"an independent online kurdish website

من بەش بە حاڵی خۆم کە لە پۆلی پێنج و شەشی سەرەتایی بووم لە بەر ئەوەی کە زۆر حەزم لە وانەی جۆغرافیا بوو کەم تاکورتێک جگە لە زانیاری گشتی وەک ناوی وڵات و پاتەختەکەی و هەروەها دانیشتووان و زمان و تا ڕادەیەک ئایین و ناوی شارە گەورەکانی و بەرهەم و شتی وام دەزانی و  لەگەڵ هاوپۆلەکانم زۆرجار کایەی شار شارمان دەکرد بۆ ئەوەی کە بزانین کێ زانیاری گشتی لە سەرەوەیە و ئەمەش یەکێ لە شێوازەکانی فێربوون و گەشەکردن بوو!

reuf-golbeden-01

لە وڵاتی برمە کە پایتەختەکەی ڕانگۆنی لێ دەرچێ  هیچم لی نەدەزانی! هەر ئەوەندەش بۆ ئەو سەردەمە زۆر بوو!

دیارە هەتا ئەوڕۆکەش زانیارییەکەم بە جۆرێک فراوان نەبووە و لە بەر ئەوەی کە ئەم وڵاتە نە لە نزیک و نە لە دوور قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان نەبووە بە بابەتێک کە بەدواچونی بۆبکەم و بە تایبەتیش کە هیچ پێویستییەکی وا لە ئارادا نەبووە کە ئەم وڵاتە بۆ من جێگەی سەرنج بێت!

 لەوە دەچێت ئەوڕۆکە خەڵکێک لە کوردستان دەرکەوتبێت کە لە پێش خۆی و نەتەوەکەی خۆیدا بۆرمای لا گرینگ بێت! لە گەڵ ئەمەشدا وادیارە کە زانیاری گشتی ئەم جۆرە کەسانە لە سەر کوردستان بەوڕادەیە نەبێت ئەگینا چۆن دەکرێ لە یەک کاتدا کۆماری سێدارە لەو دیو سنوورەوە واتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەکەی خۆتەوە خەریکی کۆڵبەرکوشتن بێت بەڵام بەڕێزت لە دیوەکەی‌تری ماڵەکەتدا ئاگات لە کێشەی براکەی خۆت نەبێت بەڵام ئاگاداری کێشەی قووڵی نێوان بوودایی و موسوڵمانەکانی وڵاتی میانمار بیت کە لە ئەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی- باشووری ئاسیای دووردا ژیان بە سەر دەبەن؟!

واتە ئەوەندە میانمارت بۆ گرینگە نیو ئەوەندە گرینگیت بە کێشەی وڵاتەکەی خۆت نەداوە!

ئەمە پرسیارێک درووست دەکات کە ئەوە چ هۆیەکە کە بۆرمە جێگەی خۆی داوە بە کوردستان لای کوردەکە؟

پەڕگەیەکی کوردی بانگەواز دەکات بۆ خۆپیشاندان دژ بە سەرۆکی بۆرما!

ڕاستەکەی ئەگەر بە بۆنەی ئەو کۆڵبەرکوژییە یەک لە دوای یەکەی کۆماری سێدارە داوای خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە کورد و بە دژی کۆماری سێدارە بکردایە لام ئاسایی دەبوو کە مەبەستی بانگەوازەکەی میانمار یان بۆرما تەنیا بۆ پشتیوانی لە لێقەومانە و بەس!

 ئەو مێشکە چۆن شۆردراوەتەوە کە هەستی کوردێک لە کوردستانەوە بۆ بۆرما دەجووڵێنێ لە کاتێکدا نە هەستی مرۆڤانەی نە هەستی کوردانەی و نە هەستی ئایینەکەی بۆ پشتیوانی لە نەتەوەکەی خۆی نایبزوێنێ!

هەر کە بانگەوازەکەم  بەرچاوکەوت نازانم بۆ یەکسەر ڕووداوەکەی ئەم دوایەی وەبیرم هێنایەوە کە چۆن لە یەک چاوترووکاندا بنکەی براکانیان سووتاند دیارە ئەوەی وا من دیم چەند خانووی هەژارانە بوو کە لەو خانوو و ماڵانە دەچوو کە لە پەڕاوێزی شارەکاندا بە بێ قەواڵە هەڵدەتۆقان!

بەڕاستی ئەو ئەقڵە لە کوێوە ڕێبەری دەکرێت کە وەک شەپۆلی مانگە دەسکردەکان لە توانایدایە بە هەست پێکردن لە هەر چوار لاوە هەڵمانسووڕێنێ؟

 وەک ماشێنی قورمیشکراو بەرەو هەر کوێ

 حەزیان لێ بێ قورمیشمان کەن

قورمیش

بەرەوە میانمار هەڵسووڕێ

 هەڵسووڕام

 بڵێ نا، دەڵێین نا

ببە بە برا، دەبینە برا

 نزیک بە لەم

 دوور کەوە لەو

پشتگوێی خە خۆت

سێرە لە خۆت

 بگرە، دەیگرم

پرسیارێک:

کێن ئەمانە و لە کوێ دەژین؟

زمان، دین، ڕەگەز

گۆتت ناوی چییە؟

برمە، بۆرما، میانمار

یەک، دوو، سێ وڵاتە؟

من لە کۆماری سێدارەکان تێدەگەم بەڵام لە ئێوە تێناگەم!

 

ڕەوف گوڵبەدەن

8.9.2017 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی