"an independent online kurdish website

بۆ شیکردنەوەی هۆکار یان هۆکارەکانی تەقینەوەی عەنکاوەی هەولێر وا دەردەکەوێت کە ئامانجەکە تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمە بە گشتی و بە تایبەتیش پایتەخت وەک سیمبۆلی ئەم هەرێمە!reuf-gulbeden

پێش سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئێران هەم لە لایەن ئەردۆغانەوە و هەمیش لە لایەن ئێرانەوە زۆر لێدوانی دژ بە یەک هاتە ئاراوە و بە جۆرێک کە زۆرێک لە شارەزایان وای بۆ دەچوون کە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئێران هەڵدەوەشێتەوە و نێوان ئێران و تورکییە کە تا ڕادەیەک ئاڵۆزە ئاڵۆزتر دەبێت! ئێران و تورکییە ئەوەندە کێشەیان بە یەکەوە هەیە کە بەشی ئەوە بکات ئەردۆغان سەردانەکەی هەڵوەشاندایەتەوە، ئەی بۆ لە دوای ئەو پەیامە ئاگرینەی ئەردۆغان بۆ پشتیوانیکردن لە هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرکردەیی عەرەبستان کە تێیدا ئەردۆغان بە ئاشکرا ئێرانی ئاگادار کردەوە لەوەی کە ئیتر بەسە و ناکرێت ئێران لە ناوچەکەدا ڕمبازێن بکا و دەبێت پێش بە پەرەسەندنی هژموونی ئێران لە ناوچەکەدا بگرن! لە پاش کاردانەوەی ناوخۆیی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ وتەکانی ئەردۆغان هەموو کەس وای بۆ دەچوو کە نێوان ئێران و تورکییە ئیتر لەوە کە هەیە تێکتر دەچێت، کەچی هەر لەم سەر و بەندەدا ئەردۆغان دووبارەی کردەوە کە سەفەری خۆی لە بەر قسەی یەک دوو نوێنەری مەجلیسی ئێران پەک ناخات! لێرە یەک پرسیار قوت دەبێتەوە ئەو بەرژەوەندییە باڵایە چییە کە ئێران و تورکییە لە پۆپەی ئاڵۆزی و ناتەبایی دیسان پێکەوە گرێ دەداتەوە؟

پێم وانەبێ کەس ئەوە نەزانێ کە ئارامی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئارامی و ئاسایشی کوردستانەوە بەندە! ئەوڕۆکە ئیتر ئەمە شاراوە نییە کە کورد بە حەشیمەتی چل پەنجا ملیۆنی لە جەنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە کێشە و شەڕ و شۆڕ، ئەم نەتەوە کێ دەتوانێ پشت گوێی بخات؟

ئەمە پاژنە ئاشیلی تورک و ئێرانە کە ناچاریان دەکات پێکەوە دابنیشن و ئاڵ و گۆڕی بیر و ڕا بکەن کە لە وەها بار و دۆخێکدا دەبێت ئەوان پێکەوە چی بکەن کە هەل و مەرجەکە بە قازانجی خۆیان بقۆزنەوە و کورد دیسان ناچار بکەنەوە دەست لە ویست و داخوازییە ڕەواکانی خۆیان هەڵگرن و بە چارەنووسێک ملکەچ بن کە داگیرکەرانی کوردستان بۆیان دەنووسن!

سەردانی ئەردۆغان بۆ ئێران لە پلەی یەکەم بۆ ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە مەسەلەی کوردە، هەر وەک هەموو لایەک دەزانن یەکێ لەو شتانەی کە داعشیان پێ کۆک کرد و قورمیشیان کرد ئەوە بوو کە ئاستی داخوازییەکانی کورد تێک بشکێنن و کورد ناچار کەن ملکەچی ئێران و تورکییە بێت، ئەگیانا داعش لێرە چی دەکات لە هەولێر؟!

دامەزراندنی حەشدی شەعب و ئەو تاقمانەی دیش هەمان شتن کە دووپاتەی دەکەنەوە و هەتا ناوچەکە شێواوتر بێت هەتا ئاڵۆزی زیاتر بێت، کێشەی کورد درەنگتر چارە دەکرێت!

درووستکردنی نائارامی و پشێوی ڕیک بەم ئاراستەیە دەڕوات!

 

ڕێگە چارە

کورد تەنیا یەک ڕێگەی لە بەرە ئەویش یەک دەنگی و یەک هەڵوێستییە! گرتنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد زەروورەتێکی مێژووییە کە دەبێت هەنگاوی بۆ هەڵبگرێت! تەواوی حزبە کوردستانییەکان بەرپرسن لەوەی کە بەرژەوەندی باڵای کورد دەبێت لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە بەر تەسکە حێزبییەکان بێت! تاک و حێزب و باشوور و ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵات هەموومان یەک چارەنووس زیاترمان نییە، ڕیگە مەدەن تورکییە و ئێران دەست بخەنە ناو کێشەکەمانەوە، بەرژەوەندی ئێمەی کورد لە وەدایە کۆنگرەی نەتەوەیی بگرین و هاوسەنگییەک لە نێوان خۆمان و داگیرکەراندا درووست بکەیەن، سنووری خۆمان و ئەوان با ڕوون بێتەوە! بە بێ شک تەقینەوەی هەولێر سەرەتایەکە بۆ ئەوەی کە بە خۆماندا بینەوە و بە وریایی لێکدانەوەی ڕووداوەکان بکەیەن!

بژی کورد و بژی کوردستان

ڕەوف گوڵبەدەن / فنلاند

18.4.2015 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی