"an independent online kurdish website

هەر لە سەرەتای هێرشی حکوومەتی عێراق بە هاوکاریی  سوپای پاسداران و حیزبولای لوبنان بۆ سەر کەرکووک و باقی  ناوچەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و داگیر کردنیان،  حەیدەر عیبای سەرۆک وەزیرانی عێراق بە جۆرێک سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و تووشی لووت بەرزییەکی زۆر بۆتەوە.

کاووس عەزیزی

لە دوای ڕێزە تێکهەڵچوونێکی نێوان هێزەکانی حشدی شعبی و….. هێزی پێشمەرگەی کوردستان ، ئەمریکا کە کاتی هێرشی عێراق چاوپۆشی کردبوو بە نیشانەی هەڵکردنی چرا سەوزێک بە نەفعی عێراق ، ئەوجار کە دیتی لایەنی کوردیش وا بە هاسانی ئیزن بە پێشڕەویەکانی حشدی شعبی نادات، بەجۆرێک ئاگربەستێکی سەپاند و باسی دیالۆگ هاتە ئاراوە، کە تا ئێستاش هەر باسێکە و لە لایەنی کوردییەوە زیاتر دەورووژێندرێ.

ئەو دیالۆگەی کە لایەنی هەرێم بەردەوام باسی دەکا و تا ئێستا زۆر تەنازولیشی بۆ کردووە نەیتوانیوە لووتبەرزیی عیبادی قانیع بکا بۆ دانیشتن سەرەڕای داوای زۆر دەوڵەت و ناوەندی نیونەتەوەییش. عیبادی هەر ڕۆژەی لیدوانێکی هەڕەشە ئامێز کە دەربڕی هەڵوێستی غاڵب بە سەر مەغلووب دایە داوای تەنازولی زیاتر لە هەرێم دەکا و دەیەوێ سومعە و  ئیرادەی هەرێم بە تەواوی تێک بشکێنێ.

ئەمڕۆ وتەبێژی حکوومەتی عیبادی روو بە هەرێم دوو خاڵی سەرەکیی وەک مەرجی دیالۆگ لەگەل هەرێم دیاری کرد کە جێی سرنجن. لەلایەک دۆسیەی نەفت وەک سەرچاوەی هەرە سەرەکەی داهاتی هەرێم و عێراق و دۆسیەی ئەمنی کە کۆمەڵێک ڕاز و پیلانگێڕیی بەربڵاوی بە دژی کورد بە گشتی  لە خۆ گرتووە خەریکە بکرێنە بەردی بناغەی سەرلەنوێ پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا. من لەو کورتە نووسینە دا هەوڵ دەدەم باسی مەترسیی ئەو پیداگریەی عێراق لە سەر ئەو دوو خاڵە  بۆ سەر کورد بکەم.

دۆسیەی نەفت

دۆسیەی نەفت و ئامانجی حکوومەتی عێراق ڕوون و ئاشکرایە کە بە دوای ئەوەدایە تا سەرچاوەی داهاتی هەرێم بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی و هەرێم بەردەوام چاوی لە بڕیاری بەغدابێ کە چی بداتێ  وچی نەداتێ؟ لەو دۆسیەیە دا ئامانجێکی دیکەی گرینیگش ئەوەیە کە هەرێم لە ڕێگای بوونی نەفتەوە نەتوانێ ئەو کاریگەرییەی لە ناوچە دا هەبێ کە دەوروبەر تەماح لە بوونی نەفتەکە بکەن و بەجۆرێک ئیعتراف بێ بە هەرێم لە بواری نێو نەتەوەیی دا. واتە هەرێم لە ناوچە و جیهان دا بخرێتەوە دەرەوەی هاوسەنگییەکان و بێ باندۆر بکرێ. لە هەمانکاتیش دا ئێران دەیەوێ نەفتی عێراق لە تورکیەوە بۆ لای خۆی ڕابکێشی و ئیمتیازێکی بازەرگانی هەم لە وکرد بستێنێ و ملکەچی بەغدای بکا، هەم لە تورکیە بستێنێ کە زەبرێکی قورسە لە ئابوورییەکەی دەدرێ.

دۆسیەی ئەمنی

ئەوەی کە دەمەوێ پێداگریی زیاتری لە سەر بکەم دۆسیەی ئەمنی یە و بە جۆرێکیش پەیوەندیی هەیە بە کوردی ڕۆژهەڵات و بگرە هەمووبەشەکانی کوردستان. دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بەردەوام  تاریفیان بۆ کوردستان و بزووتنەوە و بگرە تاکی کورد پەیوەست کراوە بە هەمان دۆسیەی ئەمنی یەوە. واتە هەر هەنگاوێک لە کوردستان هەڵگیرابێ ، تاریفی داگیرکەران ئەوە بووە کە ئەو هەنگاوە بۆ ئەمنی قەومیی ئەوان زیانی هەیە و مەسەلەی کوردیان بە پرسێکی ئەمنی داناوە و کوردستانیش ناوچەیەکی ئەمنی بووە هەتا ئەم ساتەوەختەش. بۆیە وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنیی هەرێمی کوردستان بە مانای بە ئەمنیەتی کردنی پرسی کورد و هەرێمی کوردستانە لە دیوی شاراوەی ئەو پیداگری و پیلانە هاوبەشەی ئێران و عیراق و تورکیەدا.

ئامانجی پیداگریی عێراق لە دۆسیەی ئەمنی چیە؟

بێگومان پیداگریی عێراق لە سەر ئەو دۆسیەیە وەک مەرجی دیالۆگ لەگەل هەرێمی کوردستان ئەجیندا و خواستی ڕاستەوخۆی ئێران و تورکیەیە(بە تایبەتی ئێران)  . لە کاتێک دا هەرێم ئامادەبێ دۆسیەی ئەمنیی هەرێم ڕادەستی حکوومەتی عیبادی بکا تەنیا یەک بەش و یەک لایەنی ئەمنی نیە. ئەوان بە ڕێنوێنی و سەرپەرستیی ئێران دەیانەوێ لەو دۆسیەیە دا سنوورەکان بخەنە ژێر دەسەڵاتی حشدی شعبی لە بەرگی سوپای عێراق دا کە لەو بەینە دا دەتوانن هێزێکی زۆریش لەو کوردانی مەسلەحەتخواز و توورە لە دەسەڵاتی هەرێم بکێشنە لای خۆیان و بەناوی حشد(هەمان جاشایەتیی پێشوو) چەکداریان بکەنەوە کە زەمینە بۆ ئەو پیلانە ترسناکە بەداخەوە هەیە و چاوەروانیش دەکرێ.

لە لایەکی دیکەوە سیستەمی ئەمنی و بەرگریی هەرێم بە تەواوی دەخرێتەوە ژێر دەسەڵاتی بەغدا و هەموو  پەیوەندییە ئەمنییەکانی ٢٦ ساڵی رابردووی  هەرێم وەک ئارشیو بخرێتەوە دەست ئەمنی عێراق ،ئەویش بە ئەزموون دەرکەوتووە کە هەموو دۆسییە گرینگەکان دەدرێنەوە اطلاعاتی سوپای پاسداران. لەوەها دۆخێکدا هەموو مۆرە و کاراکتەرە سەرەکیەکانی ئەمنیی کوردستان بۆ ئێران، عێراق و تورکیە دەناسرێن و هەرکات بیانەوێ دەتوانن یان بیکڕن و بیخەنە خزمەت خۆیان، یان بە ڕاحەتی لە بەینیان بەرن کە ئەویش ڕەوشتێکی دیاری سیاسەتی ئەمنیی کۆماری ئیسلامی یە لە ٣٨ ساڵی ڕابردوو دا و لە هەمووشی گرینگتر ئیدی هەرێمی کوردستان  ومان و مەوجوودیەتی بە تەواوی لە مەترسیدا دەبێ. هێزی پێشمەرگە  دەتوێتەوە و دەبێتە بەشێک لە هێزی  عێراقیی سەربە بەغدا .

لەو بەینە دا ئەوەی پەیوەندیی هەیە بە ئەحزابی ڕۆژهەڵاتیش ڕوون و ئاشکرایە کە لە کاتێک دا دۆسیەی ئەمنیی هەرێم بکەوێتەوە دەست بەغدا واتە کەوتۆتەوە دەست سوپای قودس و اطلاعات و ئیدی مەعلوومە داستان لە کوێ کۆتایی دێ! هەروا بۆ ئەحزابی باکوور و ڕۆژئاواش  بە کەمێک جیاوازی لەگەل ئەحزابی ڕۆژهەڵات دیسان هەمان چارەنووس چاوەروانی ئەوانیش دەکرێ کە تورکیە لە کەمین دایە بۆ ئەوڕۆژە. بۆیە پیویستە هەم حکوومەتی هەرێم نەچێتەوە ژێر باری قەبووڵی ئەو داوایەی بەغدا( بەداخەوە لە ماوەی ئەو یەک مانگە دا هەرێم تەنازولی زۆری کردووە)، هەم پێویستە ئەحزابی ڕۆژهەڵاتیش ئەو هەڕەشە مەترسیدارە ببینن و ڕێگا چارەیەک بدۆزنەوە.

ئەگەر ئەمڕۆ ئەحزابی ڕۆژهەڵات ئەو مەترسییە بە جیدی وەرنەگرن و دە فکری چارە دا نەبن ، سبەی ڕۆژێ هەم دەرنگە و هەمیش  چارەنووسی موجاهیدین  چاوەڕوانیان دەکا.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی