"an independent online kurdish website

کاک عەلی کاشف پوور و ئەوان کە لە ناوشیوان لێمان جیابوونەوە بەرەو تەڕگەوەڕو مەڕگەوەڕچوون، بەداخەوە بۆ من ئاخەرین ماڵئاوایی بوو لە گەل کاک عەلی، ئیدی چاوم پێ نەکەوت و هەروەها کاک ڕەحیم کە ئەو لە نۆروێژ و من لە دانمارک تا ئێستاش یەکترمان نەدیوە .kavos_azizi_pm

کە هاوڕێیان گەڕانەوە ، بە هۆی کەم بوونی ژمارەی پێشمەرگەی لکی ١ و ٢، هاتبوون هەردوو لکیان کردبووە لکی ١ و ئێمەش لکی ٢. زۆرمان پێناخۆشبوو کە ناومان لە لکی ٣ ڕا کە بۆ خەڵك هەم ناسرابوو، هەم خۆشیان دەویست ببووە لکی ٢، هەمیش پێمان ناخۆشبوو کە بەهۆی هاتنە خواری ڕێژەی پێشمەرگە لکێک لە لکەکانمان کەم بێتەوە و هەڵبەت دوژمنیش پێیخۆش حاڵ بوو.ماوەیەک لەوێ ماینەوە و یەکەم عەمەڵیات بە ناوی لکی ٢ لە ناوەڕاستی گەلاوێژ بوو کە پێشمەرگەکان لە نێوان پایەگای مەیدان و گوندی فریزیانی ناوچەی سۆما کەمینیان دانا و ئەگەر لە بیرم بێ ١٣ کەس کوژران و ٦ ماشێنی گەورەی کمپرسی کە هەڵگری بلۆک و سیمان بوون بۆ دروست کردنی پایەگای مەیدان ، سووتێندران و دەنگدانەوەی زۆریشی هەبوو لە ناوچە و دوژمن بەتەواوی لەو ناوچەیە تاسا بوو.

دوای ماوەیەک هاوڕێیانی تیمی تەشکیلاتی سەڵماس شپیران لە ناوچە گەڕانەوە و دیاربوو کە پێشنیاری عەمەڵیاتیان لە سەر پایەگای سوپای پاسداران لە ئاوایی کەریکانی شپیران بە کۆمیتەی شارستانی سەڵماس ولکی ٢ کردبوو. بۆیە ڕۆژی ٨ مانگی خەرمانان بەرەو ناوچەی شپیران کەوتینە ڕێگا و ڕۆژی ١٠ مانگ لە شاخی کێلی دەستمال ماینەوە.

ئێوارەکەی کۆمیتەی شارستان و فەرماندەرانی نیزامی کۆبوونەوەیەکیان کردو هاتن سازماندەهییەکەیان بۆ باس کردین کە ئامانج لە دەست بەسەرداگرتنی پایەگای سوپای پاسداران لە سەر مزگەوتی کۆنی گوندەکە و چەک کردنی خەڵکی ئاوایی کە بەزۆر چەکدار کرابوون، بوو. پایەگای ژاندارمێریش هەبوو لە سەرەوەی ئاوایی ، بەڵام تەنیا بە ئامانجی سەرگەرم کردن تیمێک دانرابوو کە نەهێڵن جم وجۆڵێک بۆ بەرگری لە پایەگای سوپا لە خۆیان نیشان بدەن.

پایەگای سوپای پاسداران زوو دەستی بەسەردا گیرا و ژمارەیەکیان کوژران و چەند کەسێکیشیان وابزانم هەڵاتن. بە زۆر چەکدارکراوەکانی گوندەکە هەموویان چەک کران و پایەگای ژاندارمێریش تەقەی لێکرا. ئێمە لە بەردەرکی ماڵێک ڕاوەستابووینو ترێ یان بۆ هێناین خەریکی خواردنی ترێ بووین. لەنەکاو ٣ کەس پەیدابوون کە ئەفرادی پایەگای ژاندارمێری بوون. ئەوان بەرلەوەی پێشمەرگەکان دەوری پایەگا بگرن هاتبوونە دەر بەمەبەستی ڕاوڕووتی خەڵکی کاسبکار کە بۆ ئەودیوی سنوور هاتووچوویان دەکرد. ئەوان ئاگایان لە هیچ نەبوو. هەر دەنگی تەقەیان بیستبوو و بە خەیاڵ هاتبوون بۆ پارە کۆکردنەوە. لە پێشان یەکێک لە پێشمەرگەکان لێیان نیزیک بووە وای زانی ئەوانیش هەرپێشمەرگەن. چوونکی لە مانگە شەو دا لیباسی ژاندارمێریی ئەوکات وەک لیباسی پێشمەرگەی حیزب بوون کە ەب سپی دیار دەبوون. بە کوردی پێگوتن : ئێوە کێن؟ لەو سێ کەسە یەکێکیان دەرەجەدارێکی جێگری فەرماندەری پایەگا بوو. وای زانی ئەو پێشمەرگەیە ئەفرادی پایەگای سوپایە. بۆیە توورە بوو و گوتی: بچە مگە نمیدونی من معاون پایگاه ژاندارمری هستم؟ ئەوجار ویستی بە شەق لەو پێشمەرگەیە بدا، دیاربوو وەک کەری دیزی لێ بەسەر هاتبوو، خۆی و هەردوو محافیزەکەی کەوتنە بەر هەڵمەتی پێشمەرگە و کوژران.

دەوروبەری سەعات ١ی نیوەشەو گوندەکەمان چۆڵ کرد و عەمەڵیاتەکەمان بە سەرکەوتووی کۆتایی هات. ئەوەش بڵێم کەلە جەریانی ئاگربارانی پایەگاکە دا بەهۆی کەمتەر خەمیی یەکێک لەو هاوڕێیانەی کە ئارپی جی پێ بوو، دەم و چاوی دوو لە هاوڕێیان سووتا کە ئەبووبەکر و شێرکۆ بوو. دیارە شێرکۆ زیاتر سووتابوو. دوای سێ ڕۆژ گەیشتینەوە سنووری کۆران و ماوەیەک لەوێ ماینەوە.

کە هاتینەوە دیتمان ئەوە برادەرانی “انقلابیون آذربایجان” هاتوونەتە شوێنی بنکەی ئێمە. چەند پێشمەرگەیەکی ئێمەش لەوێ مابوونەوە و یەکتریان گرتبووە. ئەو ڕێکخراوەیە تازە دوو ساڵ بوو بە هەوڵی حیزب و بەتایبەتی ڕێبەیر گەورەمان کاک دوکتۆر دروست کرابوو. پێکهێنەرانی ڕێکخراوەکە هە رهەموویان لە کاد ر وپێشمەرگە و فەرماندەرانی نێو ڕێزەکانی حیزب و لە نەتەوەی ئازەری بوون. هەموو ئیمکاناتێکیان حیزب بۆی دابین دەکردن و هەوڵێ دەدا تا هێزێکی پارتیزانی لە ئازەرییەکان دروست بکرێ و وەک هاوپەیمانی کورد بە دژی ڕێژیم بکەونە خەباتی نەتەوایەتی. بەرپرسەکەیان کەسێک بوو بە ناوی محمود اردهالی کەلە ئەندامانی حیزب بوو. ئەوان ماوەیەک لەوێ لای ئێمەبوون و کە کۆمیتەی شارستان تەداروکاتی دەکڕی بۆ ئەوانیشی دەکڕی. هەرلەوێش کێشەیان لێ پەیدا بوو و کەسی هەرە خوێندەوار و لێهاتوویان کە بەهرام ئازاد فەر بوو لەگەل چەند کەسی دیکە لێیان جیابوونەوە و بڕیاریان دا هەر لە نێو حیزب دا درێژە بە خەبات بدەن و هەرواشان کرد.

دواتر بەهرام (ڕووحی شاد) بۆی باس کردین کە هۆی هاتنە دەری ئەو و هاوڕێکانی لەو ڕێکخراوەیە ئەوەبوو کە لە کۆبوونەوەیەک دا محمود اردهالی گوتبووی: ئێمە پیویستە بە زاهیر دۆستی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بین و جارێ لە ئیمکاناتیان کەلک وەرگرین. لە سەر ئەوە بەهرام چوونکی مرۆڤێکی خاوەن ئەخلاق بوو، لێیان هاتبووە دەنگ و بە محمود اردهالی گوتبوو دیارە تۆ کەسێکی نان کوێری و من لەگەل تۆ کار ناکەم و دڵنیام ئەو ڕێکخراوەیە بەو دوو ڕوویەی کە تۆ گرتووتە بەر لەبەین دەچێ. دیارە دوای دەرکەوتنی بەهرام و هاوڕێکانی، ئەو ڕێکخراوەیەش ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لەم ساڵانەی دوایی دا محمود اردهالی چووە ورمێ و لەوێ گیرا کە نازانم چی بە سەرهات؟

لەو ماوەیە دا کە کاک عەلی و ئەوان چووبوونەوە لە نوچەی مەڕگەوەڕ لکی ١ و هیزی کێلەشین پێکەوە چەند عەمەڵیاتێکی باشیان کرد. لە بۆزی سینا کاتێک هێزەکانی ڕێژیم لە پایەگای سیویجە کۆببوونەوە بۆ هێرش، بەرلەوەی هێرش بکەن پێشمەرگەکان لێیان دابوو و ئەو هێزەیان تێکشاکاندبوو، بەداخەوە پێشمەرگەیەک بە ناوی ساڵح چاووشی شەهید ببوو ڕووحی شاد.

هەر وەها   دەست بەسەرداگرتنی گوردانی کەماڵ مەجیدیانی دزەی مەڕگەوەر بە بێ هیچ شەهیدێک دوژمنی تاساندبوو. هەروەها لە ڕۆژی ١ی خەرمانان لە سەرگەڕی مامە شێخ (بناری داڵانپەڕ) لە شەڕێکی قورسی بەرپەرچدانەوەی هێرشی دوژمن دا پێشمەرگەیەک بە ناوی ڕەحیم حەسەنی شەهید ببوو ڕووحی شاد.

هەروەها لە عەمەڵیاتێکی هاوبەشی لکی ١ی هێزی ئاگری و هێزی کێەشین لە سەر پایەگای گوندی نۆڤێ و بێراسب ، مەرگەوەڕ دا کە عەمەڵیاتەکان سەرکەوتوو نەبوون ، فەرماندەری هیزی ئاگری کاک ڕەحیم ساڵح زادە بە سەختی بریندار بووە و ئەویش کورد گوتەنی لە مردن ڕزگاری بوو. هەروەها لە ڕۆژی ٨/٧/١٣٦٦ پێشمەرگەکانی لکی ١ لە گوندی سوولەدووکەل کەوتبوونە کەمینی جاش و پاسدارەکان و بە داخەوە دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی کەمال ئیبراهیم پوور و عەبدولا عەبدی کە وێگڕا ببوونە پێشمەرگە و وێگرا شەهیدبوون و هەردووکیشیان خەڵکی یەک ئاوایی بوون. (حەسۆکەندی) ڕووحیان شاد.

(( ڕاستکردنەوەی هەڵەیەک))

(( لە بەشی پێشوو دا بەشێکی بیرەوەرییەکەم لە بیر نەمابوو کە ئەویش هەم هۆکاری پیری و هەمیش دەرباس بوونی ٢٩ ساڵ و چەند مانگ بە سەر ڕووداوەکە دایە.

ڕۆژی ١١ی پووشپەڕ پەلی ٣٣ و کادرەکانی کۆمیتەی ناوچەی ئەنزەل کەناربەڕۆژ بە مەبەستی جەولە و وەشاندنی زەبر لە دوژمن بە ڕێگاوە بوون بەرەو ئەنزەل و دەوروبەری ئۆرمیە. بەڵام هەر دوای چەند سەعاتێک کە لێمان دوور کەوتنەوە، لە سەر سنووری پەریخانی پشتی کۆران لەنەکاو تووشی توویۆتایەکی پڕلە پاسدار کە بە جادەی سنوور کەلە لایەن تورکیەوە لێدرابوو دەبنەوە و ئەوان تەقەیەک لە پێشمەرگەکان دەکەن و  زوو دەرباس دەبن. لەو تەقەیە دا دوو کەس بریندار ببوون کە کاک دێهقان عەبدولا زادە(دێوانە) و سراجەدین مووسائی بوون. برینی دێوانە زۆر قورس بوو و هەموومان نیگەران بووین کە لە ژیان دا دەمێنێ یان نە؟ ئەوەبوو بریندارەکان زوو بەڕێکرانەوە بۆ لای بنکەی مەڵبەند لە کیوارستانی پەنا شاخی شەهیدان. شەوی ١٤ی پووشپەڕی ١٣٦٦ دوکتۆر شوان کە دوکتۆری مەڵبەند بوو لەگەل چەند پێشمەرگەیەک بەرەو پیری بریندارەکان دێن کەلە ڕێگادابوون بۆ لای ئەوان. لە پەنا گوندی کاولان کە پێشتر باسم کرد ڕێژیم سووتاندبووی ، تیمێکی دیکەی پێشمەرگە کە وابزانم ٦ کەس بوون و لە مەئمووریەتێکی نێو شاری ئۆرمیە دەگەڕانەوە تووشی یەکتر دەبنەوە و تیمەکەی دوکتۆر تەقەیان لێدەکەن کەبەداخەوە پێشمەرگەیەک بە ناوی یووسف ڕەشیدی شەهید بوو ڕووحی شاد.))

بەوجۆرە ئێمە وەک لکی ٢ و کۆمیتەی شارستانی سەڵماس درێژەمان دایە کار وتێکۆشانی حیزبیمان و تیمە تەشکیلاتیەکانیش لە ناوچە بوون . دەتوانم بڵێم کەمترین کێشە و گرفتمان هەبوو.کاک عیسمەت وەک بەرپرسی کۆمیتە و بەرپرسی گشتی، کاک سەعید وەک فەرماندەری لک کە بەرپرسی نزیامیی ئێمەبوو و کاک نایب مەشایخی بەرپرسی ماڵی بوو. لە سازماندەهیی ئەوکاتی حیزب دا ئەو سێ کەسە ئەندامی هەیئەتی ئیجرائیی کۆمیتەی سارستانی سەڵماس بوون واتە بەرپراسی کۆمیتە، فەرماندەری لک و بەرپرسی ماڵی. کۆمیتە و ئەرکانی لک بەردەوام پێکەوە بوون. هەروەک گوتم کاک عسیمەت و کاک نایب بەردەوام لەگەل پێشمەرگەکان بوون، ئەرکانی لکیش سەعید مەحموود نەژاد فەرماندەری لک(ڕووحی شاد)، ئەفەندی جیهانگیری جێگری لک (ڕووحی شاد) سەڵمان کووهی کادری سیاسیی لک (ڕووحی شاد) مەولوود بەنی ئادەم بەرپرسی تەداروکاتی لک و من (کاووس) بێسیم چی پێکەوە دەبووین.

هەوا ساردی کردبوو ، بەڵام دەبا عەمەڵیاتێکی دیکە بکەین. ئەوەبوو تیمی تەشکیلاتیی سەڵماس شپیران هاتنەوە و دیاربوو کە پایەگای گوندی عەبدی بەگی سۆما دیاری کرابوو بۆ عەمەڵیات. لە پێشان کاک سەعید و چەند کەسی دیکە چوون شناسایی ئەو پایەگایەیان کرد و دوای گەڕانەوە کەوتینە ڕێ بەرەو قووڵایی ناوچەی سۆما. ڕۆژی ٣/٧/١٣٦٦ ڕۆژەکەی نیزیک واربلێند ماینەوە و ئێوارەکەی دوای سازماندەهی بەرەو پایەگای گوندی عەبدی بەگ حەرەکەتمان کرد. دوای ئەوەی گەیشتینە شوێنی مەبەست و هەرکام لە تیمەکان دامەزارن عەمەڵیات دەستی پێکرد. بەڵام بە هۆی کەمتەرخەمیی تیمی هێرش بۆ سەر پایەگا و هاتنی گرووهی زەربەت لە گوندی کانی سپی ڕا بۆ لای عەبدی بەگ و دەرگیر بوونیان لەگەل پێشمەرگەکان عەمەڵیات سەرکەوتوو نەبوو. ئەو شەوە تیمێکی ئێمە لە کۆنە پایەگایەک لە نێوان عەبدی بەگ و کانی سپی لە کەمین دا بوو. گرووهی زەربەتی ڕێژیمیش هەربە شانسی هاتبوون ئەو شەوە لەو کۆنە پایەگایە بمێننەوە تا بەیانی ، بێ ئەوەی بزانن پێشمەرگە ئەوە لە ناو کۆنە پایەگاکەن. ئەوەبوو دەرگیر بوون و چەند پاسدارێک کوژران، بەڵام عەمەڵیاتەکەمان نەیتوانی ئامانجی ئەسڵیی خۆی کە دەست بەسەرداگرتنی پایەگابوو بپێکێ. ئێمەش دوای عەمەڵیاتەکە دەبا ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەین، بۆیە ئەو شەوە درێژەی پاییزیمان تا بەیانی پێوا و گەیشتینەوە پشتی ئاوایی سوڵتانی و تاو هەڵات. ئەوەی لە بیرم بێ لەو کاتی دا بوو کە لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران پەیامێک بڵاو بووە: لە مەڵبەندی شیمالەوە بۆ حەسەن بازووکە، تکایە بە پەلە و بێ ڕاوەستان خۆت بە مەڵبەند بناسێنە!

ئەوە لای ئێمە ئەدەبیاتێکی ئاشنابوو ، دیار بوو کە بڕیاری دەرکردنی دراوە. چوونکی حەسەن لە وارگەنم بوو، مەڵبەند لە کیوارستان. ڕۆژ نەبوو پێشمەرگە هاتوچووی وارگەنم نەکەن. بە قەولی برادەرێک ئەگەر یەکێک چووباوە سەر بەردی پشت چادرەکەی مەڵبەند و بانگی حەسەن بازووکەی کردباوە لە ناو گوند بە ڕاحەتی دەبیسترا. بەڵام ئەو پەیامە هی بێ لۆمە کردن بوو و لە ڕابردووی ئەو کاتیشدا بیانووی وەهامان دیتبوو. ئەوەبوو دوای ٣ ڕۆژ پەیامی دەرکرانی حەسەن لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بڵاو کرایەوە کە گوایە سەرپێچیی کردووە و وڵامی پەیامی مەڵبەندی نەداوەتەوە! ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕەنگ بێ حەسەن هەر ئەو پەیامەی نەبیستبێ. چوونکی حەسەن چاوەڕوانی وەها پەیامێکی نەدەکرد تا گوێ بداتە هەموو بەرنامەکانی ڕادیۆ. ئەوەش زیاد بکەم کە حەسەن بازووکە هەر دە ئەسڵ دا ئەهلی ڕادیۆ نەبوو. دوای دەرکرانی حەسەن ماوەیەک لەو ناوچەیە مابووە و پاشان لە ترسی تێرۆریستانی ڕێژم . بەداخەوە مەڵبەندیش هەڕەشەیکردبوو کە نابێ حەسەن لەو ناوچەیە بمێنێ ، بۆیە ماڵی گواستبووە گوندی توورێی شەمزینان و لای کەسێک بە ناوی حەقی تووران گیرسابووە .(دواتر باسی چارەنووسی غەمباری ئەو و فەرامەرز دەکەم)

هەر ئەوکات هیندێک ڕەفتار کرابوون کە هەم ئەوکات و هەم دواتر زەبری زۆر قورسیان لە حیزب وەشاند و تەنانەت بە میدیاکانی ڕێژیم گەیشت و بڵاو کرانەوە  و لە لایەن یەکێک لە مۆرە نفووزییەکانی ڕێژیمەوە ئەو وێنە و بەڵگانە گەیاندرانە ساڵۆنی کۆنگرەی ٨ و کەمێکی تریش کێشەکان قووڵتر بوونەوە و ئەو مۆرەیەش هەر دوای ماوەیەکی کورت چووە پاڵ ڕێژیم و هەتا ئەم لەحزەیەش بەردەوامە لە خیانەت. ئەو ڕەفتارانە یەکجار دوور بوون لە گەورەیی حیزب، بەڵام بەداخەوە ڕوویان دابوو. بەتایبەتی کە شەخسی کاک عەلی کاشفپوور لەوێ بوو و دەیتوانی ڕێ بگرێ لە ڕوودانیان، یان ئەسەڵەن هەر بڕیاری وەهاڕەفتارێک نەدراباوە. بۆیە تا ئێستاشی لەگەل بێ ئەو جەریاناتە تارماییەکی خراپیان خستۆتەوە سەر کارنامەی پڕلە خەبات و تێکۆشانی کاک عەلی کاشفپوور کەلە شیمالی کوردستان ببووە سیمبۆلی خەباتکارێک لە ماڵباتێکی هەژاری ناوچە . من لێرە دا لە سەر ئەو جەریانە هەر ئەوندە دەڵێم. چوونکی من لەوێ نەبووم و نەقڵی قەوڵم بیستووە و نووسینەکەی بۆ شاهیدان بە جێ دێڵم.

ڕۆژی ٧/٧/١٣٦٦ ئێمە تیمێکی ١١ کەسی بەرەو ناوچەی ئەنزەل کەوتینە ڕێ. لە ناوشیوان حەرەکەتمان کرد، بۆ بەیانی گەیشتینە کاسبێ لە ناوچەی ئەنزەل. وابزانم تیمی تەشکیلاتیی ئەنزەل-کەناربەڕۆژ بەرنامەیان بەدەستەوە بوو لە ڕێگای تەشکیلاتەوە تیمێک لە پێشمەرگەکان بنێرنەوە نێو شاری ئۆرمیە بۆ وەشاندنی زەبر لە هێزەکانی ڕێژیم. تا ئێوارێ لە خوار کاسبێ ماینەوە و بەر لە دونیا تاریک بوون چووینەوە گوندی شێرەکا. لەوێ چووینە خزمەت مام کۆرۆغلی کەلە سوارەکانی سمکۆی شکاک بوو. سەیر ئەوەبوو کە دوژمن بە زۆر سوێندی قورئانی پێخواردبوو کە هەرکات پێشمەرگەت بینین دەبێ ئاگادارمان بکەیەوە. بەرلەوەی بڕۆینەوە، مامی بە ئەزموون گوتی: بڕۆن دوای ٢ ڕۆژی دیکە بە پایەگا دەڵێم پێشمەرگە هاتبوونە گوندی مە. چوونکی خەڵکی گوند سوێندیان خواردبوو بە قورئان و دەبا بە سوێندەکەیان وەفادار بن. مام کۆرۆغلی زیاتر لە ١٠٠ ساڵ ژیا و لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ کۆچی دوایی کرد. بەداخەوە ئەو هەموو زانیاریەی کەلە سەر ڕاپەڕینی ژێر سەرۆکایەتیی سمکۆی شکاک دا هەیبوو وەک شاهیدێکی بەشدار ، لەگەل خۆی برد و نەمانتوانی هیچی لێ وەرگرینەوە، دیارە ئەوەش یەکێک لە زەعفەکانی ئێمەیە.

سەیر ئەوەبوو کە کۆمیتەی شارستان پەیامی ڕادیۆیی دابووە تیمی تەشکیلاتی کە ئەوە پێشمەرگەکان هاتن بۆ لای ئێوە، بەڵام ئەوان ڕاست ڕۆژی ٨ ی مانگ لە خوار گوندی کوورەی خواروو چووبوون لە ماشێنێکی دوژمنیان دابوو و ٣ کەسیان کوشتبوو و ماشێنەکەشیان سووتاند بوو،(لەکاتێک دا ئەوان مافی ئەنجامی هیچ عەمەڵیاتێکی نیزامیان نەبوو وەک تیمی تەشکیلاتی) هەر ئەو شەوە پەڕیبوونەوە لای شێخ بازید و ڕۆژی دوایی چووبوونە ناوشیوان لای هاوڕێیان! تیمەکە پێک هاتبوو لە یووسف کەنعانی، عەبدولسەلام محەممەدی، مستەفا مینایی ، و حاجی خەرەگۆشی کە پێشتر پێشمەرگەبوو و وازی هێنابوو، ئەوجار لە سەربازی هەڵاتبووە و گەیشتبووە تیمی تەشکیلاتی(بەداخەوە هەر چواریان دواتر شەهید بوون و لە بەشەکانی داهاتوو دا باسی دەکەم) ئێمەش کەلە شێرەکان حەرەکەتمان کرد، چووینەوە گەلی کوور کە هەمووی ٢ کیلۆمیتر لە شوێنی کەمینەکەیان دوورە. بەڵام دیاربوو شانسمان هەبوو کە بەو ماندوویەتیە دوژمن نەهاتە سەرمان.

ئێوارەکەی چەند کەسمان چووینەوە کوورەی خوارێ و زانیمان کە لەوێ کەمین دانراوە( مەلا قاسم ، خالید ، ئەیووب، شجاع، سراج و من) لە گەڕانەوە دا دوو دەبەی ٢٠ لیتریی ئاومان لە گوند را دەگەڵ خۆمان هێنایەوە بۆ لای هاوڕێیان کە ئاو نەبوو. ئەو شوێنە ئاوی نیە. پێموایە ٢ ڕۆژ لەو مەسیرە ماینەوە و ئەوجار سەردانی زۆر گوند مان کرد. لە زۆر جێگا مەجالی باش هەبوو بۆ عەمەڵیاتی پارتیزانی بەڵام بەرپرسی تیمەکەمان (مەرحوومی ئەفەندی) نەیدەتوانی بڕیار بدا کە بیکەین یان نەیکەین؟ ماوەی ١٠ ڕۆژێکی پێچوو و بەفریش باری بوو. لە زۆر جێگا بەفرێکی کەم هەبوو، هەوا زۆر سارد و ئێمەش هەر بە جلی هاوینەوە بووین. ئێوارەیەک دەچووینەوە گوندی زەنگاوا. لە قەراغ دێ ٣، ٤ سەگ فیشاری زۆریان بۆ هێناین. شوانەکەش نەکا پێیوایە ئیمە پاسدارین، خۆی لەو سەگانە گێل کردبوو. هەر دەیانەویست بریندارمان بکەن. ئەفەندی بە بەرد لەو تاریکایە دا لە یەکێکیانی دا و هەموویان هەڵاتن، دیاربوو ئەو یەکدانەیە هەر دەیقوڵاند کە ئازاری هەبوو بەو لێدانەوە. چووینەوە نێو دێ و ئەفەندی، مەلا قاسم ، خالید و من لە ماڵی خاڵێ عیسا بووین، هیندەی پێ نەچوو جەوانێک هاتە ژوور وجنێوی بە گرووهی زەربەت دەدا کە لە سەگی ئەویان داوە و لاقی سەگەکە شکاوە. لیومان گەست زانیمان کە ئەوە ئێمە بووین. شوانەکە کەروێشکێکیشی کوشتبوو پێکەوە خواردمان و دوایە ئەفەندی گوتی وەلا ئێمە بووین کەلە سەگەکەی تۆمان دا. ئەویش ئاشکرای کرد کە وای زانیوە پاسدارن بۆیە خۆی لێ گێرل کردووە. یادی بەخێر و ڕووحی ساد ئەو شەوە خالێ عیسا قسەی خۆشی بۆ کردین و من جارێکی دیکەش وابزانم ساڵێ ٦٩ بوو کە بە خزمەتی گەیشتم و ئاخەرین جار بوو. عیسا هەم خاڵی شەهید کەرەم کەلەشی و هەمیش خەزووری بوو. مرۆڤێکی مەزن و خاوەن کەسایەتیەکی دیاری کۆمەڵایەتی بوو لەو ناوچەیە. ڕووحی شاد.

ڕۆژێکیان لە سەڵی سپی بووین، بەفر دەباری، ئەفەندی، دێوانە و بهرەنگ و وەلی کۆبوونەوەیەکیان کرد. هاتنەوە وگوتیان دەبینە دوو تیم. تیمێکی ٦ کەسی درێژە بە مەئموریەت دەدەین، تیمێکی ٥ کەسیش دەگەڕێنەوە لای هاوڕێیان لە سنوور. من لەگەل ئەو تیمە بووم کە درێژەی مەئمووریەتەکە بدات ، ئێمە ئەو کەسانە بووین: (ئەفەندی، بێهرەنگ، وەلی، ناجی، سادق و من). تیمی دیکە بەرەو کوورەی سەرێ حەرەکەتیان کرد، ئێمەش بەرەو کەناربەڕۆژ چووین و لە گوندێک ئەندامێکی حیزب وەک شارەزا لەگەڵمان هات و بردینەوە شارۆچکەی کارخانە قەندی ئۆرمیە(نوشین شهر ) ی ئێستا. ئەو ڕۆژە ئەو ئەندامەی حیزب لای ئێمە مایەوە و ئێوارەکەی کەسی دیکە لەگەلمان هات بۆ نیو شرکەتێکی گەورەی ڕێگاوبانی ڕێژیم و دەمانەویست بیسووتێنین.

دێژەی هەیە……

بەشی هەشتەم..

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی