"an independent online kurdish website

ئێمەی تاراوگەنشین کۆمەڵە خەڵکێکی نایەکگرتووی تێکڵاوین کە هەر یەکەو یان سەر بە لایەنێکی سیاسییە و یان ئەگەریش سیاسی نەبێت بە پاشخانێک لە سیاسەت و لە کولتوور و لە داب و نەرێتی زاڵی وڵاتێکەوە هاتووە reuf-golbeden-01

کە تێدا یان کۆیلەی دەستی دەسەڵات بووە یان وەک مرۆڤێکی پلە دوو و پلە سێ لە وڵاتەکەی خۆیدا هاتووەتە ژمار لە هەمان کاتدا دەست ئەنقەز لە لایەن دەسەڵاتەوە پەڕاوێزخراوە و ڕۆژێ لە ڕۆژان نەیتوانیوە سەربەستانە لە وڵاتەکەی خۆیدا دەسەڵاتدار بێت!

هەر بۆیە تاراوگەنشینان ئێستە بۆخۆیان لە وڵاتی خانەخوێ بوونەتە توێژێکی دوور لە نیشتمان کە زۆر جار ئەگەر مرۆڤ بە وردی بچێتە ناخی ئەم توێژە دەبینێت تێکەڵاوەیەکن کە تەنیا لە ناودا لەوانەیە یەکبگرنەوە کە ئەویش تاراوگەنشینانی دوور لە نیشتمانن!

لە نیشتمانی خۆیان بە ناچاری هەڵکەنراون و لە دوای ساڵانێک خەبات و چەرمەسەری لە تاراوگەنشینی گرساونەتەوە! دیارە لێکۆڵینەوە لە تارواگە و تاراوگەنشینی خۆی بە تەنیا دەتوانێت ببێ بە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و لە لایەن کەس یان کەسانی خاوەن پسپۆڕەوە بنکۆڵ بکرێت!

ئەم توێژە لە هەموو جۆرە کەسێکی تێدایە هەر لە نیشتمانپەروەرەوە بگرە هەتا نانیشتمانی و هەر لە ئاییندارەوە بگرە هەتا بێ ئایین و هەر ڕاستی ڕاستەوە بگرە هەتا چەپی چەپ و بە کورتییەکەی وەک چێشتی مجێوەری تێکەڵاوەیەکە کە بە تێکەڵاویش زۆر بە سانیی لێک جیادەکرێنەوە!

تاکی تاراوگەنشین لە وڵاتێکەوە هاتووە کە تەنیا لە ڕادوێ و ڕاگەیاندنە حێزبییەکانەوە گوێی لە دەستەواژەی دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ بووە و لە وڵاتی خۆی بە کردەوە ئەو شێوازە سیستمەی تەجرۆبە نەکردووە و تەنیا لە ڕێگەی خوێندنەوە و گوێگرتنەوە زۆر بە کاڵ و کرچی توانیویەتی لەم بارەوە زانیارێکی گشتی پاشەکەوت بخات کە لەمەشدا گشتگر نییە!

دیارە لە وڵاتانی دواکەوتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو سیستمە نەرێتیە دەسەڵاتەوە کە هەیانە لەوە زیاتر نابێ چاوەڕوان بکرێت!

ژینگە و ژینگەپارێزی لەو چەمکانەیە کە بە گوڵلە وەڵامی دەدرێتەوە و ئەوەی وا پارێزگاری لە ژینگە بکات هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ ئەو کەسە نییە کە دژی دەسەڵات چەکی هەڵگرتووە و بەرگری لە نیشتمانی خۆی دەکات! لە ڕاستیدا ژینگەپاراستن ڕێک مانای نیشتمان پاراستنە و نیشتمان پاراستنیش لە خۆشەویستی بۆ نیشتمانەوە دێت هەر بۆیە ژینگەپارێزی ئەوڕۆکە شێوازێکە لە خەبات دژی زوڵم و نادادگەری!

پەروەردە بە زمانی دایکی بوونی نییە و ئەوەی داکۆکی لە زمان و بوونی خۆی بکات دەکەوێتە بن چاوەدێری دەم و دەزگا سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەرەکانەوە و ئیتر ئەمە دەسپێکی کێشەیەکە کە کورد گۆتەنی: ” وەک ڕەگی گولی وایە و قەت لێت نابێتەوە”!

ئەمە بۆ تاک بە تاکی کورد دیاردەیەکی ئاشنایە و پێم وا نەبێ کەس نکۆڵی لە بێ مافی کورد و بێ دەرەتانی کورد بکات لەو وڵاتانەی کە تێدا بە درێژایی ژیان لە ژێر چەوسانەوەدایە!

ئێمە بەم پاشخانە جوانەوە پەروەردە بووین و هەر بۆیە ئازادی و دێمۆکراسی لە لامان هەر ناوێکە و بەس و تەنانەت جاری وایە بە بیستینی هەڵدەبەزینەوە و لە گەڵ ئەوەی بە ساڵان ژیان لە لانکەی دێمۆکراسی هێشتاش نەک لە خۆمان تێناگەین تەنانەت خەریکین سەر لەوانیش دەشەوێنین و بە کوردییەکەی هەر بەزمەکەی لای خۆمانە و هەر بۆ خۆیەتی و کەس بیر لە کەس ناکاتەوە!

دێمۆکراسی لای زۆرێک لە خۆمان بێ مانایە و هەر نازانین چییە هەتا کاری پێ بکەین ئەوەشی کە لە خەڵکێک فێربووین و بیستوومانە بە کردەوە نەمانزانیوە کەڵکی لێ وەربگرین هەر بۆیە ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ڕێگەی خولێکی ماوە کورتەوە سەرەتاتکێکی لە چەمکی دێمۆکراسی بیستبێت یان تەنانەت ئەم چەمکە لە ڕێگەی کەسێکی بلیمەت و هەڵکەوتووە کرابێت بە بەشێک لە ستراتێژی حێزبەکەشی بە هەر هۆیەک بووە ئەو چەمکە نەیتوانیوە بۆ خوارەوە شۆۆڕبێتەوە و بە کردەوەدا جێبەجێ کرابێت!

لە بەر ئەوەی کە هیچ ئەزموونێکی مێژوویی وامان لەو بارەوە نەبووە، کۆمەڵگەی ئێمە زۆر زۆر لەو بارەوە هەژارە و تەنانەت لە گەڵ ئەوەی خاوەنی ئەزموونی کاری سیاسیش بوون بەڵام کۆمەڵگەش بە پێی ئەوەی کە بەشێکە لەو وڵاتەی کە لە ڕێگەی سیستمێکی دیکتاتۆری لە ناوەندەوە بەڕێوە براوە دەرفەتی جێبەجێکردنی ئەو چەمکەی بە کەس نەداوە! لە گەڵ ئەمەشدا بە بێ ئەوەی خودی کۆمەڵگە بیهەوێت کارتێکەری دەسەڵات لە سەر هەڵس و کەوت و پەروەردە دەردەکەوێت و دەبینین و ئەوانیش تێکەڵاوێکن لە درۆ و لە فێڵ و خود سانسۆڕی واتە هەر ئەوەیان وەرگرتووە کە لە وڵاتدا بوونی هەیە!

ئیتر کۆمەڵگەی کورد لە کێ و لە کوێ دەبێ فێری مافی مرۆڤ و چەمکی دێمۆکراسی و جێبەجێکردنی یاسا بێت؟

درۆشمی هەڵبژاردن تەنیا درۆشمە!

تاراوگەنشینی کورد بە زۆری قەت بەشێک لە دەسەڵات نەبووە و کاریگەری ئەم خاڵە ئەو کاتە دەردەکەوێت کە پەل بۆ دەسەڵات بکوتێت واتە بە بێ زانیاری و بە بێ ئەزموون چۆن دەکرێت کۆمەڵگە بەڕێوەبەریت؟

بەم پاشخانە چۆڵەوە هیچ ماڵێک ئاوەدان نابێتەوە و لەوانەشە ئەوەشی وا هەیە تێک بچێت!

نەیتوانیوە وڵاتی خۆی بە ڕێکوپێکی و بەڕێوە ببات کە کۆچبەریش بووە دیسانەوە بە هەر هۆیەک هەیە نەیانتوانیوە لێرەش هەلەکە بۆ بارگاویکردنی پاشخانی زانستی خۆی بگوازێتەوە!

تاراوگە نشین خاوەن وزەی لاوان و تازەپێگەیشتووانن کە ئەگەر بواریان پێ بدرێت لەوانەیە ئەوان لەم وڵاتانە سەرکەوتووتر دەرکەون!

توێژە بە تەمەنەکە ئەوەندەی کە دژبەری یەک دەکەن ئەگەر تەنیا نیو ئەوەندە هەستی خۆیان بۆ خزمەت بە یەکتر تەرخان بکردایە ئەوە بە دڵنیاییەوە وەک ئێستاکە سەرلێشێواو و پەرتەوازە نەدەبووین!

دیارە من بە گشتی دەڕوانمە ئەو دیاردەیە و زۆر دڵنیام کە تاکی دڵسۆز هەیە بەڵام ئێمە دەبێ کاری بە کۆ بکەینە ئامانج بۆ ئەوەی دەسکەوتەکەشی هەم بەرچاوترە و هەم جێگیرترە!

گەورەکردنەوەی تاک بەداخەوە نیشانەی نزم بوونی ئاستی هوشیاری کۆمەڵگەیە!

تاکی کورد وردە وردە خەریکە لە ناو کۆمەڵگەی خانەخوێدا دەتوێتەوە کەچی دەبینین بەربژێرەکانیش درۆشمی جێگیربوون و تەنانەت توانەوە لە ناو کۆمەڵگەی خانە خوێ دەکەن بە درۆشمی هەڵبژاردن کە لە ڕاستیدا ئەو درۆشمانە زۆرتر لە درۆشمی ڕاسیسیتەکان دەچێت!

ئێمە خۆمان درۆشمەکانی کۆنە ڕاسیسیتەکان دووبارە دەکەینەوە لە کاتێکدا لەوانەیە ئەو درۆشمە لە بنەڕەتدا درۆشمی ئەو حێزبەش نەبێت کە ئەم خۆی پێدا هەڵواسیوە!

چۆن دەکرێت بە قسە شتێک بڵێیت و بە کردەوە شتێک؟

ئایەکوو ئەمە هەلخوازی نییە؟

وڵاتێک کە خاوەنی یەکێ لە پێشکەوتووترین سیستمی فێرکردن و بارهێنانە لە جیهاندا لە کاتێکدا بەربژێری ئێمە بە جەسارەتەوە وا باس لە گۆڕینی ئەم سیستمە دەکات کە یەکێ نەزانێ ئەو ئەم سیستمەی دامەزراندووە!

ئایەکوو ئەمە ڕاستە؟

ئایەکوو بەربەژێرە کوردەکان ئاستی زمان، تێگەیشتن، خوێندنەوە و شارەزاییان لەو ئاستەدا هەیە کە بچنە ناو سیستمی دەسەڵاتی وڵاتی خانەخوێ لە کاتێکدا قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان تەجرۆبەی وڵاتداری و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وڵاتیان نەبووە!

ئەمانە هەموو نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا سنووری نێوان تاراوگەنشین و خەڵکی خۆماڵی زۆر لەوە بەرینترە کە بەمزوانە لێی تێبگەین!

وەک تاکێکی کورد خاوەنی یەک دەنگم و بە ئەرکی خۆم دەزانم بەشداری لە هەڵبژاردن بکەم!

ڕەوف گوڵبەدەن

1.4.2017 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی