"an independent online kurdish website

کورد نابێ خۆی بخاتە ناو تەڵەی داعشەکان، کورد بە یەکجاری دەبێ بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات کە کورد کوردە و خاوەنی کێشەی خۆیەتی و کێشەی ئێمەی کورد لە جۆری کێشەکانی شێعە و سوننە نییەreuf-gulbeden

و هەر وەک کێشەی داعش کە کێشەی ئێمە نییە و بەڵام بە شێعە و بە سوننەوە و هەروەها بە داعشیشەوە بە ئاشکرا و بە نهێنی خەریکی چاڵ هەڵکەندنن بۆ ئێمەی کورد و هەر وەک هەموو لایەک دەزانن ئەوانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەریکی پیلانگێڕان و ئاژاوەنانەوەن بۆ ئەوەی شکست بە کورد بێنن!

ئەو داعشەی وا ئێستا لە ناوچەکەدایە لە ڕاستیدا تەنیا یەک ئەمر جێ بە جێ دەکات کە ئەویش هەتا ئێستە بۆ هەمووان دەرکەوتووە کە داعش تەنیا و تەنیا شەڕ لە گەڵ کورد دەکات و قازانج و بەرژەوەندی کورد دەخاتە مەترسییەوە و ئیتر کاری تورک و ئێرانی سووک کردووە و بووەتە بریکاری ئەم و ئەو!

داعش بریکاری تورک و عەرەبە و حەشدی شەعبیش بریکاری ئێرانە، ئەمیان لە ڕۆژئاوا و ئەویان لە ڕۆژهەڵات بە پشتیوانی تورک و ئێران شەڕی سیاسی، سەربازی، ئابووری، و تەبلیغاتی بە دژی کورد دەکەن و بە سەدان ماڵپەڕ و پەڕگەیان بۆ ڕووخاندنی ورەی کورد خستووەتە گەڕ، ئاو لێڵ دەکەن و ماسی خۆیان دەگرن و لەم ناوە خەڵک هەیە کە بە قومێ ئاو دەکەونە مەلە و لە ڕاستیدا دەکەونە ناو تەڵەی ئەو ماڵپەڕە و پەڕگە گوماناویانەی کە کاریان تەنیا چەواشەکارییە.

کورد باسی سەربەخۆیی کرد، جیهان شڵەژا!

ئێران لە ڕێگەی بەغداوە، مووچەی بڕی، پارلمانی کوردستانی داگیر کرد، هانی خەڵک دەدا بۆ پشێوی، دەستی ناوەتە قوڕقوڕاچکەی باشوور و بە زۆری زۆرداری دەست دەخاتە ناو کار و باری ناوخۆی کوردستانەوە بە دەسکیسی دەسکیسە ناوخۆییەکان و سپای عێراق مردارەوە دەکەن و حەشدی سەعبی دەکەن بە تووشی کوردەوە تاد…

وەڵامی سەربەخۆیی:

بۆیە دەبینین لە چرکە هەستیارەکاندا چۆن حەشدی شەعبی و داعشی ئێران لە گەڵ داعشی تورک و عەرەب دەکەونە یەک بەرەوە، هەر یەکە لە لایەکەوە جاڵجاڵووکە ئاسا بە چواردەوری خاکی کوردستاندا داو دەتەنن و هەر کە بزانن کورد بۆ مەبەست و ئامانجەک بۆنی یەکگرتوویان لێ دێت ئیتر خەوی داگیرکەرانی کوردستان ئاڵۆز دەبێ و ئیتر نە تورک لە گەڵ ئێران کێشەی هەیە و نە شێعە لە گەڵ سوننە گرفتی هەیە، نە حکوومەتەکەی بەغدا بیر لە گرتنەوەی مووسڵ و ئەنبار و ناوچە داگیرکراوەکانی خۆی لە ژێر دەستی داعش دەکاتەوە، نە ئەسەدە داڕماوەکە خەفەت بۆ سوورییەی ژێر دەستی داعش دەخوات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم هەموو پاسدار و جاش و میت و ئەردۆغان و حەشد و داعش و کۆمارەی سێدارە و حکوومەتە یەک لە دوای یەکە داڕماو و نەماوەکانی بەغدا و دمشق وێڕای  تاران و ئانکارا بە هەموو هێزیانەوە بە کردەوە شەڕی کورد دەکەن و کۆڵەکە پێنجەمەکانی خۆشمان باوەشێن بە دەست ئاگرەکەیان بۆ دەگەشێننەوە!

 ئیتر نە ساتل کار دەکا و نە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەگەڕێ، مانگە دەسکردەکان هەر هەموویان لە کار دەکەون، سنوورەکان زێڕەوانی تێدا نامێنێ، لە بەر ئەوەی گڵۆپی سەوز هەڵکرا، کاتژمێری سێفری کورد قڕان دەستی پێکرد، ئیتر هەر چی چەکە ئەم شەو تاقی دەکرێتەوە، چاخی کۆیلەتی زیندوو دەبێتەوە، ژنەکان دەبنە دەسکەوت و هەر وەک ماڵ و سامان بە تاڵان دەچن و خەڵیفەکانی عوسمانی و سەفەوی حەرەم سەراکانیان دەڕازێننەوە و جیهانی ئەلەکتڕۆنیک لە گەڵ کۆنەپەرەست و داگیرکەر پەیامی پیرۆزبایی بە بۆنەی دەرچوونی سەرکەوتووانەی دوایین مۆدێلی چەکەکانیان لە گەڵ یەکدا دەگۆڕننەوە!

نەوت و زێڕ و دۆلار و یۆرۆ، پێکەکانیان پڕ دەکەنەوە!

تورک و ئێران سوێندی شەرەف دەخۆن هەتا مابن ناهێڵن کورد سەربەخۆ بن!

تەنیا چەکی ئێمە یەکگرتنە

تەنیا چەکی ئێمە یەکگرتنە

تەنیا چەکی ئێمە یەکگرتنە

11.7.2015 ز

ڕەوف گوڵبەدەن

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی