"an independent online kurdish website

کاک قادر نووسیویە  کە تەنیا کارێکی کە لە دەست من دێ و دەتوانێ دامرکێنەرەوەی ئەو هێرشە سازماندراوە پڕ لە سووکایەتییەی لایەنگرانی کاک خالید بەرامبەر من بێ، یەک لایەنە ئیستیعفای خۆم

لە ئەندامەتیی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ڕادەگەیەنم.

 

دەقی نامەی دەست لە کار کێشانەوەی کاک قادر کە لە لاپەڕەی فەیسبوکی خۆی وەرگیراوە

 

دەست لە کارکێشانەوەم لە ئەندامەتیی ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان

بۆ ئاگاداریی :

دەفتەری سیاسی و

کۆمیتەی ناوەندی و

هەموو تێکۆشەران و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان!

بۆ ئاگاداریی بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان! و

دۆستان و دڵسۆزانی خۆم و حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دەرەوەی ئەم حیزبە!

وەک بەشدارییەک لە هەوڵەکانی ئاسایی کردنەوەی دۆخێک کە بە بە دوای دوا وتووێژی بەڕیز کاک خالید عەزیزی لە تەلەڤیزیۆنی ڕووداو و وەدەنگهاتنی من لەو بێنەزمییەی ناوبراو(بە ئاگاداری و موافقەتی دەفتەری سیاسی)، تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستانی داگرتوە، تەنیا کارێکی کە لە دەست من دێ و دەتوانێ دامرکێنەرەوەی ئەو هێرشە سازماندراوە پڕ لە سووکایەتییەی لایەنگرانی کاک خالید بەرامبەر من بێ، یەک لایەنە ئیستیعفای خۆم لە ئەندامەتیی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ڕادەگەیەنم. دیارە کەم کەس لە نێو تێکۆشەرانی حیزب هەیە کە نەزانێ بوون و مانەوەم لە ڕێبەریی ئەم حیزبە بە پێچەوانەی ویستی خۆم و لە سەر پێداگریی کۆنگرەکانی حیزب و بە تایبەتی سکرتێری گشتیی پێشوو بەڕیز کاک خالید عەزیزی بووە. بوون و مانەوەی من لە ڕێبەریی ئەو حیزبە دا نە لەبەر هۆگرییم بە پۆست و مەقام و خۆشەویستیی کورسی و دەسەڵاتی حیزبی، یا ئیمتیاز و پاداشی ماددی، بەڵکوو تەنیا ڕێزگرتنێک بووە لە داوای دڵسۆزانەی ڕێژەیەکی زۆر لە بەوەجترین تێکۆشەرانی ئەم حیزبە، هەوڵیشم داوە لە خزمەتکردنی خۆبەخشانەی خۆم دا هیچ سنوورێک نەناسم. ئێستا کە لە نێو حیزبەکەی خۆمان دا، ڕێگای بەرگری لە مێژوو و ڕێبازی شۆڕشگێرانە و سیاسەتی پەسەندکراو و دروستی ئەو حیزبەم نیە و بەم بۆنەیەوە دەکەومە بەر دزێوترین بوختان و سووکایەتییەکان و ڕێبەڕیی حیزبییش بە داخەوە پێشی پێ ناگیرێ، هەم بۆ خۆم و هەم بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان وای بە باش دەزانم، دەست لە ئەندامەتیی رێبەریی حیزب بکێشمەوە.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دا، بە ناوی داکۆکی لە بەڕێز عەزیزی، جگە لە سووکایەتی جۆراوجۆر، بە زۆر شت تاوانبار کرام. کاک خالید ئەگەر ویژدانی خۆی نەنێتە ژێر پێ، گونجاوترین کەسە بۆ شایەدی دان لە سەر ناڕەوا و بێ بنەما بوونی هەموو ئەو جۆرە بوختان و هێرشانە لە بارەی منەوە. بەڵام ئەگەر هەر شایەدی نەدا ، ناچارم لە داهاتوویەکی نزیک دا بە بەڵگە و دەلیلەوە، زۆر لە ڕاستییەکان ڕوون دەکەمەوە .

هەر لێرەشەوە وەک برا بچووک و موخلیسی یەک یەکی سەرجەم تێکۆشەران ، ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان داوایان لێ دەکەم خۆ لە هەر دژکردەوە و دەربڕینێک کە کێشە و ئاڵۆزییەکی تەنانەت زۆر بچووکیش بخولقێنێ، بپارێزن. ئەوەی بە ناوی دڵسۆزی بۆ من شتێکی نەشیاو بڵێ و بنووسێ، یا هێرش بکاتە سەر کەسایەتییەکانی ئەم حیزبە، پێش هەموو کەس سووکایەتیی بە خۆم کردوە. حەق وایە هەڵسوکەوتی دڵسۆزان‌و لایەنگرانی هەر کەس و کەسایەتییەک ئاوێنەیەک بێ بۆ نواندنی ئەو سیما و کەسایەتییەی خۆشیان دەوێ.

هیوام سەرکەوتنی حیزبی دیموکراتی کوردستان و سەرکەوتنی یەک بە یەکی ئێوەی بەڕێز لە خزمەتی ئەم حیزبە و بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کوردستان دایە.

لە گەڵ ئەو پەڕی ڕێزم بۆ دەیان ساڵ هاوڕێێەتی و هاوخەباتی و لێ فێربوونتان و ، وێڕای نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری لە گەڵ گیانی شەهیدان و نەمرانی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەکەم.

قادر وریا

١٨/٥/٢٠١٧

……. 

سوپاس بۆ دڵسۆزی و هەڵوێستتان

قادر وریا

٢٤/٥/٢٠١٧

“ئەم خۆشەویستییەت لە دڵی پڕ پەژارەما

تێکەڵ بە شیر مژیم و لە گەڵ گیان دەچێتە دەر”

(هەژاری موکوریانی)

لەو کاتەوە کە دەست لە کارکێشانەوەی خۆم لە ئەندامەتیی ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندوە هەتا ئێستا، ژمارەیەکی زۆر لە تێکۆشەران و ئەندامانی دڵسۆزی حیزب بە تەلەفۆن، ئیمەیل و لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێوەندییان پێوە گرتووم یا بە کۆمێنت نووسین بە داخبوونی خۆیان لەو بڕیارەم راگەیاندوە. بە داخەوە بۆم نەگونجاوە لە گەڵ هەموو ئەوانەی ویستوویانە، قسە بکەم. فریاش نەکەوتووم بۆ ئەوانەی بە نووسین پەیامیان بۆ ناردووم، وڵام بنووسمەوە و سپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی دڵسۆزانەیان بکەم. هێندێک کەسی ڕاهاتوو بە نەخۆشیی بوغزاندنی قادر وریاش، ئەم هەلەیان بە دەفەت زانیوە بۆ ئەوەی لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن و لە بارەی رابردووی من و ئەم بڕیارەم، درۆ بڵاو بکەنەوە و چەواشەکاری بکەن.

بە دەرفەتی دەزانم هەر لێرەوە داوای لێبووردن لەو خۆشەویستانە بکەم کە لەم بڕیارەم ناڕازی بوون و بەم بۆنەوە هەستی خۆیان دەربڕیوە. شەرمەندەشیانم کە نەمتوانیوە بۆ هەر کامێکیان وڵامی تایبەت بنووسم. هەر ئەوەندەیان عەرز دەکەم کە نەمانەوەم لە ڕێبەریی حیزب دا، بە مانای ماڵاوایی لە حیزبی دیموکرات و ئەندامەتی و پێشمەرگایەتیی ئەو حیزبە و بەردەوامبوون لە سەر ڕێگای شەهیدەکانی نیە. حیزبی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی و بنەماڵەی گەورەی دیموکرات بە گشتی، بنەماڵەی مەمانانێکە کە لە داوێن و باوەشیان دا هەڵمان دا و… پیر بووین. نە من دەستم بۆ لێ هەڵ دەگیرێن و نە پێم وایە ئەوانیش حەز بە حاشالێکردنمان دەکەن. هەر کاتێکیش ئەو هەلومەرجە پێک بێ کە حیزبەکە – بە ڕێبەریی و ئەندامانییەوە-، دڵسۆزانی خۆی بناسێ و ڕیزیان بگرێ و بیانپارێزێ و، نەبێ بە تەماشاچیی سووکایەتیی پێکرانی دڵسۆزترین ڕۆلەکانی خۆی لە لایەن کەسانێکەوە کە منەتی ئەندامبوون بە سەر حیزبەوە دەکەن، وەرگرتنی بەرپرسایەتیی قورس بە ئەرک و بە شانازی دەزانم.

ئەوانەش کە لە دژایەتیم‌دا نە ماندوو دەبن نە سنوورێک دەناسن، خاترجەم دەکەم کە دوا وێستگەی ژیانی من هەر نێو بنکە و سەنگەرەکانی پێشمەرگەیە. من لە یەکێک لە پلینۆمەکانی کۆمیتەی ناوەندی دا رامگەیاندبوو کە نامەوێ لە ڕێبەریی حیزب دابم، بەڵام لە کوردستان و لە نێو پێشمەرگە لاوەکان و تێکۆشەرانی دێرینی ئەم حیزبە دا دەمێنمەوە و بە سەفەر نەبێ ڕوو ناکەمە دەرەوەی وڵات. ئەوەشم وتبوو کە دوا مەنزڵی من ئەو بەرزاییەی دەشتی کۆیە دەبێ کە شەهیدان و نەمرانی دیموکرات بە تایبەتی ئەو پۆلە شەهیدەی شەوی یەلدای گرتووەتە باوەش. جا ئێستا ئەو “بەڕێز”انە، بەم هەواڵە تووڕەتر دەبن یا شەرم دەیانگرێ و واز لە درۆ و بەدگۆیی دێنن، سەربەستن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

 

هەڵوێستەیەک لە سەر دوا وتووێژی کاک خالید عەزیزی لە گەڵ تەلەڤیزیۆنی “ڕووداو”، قادر وریا

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی