"an independent online kurdish website


دوای چەند ڕۆژ چاوەڕوانی و کاری بەردەوامی هاوڕێیانی بەرپرس ، ڕۆژی ٩ی ڕێبەندان بە ماشێن هاتینەوە دیانان و تا گوندێکی سەرەوەی دێلزیا زیاتر ماشێن ئیزنی نەبوو بڕوات. kavos_azizi66

ئەوجار بە پێیان کەوتینە ئەو دەشتە و بە کۆڵەبارێکی قورس و هەوایەکی بارانی جار لە گەل جار لە ئاوەدانی دوور و لە چۆڵایی نیزیک دەبووینەوە. بۆ ئێوارەکەی گەیشتینەوە دەشتە هێرت کە ئیدی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەت خەریک بوو کۆتایی دەهات و دەگەیشتینە ناوچەیەک کە هێزە کوردییەکان بنکە و بارەگایان هەبوو. دوایین گوند ئەگەر هەڵەم نەکردبێ ناوی دورالملک بوو. دانیشتوانەکەی بە بادینی قسەیان دەکرد، جا نازانم برادۆستی بوون یان هەرکی. گوندەکە لە سەر تەپۆڵکەیەک بوو و چۆمیش بە خوار گوندەکە دا دەرباس دەبوو کە پردێکی نیزامی لە سەر چۆمەکە هەبوو .گوندەکە پایەگایەکی هەبوو (فوج) کە دەکەوتە قەراغ گوند و دۆشکەو شتی وای لە سەر خاکڕێژەکەی دابەستبوو.

کە چووینەوە گوند وابزانم کاک مەحموود دەشتی چەند کەسێکی ئەو گوندەی دەناسی. بۆیە بەگەرمی بە پیرمانەوە هاتن و دابەشی کردینە سەر ماڵان. خەڵکی ئەو گوندە هەمووی چەکداری ڕێژیم بوون. پایەگاکەش هەرهی خۆیان بوو و کەسی غەیرەی تێدا نەبوو. دیار بوو لە ئەحزابی کوردی باشوور نەدەترسان و بە ئاشکرا  دەیانگوت پێشمەرگە کاری بە ئێمە نیە و نێوانمان گەرمە. دیار بوو هەرواش بوو.

ڕۆژەکە پێنجشەممە بوو و دەبووە ئێوارەی جومعە. هەر ئەوندەمان زانی دوای شام ئەو ماڵەی کە ئێمەی لێ بوو دیوەخانێکی گەورەیان هەبوو بە ڵکوو جێی ٦٠ بۆ ٧٠ کەس دەبوو . پیاوەکان هەموویان هاتن و ژن و منداڵیان ناردە ماڵی دیکە. گوتیان ئەمشەو شەوی زیکرە و ئێمەش پیاوەکان هەموومان دەروێشین. ئەوان دەستیان پێکرد و خوێندیان و جەزمیان کرد تا نۆرەی گەیشتە شیش لێدان. شیشی ئاسنیان سوور دەکردەوە لە سەر سۆبەی دار و لە زگ و دەمیان ڕادەکرد کزەی دەهات. گوتیان ژن نابێ لەوێ بێ. ئەگەر ژنان لێرە بوونایە برینەکانمان خوێنیان لێ دەچۆڕا.

خولاسەیی هاسان نەبوو کە تەماشای ئەوە بکەی کابرا شیش لە خوارەوەی نێوکی دەدات و لە پشتەوەی دێتە دەر. کە گەرم داهاتن هاوڕێیانی ئێمەش وردە وردە تاقەتیان نەما. لە بیرمە یەکەمین کەسەکان کە تەرکی ژوورەکەیان کرد ٣ فارس بوون. ئەوان مجاهدین بوون و لەگەل سازمانەکەیان نەمابوون و هاتبوونە لای حیزب تا هاوکاریان بکا بۆ دەرباسی تورکیە بن بۆ چوونە دەرەوە. (قاسم، مازیار و سماعیل) ئەوان هەڵاتن، چەند کەس لە هاوڕێیانی ئێمەش بە دوایان دا تەرکی ژووریان کرد. لەبیرمە کامران کوری کاک حەسەن شەرەفی و کورێکی دیکە بە ناوی تاهیر لە مەهاباد ڕا هاتبوونەوە بەمەبەستی درێژەدانی خوێندن بچنەوە تورکیە و لەوێ ڕا بۆ ئۆرووپا ،ئەوانیشمان لەگەل بوو. کە دەروێشەکان دەف و شتەیان هێنا، کامران ( ناوی گۆریبوو بە سەردار) دەستی کرد بە دەف کوتان و دیار بوو ئەویش لەو بەزمانەی دەزانی.

شەوەکەی لەوێ ماینەوە و خەڵکی ئەو گوندە کە چەکدار بوون، شەوێ چوونە پایەگاکەیان و گوتیان بەڕاحەتی بخەون ، هیچ ترس و نیگەرانیەک نیە. ماڵیان ئاوەدان زۆریش میواندارییەکی چاکیان کردین. بەیانیەکەش دوو کەسیان لەگەل مان هاتن تا ئەو بەری چۆم و گوتیان بەوڕێگایە دا بڕۆن خەتەرێک نیە تا دەگەنە ناوچەی ئازادی لای لێلکان و ئەوان. لێلکان گوندێک بوو لە کۆتایی دەشتە هێرت و ل بناری چیای کەڤۆرتی . ئەو گوندە بنکەی پارتی لێ بوو و وابزانم خەڵکێکی کەمی تێدا مابووە. بەرلەوەی بگەینە لێلکان تابڵۆیەکمان بینی کە بە داربەڕوویەکەوە هەڵواسرابوو و بە کوری لە سەری نووسرابوو: ( ئێرە ناوچەیەکی عەسکەری یە و بەچەکەوە هاتوو چوو مەمنووعە . لێژنەی ناوچەی مێرگەسۆری پارتی دێمۆکراتی کوردستان)

بەیانی کە حەرەکەتمان کرد بۆ دوا نیوەڕۆیە گەیشتینەوە لێلکان و لە قەراغ گوندەکە کانیەک بوو لەوێ چایەکمان دروست کرد و ئەوجار ئیدی نە ئاوەدانیەک شک دەبرا و نە باران. ئێمە ماینەوە و شاخی کەڤۆرتی وبەفری سپی. تەنیا دارەکان لە نێو بەفر دا دیاربوون. هەرکەس ئەوپەرەکەی دەیتوانی ٥٠٠ میتر لە پێشان بڕوات و بەفر هەڵدڕێ. شەو کەلە دورالملک بووین خەڵک جووتێک “لیان” ی دابووە کاک هەمزە بۆ ئەوەی هەرکەس نەفەری یەکەم بی بۆ نێو بەفر دەپێان بکا. لیان بە دار دروست کرابوو و ئەوکەسەی کە دەپێی دەکردن لە سەر بەفر ڕا بە ڕاحەتی دەیتوانی بڕوات. کاک هەمزە لیانەکانی دەپێ کردبوو، نەک ئەوەی نەفەری ئەوەڵ نەبوو ٥٠٠ میتریش دوای هەمووان بوو. ئەوەتە لەم وێنەیەش دا کە بەری خاکورکی کەڤۆرتی یە، لینانەکان لە سەر شانی کاک هەمزەن و بەس زەحمەتی هەڵگرتنەکەی کێشاوە و دیارە نەفەری ئاخیریشە.

hemze_rashid

شانسی منیش هەڵگرتنی جەعبەی بێسیمی ڕاکاڵ کە وابزانم ٤٠ باتریی گەورەی دەخوارد لە گوندی لێلکان تا سەر کەڤۆرتی نۆرەی من بوو. دەبا بۆ سەعات پینج تەماس لەگەل دەفتەری سیاسی بگرن و لە وەزعی خۆمان ئاگاداریان بکەنەوە. کاک هەمزە پەیتا پەیتا بە من دەڵێ: زووکە سەرکەوە با بێسیم چی تەماس بگرن. خۆشی لە ئاخەری هەمووان دەهات. هەرچۆنێک بوو منیش توانیم لەگەل بێسیمچیەکان بەرلە سەعات پێنج بگەمە سەری کەڤۆرتی و ئەوان زوو ئانتینەکەیان هەڵدا و تەماسیان گرت. تا ئەوان تەماسەکەیان تەواو بوو هەمووان سەرکەوتن و ئەوجار روومان کردە دیوی خاکورکی کەڤۆرتی کە بەفرەکە زۆر زیاتر بوو. دەبا زوو لەو هەڵدێرانە دەرباس بوونایە لای خودی گوندی کەڤۆرتی کە خانووبەرەکان ڕووخابوو ، بەڵام کانیەکی هەبوو و بەفریش کەمتر بوو لە جێگاکانی دیکە. ئەوەی بزانم نیزیک سەعات ٩ی شەوبوو کە بە شەکەتی و ماندووی گەیشتینە لای گوندە وێران کراوەکەی کەڤۆرتی. دەبا لەوێ بمێنینەوە.

هەر زوو هەموومان کەوتنە کۆکردنەوەی دار و توانیمان دارێکی زۆر کۆکەینەوە و ئاگر هەڵکەین. هەتا بەیانی هەربە دەم چای خواردن و جارووبارەش چاو گەرمکردنێک لەوێ ماینەوە. بەرەبەیان کەوتینە ڕێگا و چووینەوە سەر پردەکەی کەڤۆرتی کە تەنیا یەک داربوو و وەک پردی سیرات دەبا بەسەری دا دەرباس بین. بە ئیرادەیەک کە بیروباوەڕمان پێ بەخشیبووین لەوێش دەربا س بووین و بۆ تاو هەڵاتن گەیشتینەوە شوێنێک وابزانم پێیان دەگوت گەلان گەردی. تاو هەڵات بوو بەڵام جارێ ناوەڕاستی گەلیی خاکورک هەر سێبەر بوو. لەوێش کەمێک لامان دا و چایەکمان خوارد. تەماسێکیان گرت لەگەل دەفتەری سیاسی و لە کورتە کۆبوونەوەیەک دا کاک عیسمەت گوتی : هیندێک هیمەت بکەن با بۆ ئێوارێ بگەینەوە مقەری حیزبی شیوعی و پارتی گەل کەلە شێخان بوون. هەڵبەت هەرواشمان کرد. زۆر بە گورجوگۆڵی کەوتینە ڕێگا و دونیا تازە تاریکی کردبوو گەیشتینەوە شێخان و بووینەوە دووبەش. بەشی زرۆمان بۆ مقەری شیوعی و بەشی کەمتریش بۆ بنکەی پارتی گەلی دێمۆکراتی کە فاسیلەیان وابزانم هەر یەک کیلۆ میتر دەبوو.

(( ئەگەر لە بیرم بێ ئێمە ئەوکەسانە بووین کە گەڕاینەوە: مەحموود دەشتی، عیسمەت عەبدی ، هەمزە ڕەشیدیان، عیسا عەزیزی، سیامەند عەزیزی، داوود جەلیلی، دوکتۆر شوان، ناسر فەرنیا، سادق مووسایی، ئەردەلان شەریفی، بەهمەن قودرەتی، سلێمان نیزامی ، فەیزوللا ، عەبدولسەلام محەممەدی، محەممەد عەلی نەعیمی، ئەحمەد سەلیمی ، حاجی پەرنیا و من(کاووس) هەر وەها کامران شەرەفی و تاهیر لەگەل سێ موجاهیدینی جیابووە لە حیزبەکەیان ))

دابەش بووینەوە نێو هەردوو بارەگا و ئەوەی لە بیرم بێ بۆ بنکەی پارتی گەل ئەم کەسانە بووین: هەمزە ڕەشیدیان، عیسا عەزیزی(عیسا کڵاوڕەش) ئەردەڵان شەریفی، سیامەند عەزیزی، داوود جەلیلی، سادق مووسایی ، بەهمەن قودرەتی ، سلێمان نیزامی و  من (کاووس). کە چووینەوە زۆر بەگەرمی وەریان گرتین و زۆر خۆمانە دانیشتین و تا دەرنگانی شەو بە دەم قسە و باسەوە خەریکی گوێز خواردن بووین. بەرپرسی بنکە وابزانم کەسێک بوو بە ناوی “ابو جوتیار”. ئەوەی زۆرم پێ جوان بوو ئەو کادر و پێشمەرگە و بەرپرسانەی لەو بنکەیە بوون ، بەردەوام فیشەکدان و شتەیان پێ بوو و ئامادە بوون . لە کاتێک دا ئەوکات خاکورک هیچ خەتەرێکی سەددامی لە سەر نەبوو.

بەیانی کە هەستایین نانیان بۆ هێناین کوڕێکی بادینی گوتی ڕەنگە هەڤە بیرا دۆشاوا ئۆرمیێ کربیت، ئەوە دۆشاوا ئۆرمیێ. دوای نان خواردن کەسێکیان هات ناوی ئێمەی پرسی، پێدا هات ، من و عیسا و سیامەند بە هەڵکەوت شانمان لە شانی یەک بوو کە دانیشتبووین. عیسا گوتی من عیسا عەزیزی، سیامەند عەزیزی و منیش گوتم کاووس عەزیزی، کابرا گوتی ئەرێ بەڕاستی ئێوە ٣ دانە عەزیزی خزمن یان گاڵتەم پێدەکەن؟ گوتمان وەڵا نە گاڵتەت پێدەکەین و نە خزمین. گەیشتینەوە دەوروبەری نیوەڕۆ ڕادیۆ بەناوبانگەکەی کاک هەمزە لە بەرچۆکی بوو. منیش وەک هەمیشە بۆ ئەوەی عەزیەتی بکەم دەستم بە دوکمە کانی رادیۆکە داهێنا و شانسەن کەوتە سەر بێسیمێک کە بەعەرەبی قسەی دەکرد. پێشمەرگەیەکی پارتی گەل گوتی لای مەبە! دیارە بێسیمەکە ڕاکاڵ بوو.

کە دەستم ڕاگرت دیار بوو پەیامێکی عەرەبی بوو لە سەرکردایەتیی پارتی را دەدرایە هەموو لق و ناوچەکانی پارتی کە ئیدریس بارزانی کۆچی دوایی کردووە. ئەو پێشمەرگەیە یەک بە خۆ بانگی هەمووانی کرد کە ئیدریس بارزانی مردووە. هیندێکیان پێیان ناخۆش بوو و نایشارمەوە زۆربەیان پێی ناڕاحەت نەبوون. (ڕادیۆی کاک هەمزە ئەوکات شتێکی زۆر مۆدێڕن بوو. هەمووی بە سیستەمی دیجیتاڵی کاری دەکرد، ئانتینی وەک هی بێسیمی هەبوو، ماشێن حیسابی بە هەردوو شکڵی نووسین و دەنگ لەسەر بوو. دەیتوانی هەرچی بێسیمی دەوروبەری خۆی کە هەبوون کۆنترۆڵیان بکا. سیستەمەکەشی هاسان نەبوو، تەنها کاک هەمزە خۆی چاکی لێدەزانی. ئێمەش بۆ ئەوەی عەزیەتی بکەین هەرکات دەرفەت بوایە دەستێکمان بە دوکمە و سیستەمەکەی دا دەهێنا و کاک هەمزەش دەستی دەکرد بە سەرلەنوێ تەنزیم کردنی و قەتیش ناڕاحەت نەدەبوو. تەحەموڵ و ڕووخۆشی لە سیفەتە هەرە دیارەکانی کاک هەمزەن . بۆیە ئێمەش بە تیرابینی یەوە هەوڵمان دەدا عەزیەتی بکەین کەچی جارێک نەماندی ئەو ئینسانە ناڕاحەت بێ. ئێستا مرۆڤێکی ئارام، ڕووخۆش، متەوازع، خاکی و بێ ئازارە. من پێموانیە لە ژیانی دا دڵی یەک کەسی ئێشاند بێ. لە دونیاکەی دیکەش نازانم هەر وا دەبێ یان لەوێ دەگۆڕێ).

radto_hemze3

سوپاس بۆ کاک هەمزە کە داوام لێکرد وێنەی ڕادیۆکەی بۆ گرتم.

ئەو ئێوارەیە لەبیرمە کاک عسمەت کورتە نامەیەکی ناردبوو بۆ کاک هەمزە . نازانم چی تیدا بوو. ئەویش خوێندیەوە و گوتی کاووس وەرە هەتا لای بنکەی حیزبی شیوعی بچین. دەگەلی چووین کاک عیسمەت و کاک مەحموود و باقی هاوڕێیان لە بنکەی حیزبی شیوعی دانیشتبوون. دانیشتین و چایەکمان خوارد و کاک هەمزە و کاک عیسمەت و کاک مەحموود سرتەیەکیان کرد و هاتینەوە دەر بڕۆین. ئەگەر لەبیرم بێ ئەبوو تارا بەرپرسی ئەو مقەری حیزبی شیوعی لەوێ بوو. هاوکات چەند میوانێکی دیکەشیان هەبوو کە وابزانم لە فەرماندەرانی ئێران بوون و ئەوان لە ژووری دیکە بوون.

کە گەڕاینەوە لای هاوڕێیان هەمزە گوتی ئێمە ئەوشۆ بەرەبەیان حەرەکەت دەکەین . دیاربوو لەگەل یەک بەرنامەیان دانابوو کە سەعاتی ٣، یان ٤ ی بەیانی حەرەکەت بکەین بەرەو قەبری زاهیر و لەوێ ڕا بۆ گوندی گەلێشم کە یەکەمین گوندی شەمزینان بوو. کە حەرەکەتمان کرد دوو کادری حیزبی شیوعیش وابزانم عەرەب بوون و کوردیان دەزانی لەگەل مان هاتن. دیارە ئەوەش لە هاوکارییەکانی بەینی حیزبی ئێمە و حیزبی شیوعی بوون. ئەو دوو کادرەیان تا نیزیک گەورەیش لەگەلمان بوون و ئەوەی دیکەیان لێێ ئاگادار نیمە.

بەیانییەکە ملی ڕێگامان گرت و هەوایەکی تەواو سارد، دوای نیزیک بە ٢ سەعات ڕێگا بڕین گەیشتینەوە بەفر. بەفرێکی زۆر، هەورازێکی سەخت و پڕ لە دار و بەرد. دەتوانم بڵێم کۆلەباری هیچ کەس لە ئێمە کەمتر لە ٢٥ کیلۆ نەبوو. کە گەیشتنەوە ئاخر ئۆخری دارستان دونیا ڕووناکی کرد. کاک مەحموود دەشتی گوتی هەرکەس دارێک بگرێتەوە دەست ئەگەر سەرکەوتینەوە چای دروست دەکەین. هەرواشمان کرد. لەنەکاو دیتمان دوو چەکدار بە لیباسێکی مەیلەو زەردی کوردی و ڕەنگە تەمەنیان ١٦ بۆ ١٨ ساڵ بوایە یەکیان سیمینۆفێکی پێ بوو ئەوی دیکەش کڵاشینکۆفێک ، هاتەوە پێش و پرسیاریان کرد ئێوە کێن و بەرپرستان کێ یە؟ زۆرمان پێ سەیر بوو، لە چاو ئێمە ئەوان لە بواری چەک و چۆڵ و لیباس و باڵتۆوە دیاربوو کە لاواز بوون. نە چەکیان ئەوە بوو، نە لیباس و ئەوانەیان. بەڵام ئیرادەیان لێدەباری. لەو شاخەی کە بۆ هەرلایەک بڕۆی سەدان کیلۆمیتر چۆڵ و بێ ئاوەدانی، شاخێکی بەفراویی سەخت . کاک مەحموود گوتی فەرموو: ئەو گوتی ئێرە بنکەی ئێمەیە، لە خوارێ کە ئێوە هاتن چاومان لێتان بوو، بەرپرسی ئێمە دەیەوێ لەگەل بەرپرسی ئێوە قسە بکا.

درێژەی هەیە….

بەشی سێهەم

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی