"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گەلانی ئێران پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

 

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

 

له ‌کاتێکدا له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی ٣٩ ساڵەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بۆ ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری ڕێژیمیێکی ئازاد و دێموکراتیک نزیک ده‌بینه‌وه‌ کە خەبات بۆ ڕزگاری و ئازادی، قۆناغێکی نوێی بڕیووە.خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌ جەماوەرییەکانی ٧ی بەفرانبار و ڕۆژانی دواتری کاریگەری گەورەیان لە ئاستی کۆمەڵگا و دەسەڵاتی دیکتاتۆری داناوە و سیمایه‌کی تازه‌ی خه‌باتکارانه‌یان به‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌قخوازانه‌ی گه‌لانی ئێران بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و هەلپێچانی سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە ئێران به‌خشیووه‌.

ئاخێزی بەرین و به‌ربڵاوی شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران ئەگەرچی لە ناڕەزایەتی بە دۆخی نالەباری ژیان و مەعیشەتی خەڵکەوە بوو، بێگومان بەرهەمی سیاسەتی چەوت و گەندەڵیی ئابووریی داڕماو و ڕانتی و قۆرغکراوی سپای پاسداران و دام و دەزگا ئەمنییەتییەکانی سەر بە بەیتی خامنەیین کە هەر زۆر زوو ئاراستەیەکی سیاسیی بەخۆوە گرت و بەشداریی جەسوورانە و ماناداری ژنان، کرێکاران، خوێندکاران و باقی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا هیوایەکی تازەیان بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران بەخشیووە. ناوەڕۆکی ئەو خۆپیشاندانانە و پانتاییە جوگرافیاییەکەی لە چاو خۆپیشاندانەکانی پێشووتری ئێران دەریان خست کە ئێران و خەباتی سیاسی و مەدەنی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێووە. سەرەکی‌ترین بەرهەم و تایبەتمەندییەکانی ئەو قۆناغە: داماڵینی مەشرووعییەت لە سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە هەر دوو باڵی ئیسڵاحخواز و بناژۆخواز و هه‌روه‌ها کۆتایی هێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و داڕمانی هەیمەنەی ڕێژیم و لە بەرامبەریشدا بەرزبوونەوەی ورەی خەباتکارانەی خەڵکی بە زاڵە هاتوو، سەڵماندی قەڵای دیکتاتۆرییەت لە بەرانبەر هێز و ئیرادەی جەماوەردا، چه‌ند لاواز و زەبوونه‌.

ئاشکرایە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە دڕێژایی تەمەنی نگریسی لە هیچ ئامراز و شێوازێک بۆ سەرکوت و داپڵۆسین، کوشتن و بڕین و زیندان و ئێعدام درێغی نەکردووە، بەڵام نەیتوانیووە هەستی ئازادیخوازی له‌ ئێران بکوژێت. بۆیە پاش تۆمارکردنی مێژوویه‌کی ڕەش و کەڵک وەرگرتن لە هەموو دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانیەوە، بە هەموو پرۆپاگاندەی میدیایی و ئیرشاد و سیستمی پەروەردەکەیەوە نەیتوانی ئاراستەی ویستی خەڵک و ئامانجەکانی شۆڕشی ساڵی ٥٧ کە بریتی بوون له‌ نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی و چینایەتی، به‌هره‌مه‌ندی کەمایەتییە ئیتنیکی و نەتەوەییەکان لە مافه‌ ڕەواکانیان، و هه‌روه‌ها دەستەبەرکردنی مافی ژنان، ئازادیی تاک و به‌ گشتی بونیاتنانی ئێرانێکی ئازاد و دێموکرات و سکۆلار، بگۆڕێت.

لە ساڵیادی ٣٩ سالەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا بە چاوخشاندێکی کورت به‌ بارودۆخی سیاسی و ئابووریی ئێرانی ژێر ده‌سه‌لاتی کۆماری ئیسلامی به‌ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت که‌ چۆن بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێژیمە ئاوات و ئامانجه‌کانی شۆڕشی جه‌ماوه‌رییان به‌ لارێدا برد و به‌ دواکه‌وتووترین یاسای سه‌رده‌م حاشایان له‌ ماف و ئازادییه‌کان کرد و وڵاتیان نوقمی گەندەڵی، دزی و تاڵان و بڕ و وێرانی کردووه‌. هەڵاوسانی ڕوو لە زیاد بوون و بەتاڵتربوونەوەی سندووقی پاشه‌کەوت، وەرشکستەیی بانکەکان، نوشستیی ئابووری و بێکاری و… ئابووریی ئێران و تەنانەت ڕێژیم و دەسەڵاتیشی بە بن‌بەست گەیاندووە و ته‌نها ئاسۆی گه‌ش و هیوا به‌خش بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران و چاره‌سه‌رکردنی ئەو کێشانه‌ گۆڕانی سیسته‌می سیاسییه‌، که‌ ئه‌مرۆ به‌ پانتایی ئێران بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی (ژنان، خوێندکاران، لاوان، ژینگەپارێزی، کرێکاران و…) تێیدا لە گەشە سەندنی بەرچاودان. کەشی ترس و تۆقاندنی داسەپاوی دەیان ساڵەی ڕێژیم شەقی گەورەی تێکەوتووە و خەڵک ترسیان ڕژاوە. لە ئاستی دەرەکیی و ناوچەییشدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی گەورەی چارهەڵنەگر بەرەوڕووە. پشتیوانیی ئاشکرای لە تێرۆریزم، ئاژاوەگێڕی و شەڕەنگێزیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، بۆ دنیا ئاشکرایه‌ و درێژه‌دانی ئه‌م سیاسه‌ته ‌چیدیکە قبوول ناکرێن.

بزووتنەوەی مافخوازانه‌ی کوردستان بە تایبەتمەندییە پێشکەوتنخوازانەکانی کە هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پێشەنگی خەبات بۆ ڕووخانی ڕێژیمی تۆتالیتێر و دیکتاتوری کۆماری ئیسلامی بووه‌، بێ گۆمان لە داهاتووشدا ئەرکی گەورەی لەو بوارە لە ئەستۆ دەبێت.

بە تێگەیشتنی دروست لە هەلومەرجی ئێستا و ئەرکمان لە بەردەم ئەم گۆڕانە گەورە کۆمەڵایەتی و سیاسییە لە ئێران، لەم بڕوایە داین کە یەکێتی ، یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی هەموو ئازادیخوازان و ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی بۆ سەرخستنی ئەرک و ڕاسپاردە مێژووییەکانیان و پشتیوانی لە بزووتنەوە جەماوەرییەکان پێویستییەکی چارەنووس ساز و حاشاهەڵنەگرە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای بەرز نرخاندنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دێموکرات و سیکۆلار و دادپەروەر، پشتیوانی لە خەباتی خەڵک بۆ دەستەبەر کردنی ماف و ئازادییەکانیان و سەرەنجام گۆڕینی ڕێژیمی سیاسی لە ئێران دەکات و خۆی بە پاڵپشتی هەر بزووتنەوەیەکی دێموکراسیخوازانه‌ ده‌زانێت بۆ لاوازکردن و هه‌لپێجانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لە سەر پێویستی هاوکاری و هاوپشتی و هاوخەباتیی هەموو خەباتکاران و ئازادیخوازانی ئێران پێداگری دەکاتەوە.

 

سه‌رکه‌وێت بزووتنه‌وی رزگاریخوازانه‌ی گه‌ڵی کورد

بڕووخێت ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌په‌ر‌ستی کۆماری ئیسلامی له‌ ئیران

 

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٩ی رێبه‌ندانی ١٣٩٦ی هه‌تاوی

٨ی فێوریەی ٢٠١٨ی زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی