"an independent online kurdish website

سکرتێری گشتیی حدکا پێیوایە کۆماری ئیسلامیی ئێران جێپەنجەی بە قەیرانی جیاوازى وەک: قەیرانی دارایی، شەڕی داعش، دەستوەردان لە کاروباری باشووری کوردستانmustefa-hicri-20160518

و کێشە و ئاژاوە لەنێو هێزە سیاسییەکاندا دیارە و دەشڵێت “شەڕ و ئاژاوە و دووبەرەکی لە بەشەکانی کوردستاندا بەرهەمی سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە”.

 

مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی ئەو شەش پێشمەرگەیەی رۆژی چوارشەممە 15-6-2016 لە پێكدادانێكدا لە شارۆچكەی شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان شەهیدبوون، رۆژی یەكشەممە 19-6-2016 لە شاری هەولێر گوتارێکی پێشکەشکرد.

هیجری رایگەیاند “ئەوەی ئەمڕۆ ئێمەی لێرە لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە دەوری یەک کۆکردووەتەوە، تەنیا ئەوە نییە بە دڵ و گیان لەگەڵ یەک دانیشتووین، بەڵکو گرنگتر لەوە، ئەو بیر و باوەڕ و خەبات و تێکۆشانەیە، کە لە هەر گۆشەیەکی ئەو کوردستانەدا بەردەوام، لە هەر جێگایەکی پەیکەری ئەو کوردستانە برینداربێت، تێکۆشەران و خەباتکارانی کورد لە بست بە بستی ئەو خاکە دابەشکراوەدا گیانفیداکاری بکەن، ئەوە لە دڵ و ئیرادەی هەمووماندا هەیە”.

هیجری زۆرتر گوتی “کوردستان، کوردستانی هەموومانە، لە هەر جێگەیەک سەرکەوتن هەبێت هی هەموومانە، لە هەر جێگەیەکیش کۆسپ و دەرد و ئازار هەبێت، هەموومان دەیچێژین و پێکەوە خەمەکان دابەش دەکەین”.

سکرتێری گشتیی حدكا لە درێژەی قسەكانیدا تیشكی خستە سەر كۆدەنگی حیزبە كوردییەكان لە پاراستنی نیشتمان و گوتی “ئەو کۆبوونەوە و سەرەخۆشییە نموونەی ئەو یەکگرتووییەیە، ئێمە رەنگە لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان لە مێژووەکەمان و ئێستا، هەر کامێکامان و هەر گرووپە سیاسییەکمان هەڵگری بیر و بۆچوونی جیاواز بین، بەڵام ئەو دانیشتن و کۆبوونەوانە پیشانی دەدات لەسەرووی هەموو جیاوازییەکانەوە یەک پرس بۆ هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر گرنگە، ئەویش پاراستنی نیشتمانە بە هەموو بەهاو نرخێک”.

 

بە ورەبەرزییەوە گوتیشی “ئێمە ئێستا لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا خەریکین ئەو نرخە دەدەین و بە دوژمنانی کورد و داگیرکەران دەڵێین، سەرەڕای سەدان ساڵ لە پیلانی دوژمنان و داگیرکەران بۆ تواندنەوەی کورد و بۆ فەرامۆشکردنی کولتوور و فەرهەنگ و مێژوو و بایەخەکانی کورد، ئەوان ناکام بوونە و بەرەو رووخان چوونە”.

هیجری بە ناراستەوخۆ باسی دەستپێكردنەوەی چالاكی چەكداری كرد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و گوتی “ئەوەی کە رۆژ بە رۆژ زیاتر نێوبانگ دەردەکات و حەقانیەتی خەباتەکەی بۆ دونیا رووندەبێتەوە، گەلی کوردە لە هەموو بەشەکاندا، بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات و ئاڵای ئەوەی هەڵگرتووە، کە دوورگەی ئارامییە لە رۆژهەڵاتی شەڕاوی و پڕ لە خوێندا، دەیەوێت ئەوە پێشانبدات کە ئەو رێگەچارەکانی لەلایە و لەوێدایە کە کورد و باقی نەتەوەکان و ئازادیخوازان و دەنگیان لێوەدەرنایە بە نیشانەی رەزایەت، لە حاڵێکدا ئەگەر ئارامگەیەک بێت بە زۆری سەری نێزەیە، لەژێر خەفەقان و دیکتاتۆری دایە، کە رۆژ بە رۆژ ئەو خەفەقان و دیکتاتۆری دایە زیاتر دەبێت”.

هەروەها گوتیشی “کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی ئایدۆلۆژی و سیاسەتەکانی لەماوەی 37 ساڵی رابردوودا تاوەکو ئێستا، نیشانی داوە نەک هەر دژی مافی ئازادیخوازان لە ئێرانە، دژی مافی کورد و باقی نەتەوەکانە، بەڵکو دژی مافی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانی دابەشکراوە، بۆیە لە هەموو بەشەکاندا شەڕ و ئاژاوە و دووبەرەکی بەرهەمی سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە”.

پرسی دەستوەرانی ئێران لە كاروباری باشووری كوردستان بەشێكی دیكەی قسەكانی مستەفا هیجری بوو، ناوبراو گوتی “ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە لە باشووری کوردستان، کە حکومەتێکی خۆجێیی بۆ خۆی پێکهێناوە، دەبینین لەگەڵ قەیرانی جیاواز، وەکو قەیرانی دارایی، شەڕی داعش، دەستواردان لە کاروباری ئەو بەشە لە کوردستان و کێشەو ئاژاوە لەنێو هێزە سیاسییەکان دایە، جێپەنجەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو ئەمانەوە دیارە.

لەبارەی رۆژهەڵاتیش گوتی “ئەگەر لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، کە بەشی ژێر کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، خەباتکارانی کورد شەهید دەبن و زیندانی دەکرێن و بێڕێزیان پێدەکرێت، شتێکی نوێ و سیاسەتێکی تازەی کۆماری ئیسلاميی ئێران نییە و لە خەباتی گەلی کوردی ئەو بەشەشدا شتی تازە نییە”.

لەلایەن گۆڤەند مستەفا

لینکی هەواڵ، ڤیدیۆ 

 

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی