"an independent online kurdish website

کاتێک ئەو وتەیەی دوکتۆر قاسملوو ڕێبەری زانای کوردم بیردەکەوێتەوە کە لە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٣٦٨ لە کۆبوونەوەیەکی حیزبی دا مەترەحی کرد، من و زۆر لە هاوڕێیانم ڕەنگە بە تەواوی تێنەگەیشتبین کە ئامانج لەو قسەیە چیە؟


کەچی دوای ئەو هەموو ساڵە دەبینم وتەی زێڕینی ڕێبەرەزاناکەمان بۆ ئەمڕۆش سدق دەکا کە : سیاسەت ئەوە نیە یان هەمووشتێک یان هیچ!لە ئێران هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و ئەنجومەنی شار و دێ لەم ماوەیە دا بەڕێوە دەچێ. هەموومان ئەوە دەزانین و ڕەنگە خودی دەمڕاستەکانی کۆماری ئیسلامیش نەیشارنەوە کە بۆیە ئەم دوو هەڵبژاردنەیان کردووە بە یەک پڕۆسە تا بەڵکوو هەرچی زیاتر خەڵک پەلکێشی سەر سندۆقەکانی دەنگدان بکەن و بیکەنە تەبلیغاتێک بۆ سیستەمی حاکم. تەنانەت لە شار و دێهات ململانێی سەیرو سەمەرەشیان دروست کردووە کە لانی کەم دەتوانم لە کوردستان باسی زیندوو کردنەوەی عەشیرەگەری و ئەوانە بکەم. یان لەو شارانەی کە زیاتر لە یەک پێکهاتەی هەیە ململانێێ   دروست کردووە. بەڵام خۆ ناکرێ ئیزهاری وجوود و بەربەرەکانیمان لە هەمبەر داگیرکەر دا  بیکەینەوە  فیدای سیاسەتێکی فێڵاویی ئەو نیزامە. لێرە دا مەسەلە سەلماندنی وجوودمانە بۆ گەیشتن بە مافەکانمان.

مادام باوەڕمان بەوە هەبێ کە سیاسەت ڕەش و سپی نیە، یان هەمووشتێک ، یان هیچ! پێویستە دەستی خەڵك ئاوەڵا بکەین کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دا برواتە سەرسندۆق دەنگ بدا. بە نەزەرم زۆریش مەنتیقی دەبێ کە ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری کە پرۆسەیەکی سیاسییە بایکۆت بکەین. بەڵام هەڵبژاردنی شارەوانییەکان پڕۆسەیەکی ئیداریی سیڤیلی گشتی یە و ناکرێ بە خەڵک بڵێی مەڕۆ ئیدارەی خزمەتگوزاریی خۆت هەڵ مەبژێرە. با لە خۆمان بپرسین کە ئەگەر ئێمە لە شاری وەک: سنە ، کامیاران، دیواندەرە ، مەهاباد، بۆکان، سەردەشت، ڕەبەت، بانە، مەریوان، پاوە ، سەقز، جوانڕۆ، سەرپێڵ، نەوسوود و …. کە سەد لە سەد کوردن بایکۆتی شارەوانی بکەین، دەبێ چاوەروانی ئەوەبین کە ڕێژیم چەند بەسیجێکی فارس یان تورک بێنێ و بیانکاتە ئەنجومەنی ئەو شارانە. داخوا ئەوە قازانجمانە؟ ئەوە چەندە مەنتیقی یە؟ داخوا ئەوانیشمان قەبووڵ نیە کە ڕەنگە کەسی زۆر نیشتیمان پەروەر و بگرە کەس و کاری شەهیدانی بزووتنەوەی نەتەوایەتیشمان بن. ئەوانیشمان قەبووڵ نیە و بایکۆتی دەکەین؟ بۆ دێهاتیش هەمان بۆچوون سدق دەکا.

لە شارەکانی وەک ئۆرمیە، نەغەدە، سەڵماس، شاهیندێژ، تیکاب، خۆی، ماکۆ ،شووت، پۆلدەشت، چاڵدارن، باژێر، نۆشین شەهر ، بیجار، قوروە ، و… کە کورد و تورک تێکەڵاون، وادابنێین کورد بە قسەی حیزبەکانی کرد و بەشدار نەبوو، شارەوانیەکە سەد لە سەد کەوتە دەستی تورکەکان، داخوا چ قازانجێکمان کردووە؟ باشتر نیە کە لانی کەم لە شارێکی وەک ئۆرمیە ٤ کەسمان وەک کورد(تەنانەت ئەگەر باوەریشیان بە کوردایەتی نەبێ) لە شارەوانیی ئەو شارە دا هەبێ؟

لە کۆتایی دا پێشنیاری ڕوونی من ئەوەیە کە : با ئەم هەڵبژاردنە بیکەینەوە تاقیکردنەوەیەکی نوێ لە شێوەی هەڵوێستمان لە هەمبەر هەڵبژاردنەکان . با هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بایکۆت بکەین، بەڵام هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ خەڵک بەجێ بێڵین و ئەگەر توانیمان هەوڵ بدەین کەسی شیاو برواتە شارەوانییەکان تا لە ڕێگای ئەو کەسە شیاوانەوە ئیزن نەدەین ئیدارەی کوردستان لە ڕێگای هاوردەکانەوە بکرێ.

کاووس عەزیزی

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی