"an independent online kurdish website

لە دوای هەڵبژاردنی ٧ ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥ تا ئێستا ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک و حکوومەتی ئاکەپەی ژێر دەسەڵاتی ئەو، بەردەوام بە بیانووی جۆراوجۆر هەوڵیان داوە ڕێبازێکی تازە لە پاکتاوی نوخبەکانی کورد لە باکوور بگرنە بەر.kavos_azizi12

لە سەدەی ڕابردوو دەوڵەتی تورک لەڕێگای دەوڵەتی سێبەرەوە نوخبەی کوردی حەزف دەکرد و لەو بوارە دا نموونەی زۆرمان هەیە. لە دوای هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی ئیخوانیی وەک ئاکەپە و سەرۆکێکی دەسەڵاتخوازی وەک ئەردۆغان کە خەون بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی یەوە دەبینێ، شێوازی بە چۆک دا هێنانی بزووتنەوەی کوردی گۆڕیوە .

سەرەتا دە هەوڵێکی دوو روویانە دا و بە ناوی وتوێژ و چارەسەریی مەسەلەی کورد هات هیندێک شتی سەرەتایی وەک ڕێگادان بە رادیۆ و تەلەویزیۆن و ڕۆژنامەی کوردی، یان هەڵگرتنی قەدەغەی سەر ناوی منداڵ تا شار و دێهات ، و دەستی کرد بە ڕێزە دیدارێک لەگەل پارتی کرێکارانی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ بە ناوی پڕۆسە چارەسەری.

لە تەواوی ئەو چەند ساڵە دا هەرچی ئەردۆغان بە نیسبەت کوردی باکوور دەیکرد و دونیا پێیوابوو هەنگاوی بەرەو چارەسەریی پرسی کوردن لە ڕێگای ئاشتی و دیالۆگەوە ، یەک ئامانج گیرابووە بەر کە ئەویش لە چەک داماڵینی پ ک ک و کۆتایی هێنان بە هێزی گریلای ئەو حیزبە بوو بە ناوی: چەک دابنێن و وەرن خەباتی پارڵەمانی بکەن. هەڵبەت پ ک ک قەت نەچووە ژێر باری ئەو دوو ڕوویەی ئەردۆغان و ئامادە نەبوو بە بێ زەمانەتێک چەکدابنێ و لە نیهایەت دا ئەردۆغان و حیزب و حکوومەتەکەی نەیانتوانی ئەو ئامانجە بە نهێنی ڕابگرن و ئاشکرایان کرد.

دوای ئاشکرابوونی پیلانی بە قەولی خۆیان تەفروو توونا کردنی پ ک ک، ئەوجار بە ئاشکرا کەوتنە شەڕ دژی کورد و سەرەڕایی هیندێک هەڵەی تاکتیکی و مەیدانیی لایەنی پ ک ک ، ئەردۆغان و حکوومەتەکەی دەستیان لە هیچ جینایەتێک و وێرانکارییەک لە باکووری کوردستان نەپاراست، کە عەمەڵەن لەو مەیدانەش دا نەیتوانی سەرکەوتنی دڵخواز بەدەست بێنێ و ئاکامی شەڕەکە لەگەل ئەوەی کوژرا و بریندار و ئاوارەیەکی زۆری بۆ لایەنی کوردی و بگرە دەوڵەتیشی لێکەوتەوە،  بەڵام کۆمەڵێک شاری وێرانبوو کە ئەگەر لە ترسی ئابرووی خۆشیان بێ ناچارن ئاوەدانی بکەنەوە،بوو بە ئەمری واقع و لە دونیای دەرەوەش دا بوون بە دەوڵەتێک کە دۆستایەتیشیان بە عەیب دەزانرێ. بەو کردارانەیان و بەرپەرچی یەکیەتیی ئۆرووپا، ئێستا ئەوان ئیدی خەریکە لە خەونی دەیان سالەیان کە ئەندامەتی لەو یەکیەتییەدایە نائۆمێد دەبنەوە.

ئیستا ئیدی دەوڵەتی ئەردۆغان ڕێگای هەرە پیلان بۆ دانراوی خۆی تاقی دەکاتەوە کە ئەویش پاکتاوی نوخبەکانی نیو سیاسەتی کوردە لە باکوور. لە ماوەی کەمتر لە مانگێک دا ئەگەر دیقەت بکەین بەشێکی زۆری ئەو سیماناسراوانەی نێو بزووتنەوەی یاسایی کورد لە باکوور، یان گیراون، یان لە کارەکانیان دوور خراونەوە، یان پەڕاوێز خراونەتەوە.

هەر لە  پەراوێز خستنی  بەڕیز ئۆجەلان و  گیرانی سەلاحەددین دەمیر تاش  وئەحمەد تورک  و ……تا دەگاتە دوور خرانی سری ساکیک و  و تونجەل بەکرخان هەموویان کە لە ڕێبەران و کەسایەتییە کلیدییەکانی باکووری کوردستانن لە جوارچێوەی پیلانەکە دا جێ بە جێ دەکرێن، ئەوە دوای ١٤ ساڵ دەسەڵاتی ئەردۆغان و ئاکەپە، تازە بە تازە هاتوون ئەسڵی ڕوخساری خۆیان بە نیسبەت کورد دەرخەن.

ئەوە هەنگاوی هەرە دوژمنکارانەی دەوڵەتی تورکە دەرحەقی بزووتنەوەیەکی زیندوو، بەڵام تێکەڵ بە کۆمەڵێک هەڵەی مەیدانی، تاکتیکیی لایەنی کوردی. هەنگاوێک کە وەک شمشێری دووسەرە وایە ، ئەگەر لە لایەک جەستەی کورد بریندار دەکا، لە لایەکەی دیکەش خودی جەستەی خۆیان دەبڕێ.

ئاکام

ئەم مەودا دژوارەش بە سەر بزووتنەوەی باکووری کوردستان دا دەرباس دەبێ و زۆری پێناچێ کە ئەردۆغان و حیزبەکەی لەگەل شکستێکی گەورەی وا ڕووبەڕوو دەبنەوە کە مەگەر ئەجەویت لە دوای ساڵی ٢٠٠١ تووشی بووبێ . با هەموومان چاومان لە هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیە و شاهیدی شکستی ئاکاکەپە و ئەردۆغان بین.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی