"an independent online kurdish website

برینەکان دەکولێنەوە ، ئازارە تاڵ و تفتەکان بیر دێنەوە، یادی شەهید هێندە زۆرن نابڕێنەوە. دەگەڵ ئەوەش بەئاودێرکردن بەخوێنی شەهیدان داری ئاوات و هیواکان سەرلەنوێی چرۆ دەردەکەن و دەژێێنەوە.shehidani-mikonos-0

بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدبوونی سکرتێر و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و کادری بەوەج و بەئەمەگی حیزبەکەمان شەهید دوکتۆر سەعید، فەتاح عەبدولی و هومایون ئەردەڵان هـاوخەمی خۆم دەگەڵ حیزب و بنەماڵە بـەڕێزەکانیان و سەرجەم گەڵی کوردمان لـە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەردەبڕم و هیوادارم خوێنی ئەو شەهیدانە و گشت شەهیدانمان ئاودێری ورە و بڕوامان بکاو ببێتە ڕێنوێن و هاندەرمان بۆ تێکۆشان و نەوەستان تا گەیشتن بە ئامانجیان .

کاتێک لاپەرەکانی مێژوی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵدەدەینەوە، ڕووداوەکانی ئەو خەباتە خوێناوی و دور و درێژە چاو لیدەکەین و دەخوێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێ ئەو حیزبە بۆ ئەو ئامانجە پێرۆزە لەو ماوەیەدا زۆر جار کەوتوە و هەستاوەتەوە، پێشیان پێگرتوە بەڵام نەکشاوەتە دواوەو درێژەی بەڕێگا سەخت و پڕ مەترسیەکەی داوە. لەو ڕێگایەدا زۆرترین و گەورەترین و بەنرخترین قوربانی داوە. ڕەنگە دەگمەن بن، یان هەر نەبن حیزبی ئەوتۆ وەک حیزبی دێمۆکڕات کە جیا لەو هەمو قوربانیەی وەک پێشمەرگە و کادر و خەڵکی ئاسایی، سێ (3) ڕێبەری مەزن و زاناو لێهاتوی لە کورانی خەبەتدا ڕاستەوخۆ بە دەستی دوژمن، ئەویش بەشێوەیەکی نامرۆڤانە و بەدەر لە هەموو یاساو ڕیسایەکی نێودەوڵەتی تێرۆر کراوە. یەکێک لەو ڕێبەرانە شەهید دوکتۆر سادقی شەڕەفکەندی (دوکتۆر سەعید) ە . من نەدەتوانم و نە خۆم لە قەرەی ئەوە دەدەم کە بێم و وەک شیاوی کەسایەتی و لێوەشاوەیی ئەوە بیناسێنم و باسی بکەم. بەڵام بە هۆی ئەوەی لەسەردەمی فەقێیەتیم لە مزگەوتی سوری سابڵاغ کورتە ناسیاوێکم دەگەڵی هەبوو لە مەیدانی خەباتیشدا ماوەیەکی باش لەو ئورگانانە کە لە ژێر بەرپرسایەتی ئەو دابوون کارم دەکرد، کەسایەتی و مودیریەت و لێهاتویی کاری تێکردم و سەرنجی بەلای خۆیدا ڕاکێشام . شەهید شەرەفکەندی ڕێبەرێکی زیرەک، زانا، مودیر، خاوەن ورە و ئیمانێکی دەگمەن، لێوەشاوە و بەوەج، پڕکار و ماندو نەناس و جێگرێکی بە تەواوی مانای شەهید دوکتۆر قاسملوو، ڕێبوارێکی بە ئەمەگی پێشەوای نەمر بوو. ئەوەندە دڵسۆز بوو بۆ حیزبەکەی کە ئەگەر کادرێک کارێکی باشی بە قازانجی حیزب کردبا لە هاوکار و سکرتێر و ئەندامی ڕێبەرایەتی تێدەپەڕاندو بە برای دەقەبڵاندو بە براگیان دەیدواند و سوپاسی لێدەکرد و بە برا ناوی دەبرد. بۆ نمونە چەند دێڕێک لە نامەیەک لێرەدا دەنوسم کە بۆ خۆمی نوسیوە.

” براگیان کاک مەلا برایم: لە گەڵ سلاوێکی گەرم و سوپاس لەوە کە نەزەراتی خۆت هەمیشە لە سەر وەزعی گشتی بۆ ئێمە دەنوسی و ڕێنوێنی دەکەی (کە دیارە تێدەکۆشین تا ئەو جێگایەی لە دەستمان بێی حەلیان بکەین) دوکتۆر (پۆل) کە ڕۆیشت ئەم چەند نەزەرەی هەبوو بە پێویستم زانی عەرزت بکەم: (١) ــ گەلێک ڕەزایەتی نواندوە لەوە کە جەنابت بووی بە مودیری نەخۆشخانە و دەڵێ: کە پێیوایە ئینتیخابێکی زۆر موناسب بووە، لە مودیریەت و هەروەها لە ڕوخۆشیتان تاریف دەکا . منیش خۆشحاڵم و سوپاست دەکەم و هیوادارم هەروا سەر کەوتوبی لە مەسئولیەتەکانت دا.

برات سەعید. ٥ / ٧ / ٧٠ . دیارە نامەکە لەوە دێژترە.

ئەگەر بە وردی سرنجی نامەکە بدەی دەزانی کە کاک سەعید چەندە خۆشحاڵە کە کادرێکی حیزبەکەی توانیویەتی وەک پیویستی حیزب بەرپرسایەتی حیزب بەڕێوە بەرێو کارەکانی خۆی ئەنجام بدا. بەتایبەت کەسێکی ئوروپایی بەو شێوەیە ڕەزامەندی لە حیزب دەر دەبڕێ. نیشانی دەدا کە ناوبراو چەنـدە بـەسەر کارەکانیدا زاڵەو چۆنیش کادەرەکانی خۆی کونتڕۆڵ و بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیان هان بدا، ئەوەنیە کادرێکی حیزبەکەی بە برا ناو دەبا. بەڵێ: برایان دوکتۆر سەعید ئەو کەسە بو ئەگەر دەستی غەدر و جینایەت لێگەڕابا زۆر زوو کەلە بەرەکانی بێ قاسملوی پڕدەکردەوە.

بەجێیە لێرەدا بەکورتیش بێی یادێک لەو هاوڕێی بە ئەمەگانەی کە بۆ مەرگیش دەگەڵی بون و بوونە هاوڕیی هەتا هەتایی یادێکیان بکەم .

شەهید فەتاح عەبدولی

ساڵی ١٣٤٠ ی هەتاوی لـە گونـدی وەزنێی سندوس سـەر بـەشاری (نـەغەدە ) لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لەدایک بووە ، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە گوندەکەی خۆیان و شاری نەغەدە تەواو کردوە. دەگەڵ دەسپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێمۆکڕات لە ڕیزی یەکیەتی لاواندا دەست بەکار بووە. لەدوای دامەزراندنی کومیتەی شارستانی نەغەدە، ئاشنایەتیم دەگەڵ کاک فەتاح لە نیزیکەوە دامەزراندوە. هەر لەو کاتەوە تا بوو بەئەندامی کومیتەی ناوەندی پێکەوە هاوکار بووین .ئەوەندەی من ناسیبێتم لاوێکی زیرەک، لیهاتوو ، وردبین ، لەسەرەخۆ ، تێکۆشەرو هەڵسوڕ، ئارام و هیدی و هێمن ، زۆر خەڵکی و خاکی . بەباوەری من تایبەتمەندیەکانی زۆر لە تەمەنی بەرزتر بوون، کارامەیی لە سەرەوەی توانای لاوێکی کەم ئەزمون بوو. سادق و جێی بڕوا بە خۆی و خەڵکیشی بـاش دەناسی. شێوەی هەڵسوکەوتی دەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆی گەلێک جیا بوو. هیچکات غڕوڕی لاوەتی بەسەریدا زاڵ نەدەبوو. هەر بۆیەش توانی زۆر زوو پلەی کارو تێکۆشانی بە پەلە و چاوەڕوان نەکراو بەرێتە سەرێ، بوو بە ئەندامی کومیتە و پاشان بەرپرسی کومیتەی نەغەدە، ئـەندامی کومیتەی نـاوەندی، بـەرپرسی کومیتەی سنە، مەڵبەندی یـەکی جنوب، کومیتەی سەردەشت، دوای شەهید بوونی کاک عەبدوڵا قادری وەک نوێنەری حیزب بۆ دەرەوەی وڵات ناردرا بۆ فەرانسە. ئەگەر مەرگ مۆڵەتی دابـا دەبوو بە کادرێکی زاناو شارەزاو ڕێبەرێکی بە بڕشتو ناودار.


شەهید هومایون ئەردەڵان

شەهید هومایون لە بنەماڵەی ئەردەڵانەکانە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سەقز تەواو کردوە ساڵی ١٣٥٦ لە زانکۆی سەنعەتی تاران درێژەی بە خوێندن داوە. ساڵی ١٣٥٧ هاتۆتە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکڕات . نـاو بـراو کادرێکی وردبین و ئاگا بـوو بەردەوام هەوڵی دەدا زانستی سایسی خۆی بەرێتە سەر و لە دنیای پێشکەوتوو تێبگا و ئەوەی فێری بـووە بۆ گەلەکەی دەکاریان بێنێی. ئەوەندەی من بزانم کە پێوەندیمان جیا لە هاوڕێی حیزبی زۆر گەرم و دۆستانە بوو مرۆیەکی ئارام و لە سەرەخۆ ، خەڵکی و خاکی ، بە توندی دژی لوت بەرزی و خۆ لە خەڵک جیاکردنەوە و خۆڕانان بوو. لە ڕەفاقەتدا ڕاست و بێ پێچوو پەنابوو. حەزی دەکرد لە زانستی خۆی بەشی هاوڕێیانی بدا. دەکرا پرێسکەی دڵی لەلا بکەیەوە و دڵنیا بی پارێزراوە. زانست و ئەو تایبەتمەندیانە و زۆریتریش بـوون بـەهۆی ئـەوە پلەکانی حیزبی بە سەرکەوتویی ببڕێ و ئەوەی ویژدانی پێی دەسپارد بێ کەمتەرخەمی و ماندو بوون بۆ حیزبەکەی ئەنجام بدا. بەرپرسایەتی كومیتەی میراوێی سەردەشت، ئەندامی کومیتەی ناوەندی، ئەندامی کومیتەی ئاژوان، بەرپرسی کومیتەی شارستانی سەقز و بەرپرسی ماڵی نەخۆشخانە. سەرئەنجام دەچیتە دەرێ بەڵام لە تێکۆشان ناوەستێ و دەگەڵ هاوڕێیانی سکرتێر و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات دەبێتە قوربانی ڕێگای ڕزگاری نیشتمان و گەلـ و هاوڕێی هەمیشەیی دوکتۆر سەعید. بەڵێ ئەوانەش شەهیدی ڕێگای ئـاشتی و ژیـانی هیمنانەن. ئەوانەش دۆستی ڕواڵەتی و خائین و خۆ فرۆشی واقعی، وەک شەهیدان قاسملوو کاک عەوڵا قادری ئازەر دایاننە دەستی ڕەشی تێڕۆڕیستانی کۆماری ئیسلامی ئیران و ئەو بـرینە قورس و ساڕێژ نەکراوەیان لـە دڵی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و ئـەو زبـرە گرچ و بڕەشیان لە حیزبی دێمۆکڕات وەشاند. ئەو ڕووداوە تاڵانە ئەو قەناعەتەیان لە مندا دروستکردوە ئەو نەتەوانەی حاکمن لەو وڵاتانەی کوردستانیان لەت و کوت و داگیر کردوە لە هیچ حاڵەتێکدا نابێ ئەوەندەیان لێ دڵنیا بی کە پشتیان پێ بسپێری. ئەگەر بەوردیش سەیری ڕابردوی خوێناویمان بکەین هەر ئەوەمان پێدەڵێ! لە دوایین قسەم دا دەڵێم : سکرتێرێکی وەک براو دوو کەس لـە دۆست و ڕەفیقە بەئەمەگ و دڵسۆزەکانی مـن کاک فەتاح و کاک هـومـایون بەجێیان هێشتین و لـە قیسمان چوون .

بۆیە بەلای منەوە جێگە و ڕێزی تایبەتیان هەیە و هەر گیز لە بیرم ناچن.

ڕوحیان شاد و جێگەیان بە هەشت بێ.

ئەوەی بۆ ئەو یادە دەگەڵتانە مەلا برایمی مەجید پوری براتانە.


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی