"an independent online kurdish website

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، ئەمشەو هەینی کاتژمێر ٢٣:٠٠، ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، ١٦مین کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی لەژێر ناوی “ڕاسانی ڕۆژهەڵات” دەستی بە کارەکانی کرد و دوای چەند ڕۆژ کاری ئەندامانی کۆنگرەی ١٦، ئەمشەو هەینی کاتژمێر ٢٣:٠٠ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

لەو کۆنگرەیەدا “مستەفا هیجری” وەک لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن ئەندامانی کۆنگرەوە هەڵبژێردراوە.

 

ڤیدیۆ وتەکانی کاک مستەفا

https://www.youtube.com/watch?v=-HcYHBC986k

 

گەڵاڵەکەی کاک مستەفا کە لە وتەکانی دا قسەی لە سەر دەکا.

..

وەک ماڵپەڕی پێشمەرگەکان، پیرۆزبایی خۆمان پێشکەشی سەرجەم ئەندامانی رێبەری حدکا و کادر و پێشمەرگە و لایەنگرانی حیزب دەکەین.

…..

جێژنی کۆنگرەی ١٦هەمی حیزب بەڕێوەچوو

کوردستان میدیا: جێژنی کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی ١٦مین کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شێوەیەکی بەشکۆ لە بنکەی سەرەکی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، جێژنی کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشداریی ئەندامانی تازە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٦ بۆ ناوەندیی سیاسی، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات و میوانان ١٦ بەڕێوەچوو.

سەرەتای جێژنەکە بە سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب”، ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕێبازی شۆڕشگێڕانەی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان، بنەماڵەی شەهیدان و بە تایبەت شەهیدانی ڕاسان دەستی پێکرد.

لە بڕگەی یەکەمی جێژنەکەدا، بەڕێز “مستەفا هیجری” لێپرسراویی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی 16 چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

هیجری لە قسەکانیدا کە تایبەت بە جێژنی کۆنگرەی ١٦ پێشكەشی کرد لە چەند تەوەری سەرەکیدا باسی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٦ی کرد.

هیجری سەرەتا باسی لەوە کرد “ئەمنییەت”ـی کۆنگرە و ئەو فەزایەی کە کۆنگرەی تێدا بەڕێوەچوو کارێکی بێ‌وێنە بوو، ئەوەش لەو ڕوویەوە گرینگ بوو کە ئێمە پێشتر ئاگادار کرابووینەوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پیلانی هەیە لە هەر شوێنێک کە کۆنگرە بەڕێوە بچیت شەڕ و ئاژاوە بنێتەوە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد فەزای فکریی کۆنگرە بابەتێکی زۆر گرینگ بوو، واتە بوونی ئەو فکر و هزرەی کە لە نێو ئەندامانی کۆنگرەدا هەبوو، فەزای کۆنگرەکەی لە کۆنگرەکانی دیکە جیاوز کردبوو و ئەوەش دەرخەری چوونە سەری ئاستی فکری ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه کە جێگای بایەخە.

لێپرسراویی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ڕێژەی هەڵبژاردنی ژنان بۆ ڕێبەریی حیزبی دێموکرات خۆی شتێکی بێ وێنە بوو و بە نیسبەت کۆنگرەکانی پێشوو ژنان توانیان لە کار و چالاکیی حیزبیدا بەشداری زیاتریان هەبێ.

پاشان هونەرمەند “غوڵام فاتحی” سروودێکی لەژێر ناوی “ڕاپەڕیوین” بە هاوکاری کۆڕی موزیکی حیزبی دێموکرات، پێشکەش بە بەشداربووانی جێژنەکە کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو جێژنەدا، لەلایەن کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی ژنە تێکۆشەری گەل، خاتوو “کلسووم ئیبراهیمی” هاوسەری شەهیدی زیندوو مامۆستا “مەلا حەسەن شیوەسەڵی” لەوحێکی ڕێزلێنانی پێشکەش بە ناوبراو کرد؛ خوشکە کلسووم ئیبراهیمی پاش وەرگرتنی لەوحی ڕێزلێنانەکە لە چەند وتەیەکدا سپاسی خۆی ئاراستەی حیزبی دێموکرات کرد و بەڵێنی وەفاداری بە ڕێبازی شەهیدانی دووپات کردەوە.

دواتر هونەرمەندی پێشمەرگە “نیزام سەجادی” گۆرانییەکی پێشکەش بە میوانانی جێژنەکە کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەدا شەهیدی زیندووی گەلەکەمان مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی که لە لایەن کۆنگرەوە بە زۆرینەی دەنگ، وەک ئەندامی ئیفتخاریی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات هەڵبژێرداوە، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە وتەکانیدا وێڕای گرینگ نرخاندنی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکرات، باسی لە پرسی ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی حیزبدا کرد و ڕایگەیاند: ئەم ئاڵوگۆڕە نوێیە دەتوانێ بە قازانجی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بشکێتەوە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد کە حیزبی دێموکرات سەلماندی سەرباری بوونی بیروڕای جیاواز توانیویەتی ڕۆحی یەکتر قەبووڵ کردن و سازان لە سەر بەرژەوەندییە گشتییەکان بکاته مێتۆدی خەباتی خۆی.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا ئەو کەسانەی کە لە بەڕێوەبردنی کاروباری کۆنگرەی ١٦دا دڵسۆزانە ئەرکی خۆیان بەجێ گەیاندبوو، خەڵاتیان پێشكەش کرا و جێژنی کۆنگرەی ١٦ بە شایی وهەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی