"an independent online kurdish website

ئەوەی گەمژە نەبێ ناچێت باسی سەربەخۆیی بۆ وڵاتێک بکات کە لە لایەن چوار دەوڵەتی دێمۆکراتی  وەک:  ئێران و تورکیا و عێراق و سووریاوە داگیرکراوە و گەمارۆ دراوە مەگەر گەمژە بێ!reuf-golbeden-01

چوار وڵات دژی چوار پارچە بێت لە هەمان کاتدا یەک پارچە چوار وڵات بورووژێنێ کە واتە منی کورد چیم داوە لەم سەرئێشەیە؟

نانم نەبێ باشترە لەوەی سەربەخۆییم بێ، سەربەخۆیی لە کوێ دەبێ بە نان گەمژە؟!

ئەو خەڵکەی کە سەربەخۆیی لایان سووک و چرووکە لە بەر ئەوە نییە کە سەربەخۆیی خۆی سووک بێت یان کەڵکی نەمابێت! ڕاستەکەی مادام کە هەولێر داوای سەربەخۆیی دەکات حاشا لە و سەربەخۆییە، گەمژە!

سەربەخۆیی ئەگەر باش بوایە ئەوە فڵان کەس بەو هەموو شارەزاییەوە کە بووی هەتاکوو لە ژیان مابوو هەر ناویشی نەبرد هیچ بەڵکوو هەتا ئەو مابوو کەس نەیدەوێرا ناوی سەربەخۆیی ببا بەڵام داخەکەم ئێستا تۆ نە ماوی و کورد گۆتەنی لە دوای شێران ڕێوی دەکەن گێران و دەبینین لە هەموو لایەکەوە دەنگی سەربەخۆیی بەرز بووەتەوە ئەمە چییە ئەمە هەمووی لە بەر بێ تۆییە!

تۆ ڕۆیشتی بەڵام سەربەخۆیی بووژایەوە هەر وەک بڵێی سەربەخۆیی بە تۆی نەیدەوێرا، غەزەب تۆ کێی کە کەس لە کنت بە سرتەش نەیدەوێرا ناوی سەربەخۆیی بێنێ؟!

هەتا زیندوو بوویت، کوردستانت کوشتبوو ناوی سەربەخۆیی لە میدیاکەت بڤە بوو!

چ فەلسەفەیەک بوو وا  بە نەمانی تۆ گەمژەکان ناوی سەربەخۆیی دەبەن؟

هەتا تۆمان بووی، کورد بە حەیاتی نە داوای سەربەخۆیی کردووە و نە ئازادیشی دەوێت!

باشە ئێمەی گەمژە بۆ بارودۆخەکەمان لە خۆمان تێک بدەین لە بەر سەربەخۆیی؟!

ئەمجارە بێنە پێش چاوت کە سەربەخۆ بیت ئیتر دەبێ چاوەڕێی بێ پارەیی، بێ مووچەیی، بێ کارەبایی و بێ ئاوی و قەیران لە دوای قەیران ببین گەمژە!

ئایەکو دەزانن کێ باجی سەربەخۆییەکەی دەبێ بدات؟

دیارە ئەو خەڵکەی وا مووچە و ئاو و کارەبا و نانیان نییە دەبێ باجی سەربەخۆیی بدەن دەی کە واتە بۆ ئەم باجە بدەین گەمژە؟

وەرن پیاوانە با سوێندێک بخۆین کە هەر کەس ناوی سەربەخۆیی برد ” پێناسە”کەی لێ بستێنینەوە با بڕوات بۆ لای ئەوانەی کە فێری ئەم بەزمە قۆڕەیان کرد!

ئەگەر پێناسەی نەبوو خۆتان چاری بکەن با بزانێت ” بێ پێناسە” یی یانی چی؟!

خەڵکی لای خۆمان هەر چەند بێکار و بێ پارە و بێ کارەبا و بێ ماڵ و بێ حاڵ بن بەڵام قەت ناچنە ژێر باری ئەو ستەمە گەورەیە کە وڵاتەکەمان بەرەو سەربەخۆیی ببەن!

ئەو ژیانە خۆشەی خۆم ناگۆڕمەوە بە هەزار سەربەخۆیی!

گەمژەکان داوای سەربەخۆیی دەکەن!

 

بژی عێراق و شیمالەل حەبیبە!

ڕەوف گوڵبەدەن

11.7.2017 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی