"an independent online kurdish website

لیستەی فیکس نێوێکی ئاشنایە لە مێژووی تێکۆشانی حیزبی دێموکڕاتدا. لە کۆنگرەی هەشتی ئەو حیزبەدا دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو سکرتێری حیزب

لیستێک بە نێوی لیستەی فیکس پێشکەش بە بەشدارانی کۆنگرە دەکات کە خۆشی لەو لیستە دایەو دەیهەوێ کار لە گەڵ کەسانێکی دیاری کراودا بکات، لیستەکە دژکردەوەی زۆری لە نێو کۆنگرەدا لێدەکەوێتەوەو دوای کۆنگرەش پۆلێکی زۆر کادر و پێشمەرگە لە ژێر ناوی حدکا ڕێبەرایەتی شۆڕشگێردا جیادەبنەوەو تێکۆشانی خۆیان درێژە پێدەدەن. لە دوای کۆنگرەی هەشت دوکتۆر قاسملوو شەهید دەبێت و دوکتۆر شەڕەفکەندی جێگای دەگرێتەوە، ئەوەیکە جێگای سەرنجە دوای کۆنگرەی هەشت ڕێبەرایەتی حدکا درێژەیان بە کار کردن بە لیستە فیکسەکەی دوکتۆر قاسملوو نەدا و لە کۆنگرەی نۆوە هەڵبژاردنی ڕێبەرایەتی بە شێوەی تاک بەڕێوەچووە، بە واتایەکیتر حیزب عەمەلەن لەو شێوە هەڵبژاردنە پاشگەز بۆوە.

 

لە دوای کۆنگرەی دە حدکا و ڕێبەرایەتی شۆڕشگێر تێکەڵ دەبنەوەو لەوێوە دوو بەرەکی لە نێو حیزبی دێموکڕاتدا ساز دەبێ! لایەنێک دژ بە ڕێبەرایەتی شۆڕشگێر و بە نێوی پشتگیری لە دوکتۆر قاسملوو و لایەنێکیش دژی ئەو ڕوانگەیەو خوازیاری ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی دێموکڕات. ئەو دوو ڕەوتە کەوتنە ململانێکی بەهێزی نێوخۆیی، بە شێوەیەک کە یەکتریان وەک دوژمن سەیر دەکرد و دوژمنی ڕاستەقینەی خۆیانیان بیر چۆبۆوە! دووبەرەکی و ناکۆکی نێوان ئەو دوو جناحە لە دوای کۆنگرەی سێزدەدا دەتەقێتەوەو نزیک بە تەواوی ئەوانەی لە ڕێبەرایەتی شۆڕشگێروە هاتبوونەوە لە گەڵ هێزێکی زۆریتری حیزب جیابوونەوەو لە ژێر ناوی حدک دا دەستیان بە تێکۆشان کرد. حدک لە سەرەتاوە بە کۆمەڵێک ڕوانگە و بۆچوونی نوێ موژدەی حیزبێکی مۆدێڕنی سەردەمیانەی دەدا و خەڵکێکی زۆر کە دڵیان پێی خۆش بوو لە دەوری کۆبوونەوە، ڕاستیەکەی هەڵسەنگاندنی کارنامەی لاوازی هەشت ساڵەی ڕێبەرایەتی حدک و سکرتێری ئەو حیزبە لە توانای وتارێک دانین بۆیە لێرەدا دەچمەوە سەر باسی سەرەکیم ئەویش لیستە فیکسەکەیە!

 

لەو ماوەیەدا حدک بەناو کۆنگرەی شازدەی خۆی گرت! کۆنگرەیەک کە بە وتەی زۆران نادێموکڕاتترین کۆنگرەی مێژووی حیزبی دێموکڕات بووە. زۆرێک لە ئەندامانی حدک کۆنگرەکانی دوو و هەشت و سێزدە بە نادێموکڕاتترین کۆنگرە دەزانن بۆیەش من بە پێێ وێکچوونی کۆنگرەی شازدە بە کۆنگرەی هەشتەوە بەراوردێکی خێرای ئەو دووانە دەکەم و قەزاوەتی نادێموکڕاتتر بوونی کۆنگرەی شازدە بۆ خوێنەران بەجی دێڵم.

 

لە کۆنگرەی هەشتدا دوکتۆر قاسملوو ڕێبەرایەتی لیستەیەک دەکات و دەیهەوێ بەو لیستەیە بەشداری هەڵبژاردن بکات و کۆنگرەش دەنگی خۆی بە ئا و نا بدات! لە بەرامبەردا هەموو ئەندامێکی کۆنگرە مافی خۆ کاندید کردنی دەبێت و ئەندامانی کۆنگرە مافی ئەوەیان هەبووە لیستەی جیاوازیان هەبێ و ڕکابەری لیستەکەی دوکتۆر قاسملوو بکەن، تەنانەت ئەندامانی نێو لیستەکەی دوکتۆر قاسملوو بۆیان هەبووە بکشێننەوەو بچنە ناو لیستەیەکی تر و ململانێی هەڵبژاردن لە گەڵ قاسملوو، سکرتێری ئەو کاتدا بکەن، لە کۆنگرەی هەشتدا ئەو مافانە هەموو هەبوون و تەنانەت دوکتۆر قاسملوو نەشیگووتووە کە کۆنگرە دەبێ بێ هەڵبژاردن و بە دەست بەرزکردنەوە دەنگم پێ بدات! بەڵکوو ڕێزی لە پرنسیپەکانی حیزب گرتووەو دەنگدانی بە شێوەی نەهێنی بە بنەما وەرگرتووە، ئەوانەی لە کۆنگرەی هەشتدا جیابوونەوە هەموو ئەو مافانەیان هەبوون بەڵام لە ڕاستیدا هەمووان ئەوەیان باش دەزانی کە بوونی دوکتۆر قاسملوو لە هەر لیستەیەکدا سەرکەوتنی لیستەکەی مسۆگەر دەکرد و ڕکابەری لە گەڵ قاسملوو کارێکی ئاسان نەبوو! ئێستا هەشت کۆنگرە دواتر و ئەزقەزا ڕێک بەشێک لەوانەی دژبەری لیستەی فیکسی ئەو کات بوون ئەندامی کۆنگرەیەکی هاوشێوەی کۆنگرەی هەشتن!

 

کۆنگرەی شازدەی حدک لە جەوێکی ئێحساسی و عاتفیدا دەستی بە کارەکانی خۆی کرد و سەرەکیترین کاری کۆنگرە لابردنی بەندێک لە ئەساسنامەدا بوو کە بە پێی ئەو بەندە خالیدی عەزیزی نەیدەتوانی بۆ جاری سێهەم ببێتەوە سکرتێر، کۆنگرە بە کۆی دەنگ و بە شێوەیەکی زۆر دێموکڕاتیانە ئەو بەندەیان بۆ کاک خالید لابرد و ناوبراو بۆ جاری سێهەم بۆوە سکرتێری گشتی حدک! خاڵی نادێموکڕاتیکی کۆنگرە لێرەوە دەست پێدەکات، کاک خالید عەزیزی لە ڕۆژی چوارەمی کۆنگرەدا بە مەرجێک سکرتێری قەبوڵ دەکاتەوە کە کۆنگرە هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی ڕێبەری نەکات و ئەندامانی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پازدە لە جێی خۆیان بمێننەوە! لێرەدا لیستە فیکسەکەی خالیدی عەزیزی بە پێچەوانەی لیستەکەی دوکتۆر قاسملووی کەمترین دژکردەوەی ئەندامان و زۆرترین چەپڵەی بۆ لێدەدرێن! یەکەم ئەوەی کە ماوەی سکرتێری کاک خالیدی تەواو ببوو و بە لابردنی ئەو بەندە مانای ئەوەیە ناوبراو هەڵبژێردراوەتەوە! ئەوە لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردنی سکرتێر لە سەڵاحیەتی کۆنگرەدا نیە، بە پێی پەیڕەوی نێوخۆی حیزب ئەندامانی کۆنگرە کۆمیتەی ناوەندی و جێگرەکان هەڵدەبژێرن و کۆمیتەی ناوەندی دەفتەری سیاسی و سکرتێر و جێگر سکرتێر هەڵدەبژێرێت، لێرەدا شتەکە پێچەوانەیە، کۆنگرە سکرتێر هەڵدەبژێرێ و سکرتێریش ئەندامانی ڕێبەری پێشوو ئینتساب دەکاتەوە! لێرەدا بە پێچەوانەی کۆنگرەی هەشت عەزیزی وەک قاسملوو مافی خۆ کاندید کردنی ئەندامان زەوت دەکات و تەنانەت ئیزنی هەڵبژاردن بە شێوەی نەهێنی نادات و تەنیا مافێک کە ئەندامانی کۆنگرە دەیانبێت چەپڵەو هەڵێنانی کارتی سەوزی شەرعیەتە بە ڕێبەریەکی نامەشڕوع! سەیرەکە لێرەدایە بەشێک لەوانەی کاتی خۆی بە دژی لیستە فیکسەکەی قاسملوو جیابوونەوە ئەندامانی کۆنگرەی شازدەن و دەنگیان داوە بە لیستە فیکسەکەی عەزیزی و تەنانەت بەشێکیشیان لە لیستە فیکسەکەدا هەن و ڕێبەرین و متەقیشیان لێوە نایە!

xalid-azizi-1 

لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ئەوانەی ڕۆژگارێک بە تووندی دژی لیستە فیکسەکەی قاسملوو بوون بۆ لە بەرامبەر لیستە فیکسی خالید عەزیزیدا بێدەنگن؟ ئەندامانی حدک کە بڕیارەکانی زۆرینەی کۆنگرەی سێزدەیان پەسەند نەکردن و جیابوونەوە چۆنە جارێکیتر پشت بە دەنگی زۆرینە دەبەستنەوە بۆ سەرکەوتنی ویستێکی نادێموکڕاتیک؟

لە ڕوانگەی منەوە کۆنگرەی شازدەی حدک (سێهەم کۆنگرەی دوای جوێ بوونەوە)  کۆنگرەی لە ژێر پێ نانی هەموو بەهاو بایەخە دێموکڕاتیکەکانی دێموکڕات بوو و دژی ئەو ئەسڵ و دروشمانە بوو کە حدکیان لە سەر جیابۆتەوەو دە ساڵە خەباتیان بۆ دەکات، کۆنگرەی شازدە لاوازترین لاپەڕەی خەباتی دە ساڵەی حدکەو درەنگ یان زوو دڵسۆزانی دێموکڕات هەست بەوە دەکەن کە نەدەبوو ئەو حیزبە بەو دەردە بەرن و دەسپێکی درەوشاوەی حدک بەو لاوازیەوە کۆتایی پێ بێنن. ئەندامانی کۆنگرەی شازدە و ڕێبەری و سکرتێری ئەو حیزبە دەبێ ڕۆژێک وەڵامدەری مێژوو بن.

 

ئاگرین دێموکڕات

2016.02.21

www.peshmergekan.com

بابەتی پەیوەندی دار

فیلم

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی