"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: پاش ساڵێک بەدواداچوونی وردی حیزب و دڵسۆزانی حیزب لە ناوچەکانی مەریوان و شنۆ دەرکەوت کە بەداخەوە چەند ڕۆڵەی بەجەرگی حیزب لە ئاگری قینی دوژمندا گیانی پاکیان

shehidani-qereqesel-kosalan-0

بەختی ڕێگای پڕ لە سەروەریی ئازادیی گەل و نیشتمان کردووە و چوونەتە ڕیزی کاروانی پڕ لە شانازیی شەهیدانی کوردستانەوە.

 

شەهید بێهزاد پیرۆتی


شەهید بێهزاد پیرۆتی کوڕی حوسێن لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لە شاری شنۆ.

بێهزاد پیرۆتی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی چالاکیی خۆی لە ڕیزەکانی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دەستپێدەکات و دەبێتە ئەندامی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب و لەو ئۆرگانەدا وەکوو ئەندامێک ئەرکە حیزبییەکانی خۆی بەڕێوە دەبات.

ساڵی ١٣٩١ دەبێتە پێشمەرگە و بە مەبەستی بەرگری کردن لە ئازادی و مان و مەوجوودیەتی نەتەوەکەی چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان. کاک بێهزاد بەوپەڕی دڵسۆزی و فیداکارییەوە ئەرکی پێشمەرگایەتیی خۆی لە ناوەندی ٣ی کوردستان بەڕێوە دەبات. لە بەهاری ساڵی ١٣٩٥دا لەگەڵ تیمێک لە کادر و پێشمەرگەکانی ناوەندی ٣ی کوردستان بە مەئموورییەت دەچێتەوە نێوخۆی وڵات. ڕۆژی ٢ی جۆزەردان هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیم لە گوندی “قەرەسەقەل” لە ناوچەی “شنۆ” هێرش دەکەنە سەر پێشمەرگەکان. بە داخەوە لەو شەڕەدا ٦ پێشمەرگەی قارەمانی حیزبەکەمان شەهید دەبن. هاوڕێ بێهزاد پیرۆتی لە دەرئەنجامی ئەو شەڕەدا لە هاوسەنگەرانی دادەبڕێت و بێسەروشوێن دەبێت، و مەخابن پاش یەک ساڵ بەدواداچوونی ورد و هەوڵی حیزب و خەڵک، هیچ نیشانەیەک لە مانی ئەو هاوڕێیە بەرچاو نەکەوت و کاک بێهزادی پیرۆتی گیانی پاکی لە ڕێگای سەربەرزیی گەل و ڕزگاریی نەتەوەکەی بەخت کرد.

شەهید عەلی مەحموودی (شەماڵ)


علی مەحموودی ناسراو بە “شەماڵ” كوڕی كەریم لەدایكبووی ١٣٦٦ی هەتاوی لە شاری شنۆ.

ناوبراو بەهاری ساڵی ١٣٨٩ هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. پاش تەواو كردنی دەورەی سەرەتایی فێرگە، لە كۆمیسیونی پەروەردە سازمان درا ‌و دەستی بە كاری حیزبی كردووە.

لەو ماوەیەدا لە بەشی تەداروكاتی خەدەماتی كۆمیسیونی پەروەردە ئەركی پێ‌ئەسپێردرا و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە كار ‌و ئەركەكانی ڕاپەڕاندووە.

شەهید شەماڵ بێجگە لەو كارانە، ماوەیەكیش وەك سەرپەل لە كومیسیونی پەروەردە ئەركی بەڕێوە بردووە. هەر لەو ماوەیەدا لە لایەن ئورگانەوە ڕێزی لێ گیراوە ‌و تەشویق كراوە.

هاوكات لەگەڵ پێكهاتنی هێزی تایبەت، شەهید شەماڵ لە شاخ وەك بەشی تەداروكاتی ئەو هێزی دیاری كرا، ناوبراو بەوپەڕی فیداكاری ‌و دڵسۆزییەوە ئەركەكانی خۆی بەجێ‌ گەیاند. دڵسۆزی ‌و ماندوویی نەناسیی شەهید شەماڵ لە هێزی تایبەت وێردی زمانی هەموو هاوڕێیانی بوو. شەهید شەماڵ بە هۆی لێهاتوویی خۆی ساڵی ١٣٩٤ لە دەورەی سیاسی سەرەتایی كادر بەشداریی كرد ‌و بە سەركەوتوویی ئەو دەورەیەی تەواو كرد.

شەهید شەماڵ ساڵی ١٣٩٥ لەگەڵ تیمێك لە پێشمەرگەكان بە مەبەستی جێبەجێ کردنی مەئمورییەتی ناوچە گەڕایەوە نێوخۆی وڵات.

دوژمنی دژی گەلی کورد، لە گوندی “قەرەسەقەل” لە ناوچەی “شنۆ” دڕندانە پەلاماری پێشمەرگەکانی دا. لەو پەلامارە دڕندانەدا، وێڕای شەهید بوونی ٦ كەس لە هاوسەنگەرانی، شەماڵ و چەند هاوڕێی دیكەی بێ‌سەروشوێن بوون.

پاش بەدواداچوون و هەوڵی حیزب و خەڵک، مەخابن هیچ ئاسەوارێک لە مانی ئەو هاوڕێیە بوونی نەبوو و کاک علی مەحموودی ناسراو بە “شەماڵ” گیانی پاکی بەختی ڕێگای پڕ سەروەریی ڕزگاریی گەل و نیشتمان کرد و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی نەمر بوو.

شەهید مێهدی شێخی


مێهدی شێخی كوڕی حەمەخان ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی نیشتمانپەروەر لە گوندی “تەوریوەر”ی ناوچەی “ژاوەرۆ”ی سنە لەدایكبووە.

شەهید مێهدی شێخی هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە و لە شەڕی ٣ مانگە لە ناوچەی سنە بەشداریی کردووە. ساڵی ١٣٥٨ هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەی حیزبی دێموكرات و لە هێزی شەریفزادە سازمان دراوە. هەردوو شەڕی نەورۆزی ٥٨ و بەهاری خوێناویی شاری سنە چالاکانە بەشداریی کردووە. کاک مێهدی یەکێک لە پێشمەرگە دڵسۆز و فیداکارەکانی حیزب بوو لە ناوچەی ژاوەرۆ. لە ماوەی پێشمەرگایەتی‌دا لە زۆربەی هەرەزۆری مەئمووریەتە پێ‌سپێردراوەکانیدا بەوپەڕی دڵسۆزی و فیداکارییەوە بەشداریی دەکرد و ئەرکەکانی تێدەپەڕاند. کاک مێهدی بە هۆی تایبەتمەندییە نیشتمانپەروەرانەکانی و دەروەستیی بەرانبەر ئەرکەکانی بوو بە پێشمەرگەیەکی جێی متمانە و باوەڕی خەڵک و سیمایەکی ناسراوی ناوچەکانی جنووبی کوردستان. لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا بەردەوام لە تیمە تەشکیلاتییەکانی ناوچەی سنەدا بەشدار بووە و ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕاوە. لە شەڕەکانی ناوچەی سنە چەندین جار بریندار بووە. ناوبراو لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چەندین بەرپرسایەتی نیزامیی وەكوو: سەرپەل‌ ـ جێگر پەل ـ سەردەستە و سەر لکی لە ئەستۆ بووە و بەشێكی زۆر لە ژیانی پێشمەرگایەتیی خۆی لە كاروباری نیزامیدا تێپەڕاندوە و وەكوو پێشمەرگەیەکی شارەزا ‌و جێی‌ متمانەی خەڵكی ناوچە ‌و كومیتەی شارستان ‌و مەڵبەند، لەگەڵ تیمە تەشكیلاتییەکان لە ناوچەی سنە ‌و ژاوەرۆ ‌و چەم‌شاردا كاری كردووە.

ساڵی ١٣٨١ پلەی كادری نیزامی وەرگرتووە و بەهۆی فیداکاری و لێهاتووییەوە چەندین خەڵاتی خەڵات و نامەی ڕێزلێنانی پێ‌بەخشرا. تا ساڵی ١٣٩٤ وەکوو كادری ناوەندی ١ی كوردستان، هەر ئەرک ‌و مەئموریەتێكی حیزبی کە پێی سپێردرابێت بە سەرکەوتوویی و بە لێوەشاوەیی جێبەجێ کردووە. ساڵی ١٣٩٤ تیمێكی پێشمەرگەی بردووەتەوە بۆ ناوچە ‌و ماوەی نزیك بە ٢ مانگ ئەرکی حیزبییان بەوپەڕی سەرکەوتووییەوە لە ناوچە بەڕێوە بردووە. بەهاری ساڵی ١٣٩٥ تیمێكی پێشمەرگەی بردووەتەوە بۆ ناوچەی سنە ‌و مەریوان و پاش جەولەیەكی ١٥ ڕۆژە، کاتێک ڕێژیم هەستی بە بوونی پێشمەرگەکانی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە کرد، شاخی “کۆساڵان”یان لە ناوچەی شامیان گەمارۆ دا و دواجار لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٥ی پووشپەڕدا پێشمەرگەکان لە نزیک گوندی “دوو ڕوو” لە بناری شاخی کۆساڵان دەکونە بەر پەلاماری دڕندانەی دوژمن. لە ئاکامی ئەو شەڕە نەخوازراو و نابەرابەرەدا، و لە ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا، ٣ پێشمەرگەی قارەمانی حیزب شەهید دەبن. لە ڕۆژی دووهەمی ئەو شەڕەدا دوژمن بە تۆپ و خومپارە مەیدانی شەڕەکە ئاگر تێبەردەدا. لە ئاکامی ئەو شەڕە داسەپاوەدا، كاك مێهدی ‌و ٥ كەسی دیكە لە هاوڕێیانی پاش هەڵبڕان لە هاوسەنگەرانیان، بێ‌ سەر‌وشوێن بوون. مەخابن پاش بەدواداچوونی ورد و چاوەڕوانیەكی زۆری حیزب و خەڵکی ناوچە و ئەندامانی تەشکیلاتی نێوخۆ، هیچ ئاسەوارێک لەو هاوسەنگەرانەمان نەبینرایەوە و دەركەوت ئەو هاوڕێیانە لە ئاگری ڕق و قینی بێبەزەییانەی دوژمندا شەهید بوون.

شەهید بەرزان حوسێنی


بەرزان حوسێنی كوڕی عوسمان لەدایكبووی ١٣٥٦ی هەتاوی لە گوندی “بەلەبزان”ی سەر بە شاری پاوە.

ساڵی ١٣٨٠ چووەتە ئورووپا ‌و بۆ ماوەی ٥ ساڵ نیشتەجێی ئورووپا بووە ‌و هەر لەوێ‌ پەیوەندی بە تەشكیلاتی حیزبەوە گرتووە و وەكوو ئەندام لە ڕیزەکانی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبدا كاری كردووە. ساڵی ١٣٨٦ گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان ‌و وەكوو پێشمەرگە لە ڕێزەكانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا سازمان دراوە. لەو ماوەیەدا پلەی تەشكیلاتیی كادری وەرگرتووە ‌و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکە پێسپێردراوەکانی بەڕێوە بردووە. لە دوایین كۆنفڕانسی ناوەندی (١)دا وەكوو ئەندامی ناوەندی ١ی كوردستان هەڵبژێردراوە ‌و لەو ئەرکەشدا بە ڕێكوپێكی و سەرکەوتووانە كارەکانی خۆی تێپەڕاندووە. ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لەگەڵ تیمێكی پێشمەرگە چووەتەوە بۆ ناوچەی سەقز ‌و پاش نزیكەی ٢ مانگ بە سەركەوتوویی گەڕاوەتەوە. ناوبراو لە بەهاری ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی‌دا هاوڕێ لەگەڵ تیمێكی كادر ‌و پێشمەرگەی ناوەندی ١ی كوردستان، ڕۆیشتەوە بۆ نێوخۆی وڵات لە ناوچەکانی سنە ‌و مەریوان.

پاش جەولەیەکی ١٥ ڕۆژە، بەداخەوە لە ڕۆژی ٥ی پووشپەڕدا لە شاخی “کۆساڵان” کەوتنە بەر پەلاماری دوژمن و ٣ پێشمەرگەی ئازا و گیان لەسەر دەستی حیزبەکەمان شەهید بوون. بەرزان حوسێنی هاوڕێ لەگەڵ ٥ کەسی دیکە لە هاوسەنگەرانی لەو شەوەدا بێسەروشوێن بوون.

بەداخەوە پاش ساڵێک بەدواداچوونی ورد، دەرکەوت کە کاک بەرزان حوسێنی پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگی حیزب لە ئاگری قینی دوژمندا گیانی پاکی بەختی ڕێگای پڕ لە سەروەریی ئازادیی گەل و نیشتمان کردووە و چووەتە ڕیزی کاروانی پڕ لە شانازیی شەهیدانی کوردستانەوە.

شەهید ڕوحوڵڵا حەیدەری


شەهید ڕوحوڵڵا حەیدەری كوڕی محەممەد، لەدایكبووی ١٣٤٨ی هەتاوی لە گوندی “دەگاگا”ی ناوچەی “شامیان” سەر بە شارستانی “سەوڵاوا”.

شەهید ڕوحوڵڵا حەیدەری ساڵی ١٣٧٠ پەیوەندی تەشكیلاتی بە حیزبەوە گرتووە ‌و لە ڕیزی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبدا وەكوو ئەندام كاری كردووە ‌و یەكێك لە ئەندامە چالاك ‌و فیداكاركانی حیزب بوو. شەهید ڕوحوڵڵا بەپێی ئەو شارەزاییەی هەیبوو، لە ناوچەی مەریوان چەندین جار وەكوو شارەزا ‌و چاوساغی هێزی پێشمەرگە هاوكاریی كردووە ‌و ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە ئامادەکاری و جێبەجێ کردنی خوراك ‌و تەقەمەنی بۆ هێزی زاگروس.

جگە لەوهاوکارییانەش، زۆر جار هەوڵی داوە یارمەتیی ماڵی بۆ حیزب كۆ بكاتەوە. ڕوحوڵڵا لە ماوەی تێكوشانی تەشكیلاتیدا لە لایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە ٢ جار گیراوە و زیندانی كراوە، جاری دووهەم لە بەهاری ساڵی ١٣٩٣دا گیرا، و سزای زیندانی درێژخایەنی بەسەردا سەپا. ناوبراو بە بارمتەی ماڵیی قورس لە زیندان ئازاد کرا، پاش هاتنەدەری لە زیندان، ڕایکرد ‌و خۆی گەیاندە هەرێمی كوردستان ‌و لە شاری سلیمانی نیشتەجێ‌ بوو. ساڵی ١٣٩٤ وەكوو ئەندام لە گەڵ تیمێكی پێشمەرگە گەڕایەوە نێوخۆی وڵات. ناوبراو لە بەهاری ساڵی ١٣٩٥دا وەكوو پێشمەرگە وەرگیرایەوە و لەگەڵ تیمێكی پێشمەرگە بە مەئمورییەت گەڕایەوە نێوخۆی وڵات لە ناوچەی سنە‌ و مەریوان. دوژمنی داگیرکەر ڕۆژی ٥ی پووشپەر لە شاخی “کۆساڵان” پەلاماری پێشمەرگەكانی دا. هاوکات لەگەڵ شەهید بوونی سێ هاوڕێی قارەمانی، ڕوحوڵڵا وێڕای ٥ هاورێی دیكەی لەو شەڕەدا بێ‌سەر‌وشوێن بوو. مەخابن پاش ساڵێک دەرکەوت هاوڕێی پێشمەرگە ڕوحوڵڵا حەیدەری گیانی پاکی لە ڕێگای ڕزگاریی گەل و نەتەوەکەیدا بەخت کردووە و چووەتە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە.

شەهید ساحێب حوسێنی


ساحێب حوسینی كوڕی عەزیز، لەدایكبووی ١٣٦٧ی هەتاوی لە گوندی “هەڵوان” لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە.

شەهید ساحێب حوسێنی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە خۆی گەیاندووەتە ڕێزی پێشمەرگەکانی حیزب. سەرەتا لە كۆمیسیونی سیاسی نیزامی سازمان دراوە ‌و ماوەی ٢ ساڵ بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی خۆی بەڕێوەبردووە، پاشان چووەتە ناوەندی ١ی كوردستان ‌و لەوێش بەوپەڕی هەست کردن بە بەرپرسایەتی، ئەركە پێ‌سپێردراوەکانی بەجێ‌ گەیاندووە. ساڵی ١٣٩٤ نەقڵی كۆمیسیونی ماڵی- خەدەماتی كراوە ‌و لە بەشە جۆراوجۆرەكانی ئەو کۆمیسیونەدا بەوپەڕی دەروەستییەوە ئەركی خۆی ڕاپەڕاندووە.

شەهید ساحێب حوسێنی لە چەندین دەورەی تایبەتی نیزامیدا بەشداریی كردووە. هەر بەو هۆیەشەوە لە لایەن كۆمیسیونی سیاسی ـ نیزامیەوە بە نووسراوە ڕێزی لێ‌گیراوە. بەهاری ساڵی ١٣٩٥ هاوڕێ ساحێب حوسێنی لە گەڵ تیمێك پێشمەرگەدا بەشداریی لە مەئمورییەتی ناوچە‌دا كرد ‌و بەوپەڕی ئازایەتی لەو ئەركەشدا سەرکەوتوویی خۆی نیشان دا.

هاوینی هەمان ساڵ دووبارە لە گەڵ تیمێكی دیكەی پێشمەرگە، لە سەر داوای خۆی گەڕایەوە نێوخۆی وڵات، پاش جەولەیەكی ١٥ ڕۆژە لە شاخی “كۆساڵان”، دوژمنی داگیرکەر هێرشی كردە سەریان ‌و وێرای شەهید بوونی سێ هاورێ لە تیمی پێشمەرگەكاندا، مەخابن لەو شەڕەدا هاوڕێ ساحێب حوسێنی لە گەڵ ٥ هاوڕێی دیكەی بێ‌سەر‌وشوێن بووە. پاشان دەركەوت بە هۆی ئاگربارانی بێبەزەییانەی شاخی “کۆساڵان” لە لایەن دوژمنەوە، هاوڕێ ساحێب حوسێنی گیانی پاکی بەختی ڕێگا و ڕێبازی پڕ سەروەریی شەهیدان، واتە ڕزگاریی گەل و نێشتمان کردووە.

شەهید ئەفشار سوورە


ئەفشار سوورە بوومە، كوڕی مەحموود، لەدایكبووی ١٣٦٦ی هەتاوی لە گوندی “تەوریوەر”ی ناوچەی “ژاوەرۆ”ی سنە.

شەهید ئەفشار سوورە بوومە، ساڵی ١٣٨٩ پەیوەندی بە تەشكیلاتی حیزبەوە‌ گرتووە و وەكوو ئەندامی تەشکیلاتی نهێنی كار ‌و ئەركی پێسپێردراوی خۆی ڕاپەڕاندووە. ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگایەتی ‌و بە فەرمی بووەتە پێشمەرگە. ناوبراو لە كۆمیسیونی سیاسی – نیزامی سازمان دراوە ‌و تا بەهاری ساڵی ١٣٩٤ ئەركی پێشمەرگایەتی خۆی لەو کۆمیسیونە بەڕێوەبردووە. ئەفشار لە كاتی شەڕی “كێلەشین”دا لە یەكەم پێشمەرگەکانی حیزب بوو كە ڕۆیشتە شاخ ‌و تا كاتی شەهید بوونی، لە “هێزی تایبەت”دا وەكوو پێشمەرگەیەكی سەرپەلی نموونە ‌و دڵسوز، ئەركی خۆی بەجێ‌ گەیاند. ساڵی ١٣٩٥ لەگەڵ تیمێك پێشمەرگە ڕۆیشتەوە بۆ مەئموریەتێكی ناوچە لە نێوخۆی وڵات لە ناوچەكانی سنە ‌و مەریوان. پاش ١٥ ڕۆژ جەولەی سیاسی – نیزامی لە گەڵ هاورێیانی لە شاخی “كوساڵان”، لە لایەن دوژمنی بێ‌بەزەیی و دژی گەلییەوە هێرش كرایە سەریان ‌و وێڕای شەهید بوونی ٣ كەس لە هاوسەنگەرانی، ناوبراویش لەگەڵ ٥ هاوڕێی دیكەی، بێ‌‌سەر‌وشوێن بوون. مەخابن پاش ساڵێك بەدواداچوونی وردی حیزب و ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنی و خەڵک، دەرکەوت هاوڕێ ئەفشار شوورە بوومە لە گەڵ ٥ هاوڕێی دیکەی گیانی پاکیان پێشکەش بە ڕێبازی پڕ لە سەروەریی ڕزگاریی گەل و نەتەوەکەیان کردووە و شەهید بوون.

شەهید هیوا قوربانی


هیوا قوربانی كوڕی حەسەن، لەدایكبووی ١٣٧٠ی هەتاوی لە شاری كامیاران.

شەهید هیوا قوربانی، هاوینی ساڵی ١٣٨٩ پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب بووە. پاش تەواو كردنی دەورەی سەرەتایی فێرگە، لە كۆمیسیونی پەروەردە سازمان درا. ناوبراو بەوپەڕی دڵسۆزی‌ و ماندوویی نەناسانە ئەركی حیزبیی خۆی لە کۆمیسیونی پەروەردە بەڕێوە بردووە.

لە‌و ماوەیەدا لە كۆمیسیونی پەروەردە وەك بەرپرسی بەشی تەداروكاتی پەروەردە كاری دەكرد، بێجگە لە كار و ئەرکی ئورگانی خۆی، لە هێزی “پاراستن”دا ئەركی سەرپەلی لەئەستۆ بوو. شەهید هیوا لەو ماوەیەدا چەند دەورەی نیزامیی بینی ‌و وەكوو یەكێك لە پێشمەرگە لێهاتووەكانی بەشی نیزامی ئەرکی خۆی بەڕێوە دەبرد. لە ماوەی ٦ ساڵ پێشمەرگایەتی ‌و بەڕێوەبردنی ئەرك ‌و بەرپرسایەتیی جۆراوجۆری حیزبی‌دا، دووجار بە نووسراوە لە لایەن کۆمیسیۆنی پەروەردە و كۆمیسیونی سیاسی- نیزامی بە نووسراو تەشویق كرا. ساڵی ١٣٩٥ یەكێك لەو پێشمەرگانە بوو كە ئامادەیی خۆی بۆ چوونی ناوچە دەربڕی ‌و لەگەڵ تیمێك لە كادر ‌و پێشمەرگەكان لە مەئموریەتی ناوچەدا بەشداری كرد. پاش جەولە ‌و گەڕانێكی سیاسی –نیزامیی ١٥ ڕۆژە لە ناوچەی سنە ‌و مەریوان، ڕۆژی ٥ی پووشپەڕ لە شاخی كوساڵان پاش هێرشی دڕندانەی هێزەکانی دوژمن و بەرگریی و شەڕێکی ئازایانە و قارەمانانە، وێڕای شەهید بوونی ٣ پێشمەرگەی قارەمان لە تیمەکەیان، هاوڕێ هیوا قوربانی لەگەڵ ٥ هاوڕێی دیكەی بێ‌‌سەر‌وشوێن بوو. مەخابن دواتر دەركەوت لەو شەڕەدا بە هۆی ئاگربارانی شاخی کۆساڵان لە لایەن دوژمنی دژە گەلییەوە، شەهید بووە و گیانی پاکی پێشکەش بە ڕێبازی ڕزگاریی گەل و نەتەوەکەی کردووە.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی