"an independent online kurdish website

پێم وابێت بە لاڕێدابردنی ویستی مێژوویی سەربەخۆیی کە لە پاش زیاتر لە سەد ساڵ ئەوڕۆکە بووە بە رۆژەڤی تاک و کۆی نەتەوەکەمان و ناوچەکەی هێناوەتە خرۆش،reuf-golbeden-01

هەر بۆیە ئیتر کورد ئەو کوردە هەژار و بێدەسەڵاتەی جاران نییە کە چاوی لە خێر و خێراتی ئەم و ئەو بێت!

ناوچەکە خۆی لە خۆیدا یەکپارچە ئاگرە و هەتا ئێستاکەش ئەم ئاگرە کورد دە سووتێنێ  و بەرهەمەکەشی دیارە لە قەبارە و لە ئاستی ئەو قوربانیدان و خوێنە دەبێ ببێ کە داویەتی!

لێرەدا داگیرکەرانی کوردستان کە چاویان کوێر بێت ناوی کورد و کوردستان نەبینین کەوتونەتە خۆیان بە سازکردن لاشەڕ و کێشە و ئاژاوە و دووبەرکی نانەوە دەیانهەوێت هەلەکە لە باربەرن و لە لایەک داعشی سوننەیان بەرداوەتە کورد و لە لایەکی‌تریشەوە داعشی شێعەیان بۆ قووتدانی بەرهەمەکەی ئامادە کردووە!

داعشی شێعە لە دوای تێکشکان و کزبوونی داعشی سوننە لە یەک کتوپڕدا خۆی دەرخست و بە بەرنامەیەکی لە پێش ئامادەکراوە هاتە ناو گۆڕەپانەکەوە!

پشتگوێ خستنی حەویجەش دیسانەوە لە هەمان ڕاستای پیلانی دژایەتی لە گەڵ ویستی کورد دەخولێتەوە و ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کەس حەز ناکات کوردستان ئارامی بە خۆیەوە ببینێت و بۆ درێژەدان بە پیلانەکانیان پێویستیان بە نائارامی و ئاڵۆزییە لە ناوچەکە!

داعشی شێعە واتە کۆماری سێدارە و دەست و پێوەندەکانی لە بەغدا و لە کوردستان هەر لە ئێستەوە

بە ئاژاوەنانەوە دەخوازن ویستی لە مێژینەی کورد واتە سەربەخۆیی کوردستان بە لاڕێدا بەرن و نەهێڵن کورد لەو هەلەی وا لە بەردەستیدایە کەڵک وەربگرێت!

ئاگربەردان لە پەرێز و لەوەڕ و مووچە و مەزرای خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها کۆڵبەرکوشتن و لە پەسا لە سێدارەدان و گرتنی بە فەڵەی خەڵک هەموویان لە راستیدا ناونیشانێکی هەڵەیە کە کۆدەکەی ئەگەر بکەینەوە ماناکەی دەبێ بەوە:

” کورد بە کێشەی لاوەکییەوە سەرقاڵ کەن با دەرفەتی ئەوەیان نەبێت بیر لە چارەنووسی خۆیان بکەنەوە ” !

ئەوڕۆکە کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەندە کێشەی خۆلقاو و دەسکردی بۆ درووستکراوە کە کاتی ئەوەیان نەبێ سەری خۆیان بخۆرێنن!

بێکاری و پشتگوێ خستن، لە باربردنی هەلی کار بۆ بێکار و ئاستەنگ درووست کردن بۆ وەگەڕخستنی سەرمایە لە کوردستان هەموو بە ئامانجی پەک خستنی ژیانی ئاسایی کۆمەڵگەیە هەر وەک بە چاوی خۆمان دەیانبینین کە نائەمنی و کوشت و بڕ و سێدارە و لە بەندکردن و سەرکوت کردن ئیتر بووە بە کاری سەرەکی کۆماری سێدارە لە کوردستان!

نەبوونی کار دەبێتە هۆی هەژاری و دابەزینی ئاستی پێگەی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی کە لە ئەنجامدا بەرهەمهێنەری بێ سەر و بەرەیی لە نێو کۆمەڵگەی لێ دەکەوێتەوە و یەکێک لەو دیاردە بەرچاوانە ئەوەیە کە دەرچووانی زانکۆش بە هۆی بێکارییەوە ناچارن کۆڵبەری بکەن یان ئەوەتا بۆ بژیوی خۆیان و بنەماڵەیان ڕوو لە شارەکانی‌تر دەکەن و بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕێکی پڕ لە دڵەڕاوکە و ناسالم و نائەمن بە بێ هیچ بەڵێن و گرێبەستێک ناچار بە کارێکی نیمچە کۆیلەتی لە شێوازی چاخی سەدەکانی ناوەڕاست دەکرن بە بێ ئەوەی یاسایەک پشتیوانی لەم هێزە بکات!

ئەم دیاردەیە بە زەقی دیارە کە لە دەستەی بەرزی شۆرای ئەمنی وڵاتەوە بەخشەی بۆ کێشراوە و بووە بە ستراتێژی دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنییەکانی کۆماری سێدارە و بەو ئەقڵەوە لێکی دەدەنەوە کە نانت بڕین ئیتر وابزانە کە سپایەکی گەورەی گوێڕایەڵەت پێکهێناوە کە بە ناچاری پێملت دەبن!

لەم سپا ڕەش و ڕووت و هەژارە هەر کەسەو دەتوانێت بەشی خۆی لەم هێزە ئامادەیە جیاکاتەوە و بە کاری بێنێ بۆ خۆی، جا خوای ئەکرد داعش دەبوون یان بەسیج دەبوون هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەبەر ئەوە کە هەر هەموویان دەبنە بەشێک لەوە هێزەی کە مەبەستەکانی باڵای کۆماری سێدارە پێک دێنن!

برسی زنجیری کۆیلەتی ناتوانێ بپسێنێ بەڵکوو چاوی لە پارووە نانێکە کە ئەوڕۆی بخاتە بەیانی و بەیانیش دیسانەوە هەمان برسییەکەی ئەوڕۆیە کە دیسانەوە بۆ بەیانی دەژی!

شۆڕشی برسییەکان تەنیا چیرۆکێک بوو کە بۆ زاخاوی مێشک  و بۆ ئارامکردنەوەی دەروونی خۆمان بۆ یەکمان دەگێڕایەوە و بەس!

داعش و ئەلقاعیدە و بەسیج و حێزبۆڵا و حەشدی شەعبی هەر هەموویان لەم سپا برسی و نەزانە وزە دەگرن!

نانیان ببڕە با تەنیا بیر لە نان بکەنەوە ئەوجار تۆ دەبینتە خاوەن سپایەکی بەهێز و کۆیلە کە پێملی فەرمانەکانی تۆ دەبێت!

ڕەوف گوڵبەدەن

18.6.2017 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی