"an independent online kurdish website

شەرو تێکڵچوونەوەی  سەر لە نوێی هێزی پێشمەرگەی کوردستان  و میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو کە شەهیدی و برینداری لە ڕۆڵەکانی گەلی کورد لێکەوتەوە ،muhamad-suleimani-

ڕستەوخۆیان ناڕاستەوخۆ بە دەسیسە و پیلانی ئاژاوەگێڕانەی کاربەدەستانی حکوومەتی ئاخوندی ئێران دووبارەبوویەوە و نیازی تاران ئەوەیە بە ڕێگای ململانەی تایفی و  مەزهەبی و  نیزامیدا باڵی  تونڕەوی شیعەی هاوپەیمانی عێراقی  گوێلەمستیان بەسەر ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە ناوچە کوردیەکاندا فەرزبکاتەوە. کاربەدەستانی حکوومەتی ئاخوندی کە ڕاستەوخۆ حوکمی بەغدا دەکەن، هەوڵدەدەن قورساسی بارگرژی و نائارامیەکانی ناوەند و خوواری  ئێراق بۆ کوردستان بگوازنەوە و بۆ ئەوە مەبەستەیە حەشدی شەعبی لە خورماتوو و ناوچەکێشەلەسەرەکان دەرکەوتووە و جار بەجار شەر بەکورد دەفرۆشن. بەئاشکرای دیارە کە رووداوەکانی ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردووی خورماتوو  دەستی ڕێژیمی ئاخوندی ئێراندا تێدایە و ئەگەر ئەو وڵاتە فەرمان دەرنەکات، هیچ حەرەکەیەکی شیعەی ئێراق ناتوانێت جمووجۆڵی لانیکەم سەربازی بەدژی هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان ئەنجامبدات. ئێران بە ڕێگای پەرەپێدانی ئاژاوە و ناکۆکیەکانی نێوان شیعە و  کورد  دەیهەوێت بیروڕای سیاسی و نەتەوەی ڕۆڵەکانی ئەوبەشەی کوردستان سەبارەت بەپرسی “ڕیفراندۆم” کە بڕیارە لە مانگی ٩ی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت بە ئاڕاستەیەکیتردا بەرێت و حومکڕانی سیاسی کورد سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو مەسەلەیە بکات. ڕێژیمی ئاخوندی هەرگیز نابێتە ئەو دۆستەی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسیەکانی ئەو بەشەی کوردستان کە  هێندێك لایەنی کوردی کیسەیان بۆ هەڵدرووە و ئەو وڵاتە بە دۆست و هاوپەیمانی خۆیان لە قەڵەمدەدەن بەدڵنیایەوە لە سەر هێلێکی بەتەواوی هەڵە سیاسەتیان داڕشتووە و دوژمنی  خاك و نیشتیمان نابێتە دۆستی خوێن و دڵسۆزی نەتەوەی گەلی  کورد.

دەسەڵاتدارانی تاران لە دەرفەت دەگەڕین بۆ ئەوەی بەڕێگایەکدا ئەزموونی حوکمڕانی  سیاسی کوردلە با باشوری وڵاتدا لە نێوبەرن. حەشدی شەعبی بەهۆی پێك هاتە و بنەمای فیکری و بەستراوە سیاسی و ڕێکخراوەیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەگەر رەزامەندی و گڵۆپی سەوزیان لە لایەن تارانەوە بۆ هەڵنەکرێت، ناتوانن  بەو جۆرە لە ناوچەکوردستانیەکاندا خۆیان بەدەربخەن یان هەوڵی خۆسەپاندنیان بدەن و شەر بەکورد بفرۆشنەوە. گەلی کورد و سەرکردایەتی سیاسی و بەتایبەت ئەو هێزانەی باشور کە دۆستایەتی نزیك و مێژوویان لە گەڵ ئەو ڕێژیمەدا هەیە، دەبێت زۆر بەرچاوروونتر و چاو کراوەتربن لە ئاستی ئێران و حەشدی شەعبیدا، چوونکی هەر کاتێك بیان هەوێت پەلاماری کوردستان دەدەنەوە.  ئەوە بۆ جاری چەندەمە کورد و لایەنی ئێرانی و شیعەی ئێراق هەوڵیانداوە بە ڕێگای گفتووگۆی سیاسی و ئیدارییەوە بگەنە ئەنجامی چارەسەرێکی گشتی  لەبارەی قەیرانی خورماتوو. هەروەك دەرکەوتووە لە کۆبوونەوەکانی پێشووتریشداوەڤدی کوردی و شیعە  بە دانوستاندن کێشەکانیان  بەلایەکدا خستووە و هەردوولا لەسەر ئەوە کۆکبوونەکە سەرپێچی لە گێرەشێوێنان قبووڵ ناکرێت.

دیارە هاتنی میلیشیای حەشدی شەعبی بۆ خورماتوو، لە ڕاستیدا بە پیلانگێڕی دادەنرێ و مەبەستی ئەو میلیشیایە دروستکردنی پەشێوی و  ئاژاوەگێڕیە لە ناوچەکوردیاکاندا  کە بە درێژای مێژوو کورد خوێنی لە پێناودا داوە.  سەرکردایەتی سیاسی لە باشوری کوردستان دەبێت لەو پەیوندیەدا ستڕاتیژی سیاسی و نیزامی خۆی بگۆڕێت و ناکرێت لەسەر خوێنی شەهیدانی ئەو ناوچانە مساوەمە لە گەڵ لایەنێكدا بکرێت کە لە هیچ روویەکەوە مافی بەسەر ئەو ناوچانەوەنیە و هاتنیان هۆکاری سەرەکی بارگرژی و شەری تایفیە لە خورماتوودا. کاتی هاتووە کورد بە مێژووی چەند ساڵەی پەیوەندیەکانیدا لە گەڵ لایەنی شیعە و سوننەی ئێراقدا بچێتەوە و بەدڵنیایەوە هیچکام لەو دوو پێك هاتە ئاینی و تایفیە دۆستی کورد نین و لەهەر کوێیەك بۆیان بلوێ زیان بە کورد و دەسکەوتەکانی دەگەیەنن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەو هەرێمە لە قۆناخی ئەمڕۆدا ئەرکێکی گەلێك گرینگ و هەستیاری مێژوویان لەسەرشانە و بۆ یەك لایکردنەوە و چارەسەرکردنی کۆی قەیرانەکان لە گەڵ ناوەند و حەشدی  شەعبی پێویستی بەیەك ڕیزی و هاوهەڵوێستی سیاسی و نەتەوەی  نێوماڵی خۆی  هەیە و ناکۆکیە نێوخۆیەکان لە پێناوی ئامانجی گەورەتر و چارەنووس سازدا وەلابنرێن و بیر لە بیناکردنەوەی سەرلەنوێێ بیری نەتەوەی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بکرێتەوە. کورد دەمێکە لە ناوەندەوە جوابکراوە و هەر بە روتینی لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا ماوەتەوە و هیچ خێرێکی لە حکوومەتی بەناو فیدڕاڵی بەغدا پێنەگەشتووە.

محمد سلێمانی

 26.04.2016

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی