"an independent online kurdish website

فاخر ڕەحمانی پێشمەرگەیەکی ئازا، دڵسۆز، خاکی و قسە خۆش ، پاک و سادق لەگەل حیزب و خەلک و هاوڕێکانی ، کادرێکی پڕکار و خەڵکی  و خاکی بوو .

مام برایم باوکی ئەو دێمۆکراتە خەباتکارە بەهۆی فاخری کوری یەوە بەردەوام لە ژێر ئازار و گرتن و بێ حورمەتی لەلایەن دوژمنی داخ لە دڵ دا بوو. زۆرجار کە پێکەوە دادەنیشتین  فاخر باسی ئەو ئازار و ئەزیەتانەی دەکرد و چاوی پڕ دەبوون و وەک هەمیشە قومێکی لە سیگارەکەی دەدا و بە قامک خۆلی سیگارەکەی دەڕژاندە نێو ژێر سیگار ، زۆرجاریش هەر دەیڕژاندە سەر ڕاوێخەکە!

نێوانمان زۆر خۆشبوو ، ئەو لە من بە تەحەموڵتر بوو لە شۆخی و گەپ دا. بۆیە سەرەڕای سەمیمیەتێک کەلە بەینمان دا هەبوو، بەردەوام ڕێز و حورمەتی لای من دەچووە سەر. مەجلیسەکانی فاخر هەتا بڵێی خۆش وگەرم و پڕ لە سەمیمیەت بوو.

 

بەهاری ساڵی ١٩٩٠ بوو. دەبا بە دزیی ئەرتەشی سەدامەوە بە ڕێگایەکی پڕ لە مین و ترسناک دا وێڕای دەستەیەک لە هێزی کێلەشی و قەندیل بە چیای هەڵگورد دابڕۆینەوە بۆ ناوچە.

 

سەرەنجام ڕۆژەکە هات و دوا نیوەڕۆیەکی گەرم بە ماشین چووینەوە مامەخەتیب کە بنکەی هێزی کێلەشین لەوێ بوو. بەرلەوەی بڕۆینەوە نادیدە خانم خوشکی فاخر و خێزانی عەبدولا عەبدی کادری کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە هاتە بنکەی کۆمیتە تا خودا حافیزی لە فاخر بکا

 

دیمەنێک کە لەو کاتیەوە تا ئیستا هەرکات چاوم بە نادیدە خانم کەوتبێ وەک فیلمێک هاتۆتەوە بەرچاوم و ئازاری داوم! نادیدە ماڵئاوایی لە هەموومان کرد، و چوو دەستی لە ملی فاخر کرد و هەوڵی دەدا نەگری، بەڵام وەک سۆزی خوشک و برایەتی نەیتوانی خۆی کۆنترۆل بکا و گریا و ئێمەش ناڕاحەت بووین. فاخر خۆی کۆنترۆڵ کرد و نەگریا.

ئەوەبوو کەوتینە ڕێگا و شەوەکەی سەرکەوتینە هەڵگورد و بەیانی لە خرێک دا مایینەوە ، من و فاخر لە بن بەردێك خەوتین تا دەوروبەری نیوەڕۆ.کە هەستاینەوە دوو بەد وو چامان دەخوارد و  باسی نادیدەی کرد و لەوێ خۆی پێ کۆنترۆڵ نەکرا و  فرمێسک بە چاوانی دا هاتنەوە خواروگوتی: بەخوا دڵم بە نادیدە سووتا دیتت فەقیرە چۆن گریا؟

بەداخەوە ئەوە دوا ماڵئاوایی بوو لە نێوا خوشک و برایەک دا. چووینەوە سپی ڕێز و ڕۆژێک لە سپی ڕیز ماینەوە. هێزی قەندیل لێمان جیابوونەوە . ئێوارەکەی گەیشتینەوە نیزیک گوندی کانی ڕەش و ئەو شەوە نۆرەی من و فاخر بوو کە لەگەل هەردوو ئەسپەکە دابین کە فیشەک و گولە ئارپیجی و شتی وامان لێ بارکرد بوو.

لە ناوچادران ویستی خۆی لە من بشارێتەوە تا هەردووک ئەسپەکە جێ بە جێ بکەم و هەر واشی کرد. کاتی حەرەکەت کردن ویستم تۆڵەی لێ بکەمەوە، گوتی: دەزانم تووڕەی هەتا بەیانی کارت بە ئەسپەکان نەبێ من دەیانهێنمەوە، بەس ئەگەر تەقەیەک شتێک بوو هاوکاریم بکە.

شەوەکەی کە گەیشتینەوە نیزیک گوندی خۆرشت بەربوومەوە و لاقم لە جێ چوو و وەزعێکی شڕم بە سەرهات. بەو جۆرە چووین تا ٨ رۆژ گەیشتینەوە مەقەر کەلە گەلی بەردەرەش بوو وئەو سالە تیمێکی ٣٠، ٤٠ کەسیی ئێمە لەوێ مابوونەوە. ئەو ٨ ڕۆژەش خۆیان پڕن لە داستانی خۆش کە بە دەرباس بوونی زەمان ڕەنگە گێرانەوەیان هاسان نەبێ.

لەوێش ڕۆژێکیان چووینەوە بۆ ئیدارەی بازار و کاری گومرک. چەند پێشمەرگەیەکمان لەگەل بوو کە ئەوەی لە بیرمە ناجی فەقی پوور، کاووس جەباری، کاکۆ، بەهرام ئەمینی، نەجمەدینی ئامۆزای فاخر و …. 

لە نەکاو مام قادر خەڵکی کەنداڵۆک کە پێشمەرگەی کۆمار بوو لەگەل خەڵکی ناوبازار کێشەیان لێ پەیدا بوو. مام قادر هەرکات تووە بوایە هاسان نەبوو هەموو کەس بتوانێ ئارامی کاتەوە.

مام قادر زۆر توورە ببوو، دەمانچەیەکی پێ بوو هەرەشەی دەکرد و دەیگوت هەرکەس تەکان بخوا دەیکوژم! فاخر چوو داوا لە مام قادر بکا ئارام بێ، مام قادر خەریک بوو لە فاخر بدا

ئەوجار من ویستم بچم فاخر گوتی: کاووس مەڕۆ! تۆ توورە و مام قادر توورە بەخوا دەبێتەوە شەڕتان! چوومە پێش و مام قادر گوتی : مەیە! مەیە! من لەگەل تۆ تەرەف نیم، من لەگەل دوکتۆر سەعید تەرەفم! مەبەستی دوکتۆر شەڕەفکەندی بوو.

گوتم مام قادر تۆ مرۆڤێکی مەزنی! ئەو خەڵکە هەموو چاوەڕیی تۆیە! تکایە بیانبەخشە!

وەلا مام قادر دەمانچەکەی کردە بەر پشتێنی و ناوی منیشی نەدەزانی گوتی: هەمووتان قوربانی چاو شین بن! فاخر هات گوتی : کاووس بە خوا لە ژیانت دا ئەوندە عاقل نەبووی! بەو قسەیە ” تۆ مرۆڤێکی مەزنی”  مام قادرت ئارام کردەوە.

بەداخەوە ئەوە ئاخرین مەئموریەتمان بوو پێکەوە. من لەگەل هاوڕێیان چوومەوە ناوچەکانی سەڵماس و ئەویش لەگەل تیمی تەشکیلاتی گەرایەوە بەراندێز و مەرگەوەڕ کە  ناوچەی تێکۆشانی ئەوان بوو

دوای ماوەیەک بە مەئمووریەتێکی مەڵبەند لە ناوچەکانی سەلماس ڕا گەرامەوە بۆ لای مەڕگەوەر. ڕۆژێکیان لە جێگایەک بە ناوی ” بێرکا مهیا ”  لە سەرووی گوندی جێرمە گەیشتینەوە کۆمیتەی شارستانی  ورمێ کە کاک رۆستەم ،کاک تاهیر ،  کاک سەیفولا ،  لوقمان قاسملوو و ئەوانە لەوێ بوون، کەچووینەوە وابزانم من و کاک عەسکەر، کاک سەید محەممەد ، کاک عەزیز و …. بووین. بەداخەوە خەبەری دڵ تەزێنی شەهید بوونی فاخرمان  بیست و دیداری بۆ هەتا هەتایە لە دڵمان دا مایەوە. (شەهید بوون ١٦/٤/١٣٦٩)

بەداخەوە کاتێک تاهیر، سەیفولا و فاخر لە ناوچەڕا بەرەو سنوور گەڕابوونەوە لە نیزیک پایەگایەکی ڕێژیم جێگیر لە گەرووی زینێ ی مەڕگەوەڕ کەوتبوونە کەمین و فاخر شەهید ببوو.

یاد و ناوی فاخر بە خێر و ڕووحی شاد

لێرەوە بە هۆی کۆچی دوایی مام برایم سەرەخۆشی دەکەم لە نادیە خانم و مناڵەکانی و عەبدولا عەبدی و هەموو بنەماڵەی ڕەحمانی و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی