"an independent online kurdish website

ئاڵا لە سیمبۆلەوە بۆ دۆژمنایەتی کردن لە گەڵ سەربەخۆیی و ویستی لە مێژینەی نەتەوەیەکی بندەست کە سەدان ساڵە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە دەچەوسێتەوەreuf-golbeden-01

و بە هەزاران و بگرە دەیان هەزار کەس گیانی خۆیان لە پێناوی ئازادی و مافی وەک یەکبوون و دێمۆکراسی و لە ئەنجامدا هەموو چەمکەکان لە چەمکی سەربەخۆیی کۆدەبنەوە و پێکەوە دەبنە هاندەری گەورەترین نەتەوەیەی سەر ئەم گۆی زەوییە کە هەتا ئەوڕۆکەش بەو ئامانجە نەگەیشتووە!

ئایەکوو ئاڵا جگە لە سیمبۆلی بوونی نەتەوەیەک بە تایبەتیش بۆ بار و دۆخی ئاڵۆزی کورد دەبێ چ مانایەکی‌تری هەبێت؟

ئایەکوو کەسێک کە دڵسۆزی نیشتمان بێت دەکرێت هەم دڵسۆز بێت و هەم دژی ئاڵا و سروود و گشتپرسی نیشتمانەکەی بێت؟!

جگە لە ئێمەی سەرلێشێواو کە هەتا ئەوڕۆکەش پاسەوانی بەر درگای ماڵی ئاخووندێک یان میتێک دەگۆڕینەوە بە تەواوی هەست و نەستی بوونی خۆمان، کەسی‌ترت بەم ئەقڵە و بیرەوە پێ شک دێت جگە لە هزر و بیر شێواوەکەی خۆمان نەبێت!

نە کۆمۆنیستمان لە کۆمۆنیستی وڵاتان دەچێت و نە نەتەوەخوازیمان لە نەتەوەخوازی جیهان دەچێت و حێزبە دینی و سیاسییەکانیش بە بای داگیرکەران شەن دەکەن و هەر ئەڵێی نە کوردن و نە خەڵکی کوردستان، چەندە دژی بەرژەوەندی باڵای کوردن دوو ئەوەندەش لایەنگری داعش و ئێران و تورک و عەرەب و قەتەر و مەترن! زۆرتر بۆ ئەم و ئەو سووتاون هەتا بۆ کورد!

ئێوە یەک کۆمۆنیست یان دینداری فینلاندی، سوێدی، ئێرانی، تورک، عەرەب بدۆزنەوە کە دژ بە ئاڵا و سروودی نیشتمانی و گشتپرسی وڵاتەکەی خۆیان بێت؟

ئەم حێزبانە بە جێگەی ئەوەی پشتیوانی لە نەتەوە بندەستەکەی خۆیان بکەن سەیر دەکەیت گای ئەمان دیسانەوە لە چرکە چارەنووس سازەکاندا بەرەو لای داگیرکەرانئ کوردستان دەقووڕێنێ و ئیتر بە بیانووی بێ بنەما سەد و هەشتا پلە بای دەدەنەوە وەک ئەوەی کە بڕیارێکە دەبێ جێبەجێ بکرێت! یان دەبینی دیندارە بەڵام ئەوەندەی مەیلی بۆ کۆماری سێدارە  هەیە نیو ئەوەندە ئەگەر بایەخی بە ماڵ و خاکەکەی خۆی دابا لەوانەیە ئائەوامان بە سەر نەهاتبا!

هەر لە کوردە سەرلێشێواوەکەی خۆمان دەوەشێتەوە کە دوای ئەوەی کە بوو بە خاوەن ڕەگەزنامەی وڵاتی خانە خوێ ئیتر خۆی بە خەڵکی ئەوێ دەزانێت بە بێ ئەوەی لەوە تێبگات کە بۆچی ئەم کۆچبەرییەی هەڵبژاردووە؟

لە هەمان کاتدا سەرەڕای هەبوونی ڕەگەزنامەش لە لایەن زۆرێک لە هاووڵاتیانی خانە خوێوە دیسانەوە وەک پەنابەر یان وەک بێگانەش سەیر دەکرێت!

ئەم دیاردەیە وابزانم تەنیا لە ناو نەتەوە بێ دەوڵەتەکەی ئێمەدا هەڵدەکەوێت؟ ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە دژ بە یەکە ئاماژەیە کە نەوەستانێک لە ناخماندا هەیە و هەتا سەر درێژەدر نین!

ئەرێ بۆچی ئەوەندە حول حولی مەزهەبین؟

کوردناسین بەڕاستی زۆر زەحمەتە و پێویستی بەلێکۆڵینەوە چەند ڕەهەندی و ئاکادمیانە هەیە کە کاری لێکۆڵەرانی بەشی زانکۆیە نە من!

تەنیا ئەوە دەزانم کە ئێمە هێشتا لە قۆناخی خۆناسین بە تەواوەتی دەرباز نەبووین، پێویستە ئێمە خۆمان بناسین ئەو جار دۆزینەوەی ڕێگە ساناتر دەبێت!

لە کاتێکدا هێشتا یەک بست زەوی ئازاد و سەربەخۆ بە ڕەسمی بوونی نییە کەچی وا دژی ئاڵا و سەربەخۆیی دەجووڵینەوە یەکێ نەزانێ، سەدان ساڵە تەجرۆبەی سەربەخۆییمان هەیە  بە پشت بەستن بەم تەجرۆبەیە دژی سەربەخۆیی دەوەستینەوە لە  بەر ئەوە لە سەربەخۆیی خێرمان نەدیوە؟!

کەمپەینی ئەنتیکەی دژ بە ڕێفڕاندۆم

من لە هەڵوێستی داگیرکەرانی کوردستان دژ بە گشتپرسی بە باشی تێدەگەم  لە بەر ئەوە ئەوان بە درێژایی مێژوو ئەم هەڵوێستەیان بووە و لە هەمان کاتدا لە داهاتووی داگیرکەرانەی خۆیان دەترسن!

بەڵام  من بە ڕاستی لە هەڵوێستی ئەو بەشە لە کورد تێناگەم کە ئەوان لە کامە داهاتوو دەترسن کە دژ بە گشتپرسی دەوەستننەوە؟

چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان هەڵوێستی ئێوە و هەڵوێستی داگیرکەران لە کاتێکدا یەک هەڵوێستە؟

داگیرکەران لە سەربەخۆیی کوردستان دەترسن!

ئێوە لە چی دەترسن؟

کوردستان کە سەربەخۆبێت نیشتمانی هەموومانە ئایەکوو سەربەخۆیی نیشتمان ترسی هەیە یان کۆیلەتی نیشتمان؟

بڕوا بکەن لێتان تێناگەم ئێوە چیتان دەوێ؟!

کەمپەینێکی ئەنتیکەتان بە ناوی کەمپەینی دژ بە ڕێفڕاندۆم ڕێخستووە بۆ لە باربردنی ئەم هەلە!

بۆ بەخۆدا هاتنەوەەش لەوە دەچێت دەرفەت نەمابێت تکایە درێژە بە کەمپەینەکەتان بدەن یان  ئەوەیەخۆتان تێدا دەبەن یان  هەموو کورد لە هەر دوو بارەکەدا هەر تێدا دەچن!

ڕەوف گوڵبەدەن

10.7.2017

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی