"an independent online kurdish website

درۆ لە کوێ دەچێنن و درۆزن لە کوێ بەرهەم دێنن؟april1

لە بەندیخانە زۆربەی بەندییەکان نوێژیان دەکرد و ئەگەر کەسەک نوێژی نەکردایە ئەوە دەکەوتە بەرچاوی پاسدارەکان و بە چاوی کافر و بێدین سەیریان دەکرد!

ئەوانەی وا نوێژیان دەکرد لە راستیدا بە دەگمەن نوێژکەریان تێدابوو و هەتا نەهاتبوونە بەندیخانە گاڵتەیان بەو کەسانە دەهات کە نوێژیان دەکرد لە نێوان خۆیان بە سەرمۆقولانج ناوبوێریان دەکرد بەڵام کە خۆیان کەوتنە بەندیخانە تاقمێکی کەمی لی دەرچێت یەکێک دەبووە بەرنوێژ و ئیتر پێنج فەرزەکەیان بە جەماعەت بەر کەس نەدەخست، بڕێ کەسی تێدا بوو کە لە دەرەوە قەت سەری بە سوجدەی خوا نەبردبوو بەڵام کە کەوتە بەندیخانە لە گەڵ ئەوەی کە سوننی بوو کەچی لە ترسا دەستەکانی بەردەدایەوە و بە شێوەی شێعە نوێژی دەکرد!

نوێژە ریا وای لێهات کە نیەتیان دەهێنا دەیانگۆت:

” قەست و نیەتمە چوار رکات نوێژ فەرزە لە سەرم بۆ سپای پاسداران یان بۆ بەرادەر مۆرتەزا بەجێبهێنم ئەڵاهوو ئەکبەڕ… “

ئایەکوو ئەمە کارگەی بەرهەمهێنانی درۆزن نییە؟

دەوڵەتێک بە هەموو دەسەڵاتییە خەریکی بەرهەمهێنانی درۆزن بوون و هەر بۆیە ئەوڕۆکە لە کۆمەڵگەی ئێران بە گشتی کەس بە کەس باوەڕ ناکات و راسبێژی نرخی نییە و کارمەند و مامۆستای قوتابخانە و کرێکار بە زۆر دەبرێن بۆ نوێژی هەینی کە هەمان سیاسەتی نوێژە ریاکەی بەندیخانەیە کە بەرهەمەکەی دیسان بووە بە دوو ڕوویی و درۆزنی و تاد…

وا باشە رۆژێک دابنێن بە ناوی رۆژی راستبێژی بەڵکوو لە ساڵان و لە مانگان بیریان کەوێتەوە کە جگە لە درۆ دیاردەیەکیش بە ناوی راستی بوونی هەیە!

ڕەوف گوڵبەدەن

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی