"an independent online kurdish website

پێشمەرگەکان: کۆمیسیۆنی سیاسی-نیزامی هاوڕێیانی پێشوو لە رونکردنەوەیەکدا ، داوای ئازاد کردنی  سێ لە پێشمەرگەکانی دەکا کە پارتی ئازادی کوردستان بە سەرپەرستی  کاک عەلی قازی (کوڕی نەمر قازی مەحمەممەد) رفێنراون .pdk-3-pm-giraw-le-layen-pak-201609-0

دەقی رونکردنەوەکە

ڕوونکردنەوە لە بارەی: زنجیرەیەک کردەوەی گرتن‌و ڕفاندنی چەند پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان

لە دوو ڕۆژی ڕابردوو‌دا، هەواڵی ڕفێندرانی چەند پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان کەم‌و زۆر‌و بە نیوەچڵی‌و ناتەواوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌و هێندێک ڕاگەیەن‌دا، بڵاو بووەتەوە‌و بووە بە هۆی دروستبوونی پرسیارو نیگەرانیی جۆراوجۆری دۆستان‌و دڵسۆزان. بە پێویستی دەزانین بۆ ئاگاداریی زیاتری بیروڕای گشتی‌، دامەزراوە پێوەندیدارەکان‌و هێز‌ولایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەم جۆرە پەردە لە سەر چۆنیەتیی ڕوودانی ئەو زنجیرە کردەوەیە لابدەین:

لە ڕۆژانی دووشەمە‌و سێشەمەی ڕابردوو‌دا، چەند پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ناوەکانی ١- نادر ئیلامی، ٢- ئارام نازر و٣- سیروس رەبیع بەیگی کە پێشتر لە نێو گرووپی ناسراو بە “پارتی ئازادیی کوردستان”‌دا بوون‌و دواتر ئەم گرووپەیان بە جێ هێشتوە‌و بوون بە پێشمەرگەی حیزبی ئێمە، لە سێ پیلانی جیا جیا‌دا، هەوڵی گرتن‌و ڕفاندنیان دراوە. ئەم کەسانە لە لایەن کەسانێکی سەر بە پارتی ناوبراو‌و بە ناوی دیدار‌و دەعوەتی دۆستانە بۆ شوێنی دوور لە بنکەکانی حیزب ڕاکێشراون‌و دواتر کۆمەڵە چەکدارێکی “پارتی ئازادی” بە پێی نەخشەی دیاریکراوی پێشوویان لە ژێرناوی “ئاسایش”ی هەرێمی کوردستان‌دا، هەڵیان کوتاوەتە سەر ئەم هاوڕێیانەمان.

یەکێک لەم ڕووداوانە شەوی دووشەمە لە سەر سێشەمەی ڕابردوو(١٢لە سەر ١٣ی سێپتامبر)لە نزیک کۆیە‌و لە نێو دارستانەکانی دەروازەی ڕۆژاوای شار(نزیک دەواجین) بووە کە دیارە پێشمەرگە “نادر ئیلامی” ئەگەر چی لێی دراوە‌و بریندار کراوە، بەڵام بەرگریی لە خۆی کردوە‌و توانیوێتی خۆی لە دەستیان ڕزگار بکا.

ڕووداوی دووهەم، ڕۆژی سێشەمە١٣ی سێپتامبر لە ماڵێک لە “کەسنەزان”ی نزیک هەولێر بووە‌. چەکدارەکانی پارتی ناوبراو بە پێی نەخشەی لە پێشدا دیاریکراوی خۆیان لە ڕێگای کەسێکی هاودەستیانەوە، پێشمەرگە “ئارام نازر” بۆ ماڵی ناسیاوێکی پێشووی خۆی ڕادەکێشن. هەر کە ناوبراو لە تاکسی دادەبەزێ‌و پێ دەنێتە نێو ئەو ماڵە، کۆمەڵێک چەکداری “پارتی ئازادی” پەلاماری دەدەن، قۆڵبەستی دەکەن‌و دەیڕفێنن.

حاڵەتی سێهەم بێشەروشوێن بوونی پێشمەرگەیەکمان بە ناوی “سیروس رەبیع بەیگی” لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو (١٠/٩/٢٠١٦)وەیە. ناوبراو بە نیاز بووە بە سەفەرو بۆ دیداری ناسیاوێکی خۆی لە کۆیەوە بچێتە سلێمانی، بەڵام لەو ڕۆژەوە بێسەروشوێنە‌و هیچ هەواڵێکمان لیی نیە. بە سەرنجدان بە هاوکاتبوونی ونبوونی ناوبراو لە گەڵ ئەم ڕووداوانەی دیکە‌و بە وەبەرچاوگرتنی پێشینەی ناوبراو کە ئەویش لە گرووپی ناسراو بە پارتی ئازادییەوە هاتبووە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی ئێمە، گومانی بە هێزمان ئەوەیە کە بێسەروشوێنکرانی ناوبراویش هەر کاری ئەو لایەنە بێ.

پێوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە دوای ئاگاداربوون لەو کردەوانەی گرووپی ناوبراو، ئاسایشی هەرێم لە کۆیە‌و هەولێر‌و دەزگا پێوەندیدارەکانی دیکەی لەم کردەوانە ئاگادار کردوەتەوە‌و داوای کردوە لێپرسینەوە‌و بە دواداچوونیان بۆ بکرێ.

لە پێوەندی لە گەڵ ئەم زنجیرە کردەوەیەی گرووپی ناسراو بە “پارتی ئازادی”دا، چەند خاڵ بە ئاگاداریی هەموو لایەک دەگەیەنین‌و تەئکیدیان لە سەر دەکەینەوە:

١- ئەو کەسانەی “پارتی ئازادی” نەخشەی لە داوخستن‌و ڕفاندنی بۆ کێشاون‌و جێبەجێی کردوون، تەنیا گوناهو‌ تاوانیان ئەوەیە کە ڕیزەکانی ئەو گرووپەیان بە جێ هێشتوە‌و هاتوونەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بێ ئەوەی چەکو کەلوپەل‌و ئەموالی ئەم گرووپەیان لە گەڵ خۆیان هێنابێ. ئەمە لە کاتێک دایە کە جاری وا هەبووە لە حیزبی دیموکراتیشەوە کەس یا کەسانێک چوون بۆ نێو ئەو گرووپەو بە شتێکی زۆر ئاساییمان زانیوە. هەر بۆیە لێدان‌و بێڕێزی پێکردن‌و ڕفاندنی ئەم کەسانە بە پێشێلکردنی ماف‌و ئازادیی تاک‌و ڕێوشوێنە دیموکراتیکەکان دەزانین‌و‌ بە توندی مەحکوومیان دەکەین.

٢- لە سەر خاکی هەرێم‌و لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان‌دا، لایەنێکی چەکدار کە خۆی وەک پارتێکی سیاسی دەناسێنێ، ئەگەر کێشە‌و گرفتی لە گەڵ کەسانێک لە حیزب‌و ڕێکخراوێکی دیکەش‌دا هەبێ، دروست وایە بە ڕێگای پێوەندییە سیاسییەکان، یا بە ڕێگای یاسایی‌و هێمنانەو لە ڕێگای دامەزراوە حکوومییەکانەوە، هەنگاوی بۆ بنێ، نەک نەخشە‌و پیلان بۆ تۆڵەستاندنەوە‌و ڕفاندن‌و بێسەروشوێنکردنیان دابڕێژێ‌و جێبەجێیان بکا.

٣- پاراستنی گیانی ئەم پیشمەرگە ڕفێندراوانە‌و ڕاگرتنی ڕێز‌و کەرامەتیان لە ئەستۆی لایەنی ناوبراوە. ئێمە داواکاری ئازادیی هەر چی زووتر ئەم پێشمەرگانەین. هەر لەو کاتە دا سەرکردایەتیی پارتی ئازادی لە ئاکامی زیانباری ئەم جۆرە کردەوانە ئاگادار دەکەینەوە.


ئێمە چاوەڕوانی ئیقدام‌و بە دواداچوونی دامەزراوە پێوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەمێنینەوە‌. هیوادارین بە هەوڵی دڵسۆزانە‌و بەرپرسانەی هەموو لایەک، ڕێ لە دووپاتبوونەوەی کردەوەی هەڵنەسەنگێندراوو زیانباری لەم چەشنە بگیرێ‌و ئەم جۆرە کردەوانە وڵامی سیاسی‌و یاسایی شیاوی خۆیان وەربگرنەوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان

کۆمیسیۆنی سیاسی-نیزامی

١٥/٩/٢٠١٦

٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٥

………………..

راگەیاندراوی پارتی ئازادی لەم بارەوە کە هێرشی توند دەکاتە سەر هاوڕێیانی پێشوو

راگەێندراوی پارتی ئازادیی کوردستانPAK

لە مەڕ زنجیرەیەک رەفتاری حدک

لە چەند رۆژی رابوردوودا، حدک زنجیرە رەفتارێکی هەرزەکارانەی ناسیاسیی هەر لە هەوڵدان بۆ ڕفاندنی پێشمەرگەیەکی PAK و بریندار کردنی، تا بڵاو کردنەوەی هەواڵ و زانیاری ناراست و هەڵبەستراو و دەرکردنی راگەێندراوی فەرمیی بۆ چەواشەکردنی راستییەکان، بە دژی پارتی ئازادیی کوردستان، ئەنجام داوە. ئەمە بێجگە لەو حەولە زۆر و زەوەندە تۆمار کراوانەیان کە لە ماوی دوو ساڵی پێشوودا، بە نهێنی بۆ ساردکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان لە بەرەکانی شەڕی داعش دا ، داویانە و بێدەنگەمان لێکردوون.

هەر چەندە لە بەرانبەر ئەو رەفتارانەی حدک دا، پارتی ئازادیی کوردستان، وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوە، بە مافی خۆی دەزانێ؛ بەڵام بە رەچاو کردنی ئەو ئەرک و بەرپرسیاریتی و پێگە سیاسییەی PAK بۆ خۆی قایلە و بە حورمەتی چاوەڕوانییەکانی دۆستان و خەڵکی وڵاتەکەمان لە PAK و خۆ بواردن لە خەریکبوون بە کێشەی لابەلاوە، وێڕای بەدرۆ خستنەوەی سەرجەم ئەو تۆمەت و چەواشەکارییانەی کە حدک بە شێوەی فەرمی رایگەیاندوون ؛ دان بە خۆدا دەگرین و لە بە کارهێنانی ئەو مافە رەوایە، خۆ دەبوێرین. پارتی ئازادیی کوردستان کە لە بەرانبەر دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستاندا سەرسەخت و لێبڕاوە، لە ناو بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و لە پێوەندیی لە گەڵ لایەنەکانی دیکەدا، سیاسەتی ئاشتیخوازانەی هەیە و لە سەر ئەو باوەڕەیە کە دەبێ کێشە و ناکۆکییەکانی نێو ئەم بزووتنەوە و لایەنەکانی بە گفتۆگۆ و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن. هاوکات هیچ چەشنە ملهووڕییەک لە هیچ لایەک قبووڵ ناکا و هەر جۆرە توند و تیژییەک بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان رەت دەکاتەوە . لێرەوە رۆڵەکانی نەتەوەکەمان، هێزە سیاسییەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان، میدیا کوردییەکان و کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە شاهید دەگرین کە ئەگەر ئەو رەفتارانەی حدک درێژەیان هەبێت، ئۆباڵی ئاکامەکانی لە ئەستۆی ئەوان دەبێت و هەر خۆیان دەبێ بەرپرسایەتییەکەی هەڵگرن.

پارتی ئازادیی کوردستانPAK

کۆمیتەی راگەیاندن

٢٦ / خەرمانان/٢٧١٦

١٦/ سێپتامبر/٢٠١٦

هەروەها پارتی ئازادی کوردستانیش لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیان ئەمجۆرە باسی روداوەکە دەکا

گرووپێک چەکداری حدک

حەوڵی رفاندنی پێشمەرگەیەکی دیکەی PAK دەدەن

شەوی دوشەممە لە سەر سێشەممە، ١٢ سێپتامبری ٢٠١٦، گرووپێک چەکداری حدک، لە دەورو بەری شاری کۆیە، حەولی رفاندنی پێشمەرگەیەکی پارتی ئازادیی کوردستان دەدەن. پێشمەرگە بەر پەلامار کەوتووەکەی پارتی ئازادیی کوردستان، کە بە پیلانەکە دەزانێ، تێدەکۆشێ لە داوی پیلانگێران رزگار ببێ، بەڵام لە لایان یەکێک لە چەکدارەکانی حدکەوە، بەر ٥ زەبری چەقۆ دەکەوێ. بە گەیشتنی دەستەیەک پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان بۆ شوێنی رووداوەکە، پێشمەرگە بریندارەکەی PAK رەوانەی نەخۆشخانەی شاری کۆیە دەکرێ و گرووپە چەکدارەکەی حدکیش خۆ بە ” قەڵای دێموکڕات” دا دەکەنەوە.

هەر ئێستا هەڤاڵ سمکۆ چاوشین، پیشمەرگە بریندارەکەی پارتی ئازادیی کوردستان نەشتەرگەریی بۆ کراوە و لە نەخۆشخانەی شاری کۆیەیە. بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە پۆلیسی کۆیەوە بە دەست گەیشتوون، یەکێک لە ئەندامانی گرووپە چەکدارەکەی حدک، دەسگیر و راپێچی گرتووخانەی کۆیە کراوە.

بۆ هەر میدیا و تاک و لایەنێکی کوردی کە بە دوای راستیەکانا ئەگەڕێن

بۆ روونبوونەوەی راستییەکان و بە دەرکەوتنی دۆرکانی حدک لە رووداو، فەرموون پەیوندی بە پێشمەرگە بریندارەکەی پارتی ئازادیی کوردستان و پۆلیسی کۆیەوە بکەن:

009647506772040


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی