"an independent online kurdish website

دوای ڕۆیشتنەوەی هاوڕێیان بەرەو باشوور، ئێمەش تیمێکی وابزانم ٨ کەس بووین بەرەو ناوچەی برادۆست و گەلی بەردەڕەش جەولەیەکمان دەستپێکرد کە بەرپرسی تیمەکە فەرەیدوون میرزایی بوو(ڕووحی شاد). kavos_azizi

سەردانی زۆریەک لە ئاوایەکانی برادۆست و گەلی بەردەڕەش مان کرد، چەند کەسێک لە لایەن کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیەوە ناویان درابووە بەرپرسی تیم کە هۆشداریان بدەینێ لەمەڕ هاوکاری کردنی هێزەکانی ڕێژیم. ئەو کارەشمان کرد و زۆربەی ئەو کەسانەمان ئاگادار کردەوە کە واز بێنن لەو کارەیان.

لە نیوەی مەئمووریەتەکە دا ٣ کەسمان ناردەوە بۆ مقەر کە وابزانم ئەکرەم میرزایی برای فەرەیدوون (رووحی شاد) فەیسەڵ ئوستادی(ڕووحی شاد) و مەنگور جۆدەت بوون . ئێمەش پێنج کەس ماینەوە کە فەرەیدوون، مەلا جاسم ئیسماعیلی (ڕووحی شاد) نوسرەت ئەحمێ زادە ، من و سمایل بێتاری بووین و درێژەمان بە مەئمووریەتەکە دا.

ڕۆژی ٢ی سەرماوەز لە نیزیک ئاوایی بانی مابووینەوە و گوندەکەمان لێ دیار بوو. ڕەنگ بێ یەک کیلۆمیتر لە گوندەکە دوور بووین. دەوروبەری سەعات یەک بوو کە دیتمان ماشێنێکی گرووهی زەربەت بە ٩ کەسەوە هاتە نێو دێ و فەوری کەوتنە کووچە و کۆڵانان بۆ ڕەشبگیریی لاوان بۆ سەربازی. ئەوکات گەرمەی شەڕی ئێران/ عێراق بوو. لاوانی کورد ئامادە نەبوون بچنەو ەبەرەکانی شەڕ لەگەل عێراق ، یان بە دژی هیزی پێشمەرگە شەڕ بکەن، بۆیە خۆیان بەدەستەوە نەدەدا.

ئەو ڕۆژە ئەوان کەوتنە ناو گوند و تەنانەت تەقەیان کرد ، بەڵام کەسیان بۆ نەگیرا و دوای یەک سەعات بە دەستی بەتاڵ گەڕانەوە. ئێمەش هەر زوو ویستمان لە خوارەوەی گوند کەمینیان بۆ دابنێین. بەڵام دوو کەس وەک تەئمینی جادە لە لای کیشە گیایەک دانرابوون کە مەجال نەبوو بگەینە سەر جاددە. بەڵام کاتێک دیتمان تازە ماشێنەکە لە دەستمان دەرچوو و هۆکارەکەشی بوونی ئەو دوو بەسجیە بوو کە وەک تەئمینی جادە دانرابوون، گوتمان دەبی ئەو دوو بەسیجە تەنبێ بکەین. ئەوە بوو بۆیان چووین و تەنبێ کران بۆ هەمیشە کە یەکێکیان جێگری فەرماندەری پایەگا بەسیجێکی تورک بوو و ڕۆژانە خەڵکی ئەزیەت دەکرد.

عەمەڵیاتەکەمان کرد و هەر ئەو ئێوارەیە بە گەلی دێرێ دا هاتینەوە ناو گوندی دێرێ. من و مەلا جاسم پێکەوە ویستمان بچینەوە ماڵە ئاشنایەک. کە چووینەوە لەو ماڵە تەنها دایک و کچێک کە ئاشنا بوون   پێکەوە باسی پێشمەرگەیان دەکرد. منیش گوتم ئەوە باسی ضد انقلابان دەکەن؟ ئەوان وایان زانی ئێمە سەربازی پایەگاکەن. تا نەچوومە بەر رووناکایی چراکە تەواو ترسیان لێ نیشت بوو. کە ئێمەیان ناسی ئەوجار ئارام بوونەوە. ئەو دایکە بەداخەوە ٢ ساڵ پێش کۆچی دوایی کرد و کچەکەش ٣ ساڵ دوای ئەو ئێوارەیە بوو بە پێشمەرگەی حیزب و ئێستا لە ئیسکاندیناوی دەژی. ئەوان دایکە حەوزێ و خەجیجەی کچی بوون کە خزمەتێکی زۆری پێشمەرگەیان دەکرد. ڕووحی دایکە حەوزێ شاد. ژیانی خەجیجە خانم و کاک عەسکەر عەلیزادە و ماڵباتیان بە خۆشی وکامەڕانی بێ.

بەرەبەیان بوو لە گوند هاتینە دەر. دەبا لە چۆم بپەڕێینەوە. هەرچی بەردی ناو چۆمەکە بوو ببووە بەستەڵەک و وەک سابوونی لێهاتبوو. هەرکە لاقت لە سەری داناباوە ڕیک بەردەبوویەوە ناو ئاو. من و مەلا جاسم توانیمان بە بێ کەوتنەوە خۆمان دەرباس بکەین. ئەوجار نۆرەی نووسرەت بوو. گوتی من دێم بەس پێ مەکەنن. هاتەوە نیوەڕاستی چۆمەکە ، من و مەلا جاسم دەستمان کر دبە پێکەنین و هەرگوتمان : ئای کەوت ! کەوت! نوسرەت ڕاست کەوتە نێو ئاو و ئاوەکە بەسەری دا رۆی. هاتە دەر و دەلەرزی. فەرەیدوون و سمایل ڕاست دایانە نێو ئاوەکە و ئەوانیش تا نیو قەدیان تەڕ بوون بەڵام لە نووسرەت باشتر بوون.

هەرچۆنێک بوو نوسرەتمان گەیاندە بن بەردێک و ئاگرێکمان بۆ کردەوە تا هیندێک گەرم بوو، دونیاش ڕووناکی کرد. بە هەرحال ئەو ڕۆژە بە عەسرێکی درەنگ گەیشتینەوە مقەر . لە بیرمە خەڵکی ناوچە هەر ماڵێک کە چووباینەوە وەک ئەوەی پێشتر ئامادەیان کردبێ، زوو بەشی چەند کەس گۆرەوی بەن، دەستەوانە، شال گەردەن و زەنگاڵ و تەنانەت دۆخینی جوانی پانتۆڵی کوردیان بۆ دەهێناین. هەرکام لە ئێمە کۆلە پشتی یەکەی پڕ کردبوو، ناچار ئەوانی دیکەمان دابووە نەفەرێکی خەڵکی گوندی بانی کە دوای ٣ ، ٤ ڕۆژ بە ئەسپێک هاتەوە و تەحویلی داینەوە و ڕۆیشت. ئەو زستانە بەو هاوکاریە پیویستەی خەڵک لە بواری ئەو شتانەو ەهەموومان تەیار و تەکووز بووین کە ئەوەش نیشانەی خۆشەویستیی حیزب و پێشمەرگەکانی بوو لای خەڵک.

بەفر دەستی پێکرد و ڕێگاکان داخران. تەنیا دەرگایەک کە هەبوو بۆ ئیمکاناتێک گوندی وارگەنم و کەنداڵۆک بوون کە ئەگەر بیانتوانیبایە هاتوچووی گەوەڕ بکەن. ئەویش ڕێگای ماشێن گیرابوو. سەیر ئەوە بوو کە بۆ دوو بنکەی ئێمە کە ٤٥ کەس بووین و لە دوو جێگا چێشت و خواردن دروست دەکرا ، ٢٤ کەپسوولی گازیان بۆ کڕیبووین! هەرکەپسوول گازێک بەشی ٨ ئیلا ٩ ڕۆژی دەکرد. هەر لە سەرەتای زستانەوە گازمان تەواوبوو، فەرەیدوون میرزایی و ٢ پێشمەرگەی دیکە چوونەوە لای مەشکان و دارێ چەند کەپووسلیان کڕیبوو و لەوێ ڕا بە دوو خۆیان دا ڕاکێشابوو تا مەقەر کە چەند سەعات ڕێگابوو.

ڕاست لەو کاتی دا کە تەداروکات و گازمان تەواو ببوو مەئمووریەتیان دایە بەرپرسی گشتیمان کە ئەفەندی جیهانگیری بوو بۆ ئەوەی بکەونە دوای دۆزینەوەی ئەو ٣ کادرەمان کە بەداخەوە دوای دەرگیربوونیان لە گوندی کوورەی خوارێ و بێ سەرەوشوێن ببوونەوە. ناوەڕاستی مانگی سەرماوەز لە کاتێک دا بەفرێکی زۆر لە شاخەکان هەبوو ٧ کەس کەوتینە ڕێ و چووێنەوە بۆ لای کاولەگوند کە ماڵی عەبدولا نۆرۆزی(عەولا عەجەم) کە ماڵی لە گوندی کاولەگوند بوو. عەوبلا عەجەم پێشمەرگەیەکی قەدیمیی حیزب و ئازەرییەکی خەڵکی شاری مۆغان بوو. لە پێشمەرگایەتی دا لەگەل کچێکی خەڵکی ئەلبیرانی گەلی بەردەڕەش ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو و دوو کوڕی جوانی تەمەن ٤، ٥ ساڵەی هەبوو. ئەو هەم شارەزایەکی باشی ئەو ناوچەیە بوو، هەم کاری دانانەوەی مین و شتی وای باش دەزانی. داوای کرد کە ئەویش لەگەلمان بێتەوە. ئەوەبوو لەوێ ئەویشمان لەگەل کەوت و بووینە ٨ کەس. ئەوەش زیاد بکەم کە عەولا عەجەم زستانی ساڵی ١٣٦٨ لە گوندی بانی کەوتە کەمینی دوژمن و بەداخەوە شەهید بوو و خێزانی و کوڕەکانی گەڕانەوە لای ماڵە خەزووری و تا ساڵانێکی زۆر ئاگادارم کە لەوێ بوون و بەداخەوە ئێستا نازانم لە کوێن. ڕووحی شاد .

چەند ڕۆژێک لە ناوچەی گەلی بەردەڕەش و برادۆست ماینەوە و ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز کە ڕۆژی پێشمەرگەیە لە نیزیک ئاوایی مەجرووسە ی برادۆست بووین. هەوا زۆر سارد بوو. بەفر عەرزی داپۆشیبوو. لە بن بەردێک دانیشتبووین و لە سەرمان دەلەرزیین. دەوروبەری سەعات ١٢ گوتمان با بڕۆینەوە ناو دێ خۆ پایەگای لێ نیە، ئەگەریش ئەفرادی دوژمن هاتن ئێمە دەتوانی خۆمان دەرگیر نەکەین و لە گوند بچینە دەر بێ ئەوەی بمان بینن. مەجرووسە تەنیا یەک ڕێگای هەیە بۆ هاتنەوەی هێزی نیزامی. ئەوەبوو دوای هێنانەوەی دەلیل و بورهانێکی زۆر توانیمان ئەفەندی قانع بکەین کە بڕۆینەوە نێو دێ. کە چووینەوە وەزع ئاسایی بوو. دابەش بووینە ٣ ماڵ و خەڵک وایان زانی ئێمە گرووهی زەربەتی ڕێژیمین. لانی کەم لەو ماڵەی ئێمە بووین خاوەن ماڵ زۆر ئاسایی ڕەفتاری لەگەل دەکرد و دڵنیابوو کە ئێمە سەربازین.

چایەکمان خواردەوە لە نەکاو کچێکی گەنجیان هەبوو زۆر لە سەرەخۆ هاتە ژوور و گوتی : برا ڕابن گرووه زەربەت گەیشتە ناو گوند! دیار بوو ئەو کچە دەیزانی ئێمە پێشمەرگەین و تەنانەت بە باوکیشی نەگوتبوو. چوونکی چەند کەسی ئەو بنەماڵەیە کاتی خۆی بەهۆی خزمەت بە ڕێژیم لە لایەن حیزبەوە کوژرابوون. بۆیە ئەو کچە ئامادە نەبوو بە باوکی بڵێ ئەمانە پێشمەرگەن، تا ئەوەی زەربەت هات.

کە چووینەوە دەر دیتمان بەفریش دەستی پێکرد و کڕێوەیە، ١٤ پاسدار تفەنگەکانیان لە شانە و بەرەو دێ دەهاتن. گەیشتنەوە نێو کادێن و کیشەگیاکان. هەر٧ کەس گوتمان باشترین دەرفەتە ئەو ١٤ کەسە بخەینە کەمین و کەسیان دەرناچێ. ڕۆژی پێشمەرگەیە و نێچیری چاکە. ئەفەندی گوتی ئەسڵەن شتی وا مومکین نیە. تەنانەت هیندێک دەمەقاڵەشمان لەگەل ئەفەندی بوو. ناچار گوندەکەمان بە جێ هێشت و چووینەوە خوار دێ و دوای سەعاتێک خەریک بوو دونیا تاریکی دەکرد و بەفریش بەردەوام دێت. بە هەرحاڵ هەموومان توورە بووین لە ئەفەندی و چووینەوە نێو گوندی شەش ماڵ. هیندێک خۆمان ویشک کردەوە و کەوتینە جادە بەرەو چوار ریانی سێرۆ(چهار راه سرو) . ئەوجار بەفر گۆڕا بە شڵێوە( بەفر و باران تێکەڵ) و وەک ئەوە وابوو کە ئێمە بە نێو چۆمێک دا بڕۆینەوە، هەموو بەفر ببووە ئاوێکی شین.

گەیشتینەوە بازڕەسیی سێرۆ کە جارێ ماشێنێکی کۆمیتە و چەند پاسدار لەوێ خەریکی ڕاگرتنی ماشێنەکان بوون کەلە شارەوە بەرەو سۆما _براۆدست و تورکیە دەچوون. ئێمە تا ٥٠ میتریی ئەوان چووین و داوامان لە بەرپرس کرد کە ئیجازە بدە با ئەو چەند کەسە چارەسەر بکەین. دیسان بەرپرس هەڵبەزی و گوتی ئیجازە نیە و نابێ. لەوێش دیسان بە تووڕەییەوە دوور کەوتینەوە و چووینەوە نێو گوندی ڕەوەند. چووینەوە نیزیک ماڵێک کە دەنگە دەنگی لێوە دەهات. کە نیزیکیان کەوتینەوە دیتمان ئەوە مەڕەکانیان لە هٶڵێکەوە دەگوازنەوە بۆ هۆڵێکی دیکە. مەڕی زۆریان هەبوو. ئێمە چاوەڕوان بووین تا ئەوان تەواو بن و ئێمەش بڕۆینەوە ژوور. هەر ئەوندە بوو کابرا بانگی ئەو ژنانەی کەلە گەلی بوون کرد و گوتی چەقۆ بێنن. زۆریش توورە بوو. هەر بانگی کرد و لە ئاخەری دا گوتی تیغەیەک بێنن. دیاربوو مەڕێکیان لە سەرە مەرگ دابوو.

ئەوان تەواو بوون و ئێمەش بە دوای ئەوان دا چووینەوە و زۆر بەگەرمی بەخێر هێنانیان کردین.لێرە دا پێمخۆشە یەک شت بە زەقی باس بکەم. لە نێو کوردەواری دا جگەلە ئەندامانی بنەماڵە هیچکەس مافی چوونەوەی بۆ ژووری تازە بووکی نیە. کەچی خانمی ئەو ماڵە گوتی: ساڵۆن هیندێک ساردە ، بابڕۆینەوە ژووری بووکەکەم ئەوێ گەرمە! ئێمەیان بردە ئەو ژوورە کە بەراستی گەرم و خۆش بوو. ئەو ماڵە دوو کچی جەوانیان هەبوو کە هەر زوو کەوش وگۆرەویی ئێمەیان شۆردەوە و لە ماوەیەکی کەم دا ویشکیان کردنەوە وبۆیان هێناین. کابراش گوتی وەلا وادیارە شانستان نەبوو، بەرانێک مان تازە کەوتە ژێر پێێ مەڕەکان و لە نەبوونی چەقۆ دا مندار بوو. گوتمان وەڵا گوێمان لێبوو.   گوتی جا مادام گوێتان لێ بوو بۆچی چەقۆیەکتان بۆ نەهێناین. قسەکەی ڕاست بوو. شایەد هەمووی ئێمە چەقۆمان پێ بوو. جا ئەو برادەرە ڕووی کردە خێزانی و بە پێکەنینەوە گوتی : برۆ نان و پەنیریان بۆ بێنە مادام چەقۆیان نەهێناوە کە ئێستا پێکەوە جەرگ و دڵی بەرانەکەمان دەخوارد. بەڵام ئەو دایکە دڵسۆزە گوتی نا، دەچم غەزا دروست دەکەم. ئەو چوو نانی بۆ ئامادە کردین و ئێمەش لە بەر سۆبەی نەفتی کە سوور هەڵگەڕابوو گەرم بووین.

دوای نان خواردن و ویشک بوونەوەی لیباس و ئەوانەمان، ئەوجار ملی ڕێگامان گرتبە بۆ گوندی کەینێسی کە دەبا زۆرتر بە نێو زەویەکان دابچین کە قوڕێک بوو خوا بزانێ چەندە سەخت بوو، بەفر و ژێرەکەشی قوڕ. بۆ بەرەبەری ەبیانی گەیشتینەوە کەینێسی و هەر ئەوندەمان پێکرا کە هیندێک دار و شت هەڵگرین و بڕۆینەوە ژێر هیندێک بەرد کەلە سەرەوەی ئاوایی بوون. ئەو ڕۆژەش جارێ تا نیزیک عەسر هەرنەمان توانی ئاگر بکەینەوە لە بەر دووکەڵ و ڕۆژێکی سەختمان دەرباس کرد. و ئێوارەکەی کەوتینە ڕێگا و بۆ شەو گەیشتینەوە گوندی فریزیان. ڕۆژی دوایی لە گوند ماینەوە و وابزانم لە ٣ ماڵ بووین و بە تاریک داهاتن ئێمەش لە ماڵان هاتینە دەر و بە بێ دەنگی و بێ ئەوەی خەڵک بمان بینێ بەرەو گوندی سیناوا چووین و لەوێش نیزیک بە سەعاتێک چووینەوە دوو ماڵ و بەفرەکە دیسان دەستی پێکرد. چووینەوە ڕووبەڕووی بێردووک و لەوێ دوای مناقشەیەکی زۆر بڕیارمان دا بچینەوە گوندی گۆدەل و یەک دوو ڕۆژ لەوێ بین. گۆدەل گوندێکی بچووک و هەموویان یەک بنەماڵە بوون. ترسی ئەوە نەبوو کە ڕاپۆرت بدەنە دوژمن و خەڵکێکی زۆر پاک و دڵسۆز لەو گوندە دەژیان. ڕاست رووبەڕووی گوند پایەگای ناوسەر هەبوو. ئێمە ئەو دوو ڕۆژە لەو گوندە حەساینەوە و ڕۆژانە بە ڕاحەتی سەردانی یەکترمان دەکرد و و چەکمان لە بن باڵتۆ دا لە شانمان دەکرد تا پایەگا نەیبینێ.

ئەوە نیزیک بە ١٠ ڕۆژە بە بێ هیچ بەرنامەیەک دەخولێینەوە بێ ئەوەی توانیبێتمان بچینەوە سەر ئەسڵی کارەکەمان کە گەڕان بەدوای سەرەداوێک لە چارەنووسی ٣ کادرەکەمان بوو . لە گۆدەل کۆبوونەوەیەک مان کرد کە چی بکەین؟ ئەوە بوو دیسان بڕیارمان دا بگەڕێینەوە برادۆست و لەوێ ببینەوە دوو بەش و ٣ کەس بگەڕێنەوە بۆ مقەڕ و پێنج کەسەکەی دیکەش بچنەوە ئەنزەل و کەناربەڕۆژ بۆ تەعقیبی ئەو کادرانە. ئەوە بوو دیسان گەڕاینەوە تا هاتینەوە گوندی شەش ماڵ و لەوێ بووینە دوو تیم.   تیمی گەڕانەوە بۆ مقەڕ : ئەبووبەکر ئیبراهیمی، عەبدولا عەجەم و خالید سۆهرابی بوون . تیمەکەی دیکەش کە دەبا درێژە بە مەئمووریەت بدەین بۆ لای ئەنزەل و کەناربەڕۆژ و دووبارە سۆما. ئەو تیمەش: ئەفەندی جەهانگیری، بێهڕەنگ ئاغازادە ، نوسرەت ئەحمێ زادە ، ئەیووب جەهانگیری(ڕووحی شاد) و کاووس عەزیزی.

درێژەی هەیە ……

بەشی دەهەم…

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی