"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی شنۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.pdki-arm-

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بۆ ئاگاداریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دڵسۆزانی نەتەوەی کورد ڕادەگەیەنین کە لە چوارچێوەی پەیامی نەورۆزی و ئەو بەرنامە ئامانجدارانەی حیزب بۆ حوزووری کادر و پێشمەرگەکان لە نێو خەڵکی کوردستان، تیمێک لە پێشمەرگەکانی حیزب کە بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەرکە تەشکیلاتی و تەبلیغاتییەکان لە ناوچەی شنۆ و لە ئاوایی قەرەسەقەڵ بوون، لە نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٥ی ژوئەنی ٢٠١٦ی زایینی، کەوتنە بەر گەمارۆ و هێرشی هێزێکی زۆر و تەیار بە هەموو جۆرە چەکێکی ڕێژیم. پێشمەرگەکانی حیزب لە بەرانبەر ئەو هێرشە و هێزە زۆرەی ڕێژیمدا کەوتنە بەرگری لە خۆیان و لە دەستکردنەوەیەکی قارەمانانە و شیاوی پێشمەرگەی دێموکراتدا، توانیان ژمارەیەکی بەرچاو لە فەرماندە و پاسدارە پلەبەرزەکان و بەکرێگیراوانی ڕێژیم بکوژن و زەبری قورس و گورچک‌بڕیان لێ بدەن، کە لە ژمارەی زۆری ئەم کوژراو و بریندارانە زیاتر لە هەموو کەس خودی ڕێژیم لێی ئاگادارە. بەو حاڵەش دەزگاکانی پڕۆپاگەندەی ڕێژیم بە شێواندنی ڕاستییەکان هەوڵیان دا ئەو زەبرە قورسە و ترسی خۆیان لە هێزی پێشمەرگەی دێموکرات بشارنەوە و بۆ چاوترسێن‌کردنی خەڵک ماڵی هاونیشتمانانی گوندی قەرەسەقەڵیان بە شێوەیەکی دڕندانە دایەبەر ڕەهێڵەی تۆپ و خۆمپارە و ئاگر تێبەردان و وێرانیان کردن، کە ئەوەش نیشانەی ترسی ڕێژیم لە پێوەندی پتەوی خەڵک و پێشمەرگەیە. بەرگری قارەمانانە و حەماسە خولقێنی پێشمەرگەی دێموکرات لەو تێکهەڵچوونەدا، لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکەی بە شەهیدبوونی پۆلێک لە پێشمەرگەی دێموکرات خستە سەر دەفتەری تێکۆشان و گیانبازیی ڕۆڵە قارەمانەکانی کورد و بزووتنەوەی کوردستان.

 

شەهیدانی ئەم بەرەنگاری و بەرگری کردنە لە ئاوایی قەرەسەقەڵ بریتین لە :

١ـ کەماڵ خزری ٢ـ محەممەدخالید پەیغامی ٣ـ لوقمان شێخانی ٤ـ جەماڵ ئیسماعیلی ٥ـ سەلاح نادری و ٦ـ سەید عومەر حوسێنی، کە پێشمەرگەی پێشووی حیزب و نیشتەجێی وڵاتی سوئید بوو کە بە مەبەستی سەردانی خزمانی لەگەڵ ئەو پێشمەرگانە بەرەو شنۆ دەگەڕایەوە، جیا لەوە ئەگەر گومانی ئەوە هەبێ یەکێک لەو کەسانە بە برینداری کەوتبێتە دەست هێزە دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاشکرایە کە پاراستنی گیانی دەکەوێتە ئەستۆی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

 

سڵاو لە گیانی پاکی ئەم شەهیدە سەربەرزانەمان.

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەر ئەودەم کە بڕیاری جێبەجێ‌کردنی بەرنامە ئامانجدارەکەی لە پێناو حوزووری کادر و پێشمەرگە لە نێو خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا دەرکرد، هەموو لایەنەکانی ئەو مەسەلەیە و تێچووی ئەو چالاکی نواندنەی لێک دابۆوە و لەبەرچاوی بوو کە خەباتی جیددی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نرخ هەڵگر و پێویستی بەوپەڕی فیداکاریی ڕۆڵەکانی دێموکرات هەیە، بۆیە لەگەڵ بەداخ بوون بۆ شەهیدبوونی ئەو پۆلە لە پێشمەرگەکان و ئەو خەسارە کە لە بزووتنەوەی کورد و لە حیزبی دێموکرات کەوتووە، شانازی بە بەرگری قارەمانانە و حەماسە خولقێنەکانیان دەکا و خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکاتەوە کە ئەو پەڕی هەوڵی خۆی بدا بۆ ئەوەی کادر و پێشمەرگەی حیزب بەردەوام لە نێویاندا بن و پشت و پشتیوانیان بن.

 

هەر لە پێوەندی لەگەڵ بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و شەهیدبوونی ئەو پۆلە لە پێشمەرگەکان، لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا کۆمەڵێک حیزب و لایەنی سیاسی و کەسایەتییەکان بەدەرکردنی بەییاننامە، ناردنی پەیام و پێوەندی تەلەفوونی پشتیوانی خۆیان بۆ بەرینتر کردنەوەی خەبات دەربڕیوە و پەژارەی خۆیان بۆ شەهیدبوونی ئەو پۆلە پێشمەرگە نیشان داوە، بۆیە بە پێویستی دەزانین سپاسی هەموو لایەک بکەین و ڕێز بۆ پەرۆشیان بۆ بزووتنەی کورد و هاوخەمی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەت خەڵکی دێموکراتپەروەی شاری شنۆ و دەوروبەری دابنێین.

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ئەم دواییانە، وێڕای سەرەخۆشی و شەریک‌بوون لە خەمتاندا ئەو ڕاستییە دەخەینەوە بەرچاو کە ڕێبازی خۆشەویستانی شەهیدمان ڕێبازێکی پیرۆز، ڕەوا و بەرحەقە و بۆ ئازادی و دابین‌بوونی مافی نەتەوەیەکی زۆر لێکراوە و ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد و حیزبی تێکۆشەرانی شەهیدمان قەدری ئەو خۆڕاگری و هەزینەدانەی ئێوە دەزانن و باشترین پاداشیش بۆ ئەو شەهیدانەمان لە درێژە دانی رێبازیاندا بەدی دەکەین.

 shehidani-shno-2

بۆیە سەبووری بۆ هەموو لایەک بە ئاوات دەخوازین و وەدیهێنانی ئاواتی شەهیدانمان بە ئەرکی هەموومان دەزانین.

 

ـ سڵاو لە گیانی پاکی ئەو شەهیدانە و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان

ـ بەردەوام بێ خەباتی کورد لە پێناو ئازادی و ڕزگاریدا

 

ـ مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی دژی گەلی و دژی ئازادیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەکرێگیراوانی

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسی

٢٩ی جۆزەردانی١٣٩٥ی هەتاوی

١٨ی ژوئن٢٠١٦ی زایینی


کۆمیسیونی سیاسی ـ نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر شەهیدبوونی سەید عومەر حوسێنی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

بۆ ئاگاداری ڕادەگەیەنین کە لە ڕاگەیاندنی دەفتەری سیاسی‌دا، لە پێوەندی لەگەڵ شەهید بوونی کاک سەید عومەر حوسێنی‌دا، هێندێک تێبینی لەسەر وەزعی بنەماڵەکەی لەبەرچاو گیرابوو کە ئەوە هێندێک پرسیاری بۆ ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات هێنا بووە پێش، بۆیە بە ڕوونی ڕادەگەیەنین کە هەر ئەندامێکی حیزب لە هەر شوێنێک کە لە ڕیزی پێشمەرگەدا جێگر دەبێ، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و کاک سەید عومەریش کە پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ببووەوە، هەر بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەحیساب هاتووە و بە داخەوە کە شەهیدش بووە، لە ڕیزی شەهیدانی ناو سەنگەری پێشمەرگە چاوی لێ‌دەکرێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی

2016-06-23


بابەتی پەیوەندی دار

پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی