"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بارەی بوومەلەرزەی کوردستان ڕاگەیەندراوی بڵاو کردەوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان!

هەر وەک له ڕاگەیەندراوەکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، بە ئاماژەدان بە بوومەلەرزەکەی کوردستان ئەم ڕووداوەی بە کارەساتێکی وەها گەورە وەسف کردبوو کە دەیان شاری کوردستانی لە ڕۆژهەڵات و باشووری گرتووەتەوە و بە سەدان قوربانی و بە هەزاران بریندار و وێرانییەکی زۆری لێ بەجێماوە، جەختیشی کردبووە کە ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، کارەساتێکی نەتەوەییە.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەین:

یەکەم: لە دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکە، بە وتەی خەڵکی خۆجێی و شایەتحاڵانی ئەو ناوچانەی کە زیانی ماڵی و گیانییان بەرکەوتووە، دامودەزگا و ئۆرگانەکانی پێوەندیدار لەو پەڕی کەمتەرخەمیدا بەرامبەر بەم ڕووداوە جووڵاونەتەوە و نە تەنیا کەمترین هاوکاری و یارمەتییان بە خەڵکی ناوچە زیان بەرکەوتووەکان نەگەیاندووە، بگرە کۆسپ و ڕێگریش بوونە لە بەردەم هاوکاری ویارمەتی کردنی خەڵکی ناوچەکە.

دووەم: بە وتەی خودی بەرپرسانی ڕێژیم، زۆربەی ئەو خانووبەرە و ئەو شوێنانەی کە بە هۆی بوومەلەرزەکەوە ڕووخاون، لە سەروبەندی سەرکۆماریی مەحموود ئەحمەدی‌نژاد و بە ڕواڵەت بۆ پشتیوانی لە توێژە کەم داهاتەکان و لە ژێر ناوی پرۆژەی “مسکن مهر” دروست کرابوون. لە ڕاستیدا ڕووداوی بوومەلەرزەکە دەریخست کە دیسان چین و توێژی کەم داهات و هەژار قوربانیانی یەکەمی ئەم ڕووداوە بوون کە گیانی هەزاران کەسی بەرەوڕووی مەترسی مەرگ کردووەتەوە. لە ئەنجامی پرۆژەی ڕاوڕووتی لەم چەشنە کە هیچ ستانداردێکی نییە، ئەو ڕاستییە دەرکەوت کە خانووەکان، نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و پرۆژە هاوشێوەکان کەمترین ستاندارد و ژێرخانی پتەوی هەیە و ڕووی ڕاستەقینەی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی لە بەتاڵان بردنی داهات و سامانی خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ ڕای گشتی دەرخست.

سێهەم: مخابن سات لە دوای سات ئاماری قوربانیان و کوژراو و بریندارەکانی ئەم کارەساتە لە بەرزبوونەوە دایە و چاوەڕێ دەکرێت کە ئاماری قوربانیان و زیان بەرکەوتووان لەوەی کە هەیە زیاتر بکات.

لەم ڕووەوە، بە سەرنجدان بە قورسایی و لایەنەکانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، داوا لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بە هەموو چین و توێژەکانەوە دەکەین کە بە هانای خەڵکی ئەو ناوچانەوە بڕۆن و ئەوەی لە توانایان دایە هاوکاری و یارمەتییان بکەن.

لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە کۆماری ئیسلامیی لە ڕووداو و هەلومەرجی وەهادا دەستی هاوکاری و فریاکەوتنی کورتە و تەنیا بۆ سەرکوت و داپڵۆسین و بەتاڵان بردنی سامانی وڵاتە کە دەستێکی باڵای هەیە.

پێویستە لەم بارەوە، سەرجەم ڕێکخراو و چالاکانی مەدەنی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئەرکی ئەخلاقی، مرۆیی و نەتەوەیی خۆیان سەبارەت بە هاوکاری و یارمەتی کردنی لێقەوماوانی ئەم کارەساتە بە جێ بگەیەنن.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی تەشکیلات

٢٣ی خەزەڵوەر ١٣٩٦

١٤ی نوامبری ٢٠١٧

 

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ بوومەلەرزەی کوردستان

کارەساتی بوومەلەرزە رۆژهەڵات و باشووری کوردستانی هەژاند

هاونیشتمانیانی بەڕێز،

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان،

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی کاتژمێر ١٠ی شەو بە کاتی کرماشان، بوومەلەرزەیەک لە ئەزگەڵەی سەربە سەرپێڵی‌زەهاو ڕووی دا کە گەورەیی و بەهێزیی ئەو بوومەلەرزەیە بە رادەیەک بوو کە چەندین وڵاتی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش هەستی پێ کرد.

چەقی ئەو بوومەلەرەزەیە لە سەرپێڵی‌زەهاو بوو کە لەو ناوچەیە وێرانییەکی یەکجار زۆری دروست کرد و لە چەندین شاری دەوروبەریش وەکوو ئیلام و کرماشان و جوانڕۆ و شاباد و قەسری شیرین و کرند و سەلاس و … خەساری مادی و گیانیی بەدواوە بوو.

بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان لە شارەکانی پارێزگای کرماشان تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ کوژراو و نزیک بە ٢٦٠٠ بریندار تۆمار کراوە و رەنگە بە هۆی گەڕان لە ژێر وێرانەکاندا ئەو ئامارانە زۆرتریش ببنەوە و قوربانیی زۆرتری لێ بدۆزرێتەوە.

ئەو بوومەلەرزە لە باشووری کوردستانیش بەتوندی هەستی پێکراوە و بەتایبەت لە دەربەندیخان و چەند شاری دیکەی وێرانیی زۆر و قوربانیی لێکەوتۆتەوە.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەیە، هیوای هەرچی زووتر چاک بوونەوە بۆ بریندارانی ئەو کارەساتە دەخوازێ.

کارەساتێکی وەها گەورە کە دەیان شاری کوردستان لە رۆژهەڵات و باشووری گرتۆتەوە و بە سەدان قوربانی و بە هەزاران بریندار و وێرانییەکی زۆری لێ بەجێ ماوە، کارەساتێکی نەتەوەییە و وێڕای هاوخەمیمان بۆ هەموو زیانلێکەوتووانی مادی و گیانی، داوا لە هەموو هاونیشتمانیانی کورد دەکەین کە لەم کارەساتە گەورەیەدا بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ یارمەتیدەری قوربانیان و ماڵوێرانکراوەکان بن.

وێڕای سەرەخۆشیی دووبارە لە بنەماڵەی هەموو قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ٢١ی خەزەڵوەر و هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوە بۆ برینداران، هیوادارین کە کارەساتەکان هەستی پێکەوەبوون و هاوسۆزیی نەتەوەییمان بەرزتر بکەنەوە.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسی

٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٦

١٣ی نۆڤامبری ٢٠١٧

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی