"an independent online kurdish website

پەیامی ئێران بۆ ئەمریکا و ناوچەکە بە گشتی وە بە تایبەتی بۆ عەرەب  ئەوەیە کە ئەوەی ناوچەکە ئاڵۆز دەکات و دەیشێوێنێت ئێرانە هەروەها ئەوەش وا دەتوانێت ئاشتی و تەناهی بۆ ناوچەکە دابین بکات دیسان ئیرانە!reuf-gulbeden

ئەمە ئەو پەیامەیە کە ئیسڕاییلی هێناوەتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی هەرچی زیاتر ئێران بکاتە دێوەزمەیەک بۆ ئەوەی عەرەبی پێ بتۆقێنی و لە هەمان کاتیشدا ئەمریکا لە زۆنی ئێران دوور بخاتەوە!

هیچ شکم لە کێشەی نێوان ئیسڕاییل وکۆماری سێدارەدا نییە و لەوە دڵنیام کە حێزبۆڵای لۆبنان راسپاردەکانی تاران لە لۆبنان و سووریا و ناوچەکەدا جێبەجێ دەکات و لەوانەیە بە هۆگەلێک کە یەک لەوانە کێشەی نێوان شێعە و سوونەیە کە ئێرانی شێعە شوێنگرەوەیەکی باش بێت بە جێگەی ئیسڕاییل لە پێوەندی لە گەڵ یەکیەتی عەرەبی بە سەرۆکایەتی عەرەبستان، هەر ئەمە ڕێگەی تێدەچێت کە ئیسڕاییل بۆ گەڕانەوەی هژموونی خۆی لە ناوچەکەدا درز بخاتە نێوان ئێران و عەرەب لە لایەک و لە لایەکی‌تریشەوە ئێران و تورکیا وەک دەرکەوتووە ئەوانەی بەرانبەری ئێران بە بەرەی سوونە ناودێرکراون، ئەوانەی بەرانبەر بە تورکیا وهاوپەیمانی عەرەبی بە بەرەی شێعە ناسراون و سەرهەڵدانی کێشە لە نێوان ئەم دوو بەرەیە بە ئاشکرا لە کاتی دەرکەوتنی ئەلقاعیدەوە و بۆداعش بە زەقی دیار و ئاشکرایە!

رازی مانەوەی وڵاتێک بە ناوی ئیسڕاییل تەنیا بەرژەوەندی رۆژئاوایە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و هەروەها بە پوان دان سەبارەت بە هۆلۆکاست بە دەستی ئاڵمانی هیتلێری!

ئەوڕۆکە ئەو دیاردە و رووداوانەی کە بوونە هۆی پشتیوانی پیری داگیرکەر واتە ئینگلیس وەک خۆی نەماوە و لە راستیدا تێکشکانی هیتلێر و فاشیزم بوو بە هۆی کزبوونی دوو زلهێزی ئەوکات واتە فەڕانسە و ئیگلیز!

 بە هۆی کەڵک وەرگرتنی ئەمریکا لە بۆمبی ئەتۆم بۆ یەکەم جار لە مێژوودا لە شەڕی دووهەمی جیهانی بەرەی فاشیزم تێکشکا و بوو بە هۆی دەرکەتنی زلهێزی تازە واتە ئەمریکا!

دامەزراندنی ئیسڕاییل لەو هەل و مەرجەدا بە قازانجی ئەمریکا و بەرەی دژە فاشیزم، وەڵامێک بوو بە هۆلۆکاست و وەڵامێکیش بۆبەرەی تێکشکاوی فاشیزم!

ئەوڕۆکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گەڵ سەدەمین ساڵی پەیمانی سایکس- پیکۆ ئیتر دوو کۆنە کۆڵۆنیالیزمی جیهانی واتە ئینگلیس و فەڕانسە وەک خۆیان نەماون و دوای سەد ساڵ لە دابەشکردنی عوسمانی زلهێزێکی وەک ئەمریکا هاتووەتە ئاراوە و بە پێی بەرژەوەندی ناوچەی پاریزراوی سایکس- پیکۆ هەڵدەوەشێنێتەوە و دەرکەوتنی ئەکتەرێکی تازە وەک کورد سەر و نەشەمەی ئەو ئاڵ و گۆڕەیە کە ئەمریکا هاندەریەتی!

لایەنەکانی ئەو پەیمانە ئیتر ناتوانن بە بێ ئەمریکا درێژە بە سایکس- پیکۆ بدەن!

یەکێ لەو لایەنە تورکیای ئاتاتورکە کە بە تەواوی هێزەوە دژی بوونی هژموونی کوردە و وەک هەموومان دەزانین تورکیا توانای بەربەرەکانێی لە گەڵ ئەم تەوەژمە ئاڵ و گۆڕەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە هەر بۆیە تێدەکۆشێت پەلهاویشتنی کورد سنووردار بکات بۆ ئەوەی شیرازەی تورکیا و ناوچەکە لە یەک بەر نەبێت و کوردستان سەری تورک نەخوات!

پەیمانی سایکس- پیکۆ لە گەڵ ئەوەی چەند وڵاتی تازەی دامەزراند کە لە بنەڕەتدا پێکەوە لکاندنی کورد بە سووریا و عێراق و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ئیمراتۆری عوسمانی بوو بە هۆی ئەوەی کە مافی یەکێ لە چوار نەتەوە گەورەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت بە ژیر لچەوە و ئیتر کوردیان لە نیوان سێ نەتەوەکەی‌تر واتە لە نێوان عەرەب و تورک و فارسدا دابەش کرد، بەم دابەشکردنە مافی نەتەوەی کورد بووە بە قوربانی سات و سەودای لایەنەکانی پەیمانی سایکس- پیکۆ!

 ئەوڕۆکە کارتێلە نەوتییەکانی جیهان لە سەر داڕستنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەی نوێ ڕیککەوتوون ئەوڕۆکە روڵی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە جوانی دیارە و بە هاتنە کایەی وڵاتێکی تازە بە ناوی کوردستان ستارتی گۆڕانەکە لێدراوە و ئەوەی وا ئەوڕۆکە ئێمە لە ناوچەکەدا دەیبینین جۆرێک لە شەڕی سنوورکێشانە بۆ وڵاتە تازە دامەزراوەکانی داهاتووی ناوچەکە!

ئاساییە کە دەبینین تورکیا و ئێران و عەرەب بە تەواوی هێزیانەوە هەر یەکەو بۆ مانەوەی خۆی شەڕی لە ناوچەکەدا دەکات تەنانەت بە بەرچاوی جیهانەوە دەبینین وڵاتە هەرێمیەکان بە دەستتێوەردان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر لە عێراقەوە بگرە هەتا سووریا و لۆبنان و یەمەن و تەنانەت وڵاتانی ئەفریقاش لە ژێر ناوی شێعە و سوونە شەڕی یەکدی دەکەن و لە هەمان کاتیشدا هەر هەمان وڵاتان و زلهێزەکان و ئاکتەرەکانی چالاکی ناوچەکە هەر یەکە لە ژێرناوێک پیکەوە لە لایەک شەر دەکەن و لە لایەک بەشداری لە دانووساندن پاریس و ژنێڤ و کوێ و کوێ دەکەن!

 لە شەڕانەدا یاریش دەگۆڕنەوە و ڕۆژێک ئەمیان یارمەتی داعش و نموونەکانی دەدا و رۆژێکی‌تر ئەویان‌ یارمەتی نەیارە کۆنەکەی خۆی دەدات! زۆرجار شەڕی بریکاری دەکەن!

کورد ئەوڕۆکە ئەو ئاکتەرەیە کە هەر کەسە تێدەکۆشێت بە قازانجی خۆی کەڵکی لێ وەربگرێت و بە پێچەوانەشەوە کورد تا رادەیەکی باش لە کایەکە گەیشتووە هەر یەکەو کایەی خۆی دەکات! کورد بە زانستە هەردوو لایان گرتووە و لە هەمان کاتدا بە ئازایەتی و بە گیان بەختکردوویی رۆڵەکانی خۆی لە لایەک بوونەتە جێی متمانەی گەلەکەیان و لە لایەکی‌تریشەوە لە بەر ئەوەی هاوکێشەکان بە قازانجی وڵاتە هەرێمییەکانی ناوچەکە نەشکێتەوە هەم ئەمریکا و هەمیش  رووسیا بە تەواوی هێزەوە هاتوونەتە ناو یارییەکەوە و لە دوا رۆژەکانی سەدەمین ساڵی پەیمانی سایکس- پیکۆ خەریکی خۆئامادەکردنن بۆ دابەشکردنەوەی سەر لە نوێی وڵاتان لە پێشی هەموویانەوە عێراق و سووریا کە دەسپێکی ئەو بەرنامەیە و لەوانەشە دوای ئەوان نۆرەی تورکیاکەی ئاتاتورک  هاتبێت و دواتریش وڵاتەکانی‌تری ناوچەکە بگرێتەوە بە ئێرانیشەوە!

ئەوڕۆکە ئیتر خوێندنەوەی ناوچەکە تا رادەیەک بەرچاوڕوونی پیوە دیارە و کورد با لە بیری یەکگرتن بیت و بە دوای بەرژەوندی تەسکی حێزبی نەکەوێت!

 

ڕەوف گوڵبەدەن

4.4.2016 ز

 

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی