"an independent online kurdish website

 ڕەنگە هەر زوو هەندێک وەڵام بدەنەوە کە وتەی ڕووخانی ڕێژیم زۆر کۆنە و دوبارەیە بۆیە پێشبینی وا دروست و بەجێ نیە، لەوانەیە ناحەقیش نەبن چل ساڵە ئەو ڕێژیمە لە ستەم بەردەوامە.

albors-rointan

ئەلبورز ڕۆئین تەن

بەڵام پێم وایە ڕێژەی ستەم و گرفتی دروست بوو بۆ گەلانی ئێران لەو چل ساڵە گەیشتوتە لوتکە بە جۆرێک خەڵک وەک هەمیشە لە تەقینەوە بەسەر ڕێژیم دا زۆر نزیکە ئەو چەندە بە تایبەتی بۆ کوردستانی داگیرکراو هەر زۆر ڕاستە. چونکە ڕێژەی ستەم دەگاتە ئەو ئاستە بە هەر هۆکارێکی دەرەکی و ناوخۆی تەنانەت سروشتیش بێت دەبێتە هەستانەوەی بەربڵاو و یەکجاری خەڵک.

لە هەمان کات دا شۆڕش و پشتیوانانی شۆڕشیش بە تەماشا دانەنیشتون بەڵکو ڕووخاندنی کۆمار بە ئەرکی سەرەکی و هەوەڵی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان دەزانن ئەو چەندەش بە ئامادە کردن و بڵاوە پێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە شاخ زۆر بەرچاوە.

لە لایەکی تر گەلیش دانەنیشتوە بەڵکو ئیتر هەر زوو زوو خەریکی حەماسە خوڵقاندنن ڕوودانی چواری جوڵانەوەی جەماوەری بەرین لە کوردستان دا لە ماوەی ساڵی ڕابردوو دا کە بەنەورۆزی جامانە دەستی پێکرد و لە حەماسەی هاوکاری ویارمەتی دانی کرماشان گەیشتە لوتکەی خۆی بەشێکن لەو بزاڤە کە خەڵک ئەنجامی داون و بێ نرخ نەبوە. هەروەها  ڕۆژانە چەندین ناڕەزایەتی بچوک و گەورە لە دژی دام و دەزگای میری ئەنجام دەدرێت

وابزانم ئیتر وادەی زۆر درۆی وەک بەرجام و ڕیفۆرمخوازای بەرەو تەواو بوون دەچێ، تەنانەت سەرچاوەی بەشێکی ئەو  توڕەی خەڵک ئەو درۆ و فریودانانەی سەرانی ڕێژیمە، چونکە ئاکامەکانی ئەو وەعدانەی کە بەخەڵک دراون نەک باشتر بوونی بارودۆخی ئابوری و سیاسی و ئازادیەکان و مافی مرۆڤ و هتد نەبوە، بەڵکو هەروەکو دیتمان لە هەموو بوارێک دا جیاوازیەکی ئەتۆ لە سیستم و جۆری حوکمڕانی ڕێژیم بە دی نەهاتوە تەنانەت خرابتریش بوە. لە ڕووی ئابوریش لە بودجەی ساڵی ۹۷ دا دیارە گوشارێکی زۆر بۆسەر گەلانی ئێران و بە تایبەتی کورد و کوردستان هەیە.

لەو ماوەیە دا کە گوایە گەمارۆکان نەماون دەبا بارودۆخی خەڵک باشتر ببا بەڵام هەموو کالایەکی بەکار هێنانی پێویستی ڕۆژانە گران بوە، بێکاری کۆنترڵ نەکراوە و بەرهەم هێنان کەمی کردوە، بەسەدان گرفتی تر کە دیاری ڕێژیمە  بۆ گەلی کورد و گەلانی تری ئێران ڕوو لە زیاد بوون دان. تەنانەت مەترسی کارەساتی ڕووداوێکی سروشتی بە هۆی کاڕگێری زۆر خراب لەساڵانی ڕابردوو خەڵکی تۆقاندوە.

لەو نێوە دا نەک هیچ ئاسۆی چارەسەری نابینرێ بەڵکو بە فراوان بوونی ئیمپراتۆری ئابوری بەرپرسانی ڕێژیم و دزی تاقمی دەسهەڵات دار و ستەمی هێزەکانی ڕێژیم لەلایەک و ڕقی بێ وێنە و زۆری خەڵک لەلایەکی تر بۆتە هۆی ئەوەی کە بڵێم ڕووخانی ڕێژیم نزیکە.

 

ئەوە وێڕای ئەوەی دەتوانێ هەواڵێکی خۆش بۆئێمە شۆڕشگێران و پشتیوانانی شۆڕش بۆگەیشتن بە مافەکانمان بێت زەنگێکی وشیار کەروەی گەورەیە بەتایبەتی ئەوانەی مێژووی کوردیان خوێندۆتەوەو دەیانهەوێ دەرس وەربگرن و بە ئامادەییەکی بێ وێنە بەرەو داهاتوو بڕوانن ئەوان باش دەزانن لە پاش ڕووخان و لاواز بوونی دەسهەڵاتی ناوەندی دەرفەتێکی زێڕین دروست دەبێت دەبێ کەڵکی لێوەربگرین. لە هەمان کات دا ئەوە ئەرکی هێزەکانی دژبەری ڕێژیم بە تایبەتی کوردە کە ئەو هەلە بقۆزنەوەو ڕەوتی داڕمانی ڕژیم خێراتر بکەن بۆ ئەوەی لە ئێستاوە دەسهەڵاتی داهاتووی کوردستان بە دەست بگرن.

هەر بۆیە ئامادەیمان بۆ ڕۆژێکی وەها زەرورەتێکی حاشا هەڵنەگرە، تەنانەت چەند زۆر ئامادە بین ئەوەندە دەتوانین داخوازی گەل بچەسپێنین. چونکە ئەوە باش دەزانین ئەزموونی سەد ساڵەی ڕابردوو  تەنانەت  ئەو ڕووداوانەی ئێستای باشوری کوردستان بە باشی ئەو چەندە دەسەلمێنێ هەر کەسێک لە تاران حکومەت بکات جا چەند دێموکرات و دۆستیش بێت کە دەگاتە ماف و داخوازی گەلێکی چەواسەوەی کورد و وڵاتی داگیرکراومان کوردستان جیاوازیەکی ئەوتۆی لە گەڵ زاڵمی پێش خۆی نەبوە نابێتیش.

چۆن بۆ ئێمە ژێردەستەی نامومکینە بۆ ئەوانیش جیاکردنەوە یا بەهێز بوونی کورد وەک مەترسیەک بۆ جیابوونەوەی کوردستان مومکین نیە، کەواتە لێرە دا کێ زیاتر خۆی ئامادە کردبێ و تۆکمە و یەکگرتوو و یەکڕێز بێت دەتوانێ سەربکەوێت.

دەبێ ئامادەی بەڕێوەبردنی وڵاتی کوردستان بە شێوازێکی دێموکراتیک و یاسایی کەتێیدا دەسهەڵاتی گەل بچەسپێ هەروەک ساڵانی درێژە بانگەشەی بۆ دەکەین بین. دەبێ ئامادەی دابین کردنی ئاسایش و دامەزراندنی بەزووی دامەزراوەی سیاسی و یاسای و جێبەجێکاری بین. دەبێ ئامادەی بەڕێوەبردنی قوناغی گواستنەوە بین. دەبێ خاوەنی هێز و فورمۆڵی پێشی گرتن لە دروست بوونی گرفت لە ورمێ و ناوچەکانی تری کوردستان بین. دەبێ هەر لە ئێساوە هاوکاری و هەماهەنگی هێزو لایەنە سیاسیەکان لە ئاستێک دا بێت کە گرفتەکان بە زووی و بە دیالۆک چارەسەر بکات و لە بابەتە نیشتمانیەکان لە پلان ڕێژی تا جێبەجێ کردنی هەماهەنگ و پاڵپشتی یەکتر بن. دەبێ ئامادەی چارەسەری گرفتی خەڵک بین بەتایبەتی ڕێژیم بە سەدان گرفت و قەیرانی دروست کردوە کە چارەسەریان ئاسان نیە. بەڵکو پێویستی بە ئامادەییەکی زۆر و زانیاری و زانستی بەڕێوەبەری وشەفافیەت و دڵسۆزیە.

ئەو هەموو ئەرکە و بە سەدان ئەرکی تر خۆ ئامادە کردنێکی زۆر و پوختی پێویستە. چۆن دەڵێین کۆماری کوردستان دەرفەتی خۆ ئامادە کردنی نەبوو چۆن دەڵێین لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران خۆمان بە ڕێژەی پێویست ئامادە نەکردبوو و ڕێژیم بە سەرمان دا ڕووخا. دەبێ دەرس لە مێژوو وەرگرین بۆ ئەمجار خۆمان ئامادە بکەین تا نەهامەتیەکان دوبارە نەبنەوە.

هەروەها ئەو خۆ ئامادەکردنە دڵنیایی زیاتر دەداتە بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات کە وانەی پێویست لە ئەزموونی حوکمڕانی باشور وەرگیراون و هەڵەکانی ئەوان دوبارە ناکەنەوەو لە کارە باشەکانیشیان فێربوونی پێویستیان هەبووە.

هەر بۆیەش ئامادەی وهەبوونی هەستی دەبێ خۆمان ئامادەی ئەرکێکی وا گەورە بکەین زۆر بابەتی لاوەکی وەلادەنێت و دەتوانێ ببێ بە بناغەی دیتنی تیشکی ئاسۆی ڕوونی ئازادی و سەربەستی.

 

تێبینی. ئەم بابەتە بەر لە دەست پێکی خۆپێشاندانی سەراسەری لە ئێران و کوردستان نوسراوە واتە ٦ بەفرانبار ۱۳۹٦

 

ئەلبورز ڕۆئین تەن

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی