"an independent online kurdish website

خۆپێشاندنەکانی ئەمجارەی ئێران لە چەند ڕووەوە جیاوازیان هەبوو لە گەڵ ناڕەزایەتیەکانی ڕابردوو. گشتگیر بوون و گەورەی ناڕەزایەتیەکان، ڕاستەوخۆ دروشم دان بۆ نەمانی ڕێژیم و دیکتاتۆری ڕێبەری،

دژایەتی کردنی ناڕەزایەتیەکان لە لایەن هەموو بەناو باڵەکانی ڕێژیم بە تایبەتی ڕیفۆرم خوازەکان، ڕەنگ دانەوەی بەربڵاوتر لە دونیای دەرەوە چ لە ڕووی میدیای چ لە ڕووی سیاسی، تەنانەت هەڵاتنی شاهروودی لە ئاڵمان بۆ تاران بەشێوەیەکی شەپرزە لە ژێر ئەم گوشارە میدیای و سیاسیە، وە دەنگ هاتنی ئاشکرای ئەمریکا و باڵپشتی لە خۆپێشاندان و بردنی ئەو کەیسە بۆ شۆڕای ئەمنیەت و زۆر بابەتی تر  دەتوانرێ وەک جیاوازیەکانی ئەم جارەی ناڕەزایەتیەکان لە گەڵ ڕابردوو بێت، کە لە هەموو ڕوویێکەوە بە خاڵێکی وەرچەرخان و بەرز کردنەوەی ورەو هیوایی ڕووخانی ڕێژیمی لێکەوتەوە.

 

ئەو خاڵانە بوونە هۆکارێک کە ئۆپزسیونی فارس بۆ قۆستنەوەی ئەو ناڕەزایەتیانە بۆ نیشان دانی هێزی خۆیان وەخۆ بکەون هەر یەکە بە جورێک خۆی بە نوێنەرو و پاڵپشت و دەنگی ئەو ناڕەزایەتیانە بزانێت. لە نێو ئۆپزسیونی ئێرانی مجاهیدینی خەلق و رزا پەهلەوی زەقتر و دیارتر بوون. بێ گومان ئەو خۆ دەرخستنە بۆ هەبوونی خەونی بە دەسهەڵات گەیشتن لە لایەن ئەو دوو لایەنە دەگەڕێتەوە.

 

بۆیە بە پێویست دەزانم لێرە دا چەند سناریۆیەک بۆ دوای ڕووخانی ئێران شی بکەینەوە بە شی کردنەوەی ئەو سناریویانە تیشک بخەینە سەر داهاتووی کورد و کوردستان لە ئێران دا. هەروەها بۆ جارێکی تر گرنگی دان و جەخت کردنەوە لە سەر خۆ ئامادە کردن و بە هێز کردن بۆ هەر ئەگەرێک تەنانەت ئەگەر ئەگەری ڕوودانیشی لاواز بێت.

 

سناریۆی یەکەم لە پەنجەرەی مجاهیدین خەلقەوە:

 مجاهیدین خەلق وێڕای ئەوەی کە پێگەیەکی ئەو تۆیان لە ڕووی جەماوەری نیە چونکە خەڵک ئاگاداری ئیدۆلۆژی و بیرکردنەوەی مجاهیدینە. هەروەها ڕێژیمیش لە چەند جارێک دا ویستی خۆپێشاندنەکان بە ئەوانەوە ببەستێتەوە ئەوە خۆی تاکتیکێک بوو بۆ ئەوەی بڵێت کە ئەگەر من نەمێنێنم لایەنی وەک مجاهیدین دێنە سەر کار.

بەڵام نابێت بە هیچ شێوەیەک هێزی تێکدەری و ئیدۆلۆژیکی ئەوان بە کەم بزانرێت. ئەگەر بەو هێزە لە ڕوژانی یەکەم دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بە دەسهەڵات بگەن هەوڵی پتەو کردنی پێگەی خۆیان دەدەن تا بەهێزتر ببن و دواتریش بەرەو دامەزراندنی دیکتاتۆریەکی تر دەڕۆن کە پێم وایە ئەو دیکتاتۆریەتە بە شێوەیەک دەبێت کە ئەو جار هەموو لایەک کۆماری ئیسلامی بە ئاوات دەخوازن. ئیدۆلۆژیک بوون و دیکتاتۆریەتی نێو ڕێکخراوەی مجاهیدین بەڵگەیە بۆ ئەو بابەتە. هەروەها ئەو ئیدۆلۆژیەی کە مجاهیدین هەیەتی وەک تێکەڵەیەک لە دو ئیدۆلۆژی ئیسلامی و مارکسیستی بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ کە تێیدا مەریەم ڕەجەوی سەرۆکی مجاهیدین کە لەلایەن ئەوانەو بە سەرۆک کۆماری ئێرانیش هەڵبژێدراوە هەموو بڕیارێک دەدات و وتەی یەکەم و ئاخیر دەڵێت، بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بە مەترسیدار دەزانم. بە ورد بوونەوە لە مێژووی مجاهیدین سەلماندنی ئەو ڕاستیانە زۆر ئاسانە بەتایبەتی ئەگەر سەیری چۆنیەتی سەرۆک بوونی مەریەم بکەین.

 

سناریۆی دووەم لە پەنجرەیە پاشایەتی خوازەکانەوە:

ئەم سناریۆیە کە ڕەزا پەهلەوی کوڕی حەمە ڕەزا شای پێشوو نوێنەرایەتی دەکرێت لەوانەیە لە ڕووی جەماوەری زیاتر لە مجاهیدین پێگەی هەبێت بەڵام بەو شێوەیە نیە کە بانگەشەی بۆ دەکرێت. بە گوێرەی وتارەکانی ڕەزا پەهلەوی لە ڕاگەیاندنەکان و پەیامەکانی بە جۆرێک وانیشان دەدات کە بڵێت بڕیاری کۆتایی با لە لایەن خەڵکەوە بدرێت واتە بە مانایەکی تر داوای ڕێفراندۆم دەکات و کار بۆ ئەم بابەتە دەکات. بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە ئەو مودێلی تایبەت بە خۆی نەبێت. بەڵکو بە گوێرەی ئەو بانگەشانەی کە لە میدیاکان دەکرێ هەروەها هەندێک جوڵەی لایەنی تر دەتوانم بڵێم ئەو مودێلە جورێک لە پاشایەتی مەشروتەیە کە تێیدا ڕەزا پەهلەوی دەبێتە شا و هەندێک پێشکەوتنی  دێموکراسی بە نیسبەت کۆماری ئیسلامی دەبێت و دەسهەڵات لە نێوان شا حکومەت دا دابەش دەبێت. هەروەها دەیانهەوێ ئەو مودێلە بە ڕێفراندۆمێک بێنە سەر کار کە لە لایەک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێت و لایەکی دیکەش ئەو مودێلە بێت. کە ئەگەری سەرکەوتنی هەیە وەک ڕێفراندۆمەکەی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران. بە دونیایی دەرەوەش وا نیشان بدەن پاشایەتیەکە بۆ پێشی گرتن بە دروست بوونەوەی کۆماری ئیسلامیە لە ناوخۆش دا دەیانهەوێ بڵێن ئەمە بۆ پێشی گرتن بە مەترسی جیا بوونەوەو پاراستنی یەکێتی خاکی ئێرانە. من وای بۆ دەچم کە ئەو مودێلە لە نێو خودی ڕێژیمیش لایەنگری هەبێت وەک بنەماڵەی هاشمی ڕەفسنجانی. کە پشتگیریان لەو مودێلە بۆ دو هۆکار دەگەڕێتەوە یەکەم وەک تۆڵە کردنەوەیەک لە خامنەی دوەم دابین کردنی ڕۆڵی خۆیان داهاتوو.

بڵاو بوونەوەی فیلم کۆبوونەوەی دەست نیشانکردنی خامنەی وەک ڕێبەر دوای مردنی خۆمێینی، نیشان دان و زەقکردنەوەی  پشتیوانی خەڵک بۆ پاشایەتی و هەبوونی سۆزیان بۆ بنەماڵەی شاهەنشای لە خۆپێشاندنەکان لەلایەن میدیای دەروەی فارسی، وتار و قسەکانی ڕەزا پەهلەوی وەک بەڵگە بۆ ئەو بۆچوونەی خۆم دەزانم.

 

لەوانەیە سناریۆی تر لەلایەن کەسان و هێزی تر هەبێت بەڵام بەڕادەیک لاوازن کە تەنانەت بە گوێشمان ناگەن بۆیە ئەگەری هاتنەسەرکاریان دوای ڕووخان بە کەم دەزانم بۆ نمونە وەک هێزە چەپە کۆمۆنیستی و مارکسیستەکان.

 

ڕوانگەی ئێمەی کورد بە نیسبەت ئەو دو سناریویە:

ئێمەی کورد یا زۆرینەی هێزو لایەنە سیاسیەکانی ئۆپزسیون لە بەرنامە و فەلسەفەی کارمان و ویستی لە مێژینەمان وێڕای دەستەبەرکردنی دێموکراسی هەروەها دابین کردنی مافە نەتەوایەتیەکانمان لە چوارچێوەی کوردستان دا هەیە.

 

واتە هەر دەرەتانێک دروست بێت یەکسەر داواکانمان کە خۆیان لە چوارچێوەی سەرەوەدا دەبیننەوە بە بنەمای پەیوەندیمان و داخوازیمان لە گەڵ ناوەند دادەنێین.

 

بەڵام لە هەر دوو سناریۆیەی سەرەوە کە باسمان کرد هیچ جێگەیەک بۆ داخوازیەکانی کورد تەنانەت کەمترینیشیان وەکو خودموختاری نیە. بە هەموو شێوازێک دژایەتی هەر جۆرە کرانەوەیەکی لەو شێوازە دەکەن زۆر فاکت بۆ سەلماندنی ئەو قسەیە هەیە. بۆ نمونە تەنانەت لە کاتێک دا لە ئۆپزسیون دان هیچ دەسهەڵاتێکیان نیە ئامادە نین کەمترین نەرمی لە بەرانبەر خواستەکانی کورد بنوێنن.

 

لە باردۆخێکی وەها دا کورد دەبێ بە هەموو شێوەیەک خۆی بەهێز بکات و گۆڕانکاری لە داخوازیەکانی دروست بکات. بە شێوەیەک بە درێژای مێژوو ئێمە لە سەر کەمترین داخوازیمان لە گەڵ ناوەند باسمان کردوە بەڵام کەمترین  ئاکاممان هەبووە. هەر بۆیە دەبێ ئەمجارە لە ژێر ڕۆشنایی خۆ بەهێز کردن دا ئاستی داواکاریەکانمان بۆ ڕادەی سەربەخۆیی بەرز بکەینەوە کەمترینیان بڕیار دان لە مافی چارەنوس بێت.

بەو شێوەیە دوو ئامانج دەپێکین، یەکەمیان ئەگەر وەک تاکتیکی دانوستاندن داوای زۆرترین بکەی لەوانەیە کەمترین بە دست بێنی. دووەم تەنانەت ئەگەر قەبوڵیان نەبوو خەبات و قوربانی دانەکە بۆ بنەمایەکی گرنگتر و داخوازیەکی بەجێتر دەبێت کە کاریگەری لە سەر شۆڕش زیاتر دەبێت.

 

ئەلبورز ڕۆئین تەن

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی