"an independent online kurdish website

ورمێ یەکێک لە شارە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵات و هاوسێی باشور و باکوری کوردستانە. پێکهاتەی دانیشتوانی ورمێ لە کورد و ئازەری و کەمینەی مەسیحی و بەهایی پێک دێت.

albors-rointan

 ورمێ چ وەک پارێزگا چ وەک شار لە زۆر ڕوانگەوە بە کەرکوک دەشوبهێندرێت هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئازەریش خۆی بە خاوەن دەزانن و   هەروەها کوردیش بە هێناونەوەی لوژیکی ڕاستیەکانی مێژووی و جوگرافی و پێکهاتەی حەشیمەتی و کەلتوری نەک زیاتر لە ئازەریەکان خۆیان بە خاوەنی دەزانن. بەڵکو ورمێ بە خاکی بێ ئەملاو ئەولای کوردستان دەزانن.

 ئەوە بنەمای دروست بوونی گرفتە لە سەر ئەو بەشە لە خاکی کوردستان.

ئەوەی لە تیتر دا گووتم زیاتر لەوەی مەبەستم شەڕ بێت مەبەستم ئامادەکاری و خۆسازادان بۆ هەموو ئەگەرەکانە، بە جورێک چۆن بۆ هەر شەڕێک ئامادەکاری پێویستە و بە بە بێ پلان دانان و خۆ بەهێز کردن لە شەڕ دا سەرکەوتن مسۆگەر نابێت بە بێ پلاندانان و ئامادەکاری و خۆ بەهێز کردن لە ورمێش توشی زۆر گرفت دەبین.

چونکە ئەوەی ئەمڕۆ لە ورمێ دەبینین چاندنی تۆی ناکۆکی و دوبەرەکی لە لایەن ڕێژیمەوەیە، تا لەو ڕێگەیە وێڕای زیان گەیاندن بە بزووتنەوەی کورد هەروەها دروست کردنی شەڕ و نا ئارامی لە ناوچە دا بۆ ئەوەی لایەنەکان لاواز بن و خۆی حوکمی خۆی بە باشی بەردەوام بکات. لە هەمان کات دا لەو ڕێگەیە کەلتوری فاشیستی و دژە کورد بوون پەرە پێ دەدات. کە چاندنی ئەو کەلتورە وێڕای زیان گەیاندن بە کەلتوری پێکەوە ژیان دەبێتە هۆی ئاڵۆزی و خەساری زۆر لە داهاتوودا و کاری کورد دو ئەوەندە سەختتر دەکات لەو ناوچانە دا.

هەر بۆیە ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەر شانی حیزبی ئێمە وەک ڕێبەرایەتی ڕاسان چونکە وێڕای نوێنەرایەتی و ڕێبەرایەتی شۆڕش نوێنەرایەتیەکی بێ ئەملاو ئەولای پارێزگای ورمێ یا شاری ورمێ دەکەین. من وێڕای ڕێزم بۆ خەبات و هەبوونی هەموو لایەک بەڵام پێم وایە وەک هێزی شوێندانەر لەو ناوچە دا بەرپرسیارەتیمان هەیە.

 شوێندانەربوونمان و مێژووی قوربانی دان و ئەزموونی ڕابردوو و دیتنی ڕۆژگاری ئێستای سیاسەت و هەمووی ئەوانەو زۆر بابەتی تر ئەو بەرپرسیارەتیە دەخاتە سەر شانی ڕێبەرایەتی کە دەبێ لە پلان و ئامادەکاری دا زۆر چالاک بێت. لە هەمان کات دا لە بەرانبەر هەبوونی بەرپرسیارەتی بۆ هەبوونی ژیانێکی ئاسودە و پێشکەوتو بۆ هەموو دانیشتوانی خاکی کوردستان خۆسازدانی زیاتر و زیاتر پێویستە.

ئەوەی دەبێ لە هەموو بوارەکانی شۆڕش لە ورمێ و ناوچەکانی هاوشێوەی ورمێ چالاک تر بین گومانی تێدا نیە بەڵام لە هەمان کات دا دەبێ خاوەن ستراتیژەکی ڕوون و ئاشکەرا و تایبەت بەو ناوچانە بین چونە وێڕای ئەوەی خۆمان دەبێ لەو ناوچانە بەهێز بکەین دەبێ بتوانین لانی کەم دەنگی خۆمان بە ئازەریەکان بگەینین کە چمان دەوێ؟

مەبەستمان کە دەڵێین ورمێ کوردستانیە چیە؟

مانای کوردستانی بوون چیە؟

ماف و داواکاریەکانی ئازەرەی و لایەنەکانی تر بە بێ سەیر کردن بە ژمارەیان چۆن لە حکومەتی داهاتوی دێموکراتی کوردستان دا جێگیر دەکرێن؟

هەبوونی ستراتیژەکی ڕوون کە وەڵامدەرەوەی ئەو پرسیارانە بێت بۆ ئەوەی ببێت بە بناغەی سیاسەتمان لە ورمێ نە تەنیا بۆ کوردەکان بەڵکو بۆ هەڵسوکەوتمان لە گەڵ کوردستانیانی تر پێویستیەکی سەرکەوتنمان لە داهاتووی ورمێیە.

چونکە تەنیا بەو شێوەیە شانسی دروست کردنی پردێکی پەیوەندیمان هەیە تا بتوانین لانی کەم لە یەکتر بگەین کە چمان دەوێ. ئەو چەندەش بنەمای ئەوەیە کە لە کاتی ئازاد بوونی ورمێ لە سفرەوە دەست پێ نەکەین.

چوارچێوەو هێڵە سەرەکیەکانی ئەو ستراتیژە دەبێ بە کەڵک وەرگرتن لە بنەمای کوردستانی بوونی ئەو ناوچانە لە هەر بارو دۆخێک دا چەسپاندنی نرخی دێموکراتیک بۆ دروست کردنی پێکەوەژیانی دور لە هەموو توندو تیژیەک، دابین کردنی  ماف و داخوازی دێموکراتیکی هەموو لایەک خۆی ببینێتەوە.

لە هەمووی گرنگتر هەبوونی هێز بۆ دابین کردنی بەستەرێکی ئەمن و ئارام بۆ ئەوەی هەمووی ئەوانە جێگیر بن.

بە بێ هەبوونی ئەو هێزە کە ئەو بەستەرە دروست بکات جێبەجێ کردنی هێڵەکانی سەرەوە زۆر ئەستەم دەبێت و لەو نێوە دا بە توندو تیژی خەسارێکی زۆری گیانی و مادی بۆ ئەو ناوچە کوردستانیانە دروست دەبێت.

هەست کردن بە دانان و شرۆڤەی بارودۆخی ئەو کات هەنگاوی گرنگی پێش گیری لەو خەسارانە لە داهاتوون.

جەخت کردن لە سەر فاکتەری هێز بۆ داپڵوسین نیە بەڵکو بە چاوخشاندنێک بە بارودۆخی ئێستا و ئەزموونی ناوچە ئەو چەندە بە پێویست دەزانرێت.

چونکە زەهراوی کردن و بەلارێ بردن بۆ بیری فاشیستی بە ئەنقەست لە نێو ئازەریەکان پەرەی پێدراوە کە داهاتویەکی ناڕوون و ئاڵۆز لەو ناوچانەدا چاوەڕوانی ئێمە دەکات. هەر بۆیەش بە ئەندازەی خۆ بە هێزکردنمان لە ورمێ لە هەموو بوارەکانی شۆڕش دانانی ستراتیژەکی لەو شێوەیە زەرورەتێکی حاشا هەڵنەگرە.

ئەگەر بە پێچەوانەی ئەوەی سەرەوە ڕووبدات واتە بە بێ دیاری کردنی چۆنیەتی و پلانمان بۆ ئەو ناوچانە پێم وایە توشی زۆر کارەسات دەبین کە خەساری زۆر دروست دەکات.

 

ئەلبورز ڕۆئین تەن

2017/11/06

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی