"an independent online kurdish website

خوێنەری هێژا ئەوە ئەمساڵیش گەیشتینەوە ٢٧ ی جۆزەردان ڕۆژی دەستبەکاربوونی ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران، دەنگی خەڵک ، خاک ، پێشمەرگە ، شەهید و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران.

دەنگی ڕاست وێژ و سەرچاوەی هەواڵی ڕاست و زانیاری بۆ کۆمەڵانی خەڵک و سەرەنجام دەنگی پڕلە شانازیی نەتەوەیەکی غەدرلێکراوی خەباتکار.

٢٧ ی جۆزەردانی ١٣٥٩ی هەتاوی پەیامێک لە زمانێکی ئاشنای هیوابەخش ، ڕێبەری مۆدێڕنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتە دوکتۆر قاسملووی گەورە لە دەزگایەکی ساوا و بە کەمترین ئیمکانات گەیشتەوە گوێی خەڵک و پێشمەرگە.

ئەوڕۆژە لە مێژووی حیزب و بزووتنەوەی نەتەوایەتیی ئەوبەشە لە نیشتیمان دا ئەستێرەیەکی گەش وپڕشنگدارە کە لەگەل ئەوەی بەداخەوە ئێستا ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران بەرنامەکانی ڕاگیراون و دەنگی ناگاتە گوێی ئەویندارانی، بەڵام پەیامەکەی هەر درێژەی هەیە و هەر ئەمڕۆ پێشمەرگەکانی دێمۆکرات لە ناوچەی شنۆ لمبۆزی داگیرکەریان لە عەرز وەردا و پێیان گوت: ئەی ڕەقیب هەرماوە قەومی کوردزمان.

من هەر لە سەر پەیمانەکەم سوورم کە تا هێزم هەیە هەوڵ بدەم ساڵانە ناوی کەسانێک کەلەو دەزگایە کاریان کردووە وەک خەرمانی پڕ لە بەرهەمی دەیان ساڵ کاری رادیۆ دەنگی کوردستان بیکەمە ئارشیو و نەیەڵم ئەو سەربازە گومناوانە لە بیری مێژوو بچنەوە.

ئێوە هەر سلامەت و هیوادارم جارێکی دیکەش دەنگی کوردستانم بەر گوێ بکەوێ و بحەسێمەوە. بە هەموو سەداقەتمەوە دەڵێم کە: هەرچی دەکەم لە بیر و مێشکم دا سێ جێگا پڕ نەبوونەتەوە و هەر بە بەتاڵێ دەیانبینمەوە ئەویش جێێ بەتاڵی قاسملوو، شەڕەفکەندی و ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێرانە.

لە لیستەکە دا نووسراوە ١١١ کەس، بەڵام ١١٤ کەسن.

ئێوە ساغ و سڵامەت، منیش ئەگەر تەمەن باقی بێ بۆ ساڵی ئایندە هەوڵی خۆم بەردەوام دەکەم .

پیرۆزبایی بە هەموو  ئۆگرانی ئەو دەنگە زوڵالە و خەباتکارانی دێرینی ڕادیۆ دەڵێم.  سڵاو دەنێرم بۆ  گیانی پاکی ئەو خەباتکارانەی کە لە ژیان دا نەماون و لەگەورە کردنەوەی دەنگی کوردستان دا خەباتیان کردووە.

کاووس عەزیزی. دانمارک١٥ ی ژووئەنی٢٠١٦

بۆ خوێندنەوەی لیستی کامڵ ئەم لینەی خوارەوە  کلیک بکە…….

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی