"an independent online kurdish website

ئەرێ بۆ جارێکیش بە هەڵە چەک بۆ پێشمەرگە و گریلا هەڵنادەنەوە خوارەوە؟reuf-gulbeden

ئەمریکا، عێراق، فڕۆکەی نەناسیاو، بە هەموویانەوە هەر فریای ئەوە دەکەون بە هەڵە چەک بهاوێنە خوارەوە بۆ داعش!

نەکا شاری ڕۆمادییەش هەر بەهەڵە کەوتێبێتە دەستی داعش یان سناریۆکەی مووسڵە لە ئەنبار و ڕۆمادی دووپاتە دەکرێتەوە؟

ئەو جار با چاوەڕوان بین بزانین ئەم پلانە چی بە دواوەیە؟

داعش پڕ چەک دەکەن بۆ گیانی کێ؟

 دیسان بۆ گیانی کورد یان پلانەکە گۆڕاوە؟

تۆ بڵێی ئەم جارەیان ئامانجەکە بەغدای سەر بە ئێران بێت؟!

ئێران لە ناوچەکەدا لە دۆخێکی جیاوازە، لە کەنداوەوە لە لایەن کەشتییە گەورەکانی ئەمریکاوە دەور پێچ کراوە و ڕۆژ بە ڕۆژ گۆڕەپانەکەی لێ تەنگ دەبێتەوە، ئەوە لە سوورییە هێرشەکان بۆ سەر حێزبۆڵا و سپا هەڵوەشاوەکەی ئەسەد لە لایەک، لە لایەکی دی لە یەمەن هەتا دێت تەنگ بە ئێران هەڵدەچنرێت و دەرەتانی جارانی نەماوە، لە ناو بەغداش لە وانەیە تەقاندنەوەی ناوەندی عەرەبە سووننەکان هەر لە پێناوی ئەم ڕێکارەدا بێت کە گوشار بخرێتە سەر دار و دەستەی ئێران لە ناوچەکەدا هەتا ناوچەکە لە ئێران پاک بکەنەوە!

ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم هەل و مەرجە ناسکەدا دەکرێت ئەو ئاتۆیە بێت وا لە مێژە ئەمریکا و بەرەی هاوپەیمانی ناتۆ چاوەڕێی دەکەن!

 پڕ چەک کردنی پێشمەرگە و پشتیوانی ئەمریکا و تا ڕادەیەکیش ناوچەکە و وڵاتانی دەرەوە لە مەسەلەی کورد، تینێکی بە گوڕی داوە بە خێراکردنەوەی ئاڵ و گۆڕەکان لە ناوچەکەدا!

بێگومان سەفەرەکانی سەرکردەکانی کورد بەم لا و بەو لا، هەر دەرەنجامی ئەو ئاڵ و گۆڕيە وا بەڕێوەیە!

سناریۆکەی مووسڵ بوو بە هۆی گەڕاندنەوەی یەک لە سێی پانتایی خاکی باشوور بۆ سەر هەرێمی کوردستان! ئەری داخوا سناریۆکەی ڕۆمادی چ دەرەنجامێکی دەبێت؟!

تورکییە و هەڵبژاردن

لە بیرمان نەچێت هەڵبژاردن لە تورکییە کاریگەری خۆی دەبێت و تورکییە دەرفەتی کایەی وەک جاران نەماوە هەر بۆیە هەڵبژاردنەکە بۆ هەر دوو لا واتە بۆ کورد و تورک زۆر گرینگە و ناوچەکەش بە هەستیارییەوە چاوەدێری هەڵبژاردن و دەرەنجامەکانی دەکەن!

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازە، پێویستی بە یاریکەرێکی تازە هەیە هەتا ناوچەکە ئارامی و ئاشتی بە خۆیەوە ببینێ، کە بێشک ئەوە کوردە کە وەک یاریکەرێک بە جوانی یاری خۆی دەکا و بە سەرکەوتن بە سەر داعشدا توانی هاوکێشەکان لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت!

با چاوەڕێی ئاڵ و گۆڕی تازەی ناوچەکە بین!

بژی کورد و بژی کوردستان

ڕەوف گوڵبەدەن / فنلاند

16.5.2015 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی