هه‌ڵسووکه‌وتی ناڕەوا هه‌مبه‌ر سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی کورد به تایبه‌ت گه‌نجان له ئێران له وەتی کۆماری ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته‌وه گرتوه
له زۆر بواردا نه‌ک هه‌ر به‌یداخی داخ و که‌سه‌ری هه‌تاهه‌تایی له سه‌ر دڵی بنه‌ماڵه‌کان داکوتاوه به‌ڵکو ده‌وری کاریگه‌رو حاشاهه‌ڵنه‌گری له سه‌ر قه‌تیس هێشتنی ره‌وتی گه‌شه و سه‌رهه‌ڵدانی وڵات و باڵاکردنی تواناکان بۆ خۆ رێکخستن له گه‌ڵ سه‌رده‌م تا راده‌یه‌کی زۆرنواندوه.
سێداره، زیندان، دایمی‌کردنی ترس و خۆف، بێ به‌ش‌کران و داخستنی زۆرێک له ده‌روازه‌کانی خۆ پێگه‌یاندن و خزمه‌تگوزاری کۆمه‌ڵێک به ئه‌ژمار زۆر و به‌رچاوی تووشی په‌نا بردن بۆ ماده‌ی سڕکه‌ر خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان یا مل که‌چ کردن به پلانه دزیوه‌کانی ده‌سه‌ڵات وه‌ک ئه‌منییه‌تی و چه‌کداری و … به‌رانبه‌ر هاوڵاتیانی خۆیان کردوه.
به‌شێک له گه‌نجان به ناچاری و بۆ خۆ ده‌رباز کردن لەم باروودۆخە چ به تاک و چ به بنه‌ماڵه ملی رێگایان به‌رو به‌سه‌رهاتێکی نادیار له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بازنه گرتوه‌ته به‌ر. ئه‌م رێچکه‌یه هه‌روه‌ک حه‌ولی پر له مه‌رگ و کاره‌ساتی کۆڵبه‌ری سنووره‌کان نه‌ک به گولە‌ی راسته‌وخۆی کۆماری ئیسلامی به‌ڵکوو به هۆی خنکان له نێو به‌حره‌کانی سه‌ر رێگا، مامه‌له و سه‌ودای قاچاخچیان، ترورکردنی ده‌سه‌ڵاتداران له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بێ به‌زه‌یی وڵاتانی سه‌ر رێگا قوربانی خۆی به شێوازی جۆرواجۆر لێ ئه‌ستاندووین.
به‌شی ده‌ربازبوو له شه‌پۆلی ئه‌م گشت مه‌ینه‌ت و کاره‌سات‌گه‌له وه‌ک تۆی هه‌رزن له نێو وڵاتانی ئورووپا و کانادا و ئوستورالیا… هه‌ر یه‌ک له قولنجێک خۆ ده‌دۆزنه‌وه.
به‌خته‌وه‌رانه ئه‌وه چه‌ند ساڵێکه له نێو رێزه‌کانی کوردی ده‌ربازبوو له‌م گێژاوه پڕ له ئاسه‌واره مه‌ینه‌تباره که ده‌سه‌ڵاتی تارانی ئیسلامی و سیاسه‌ته به‌رچاو ته‌نگه‌کانی که تووشی خه‌ڵکی کوردستانی کردوه وه‌چه‌یه‌کی نوێ له به‌رپه‌رچدانه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه.
ئه‌م جیله تازه پێگه‌یشتوه به‌ره‌به‌ره خه‌ریکه نه‌ک هه‌ر هومێدی دوژمنی نه‌یار بۆ سه‌رکوت و نه‌هێشتنو وەلانانی کورد ناهومێد بکات بگره جێ پێی خۆی و ناووده‌نگی حه‌قخوازانه‌ی وڵاته‌که‌ی کوردستان به گوێی خه‌ڵکی دونیا له گۆشه و که‌ناره‌کان تا نێو تریبوونی سیاسی ئه‌م وڵاتانه به‌رز بکاته‌وه و توانا و لێهاتوویی خۆی سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌سته‌کانی سه‌ر رێگا بسه‌لمێنێت.
کاک ماکوان خۆش‌هه‌یکه‌ل خه‌ڵکی پاوه، دەرچووی زانسته سیاسیه‌کانی زانکۆی شاری کریستین‌ساند له و‌ڵاتی نورویژ که پێش شانزه ساڵ وه‌ک مێرمندالێک و‌ێرای بنه‌ماڵه داخداره‌که‌یان پاش شه‌هید کرانی گه‌نجێک له بنه‌ماله، زیندان، دوورخرانه‌وه و بێ به‌ش کرانی که‌سووکار له مافی ساکاری مروڤی، خۆیان گه‌یانده ئه‌م وڵاته.
ماکوان له دوایین هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌ندامانی شورای شاره‌که‌یان له رێزی لیسته‌ی 53 که‌سی حیزبه‌که‌ی- حیزبی دیمۆکراتی نۆروێژ- و هه‌روەها 550 پاڵێوراوی سه‌رجه‌م حیزبه‌کان وه‌ک نه‌فه‌ری سێهه‌می حیزبه‌که‌ی خۆی ده‌نگی سه‌رکه‌وتن ده‌سته‌به‌ر ده‌کات.
متمانەی حیزبی دیموکراتی نۆروێژ به توانا و لێهاتوویی ئه‌م گه‌نجه‌ی کورد ته‌نێ به بەخشینی ده‌نگ کۆتایی ناییت. له یه‌کەم کۆبوونه‌وه‌ی دابه‌شینی ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تیه‌کاندا یه‌کییه‌تی حیزبه‌کانی نۆ‌رویژ له شاری کریستین‌ساند کاک ماکوان خۆش‌هه‌یکه‌ل وه‌ک به‌رپرسی چاوه‌دێری گشتی پێڕاگه‌یشتن به سه‌ر چۆنێه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی سه‌رجه‌م ئه‌رک و بڕیاره دراوه‌کان له لایه‌ن شورای شار له پێوه‌ندی پارێزرانی یاسا‌و دێموکراسی له شاری ناوهاتی هه‌ڵده‌بژێردرێت.
دیاره شه‌پۆلی ده‌نگدانه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتنی ئه‌م گه‌نجه له وتووێژی رۆژنامه‌کانی ئه‌م وڵاته، راکێشانی سرنجی خێرای خه‌ڵک به دوای خۆێدا دێنێ.
شیاوی ئاماژه‌یه بوترێ کاتێ کۆماری پڕموددعای ئیسلامی ئێران گه‌نجانی کورد تووشی به‌سه‌رهاتی باس‌کراو ده‌کات ئه‌وه‌تا وڵاتانی مرۆڤپه‌روه‌ری وه‌ک نۆروێژ به بێ له به‌رچاوگرتنی ره‌نگ و ره‌گه‌ز، جوری ئاخه‌وتن، باوه‌شی خۆیان بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له توانای خه‌ڵکانی‌تر له پێناو خزمه‌ت به وڵاته‌که‌یان له مامۆستای زانکو تا پێشەی کرێکاری وه‌ک نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه ئاواڵه راده‌گرن.
وه‌ک مانگی پێشوو خانمی میرکل سه‌رۆکی ئاڵمان رایگه‌یاند ئه‌وان به دڵفراوانی به خێرهاتنی ئه‌و سه‌دان‌هه‌زار خه‌ڵکه ماڵ و حاڵ فه‌وتاوه ده‌که‌ن که سه‌ره‌ڕای باوه‌ڕ به ئیسلام روو له کابه وه‌رده‌گرێڕن و په‌نا بۆ ئه‌مان دێنن.
سیاسه‌تی کاولکارانه‌ی تاران له ئیراق، سوریه، یه‌مه‌ن، لوبنان و ئێران رۆژانه سه‌دان تا هه‌زاران توانای دانسقه وه‌ک کاک ماکوان له باوه‌شی نیشتیمانی خۆیان به‌رو وڵاتانی خاوه‌ن بیروهۆش پاڵ پێوه ده‌نین.
ئه‌وه هه‌ر ئه‌و رێباز و سیاسه‌ته‌یه که وڵاتانی ناوچه‌که ئه‌وه‌نده‌ی دیکە نوقمی پاشکه‌وتوویی و خه‌ڵکی دووچاری هه‌ژاری و ده‌سه‌مۆیی زاڵمانی خوێنمژ ده‌کات.
با وێڕای پیروزبایی له ماکوان و بنه‌ماڵه‌که‌ی و خه‌ڵکی کورد به گشتی هومیدواری ده‌رببڕین که نه‌وه‌ی نوێ زێده‌تر سیاسه‌تی دژه کوردی کۆماری ئیسلامی به خۆپێشاندانی له‌م چه‌شنه پووچه‌ڵ که‌نه‌وه.
سەدێق بابایی
ئالمان
٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥
http://www.demokratene.no/blogg/fra-kurdistan-til-kommunestyret-i-kristiansand/
http://www.demokratene.no/blogg/overtar-viktig-verv-etter-vidar-kleppe/#more-1509
http://www.fvn.no/lokalt/kristiansand/Demokratenes-nye-hap-i-lokalpolitikken-2895435.html