۆش ئەگەرچی لە هیندێک بواردا پاشەکشەی هەبووە، بەڵام بە بێ پسانەوە کاروانی ئەو بڕگەیە لە خەبات بەردەوامە.

لەم نووسینە دا دەمەوێ بە کورتی باس لە کۆمەڵێک خەباتکاری نێو ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بکەم کە ساڵانێکی زۆر ئەستێرەی درەوشاوەی خەباتی پێشمەرگایەتی بوون و سەریان لەو خەباتە دا سپی کرد. ٢٦ ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان بەر ڕەنجی بەشێکە لە نەتەوەی کورد کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژین و داهێنەری ناوی پیرۆزی پێشمەرگە و کۆماری کوردستانە. بۆیە لە سەر هەموومان فەرزە کە ڕێز لە خەباتی ئەو خەباتکارانە بگرین کە ڕۆژگارێک مەیدانداری ئەو مەیدانە پیرۆزە بوون.

باوەڕم وایە کە پێویستە ئێمە تا ئەوەی لە دەستمان دێ ڕێز لە خەباتکارانی بڕگە جۆراوجۆرەکانی مێژووی نەتەوەکەمان بگرین و ئەوان بە فەرامۆشی نەسپێرین. ئەوان قارەمانی نێو داستانێکی مێرخاسی و سەرهەڵدانن ،و زیندووکەرەوەی مێژوویەکن کە لە ژێر هەڕەشەی سڕینەوە دا بۆوە. ئەوان خەباتکاری ڕۆژی تەنگانە و بەرگرین ، بۆیە ڕێز گرتن لەو تێکۆشەرانە ڕێز گرتنە لە پێشمەرگە و خەباتکاری کورد.

ئەوەی دەمەوێ هەر بە کورتی و تەنیا دڵۆپێک لە دەریایەکی بێ بنی خەباتی ئەو تێکۆشەرانە باس بکەم، نە ک لە ڵاپەڕەیەک و دوو ڵاپەڕە دا جێ دەبێ بەڵکوو گومانم نیە کە سەدان ڵاپەڕەش عاجزن لە تۆمار کردنی گەورەیی خەباتی ئەوانە. هیوادارم بتوانم لانی کەم لێرە و لەو ئیسکاندیناوییە بەستەڵەکەوە عەرزیان بکەم کە ئێوە مامۆستای سەنگەرم بوون و ئێستاش هەر واتان دەبینمەوە.

………………………………………………

seid_mehmudnejad_2

سەعید  مەحموود نەژاد و شەهید کەرەم کەلەشی

هاوڕێ سەعید مەحموود نەژاد

سەعید مەحموود نەژاد ،یان بە قسەی خەڵکی ناوچەی سۆما (سەعیدێ گێچێ) لە ئاوایی گێچە وێڕای کۆمەڵێک لاوی دیکە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیان وەک سەنگەری خەباتیان هەڵبژارد و ئامادەی ئەو نرخە بوون کە دواتر پێشکەش بە بارەگای گەل و نەتەوەیان کرد . ئاوایی گێچە لە بناری چیای شێخ بازید لە ناوچەی سۆما هەڵکەوتووە. ئاواییەک کە ئەوکات یەکێک لەو ئاوایانەی سۆما بوو کە بەشێکی زۆری لاوانی خوێندەوار لە دەورانی دوا ناوەندی بوون. بەشێک لەو لاوانە لەگەل ئاشکرابوونی خەباتی حیزب ، ڕیزی ئەو حیزبەیان گرتەبەر و کردیانە سەنگەری خەبات .

کاک سەعید هەر لە ساڵی ١٣٥٨ چەکی پێشمەرگایەتیی کردە شان و وەک نەسڵی یەکەمی پێشمەرگەی حیزب لەوکاتی دا بە بێ هیچ ئەزموونێکی پێشوو ، دەستیان کرد بە تێکۆشانی حیزبی ، بەڵام زۆر زوو توانیان ببنە ئەو هێزەی کە حیزب شانازی پێوە بکا و دوژمن لێی بترسێ .

کاک سەعید لە ماوەیەکی کورت دا توانی هەم وەک فەرماندەرێکی نیزامی و هەمیش وەک کادرێکی بە ئەزموونی سیاسی و کۆمەلایەتی لە نێو خەڵک و پێشمەرگە دا بناسرێ و ببێتەوە جێی ڕیز و حورمەتی هەموو لایەک. برایەکی سەعید لە قەتل وعامی گوندی گێچە لە ٣ ی خاکەلێوەی ١٣٦٢ دا وێڕای ١٢ کەسی دیکە ی خزم  و  کەسی ئیعدام کران کە ئەو غەدرەی دوژمن نەیتوانی کاریگەریی نەرێنی لە سەر ورەی بەرزی سەعید دابنێ و بگرە زیاتر   هانی دا تا درێژە بە خەباتی سیاسیی خۆی بدات.

لە درێژەی ژیانی زیاتر لە ١٢ ساڵ پێشەرگایەتی دا سەعید هەرلە سەرپەل و سەردەستە و فەرماندەری لک ڕا بگرە هەتا کادری تەشکیلاتی ، ئەرکی حیزبی بەڕێوە برد و یەکێک لەو تێکۆشەرانە بوو کە دەورەی مودیرییەت و فەرماندەهیی لە فێرگەی سیاسی نیزامیی حیزب بە سەرکەوتووانە کۆتایی هێنابوو و شارەزاییەکی باشی لە بەکار هێنانی چەک و چۆڵ و گەڵالە داڕێژیی نیزامی دا بەدەست هێنابوو و لە مەیدانی کردەوە دا کاری پێدەکرد.

سەعید جگەلەوەی کەسێکی بە ورە و بە ئەزموون بوو، کەسێکی کۆمەڵایەتی و خەلکی بوو. هەر ماڵێك کە سەعید جارێک لێی ببوایە میوان ، ئەو مالە هەمیشە بە ڕێز و حورمەتەوە باسیان لەو تێکۆشەرە دەکرد . قسە خۆشی و مەجلیسە گەرمەکانی سەعید لە سیفەتە هەرە بەرزەکانی ئەو بوون . سەعید بیرەوەریی زۆری هەیە و یەکێک لە هاوڕێکانی شەهید کەرەم کەلەشی فەرماندەری ناوداری شیمال بوو.

من خۆم ٢ ساڵ لەگەل کاک سەعید کارم کردووە . چ ئەوکاتی کە جێگری لکی سێی هێزی ئاگری بوو و چ ئەوکات کە فەرماندەری لک بوو، من وەک بێسیم چیی لک ئەرکم هەبوو و لە نیزیکەوە دەگەل ئەو تێکۆشەرە کارم دەکرد. کار کردن لە گەل سەعید هەر کارکردنی ئاسایی نەبوو، بگرە کارکردن بوو تێکەڵ بە سەمیمیەت و خۆشی و شادی، تێکەڵ بوو لەگەل گەپ و جەفەنگ و ماندوو نەبوونەوە، تێکەڵ بوو بە وەک یەکی و سەداقەت.

یەکێک لە سیفەتە بەرزەکانی کاک سەعید ئەوەیە کە زۆر کەم توورە دەبێ و ئەگەر جاروباریش توورەبێ زۆر لەسەرەخۆ توورەبوونەکەی دەردەخا. ئینسانێکی پاک ، دڵسۆز بۆ گەلەکەی ، باوەڕ بەخۆ یە. بۆیە ئەو تێکۆشەرە هەمیشە لە نێو دۆستان و دەوروبەری دا خاوەن ڕیز و حورمەتێکی تایبەتە.

سەعید لە ماوەی نیزیک بە ١٢ ساڵ خەباتی شاخ دا بەشداریی زۆر شەڕ و داستانی پڕلە شانازیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە و چ وەک فەرماندەر و چ وەک پێشمەرگەیەکی فیداکار جێ پەنجەی دیار بووە . ئەو بۆ هاوڕێکانی سەرچاوەی ورە و دڵگەرمی بووە.

کاک سەعید لە سەرەتاکانی ٩٠ ی سەدەێ ڕابردوو لە شارێکی باکووری کوردستان و لە لای خزمان گیرساوەتەوە و لەوێش ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە کە بەرهەمەکەی چەند مناڵی ژیر و کوردپەروەرن.

ئەوەی گرینگە لێرە ئەوەیە کە کاک سەعید جگەلەوەی کە وەک هەموو ئینسانێک لەو ماوەیە دا بۆ بژیوی ژیانی خۆی کار وکاسبیی کردووە، هاوکات سەفیری پاکی و کەسایەتیی بەرزی تێکۆشەرێکی دێمۆکرات بووە و هەیە ، بۆیە لە لای خەڵکی وەک کەسایەتییەکی خاوەن ڕێز و حورمەت چاوی لێدەکرێ و وەک نموونەی خەباتکارێکی بە باوەڕ چاوی دەبینن. ئەویش لەو هەموو ساڵە دا بەردەوام پەیوەندیی بە حیزبەوە هەیە و خۆی لە ڕێبازی دوور نەخستۆتەوە. سەعید مەحموود نەژاد لای هەمووی ئەو خەباتکارانەی دێمۆکرات کە لە نیزیکەوە دەیناسن جێی ڕێز و حورمەت و لە هەمانکات دا ئیعتیماد و باوەڕە.

لە کۆتایی دادەڵێم : کەکێ سەعید تو هەر هەبی، ئەز هەمێشە تە بینا مامۆستا و برا مەزن دبینم و دەما تو تێی بیرا من گەلەک سیفەتێن تە یێن باش تێنە بەرچاوێ من .

……………………………………..

behadr_azeri_1

شەهید عەلی کاشف پوور و بەهادر ئازەری

هاوڕێ بەهادر ئازەری

کاک بەهادر ئازەری لە بنەماڵەیەکی ناسراوی هۆزی هەنارە لە ئاوایی ڕەبەت سەر ناوچەی برادۆست هاتۆتەوە دونیا و بنەماڵەی ئازەری یەکێک لەو ماڵباتانە بوو ئەوکات زۆربەی گەنجەکانیان خوێندەوار بوون.

بەهادر تازە دیپڵۆمی وەرگرتبوو کە ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران گۆڕبەگۆڕ کرابوو و ئەویش یەکێک لە بەشدارانی خۆپێشاندانەکانی دژی ئەو ڕێژیمە بوو، بۆیە هەر بە ئاشکرابوونی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ، بەهادر و براگەورەکەی ئەو حیزبەیان بە سەنگەری خەبات و تێکۆشانی هەڵبژاردووە وساڵانێکی زۆر وەک پێشمەرگە لە ڕێزەکانی حیزب دا بوون و بەرپرسایەتیی جۆراوجۆریان بە ئەستۆ بووە.

براگەورەی بەهادر تا ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی یەکێک لە کادرە دیار و پڕکارەکانی شیمالی کوردستان بوو . بە هۆی دژواریی خەباتی ئەوکاتی پارتیزانی و گیروگرفتی ژیان، لە سەرەتای ساڵی ٦٤ برا گەورەی کاک بەهادر دەگەڕێتەوە نێو بنەماڵەی و ژیانی ئاسایی درێژە پێ دەدات(بەداخەوە چەند ساڵ پێش بۆزە براگەورەی بەهادر  بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد. ڕووحی شاد) و بەهادر وەک کادرێکی هەڵسووری حیزب درێژەی بە خەبات داوە.

کاک بەهادر یەکێک لە باشترین کادرەکانی حیزب لە ناوچەی برادۆست بوو کە هەم بە لێزانیی خۆی و هەم بە هۆی ناسراوبوونی بنەماڵەکەی کادرێک بوو کە حیزب حیسابێکی تایبەتی بۆ دەکرد و هەروەها خەڵکیش باوەڕ و ئیعتیمادیان لە سەر دەکرد. بۆیە ئەمانە و زۆر خاڵی دیکەی ئەرێنی لە کەسایەتیی کادرێکی وەک کاک بەهادر دا بوونە هۆی ئەوە کە هاوینی ساڵی ١٣٦٤ بەهادر وەک فەرماندەری هێزی شەهید سەرگورد عەبباسی دیاری کرا کە هەم فەرماندەری نیزامی بوو و هەم کادرێکی پڕزانیاری و بە ئەزموونی سیاسی بوو . دەتوانم بڵێم بەهادر ئەوکات لە ڕیزی کادرە هەرە سیاسی و بە ئەزموونەکانی شیمالی کوردستان دا بوو کە ئەهلی خوێندن و باس و بابەتی سیاسی و شیکردنەوەی مەسائیلی سیاسی بوو.

دوای ئەوەی کۆنگرەی ٧ بڕیاری دابوو هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرلەنوێ سازماندەهی بکا ، ٣ هێزی شیمالی کوردستان کرانە مەڵبەندی شیمال و هێزێک بە ناوی هیزی ئاگری کە سەدان کادر و پێشمەرگەی فیداکاری حیزب لەو مەڵبەندە دا لەو سازماندەهی یە تازەیە دا سازمان دران. کاک بەهادر ئەوکات بوو بە جێگری فەرماندەری هێزی ئاگری. بەهادر لەو ئەرکەشی دا توانی قورسایی و ڕۆڵی ئەرێنیی خۆی بگێڕێ و نەخشی فەرماندە و لە هەمان کات دا کادرێکی سیاسیی بە ئەزموونی سیاسی بگێڕێ.

بەهادر ئازەری تا سەرەتایی   سەرەتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو وەک فەرماندەر و کادری حیزب خزمەتی کرد و لەوکاتی دا وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و لە شاری گەوەڕی باکووری کوردستان نیشتە جێبوو و هەتا ئێستاش لەوێ دەژی .

بەڵام لێرەدا دەمەوێ هیندێک لە سەر کەسایەتی ، ڕەفتار و شێوەی مامەڵە کردن لە گەل هاوڕێ و هاوکارانی و ئەرکەکانی دابکەم کە من لە ماوەی چەند ساڵ دا لە نیزیکەوە شاهیدیان بووم.

کاک بەهادر کەسێکی بیر کراوە و ئاگادار بە سەر مەسائیلی ڕۆژ و خاوەن لێکدانەوە بوو ، بۆیە لە نێو هاوڕێکانی دا هەم ڕێزی دەگیرا ،هەم چاوەڕوانیی لێدەکرا. کەسێکی مەجلیس خۆش ئەهلی شۆخی و قسەی خۆش ، کەسێک کە بیرەوەریی زۆر خۆشی هەم لە دەورانێک کە قوتابی بووە لە شاری ورمێ و هەم ژیانی پێشمەرگایەتی داهەیە و لە کۆڕی هاوڕێیانی دا بە شێوەی خۆی باسی دەکرد و سرنجی هاوڕێکانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا. لەو سەردەمی دا بەهادر لەو کادرانە بوو کە وڵامدەری پرس و بابەتی سیاسیی ڕۆژ  و وەک کادرێکی لیهاتووی خوێندەواری  مەڵبەندی شیمالی کوردستان بوو. 

کاک بەهادر کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتی و تێکەڵاوە لەگەل خەڵک و دەوروبەریدا ، بۆیە دوا ی ئەوەی کەلە شاری گەوریش نیشتەجێ بووە، خەڵک و دەوروبەری زۆر ڕێزی دەگرن و قسەی دڵی خۆیان لە لا باس دەکەن.

بەهادر یەکێک لە کەسایەتی و خەباتکارانی بە ئەزموونی شاری ورمێ یە کە ڕابردوویەکی پڕ لە شانازیی لە ڕیزەکانی دێمۆکرات دایە.

لێرە هەتا شاری گەوەڕ سڵاو دەنێرم بۆ خزمەت کاک بەهادر و ساغی و سڵامەتی خۆی و بنەماڵە بەڕیزەکەی بە ئاوات دەخوازم. کەکێ بەهادر تو هەردەم بیرا منی و جهێ ڕێز و حورمەتەک خاسمانیی .هەر بمینی بۆ مە

….

osman_edoo_1

مەحموود دەشتی و عوسمان عەدۆ

هاوڕێ عوسمان فەقی زندەشت(عوسمان عەدۆ)

کاک عوسمان دە ئەسڵ دا خەڵکی زندەشتی گەلی سوولی سەربە شاری سەڵماس و گەورەبووی ئاوایی گاڕانەی ناوچەی مەڕگەوەڕی ورمێ یە. عوسمان کوڕی ئینسانێکی باوەڕ بەخۆ، کە قەت  ئامادە نەبووە سەر بۆ ئەرباب و دەرەبەگی ئەوکات دانەوێنێ .  بۆیەشە  عوسمانهەر لە سەرەتای دەست پێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وەك هەڵوێستێکی بوێرانەی ڕەعیەتێکی زوڵملێکراو خۆی و عەبدولای باوکی بوونەتە پێشمەرگەی ئەو حیزبە خەباتکارە.

کوڕ و باوکی پێشمەرگە هەر زۆر زوو لە ناوچە دا دەبنە سیمای فیداکاری و لەخۆبردوویی و خەڵک وەک پشت و پەنای خۆیان حیسابی بۆ دەکەن و ڕێزیان دەگرن. لە مەڕگەوەڕ کەس نیە ناوی ئەو کوڕ و باوکە نەبیست بێ . چوونکی عوسمان هەر زوو توانیویەتی ببێتەوە پێشمەرگە فەرماندەرێکی لێهاتووی ناسراو لە نێو هێزی پێشمەرگە و خەڵك دا.

عوسمان عەدۆ ناوێکی ئاشنا بۆ خەڵکی ناوچە و بۆ جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم بوو. ئەو لە ڕیزی فیداکارترین و خۆشناوترین پێشمەرگەکانی دێمۆکرات لە ناوچەی مەڕگەوەڕ بوو و خەڵک ڕازی دڵی خۆیانیان لەگەل باس دەکرد و ببووە ناسنامەیەک لە هەزاران ناسنامەی دێمۆکرات لەو دەڤەرە دا.

ئەو چەندە ئینسانێکی بوێر و فیداکار و نەترس بوو، ئەوندەش خەڵکی و تێکەڵاو و کۆمەڵایەتی بوو. مرۆڤێکی ڕووخۆش، نەرم و نیان، دە بە بزە و لەگەل خەڵک ئارام و لە سەرەخۆ بوو. لە نێو کادر وپێشمەرگەکان دا کەسێکی خۆش نێو و جێی متمانە و ورەبەخش بوو. هاوڕێ یەتی لەگەل عوسمان عەدۆ پڕ بوو لە سەمیمیەت و پاکی و شادی. بیرەوەرییە خۆشەکانی ژیانی ئاسائی و پێشمەرگایەتیی کاک عوسمان نەک گوێگرانی ماندوو نەدەکرد، بگرە پڕ بوون لە ئەزموون و قسەی ڕەسەنی باو وباوپیرانمان.

عوسمان نەقڵی زۆری هەیە لە ژیانی ێشمەرگایەتی و هەتا ئیستاش ئەو نەقڵە شیرینانە وێردی زمانی هاوکاران و هاوخەباتیانی سەردەمی پێشمەرگایەتین.

ساڵی ١٣٦٣ لەجەریانی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکانی گەلی بەردەڕەش ، لە شاخی خیزەن عەبدولای(عەدۆ) ی باوکی عوسمان کە پێشمەرگەیەکی بەتەمەن و لەهەمانکاتیش دا بە بە ئیمان و باوەڕ بە نەتەوەکەی بوو، گیانی پاکی بەخشی یە ڕێبازی ڕزگاریی و چووە نێو کاروانی شەهیدانی حیزب و گەلەوە. مام عەدۆ هەتا ئەم ساتە وەختەش کە ٣١ ساڵی بەسەر دا تێپەڕ دەبێ ، بەڕێز و حورمەتەوە باسی دەکرێ و خەڵکی ناوچە بە پێشمەرگەی پیری گیان بەختکردووی یار ویاوەری زەحمەتکێشان و قەڵای خۆڕاگری لە هەمبەر دەرەبەگەکانی ئەوکاتی دەناسێنن و باسی دەکەن.

ئەگەر قەرار بێ باس لە گەورەیی، فیداکاری و قارەمانییەکانی کاک عوسمان و بنەمالەکەی و باوکی شەهیدی بکەین، پێویستیمان بە کۆڕێکی چەند کەسی هەیە کە هەرکامەی لە بڕگەیەک و لە ڵاپەڕەیەکی ژیانی ئەو بنەماڵەیە لێکۆڵێنەوە بکا و سەرەنجام بکرێتەوە کتێبێکی گەورە تا جیلی داهاتوو هاوکات لەگەل ئەزموونی خەبات، شانازیشی پێوە بکەن. عوسمان عەدۆ یەکێک لە فەرماندە هەرە ناسراوەکانی هیزی شەهید نەحۆی ئەوکات بوو کە وەک فەرماندەری دەستە و جێگری لک و  فەرماندەری لک خزمەتی کردووە و لە ڕیزی   فەرماندەرە هەرە ناسراوەکانی هیزی پێشمەرگەی دێمۆکرات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە من لەهەمبەر کەسایەتیی بەرز و خەباتکارانەی کاک عوسمان عەدۆ دا سەری ڕێز دادەنوێنم.

کاک عوسمان دوای ڕاگیرانی خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، لە شاری گەوەڕی باکووری کوردستان دانیشتووە و وێڕای بنەماڵەکەی لەگەل هەموو دژوارییەکان و  دەربەدەری ، سەربەرزانە ژیاون و سەریان بۆ داگیرکەر نەوی نەکردۆتەوە و عوسمان هەتا ئێستاش وەک پێشمەرگەیەکی خەباتکار وەفادارە بە ڕێبازی مام عەدۆ و هەموو شەهیدانی کوردستان و هەر وەها کۆمەڵێک کوڕ وکچی بە ڕووحی نەتەوایەتی و خۆڕاگری پەروەردەکردوون کە من و هەموو ئەوانەی کە دەیانناسین شانازییان پێوە دەکەین.

کەکێ عوسمان تو و مالباتا تە سونبولا فیداکاریێنە.

خوێنەرانی هێژا، ئەوەی سەرەوە دڵۆپێک بوو لە دەریایەک خەبات و خۆڕاگریی ٣ ئینسانی گەورە ، گەورە بە مانای خۆڕاگریی خەباتکارانە، بە مانای وەفاداری بە ڕێبازێکی پیرۆز، گەورە بە مانای ڕاگرتنی سومعە و کەسایەتیی بەرزی پێشمەرگەی کوردستان، گەورە بە مانای سەر نەوی نەکردن بۆ دوژمنی داگیرکەر.

خۆزگە توانیبام بەسەدان ڵاپەڕە بنووسم و باسی گەورەیی ئەو سێ مرۆڤە دێمۆکراتە بکەم، بەڵام ئەوانیش و زۆربەی ئێوەش دەزانن کە توانا و بڕستی من لە نووسین دا هەر ئەوندەیە کە نووسیومە. هیوادارم ئەو سێ هاوخەباتەم بە دیاری یەکی بچووک بە بۆنەی ٢٦ ی سەرماوەز لێ وەرگرن و بە وەفایەک کە من بە نیسبەت خەباتی ئەو هاوڕێیانەم هەیە قەبووڵی بکەن.

سڵاو لە خزمەت کاک سەعید مەحموود نەژاد، کاک بەهادر ئازەری و کاک عوسمان عەدۆ.


سوپاس و پێزانین بۆ هاوڕێم کاک ئەحمەد پیری کە لە نووسین و هاندانم بۆ ئەم کورتە نووسینە دا زەحمەتی لەگەل کێشاوم.


seid_mehmudnejad_1seid_mehmudnejad_1seid_mehmudnejad_3behadr_azeri_1behadr_azeri_2behadr_azeri_2b_e_o

osman_edo_1

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی