"an independent online kurdish website

هاوینی ساڵی ١٩٨٤ مرۆڤێکی کورد لە باکووری کوردستانەوە  ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دەکا کە توێشووەکەی پڕە لە ئەزموونی  خەباتی پارتیزانی و  نەزم و دیسیپلینێکی پۆڵایین و مێشک و بیر هزری هەم بیری نەتەوایەتی و  هەمیش بیری سۆسیالیستیی لە خۆ گرتووە. نە ئەو کەس دەناسێ و نە کەس ئەو دەناسێ .ئەو کوردە کە دەگاتە لای پێشمەرگەکانی حیزب خۆی بە ئەحمەد دەناسێنێ و دواتر پاشناوەکەشی دەکاتە کوردنەژاد. مرۆڤێکی کەم قسە، دەروون پڕ، قاڵبووی خەباتێکی سەختی پارتیزانی و هاوکات خەباتکارێک کە کۆڵێک غەمی لە کۆڵ کردووە و جارێ  غەمی تێرۆرکرانی برا ڕۆشنبیر و سیاسەتوانەکەی بە ڕوخسارییەوە دیارە. بە تەمەن گەنج بە ڕوخسار بە ساڵاچوو دیارە و سەری ماش و برینجی تێکەڵە.

 پێشمەرگە و خەڵکی دەڤەر  و دۆست و هاوڕێ و هاوخەباتێکیان هەیە کە بە  ئەحمەد کوردنەژاد  دەناسن، بەڵام نە ناوی  و نە پاشناوی جارێ کەس نازانێ. بەڵام ناوە ئەسڵەکەی  (عەبدولا سۆلمەز ) ە  و خەڵکی باتمانی باکووری کوردستانە. (( لەمەو دوا هە ربە ئەحمەد ناوی دێنم))

بنەماڵەی سۆڵمەز یەکێك لە بنەماڵە ناسراوەکانی شاری باتمانی باکووری کوردستان  لە بواری ڕۆشنبیری و نیشتیمان پەروەریدا . بنەماڵەیەک کە ڕۆڵەی وەک ئەدیب سۆلمەز برا گەورەکەی  ئەحمەد بۆتە ناسنامەی خۆیان و بگرە شارەکەیان.

عەبدوڵا سۆڵمەز(ئەحمەد کوردنەژاد)

ئەحمەد لە کادرە دەستپێکییەکانی  ڕەوتی” ئاپۆجی “کە دواتر  ناوی گۆڕدراوە بۆ شۆڕشگێرانی کورد و سەرەنجام  بووە بە پارتی کرێکارانی کوردستان  کە بە قسەی خۆی نەچووتە زانکۆ و دیپڵۆمی هەبووە، بەڵام کەسێک کە  خاوەنی فکر بوو. دەیتوانی بە سەعاتها لە سەر خەباتی نەتەوایەتی، چینایەتی و ڕۆشنبیری قسە و باس بکا. لە سەر خەباتی گەلانی ژێر دەست دەریایەک زانیاریی هەبوو. لەسەر شۆڕەشەکانی کورد زانیارییەکی زۆری کۆکردبووە.لە سەر شۆڕشە نەتەوایەتی و چینایەتییەکانی جیهان موتالای زۆری کردبوو و لە هەر هەمووشیان ئەزموونی وەرگرتبوو. بە حوکمی ئەوەی کە کاتی خۆی پ ک ک بەشداریی کردبوو لە شەڕی فەلەستینییەکان لەگەل ئیسرائیل ، ئەحمەدیش یەکێک لە بەشداران بوو کە لەوێ ئەزموونێکی زۆری خەباتی پارتیزانیی بە دەست هێنابوو. بەتایبەتی ئەزموونی تەحەموڵی سەختی و ڕەچاو کردنی نەزم و دیسیپلینی پارتیزانی. ئەحمەد دەیتوانی چەند سەعات لە یەک جێ دابنیشێ ، یان درێژ بێ  تەنانەت یەک جووڵەی بچووکیش نەکا. ئەحمە بەشداری زۆر شەڕی دژی ئەرتەش و پۆلیسی تورکیە کردبوو. بیرەوەریی زۆری هەبوو لەو شەڕانە، لە ڕەفتاری فاشیستانەی سەرباز و پۆلیسی تورک.

ئەحمەد کەم قسە و مێهرەبان لەگەل هاوڕێکانی و خەڵك، بەڵام لە هەمانکاتیش دا ڕوخسارێکی خەشنی هەبوو لە هەمبەر ئەو هەڵس و کەوتانەی کە بە دڵی نەبوون و بە پێی ئەزموون و پەروەردەی ئەو دەکەوتنە قاڵبی بێ نەزمی. ئەحمەد بە قسە کردنی دەنگی بەرز زۆر حەساس بوو. بە قسە و جۆک و شۆخیی  ناشیرین و قەڵس بوو.  لەبەر چاو گرتنی ئەسڵی نهێنیکاری و ئینزیبات لای ئەحمەد خەتی نەک جارێك بگرە سەد جار سوور بوون((  بە ئەمانەتەوە دەڵێم کە لەو هەموو ساڵە ئەحمەد لە نێو حیزب دا بوو، بەرپرسایەتیی بەرزیشی  هەبوو، لە بیرم نایە جارێک نهێنی یەکی ڕێکخراوەیی پ ک ک باس بکا، یان باسی خراپەی پ ک ک بکا)). ئەگەر دوو کەس بەحسیان بوایە، هەتا داوایان لە ئەحمەد نەکردباوە نەدەچووە نیو باسەکەیان. نەزەری لە سەر شتێک دەرنەدەبڕی کە ئەگەر داوایان لێ نەکردباوە.لە قسە کردن دا ڕستەی کورد و پڕ مەعنای بە کار دەهێنا و درێژ دادڕیی نەدەکرد. لە بەحس دا هیندێك جار حەساس دەبوو، بەڵام زوو دەهاتە سەر خەتە ئەسڵیەکە و خۆی کۆنترۆڵ دەکرد.  دەیتوانی بە هیندێك نانی ئیشک قانیع بێ و لای ئەو تەواو بوو. هەر لە مناڵییەوە مەشرووبی خواردبوو، بەڵام لە مەشرووب خواردنیش دا سنووری خۆی نەدەبەزاند. ئەحمەد بەردەوام گوێی لە ڕادیۆ دەگرت و بەردەوام ئاگای لە  هەواڵی کوردستان و جیهان بوو. گووشییەکی بچووکی هەبوو جاری وابوو شەوانە کە بەڕێگاوە بووین “بی بی سی” بەشی تورکیی گوێ دەدایە.

هاوینی  ساڵێ ١٩٨٥ لە  کوێستانەکانی بناری چیای شەهیدان بووین  کە بەرەو مەئمووریەتی بنکەی دەفتەری سیاسی دەچووین. بەیانی زوو پێشمەرگەیەک بە ناوی لەزگین ڕادیۆی ئەحمەدی بردبوو گوێی دابووە ڕادیۆ دەنگی کوردستان. چۆن بوو چۆنی شکاندبوو لە بیرم نیە، بەڵام دەزانم رادیۆکەی شکاندبوو و هێنای دای بە کاک ئەحمەد و گوتی وەڵا ڕادیۆکەم شکاند. ئەحمەد زۆری پێناخۆش بوو. ڕادیۆکەی لە ژێر پیی دانا تا ورد و خاشی کرد و گوتی: جا شکاندووتە و هێناوتە دەیدەی بە من ، چی لێ بکەم، تازە بە کەلکی چێ دێت؟

ئەحمەد مرۆڤێکی بە ئیستیعداد بوو بۆ فێربوون. لە ماوەیەکی کەم دا هەم زاراوەی سۆرانی بە باشی فێرببوو، زۆر جوان و دەقیق سۆرانیی دەنووسی و دەخوێندەوە بە پیتی ئارامی. هاوکات فارسیش فێر ببوو. هیندێک عەرەبیشی دەزانی. جارێکیان لەگەل هاوڕێیەک چووبوونە شارۆچکەی کارێزە. لەوێ شۆفێری تاکسییەک بێ حورمەتیی کردبوو بە کوردی ڕۆژهەڵات. ئەحمەد سیلەیەکی  لێ دەدات و کابرای شۆفێر دەڵێ: تۆ کێی؟ ئەحمەد بۆ ئەوەی خەتاکە بخاتەوە ئەستۆی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کەلە دۆڵی جافایەتی هەبوون، بە بە زمانی فارسی  دەڵێ: اسم من علی است! ئەوجار کابرای شۆفێڕ وادەزانی ئەوە فارسە و کورد نیە! هەروەها ئەحمەد کلاسی دەبوو لە سەر بەرنامە و ئەساسنامەی حیزب کە بە زمانی کوردی و فارسی بوو. بەڵام ئەو هیندە بە ئیستیعداد بوو، لە ماوەیەکی کەم دا موتالعەی کردبوون و کلاسی لە سەر هەبوو.

کاک ئەحمەد جگەلە موتالعەی کتێبی سیاسی ، مێژووی و فەلسەفی ، زۆر ئۆگری شێعر و ئەدەبی کوردی و بگرە تورکیش بوو. جارێکیان کاک ئەحمەد خەریکی خوێندنی شێعرێک بوو. گوتی کاووس گوێ بگرە: شێعرەکە ئەوە بوو دەیگوت: تێن ! بە دەها تین، ب سەدا تێن، ب هزارا تێن، ب دە هەزارا تێن، ب سەد هزارا تێن،ب میلیۆنان تێن!

شێعرەکە تەواو بوو منیش گوتم کەکێ ئەحمەد ئەوانە هەموو کێن بەڕێگاوەن و بۆ کوێ دەچن، سوارن یان پیادە؟ بە پێکەنینە جوان و مانادارەکەی گوتی : ئەوە ئێمەین دەچینە شاخ بۆ بەرخودان!

ئەحمەد بیرەوەریی زۆر خۆشی هەبوو لە باکووری کوردستان. باسی دەکرد کە خەڵک چۆن  لە سەرەتا دا لە پ ک ک دەترسان و باوەریان ەب قسەی دەوڵەت کردبوو کە دەیگوت: ئەوانە تێرۆریستن. باسی دەکر دکە جاری وابوو دەچووینەو ەماڵێک ، خاوەن ماڵ هەر ئەوند ەمابوو وەسیەت بکا، بەڵما بە جۆرێک رەفتارمان دەکر دکە جاری دوایی نەک هاوکاریی دەکرین، ئێمەی دەبردە ماڵەکان و مەعریفی دەکردین تا خەڵک لێمان نەترسێ و هاوکاریمان بکا. باسی لە ڕەفتارەکانی پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عێراقی دەکرد لەگەل پ ک ک  و هەمیشە دەیگوت: بەداخەوە پارتی لەگەلمان زۆر خەراپ بوو. دەیگێڕاوە کە ٣ مانگ لە دەشتی بەڕازگر  و لە قەراغ چۆمێک بە شەوان خەریکی لێدانی توونێلێک بوون و خۆڵەکەشیان لە چۆمی کردووە، تا ئامادەی بکەن زستانەکەیان لەوێ دا دەرباس بکەن، لە ئاخەر ڕۆژەکان دا دوو پێشمەرگەی پارتی دەیان بینن و پەناگاکەیان لێ ئاشکرا دەکەن و هەموو زەحمەتەکەیان بە هەدەر دەچێ.

ئەحمەد لە دۆستان و هاوڕێ نیزیکەکانی  شەهید عەگید(مەعسوم قۆرقماز)  فەرماندەرە ناسراوەکەی پ ک ک  و محمد شەنەر کەسی دووهەمی ئەو حیزبە بوو. هەرکات باسی دەکرد هەناسەیەکی قووڵی دەکێشا و سیگارێکی دادەگیرساند. بەتایبەتی دوای  دەرکەوتنی ئەحمەد ئەو فەرماندەیە شەهید ببوو بۆیە زۆر موتەئسیر بوو بە شەهید بوونەکەی (٢٧.٣.١٩٨٥).

هەروەک لەسەرەوە باسم کرد ئەحمەد برای کەسایەتیی ناسراوی شاری باتمان بوو کە تێرۆر کرابوو. ئەدیب سۆلمەز ئەفسەری ئەرتەش بوو کە بەهۆی بیری کوردایەتی لە ئەرتەش دەرکرابوو . لە هەڵبژاردنی ١٥ی نوامبری ١٩٧٩ وەک سەربەخۆ کەوتە ململانێی هەڵبژاردنی شارەوانیەکان و لە ئاکام دا توانی دەنگێکی زۆر لە شاری باتمان بەدەست بێنێ و ببێتەوە سەرۆکی شارەوانیی ئەو شارە. لەگەل ئەوەی ئەدیب ئەفسەریش بوو بەڵام بە نهێنی  لەگەل ڕەوتێک کە بەناوی شۆڕشگێرانی کوردبوون و دواتریش بوونە هەستەی دامەزرێنەری پ ک ک  کاری کردبوو و کە پ ک ک دامەزرا  ئەوجار وەک سیاسەتوانێکی گەنجی جەسوور و کوردپەروەر لەواقیع دا باڵی سیاسیی پ ک ک بوو لە ناوخۆی وڵات. تورکەکان نەیانتوانی شارەدارێک لە باتمان تەحەموڵ بکەن کە  شارەوانی بکاتە مەکۆی کوردایەتی. چوونکی لە توانا و نفووزی بەرینی ئەدیب زۆر چاک ئاگادار بوون . بۆیە لە ڕێگای دەوڵەتی سێبەر و بە هاوکاریی خائینانی خۆماڵییەوە لە ڕۆژی ١٢ نوامبری ١٩٧٩ کاتێک دا تازە کۆبوونەوەی شارەداریی تەواو کردبوو و بەرەو ماڵەکەی دەچوو کەوتە بەردەستدرێژ و  تێرۆر کرا و تا ئێستاش دەوڵەت بکەری  ڕاستەقینەی ئەو تێرۆرەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام دەوڵەتی سێبەر و هاوکاری کوردی خۆفرۆشیشی هەبوو.  شارەداری نیشتیمان پەروەر تەنیا ٢٨ ڕۆژ شارەدار بوو. واتە لە ١٥ی ئۆکتۆبر تا ١٢ی نوامبر و بەداخەوە تێرۆر کرا. تێرۆری ئەدیب دەستپێکی تێرۆریزمی دەوڵەتی سێبەری تورک بوو کە دواتر بە سەدان کەسایەتیی کورد لە نێو بران. تێرۆری ئەدیب سۆلمەز دەنگدانەوەیەکی بەرینی لێکەوتبووە و ببووە دەستپێکی خەباتێکی توندی کوردایەتی کە پ ک ک تازە جڵەوی ئەو خەباتەی دەگرتە دەست. هەروەها پ ک ک لە سەر تێرۆری ئەدیب سۆلمەز چەندین سەرۆک عەشیر و دەیان کەسی دیکەی کوشت کە بەجۆرێک هاوکاریی دەوڵەتیان کردبوو بۆ تێرۆرەکە.  ئەو ڕووداوە کاریگەریی زۆری لە سەر ئەحمەد دانابوو ، بەڵام زۆر کەم باسی دەکرد. قسەیەکی هەبوو هەمووجارێ دەیگوت: هەر کوردێک نەزانێ کە دەوڵەتی تورک چەندە دوژمنی کوردە و چۆن دوژمنایەتیی کورد دەکا، ناتوانێ کوردێکی ڕاستەقینە بێ!

شەهید ئەدیب سۆلماز

هەر وەک گوترا ئەحمەد هاوینی ساڵی ١٩٨٤ ڕیزەکانی پ ک ک بە جێ هێشت و ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی هەڵىژارد کە لە دەڤەری باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان تازە بە تازە نیزیک بە تەواوی ناوچەکان داگیر کرابوونو  هێزی پێشمەرگە دەکەوتە حاڵەتی خەباتی پارتیزانی. بۆیە بوونی کەسێکی وەک ئەحمەد کە ئەزموونی خەباتی پارتیزانیی هەبوو هەم لە باکوور  وهەم لە فەلەستین زۆر گرینگ و پڕ بایەغ بوو. ئەو سەرەتا لە هیزی شەهید حاتەم و  لە ماوەیەکی کورت دا دەبێتەوە هاوکاری تەشکیلاتی ناوچەی شپیران سەڵماس. ئەوەش زاد کەم کە ئەحمەد لە نیو پ ک ک دا هەم بەرپرسایەتیی نیزامیی هەبوو هەم تەشکیلاتی. بەرلەوەی ئەو حیزبە بەجێ بێڵێ لە بۆتان تا شەمزینان کاری ەتشکیلاتیی کردبوو، بەرپرسی تەشکیلات بوو. بۆیە حیزبیش لە ئەزموونی ئەو  بەشەی کەلک وەردەگرت و ئەرکی پێ سپاردبوو. ئەحمەد لەو ماوەیە دا بەشداریی لە چەندین شەڕی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگە لەگەل داگیرکەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبوو  و جێ پەنجەی دیار بوو. بەتایبەتی شەڕە بەناوبانگەەکەی جەتەر لە ١٦ی بەفرانباری ١٣٦٣ کە سەدان کەس لە ئەفرادی دوژمن کوژران و بریندا ربوون.

هاوینی ساڵی ٨٥ چووینەوە بنکەی دەفتەری سیاسی و تا بەهاری ساڵی ٨٦ ئەرکی پاراستنی چەند بنکەیەکی سەربە دەفتەری سیاسی و ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانمان  پێ سپێردرابوو. بنکەی ئێمە وەک هێزی شەهید حاتەم لە پێشان لە ئاسایشگا و دواتر لە بنکەیەکی سەرووی سکرتاریا و ماڵی کاک دوکتۆر قاسملوو بوو و هاوکات دەزگایەکی پەخشی رادیۆ دەنگی کوردستانیش لەوێ بوو. ئەحمەدیش بە حوکمی ئەوەی کادری ناوچەیەک بوو کە ناوچەی کار و تێکۆشانی ئەو هێزە بوو، لەگەل ئێمە دەمایەوە. بە بێ مجاملە دەڵێم کە ئێمە وەک پێشمەرگەکان هەمان ئیحتراممان بۆ کاک ئەحمەد دەگرت کە بۆ فەرماندەری هێزەکەمان دەگرت. حەسەن بازووکەی فەرماندەری هێز یادی بەخێر هەموو جار پێی دەسپاردین کە ڕێز لە کاک ئەحمەد بگرن و ئێمەش هەر وامان دەکرد. ڕۆژێکیان لە دەرکی مقەر دانیشتبووین  و خەریکی چا خواردن بووین کە دیتمان کەسێک هات بۆ لای ئێمە . ئەحمەد تێی ڕاما و  یەک جێ هەستا و چووە پێش و بە تورکی پێێ گوت: Ahmet

ئەو کەسە  پرسیاری کرد بەرپرس کەس هەیە لێرە؟ گوتمان ئەوە کاک فەرامەرز فەرماندە  لک مانە. نامەیەکی دەرهێنا و دایە  فەرامەرز. دوای خوێندنەوەی نامەکە  فەرامەرز ئەو کەسەی بە ئێمە ناساند کە ناوی ئۆمیدە و خەڵکی باکوورە و هاتۆتەوە نێو حیزب. نامەکە هی کاک عەلی کاشفپوور بەرپرسی ناوەند بوو بۆ هێزی حاتەم.  ئەوجار کاک ئەحمەد و کاک ئۆمید کەوتنە قسە بە تورکی. دوای ئەوەی تێریان قسە کرد، ئەحمەد گوتی ئەوە لە  کادرە قەدیمیەکانی پ ک ک ، یە و پێکەوە بووین و کەسێکی لێهاتوویە لە کاری سیاسی و پەروەردەیی دا. ئەوجار زانیمان کە کاک ئەحمەد بۆ وا زوو چووە پێش و خۆی بەو کەسە ناساند. مەبەستی ئەوە بوو کە لێرە ناوم ئەحمەدە. دیارە ئۆمید تا دوای ڕاپەرینی باشووریش هەر لە فێرگەی سیاسی نیزامیی حیزب کاری دەکرد و کادرێکی هەتا بڵێی سیاسی و شارەزا بوو. وابزانم ئیستا لە هۆلەند دەژی و ئەوەی بزانم هەر وەفادارە بە ڕێبازی حیزب.

کۆنفڕانسی کۆمیتەی ئاڕاڕات بۆ کۆنگرەی ٧ لە کانی مێو گیرا کە دەبوو پرسگەی بنکەی دەفتەری سیاسی . لەوێ بە پێێ ئووسووڵ کاک ئەحمەد وەک هاوکاری کادر مافی بەشداریی هەبوو، بەڵام بە پێی ئەساسنامە تا ئەوکات داوای ئەندامەتیی حیزبی نەکردبوو. چوونکی بە گوێرەی ئەساسنامە مادامیکە خەڵکی ڕۆژهەڵات نەبوو دەبا لە کۆنفڕانس دا داوای ئەندامەتی بکا. لە کۆنفڕانس دا کاک حاجی جوندی کە ئەویش خەباتگێڕێکی باکووری کوردستان بوو  داوای ئەندامەتیی کردبوو و ئەحمەدیش داوای کردبوو هەر لە کۆنفرانس ئەندامەتیەکەیان پەسند کرابوو. کەلە کۆنفڕانس گەڕانەوە کاک ئەحمەد بەڕاستی خۆشحاڵ بوو ، گوتی: من کە یەکەمین کۆنفڕانسی حیزب بوو بەشداریم کرد، تازە دەزانم دێمۆکراسیی ناوخۆی حیزب چەندە بایەغی هەیە و حیزب بەڕاستی دێمۆکراتە.

بەهاری ساڵی ١٩٨٦ کە ئێمە بەرەو ناوچە چووین، مەڵبەندی شیمال بە ئاگاداریی کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامی  کاک ئەحمەدیان نەقڵی کۆمیسیۆنی سیایس نیزامی کرد. هۆکارەکەش ئەوەبوو کە دەوڵەتی تورکیە زۆر بە ئەحمەد حەساس بوو و لە سنوورەکانی شیمالی کوردستان کەشيی بۆ پێشمەرگەکان دروست دەکرد. ئەحمەد زۆری پێناخۆش بوو، بەڵام هەر وەک باسم کردووە، ئەو باوەڕێکی قووڵی بە پڕەنسیپ و نەزمی شۆڕشگێرانە هەبوو. بۆیە قەبووڵی کرد و لەوێ مایەوە. دوای ئەوە نەقڵی کۆمیتەی سەردەشت کرابوو و لە بەشی گومرگ دانرابوو کە زۆر لەکار و تێکۆشانی رازی بوون و ئەویش زۆر ڕازی بوو . دواترلە کۆمیتەی بانە وەک فەرماندەری هێزی ئاربەبا دیاری کرابوو کە لەو ئەرکە قورسەش دا بە سەرکەوتوانە گەڕایەوە سیاسی نیزامی و ماوەیەک لە کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی کاری کرد و بەرە بەرە تەمەنیشی دەچووە سەر. هیندێک ماندوو ببوو و دەیگوت پیویستیم بە ئیستراحەت هەیە. بنەماڵەکەیان پەیوەندیی پێوە کردبوو و داوایان لێکردبوو وەرە دەرەوە و هیندێك ئیستراحەت بکە، بۆیە لە سەر ئیزنی حیزب ڕوویکردە هەندەران.

کاک ئەحمەد و وەرزیش

ئەو کاتێک لە قوتابخانە خەریکی دەرس خوێندن بوو لە تیمی فووتباڵی شاری باتمان دا فووتبالیستی  ببوو. لە فووتباڵ دا زۆر بە توانا  و جیدی بوو. لەگەل ئەوەی کە هەم هیندێك تەمەنی لە سەرێ بوو بە گوێرەی تەمەنی فووتباڵ، هەمیش کەمێک وەزنی هەبوو و هەڵگرتنی چەکو  چۆڵ شوێنی لە سەر لەشی دانابوو، بەڵام هەرکات دەرفەتی هەبوایە فووتباڵی لە کیس نەدەدایەوە. لە موسابیقاتی فووتباڵی نێو حیزب دا یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە هەر تیمێک دا بوایە بە مانای تیمێکی بە هێز بوو.

ئەگەر لە بیرم بێ کاک ئەحمەد ساڵی ١٩٩٢ بە هاوکاریی حیزب و لە ڕێگای دۆستانی خۆی و دۆستانی حیزبەوە لە خاکی سووریەوە دەرباسی ئاڵمان بوو و ماوەیەک لەوێ مایەوە. بە تایبەتی لە ڕێگای  محمد شەنەر هاوکلاس و دۆستی دێرینی شەهید ئەدیب کە ئەوکات کەسی دووهەمی پ ک ک بوو و لە شام دەژیا هاوکاری کرابوو (محمد شەنەر هەر ئەو ساڵە بە هۆی کێشيی لەگەل سەرۆکی پکک لەو حیزبە جیا بووە و “پ ک ک .ڤەژین” ی پێکهێنا کە هەر ئەوساڵەش لە قامیشلۆ تێرۆر کرا). ئەوەی کەلە هەمووی تراژێدی تر بوو کاتێک بوو کە ئەحمەد لە ئاڵمان داوای پەنابەریەتیی کردبوو. ئەو خۆی وەک کوردی ڕۆژهەڵات  و ئەندامی حیزبی دێمۆکرات ناساند بوو ، بەڵام پ ک ک بە وێنە و بەڵگەوە شکایەتی لێکردبوو و سابیتیان کردبوو کە  ئەو ئەندامی خۆیان بووە و ڕۆژهەڵاتی نیە. ئەوەبوو ئەحمەد لە ئاڵمان ئیقامەکەیان لێ وەرگرتەوە. ئەحمەد ماوەیەک لە سوئید لای خوشکی مایەوە و هەوڵی دەدا تا لە سوئێد  وەک کوردێکی ڕۆژهەڵاتی داوای پەنابەرێتی بکا کە  لەوێش هەم شکایەتیان دووبارە لێکردەوە و هەمیش خوشک و زاواکەیان تەهدید کردبوو.

ئەوجار ساڵی ٢٠٠٠  ئەحمەد لە ڕووی ناچاری و بێ دەرەتانییەوە  بە قاچاغی دەگەڕێتەوە تورکیە و لە شاری ئیستانبۆل خۆی بە کوردی ئێرانی دەناسێنێ  و لەوێ دەمێنێ کە بەداخەوە لەوێش ڕزگاری نەبوو و بە شێوەیەکی زۆر فەجیع بە چەقۆ لەشی ماندوو و هەرگیز نەحەساوەی ئەو مرۆڤە خەباتکار و زەحمەتکێشە ئەنجن ئەنج کرا. تا ئێستاش بەتەواوی ڕوون نیە کە کام لایەن ئەحمەدیان کوشت، بەڵام هیندێک باس و بابەتی ئەو قەتلە ئادرێسەکە دیاری دەکەن.

بەڵێ ئەوە سەربردەی خەباتکار و تێکۆشەرێکی  کورد بوو کە بۆ کورد و کوردستان خەباتی کرد، نرخی بۆ دا، هەموو  هەستی و نیستی فیدا کرد، کەچی سەرەنجام بەو تراژێدییە گیانی لێ ئەستێندرا و کەسیش لێی بە ساحیب دەرنەکەوت و بە گومناوی سەری نایەوە. ئەوەی من نووسیومە هەرگیز ناتوانێ دڵۆپێک لە دەریای  خەباتی کاک ئەحمەد، و ناشتوانێ ناسێنەری تراژیدیای دواساڵەکانی ژیان و مەرگی کاک ئەحمەد بێ. تەنیا ویستم وەبیر بێنمەوە کە ڵاپەڕەکانی مێژوومان پڕن لە مرۆڤی گەورەی خەباتکار کە لە نیهایەت دا بوونەتە قوربانیی هیندێک  تاقم و لایەنی کوردی بوغزاوی و  خۆ پەرەستی بێ تەحەموڵ لە هەمبەر موخالیفانیان دا. ئەحمەد کوردنەژاد لەو خەباتکارانە بوو کە ئەگەر لە دەستمان هاتبا دەبا نەیەڵین تەنانەت بە مەرگی سروشتیش بمرێ و ئەو سەرمایە مەعنەوییە پڕ لە ئەزموونەی خەبات لە گەل خۆی بباتە ژێر گڵ.

سڵاو لە یاد و ناوت مامۆستای هێژام کە چەندە بە جیدی و بە نەرم و نیانی منت فێری خوێندن و نووسینی کوردی بە پیتی لاتینی دەکرد. هەتا هەم  هەربە مامۆستای خۆمت دەزانم و یادت دەکەم.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی