"an independent online kurdish website

یەکێ لە بنچینەکانی دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆ ئەوەیە کە لە هەڵس و کەوتە سیاسییەکاندا کوردیش دەبێ خاوەنی بڕیاری خۆی بێت، لە لایەکی دیکەوە هاوسەنگی لە نێوان خۆی و ئەوی دی دەبێ ڕەچاو بکا،reuf-gulbeden

بە ڕای من کردنەوەی بنکەیەکی ئەمریکایی لە کوردستان بۆ داهاتووی کورد کاریگەری خۆی دەبێت ئەگەر کورد لە بڕیارداندا بەرژەوەندی باڵای نەتەویی لە پێش چاو بگرێت!

لەم ساتە ناسکەدا کە کورد پێدا تێدەپەڕێت دەبێ زۆر بە وردبینی بڕیاری پێویست بۆ خزمەتی نەتەوە و سیاسەتی وڵاتەکەی دەربکات. ڕۆژهەڵاتی ناوین ئاڵ و گۆڕی بە سەردا هاتووە و دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ دواوە، کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە نزیکبوونەوە لە دۆستان و پشتیگرانی هەیە، ئەم ساتە وەختە مێژوویانە هەر بەسەد ساڵ جارێک هەڵدەکەوێت! کورد پێویستی بە دۆستایەتی ئەو وڵاتانە هەیە کە ئەوانیش پێویستیان پێیە!

ئەوڕۆکە کورد خاوەن قورسایی خۆیەتی و لە کێشە ناوچەییەکاندا خەریکە دەور دەگێڕیت، لە بەرانبەریشدا وڵاتانی هەرێمی و بە تایبەتی ئێران و تورک و عەرەب هەر یەکەو خەریکی پوان دانن بە ئەمریکا و خەریکی درووستکردنی بەرە و هاوپەیمانین بۆ ئەوەی لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوا نەکەون و لانی کەمی ویستی ئەوان ئەوەیە کە وڵاتەکانی خۆیان لە کێشە دوور ڕاگرن، ئەو هەڵپانەش وا ئێران و عەرەبستان و تورکییەش کردوویانە هەر لەو چواچێوەدا دەخوێندرێتەوە.

من ناڵێم کردنەوەی فڕۆکەخانە یان بنکەیەیەکی ئەمریکایی هەموو کێشەکان چارەسەر دەکات، بەڵام کردنەوەی ئەو بنکە ئەمریکاییە لە نزیک سنووری ئێران و تا ڕادەیەکیش سنووری تورکییە خاوەنی پەیامی خۆیەتی و کورد لەو سەر لێ شێواییە ڕزگار دەکات کە هەر لایەنەک بۆ بەرژەوەندی تەسکی حێزبی پەنا بۆ ئێران یا تورکییە ببات! بە کردنەوەی بنکەی ئەمریکا لە حەریر لە ڕاستیدا ئەمریکاش دیهەوێ بڵێ کە ئێران بۆ کەس جێگەی براو نییە، تورکییەش بۆ ئەمریکا ئەو تورکییەی جاران نییە، کە واتە دوای دابەشبوونی عێراق بۆ سێ بەش لانی کەم کوردستان دەتوانرێت ببێتە پێگەیەکی ستراتێژی بۆ ئارامی و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازە..

کورد بە شەڕکردن لەگەڵ داعش، بوونی خۆی سەلماند، لە ناخۆشترین هەل و مەرجدا، بوونی بە ملوێن ئاوارە، بڕینی بە ئەنقەستی مووچە، زەقکردنەوەی خاڵە بچووکەکان و پڕۆپاگەندی ژاراوی، کورد نە چووە بەرەی تورکەوە و نە چووە بەرەی ئێرانەوە یان بە زمانێکی دی نە چووە بەرەی سوننەوە و نە چووە بەرەی شێعەوە. شەڕی هەر کەسەکی کرد کە دژ بە کورد وەستایەوە، ئەمە یەکەم جارە کە کورد نەکەوتە ناو تەڵەی داگیرکەرانی کوردستان، ئێستا کاتی خۆیەتی کە بیر لە داهاتووی کوردستان بکاتەوە و بە بێ گەڕانەوە بۆ کەس، خۆی لە سەر چارەنووسی خۆی بڕیار بدات!

کردنەوەی بنکەی ئەمریکا لە حەریر دەبێتە هۆی ئەوەی بنکەی تورکییەش کە لە بامەڕنێیە بوونی بە پێویست نەزانرێ و ئەگریش ببێ دەکرێت لە چوارچێوەی ناتۆدا بێ کە ئەویش دیسان حیسابێکی ترە!

ئێران توانای دەست تێوەردانی لێ دەسێندرێتەوە و دەست و پێوەنەکانی ئێرانیش دەستیان لە بن هەوانەکەوە دەردەچێت!

هەنگاوی دواییش گواستنەوەی بنکەی سەربازی ئینجێرلیکی تورکییە بۆ بنکەی سەربازی نوێی ئەمریکا لە حەریری کوردستان!

ڕەوف گوڵبەدەن / فنلاند

27.4.2014

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی