"an independent online kurdish website

دایکی سۆلاڤ

لێت راهاتووم .. وەک پێشمەرگە بە چیای سەخت
وەک باڵندە .. بە هەتاو و سەوزی درەخت

وەک شەهیدان .. بە بەرگی سپی و خوێناوی
بە نانە رەقەی گیرفان و نامەی ( یاری ) بە جێماوی

لێت راهاتووم .. وەک غەریبان لە تەنگی
وەک غەمباران .. لە ئاهی قوول و بێدەنگی

هەر وەک ئاسمان .. بە مانگ و خۆر و ئەستێرە
وەکو خەرمان بە ( شەن ) و کەو گا و گێرە

هۆگرت بووم .. وێنەی ( هەڵۆ ) بە لوتکەی شاخ
وەک هەنگ .. بە شیلەی هەڵاڵە و گوڵی ناوباخ

راهاتووم پێت .. وەک پەلکەزێڕینە و بەهار
وێنەی شەقامی شارەکەم لە هەژار و شێتی ناوشار

هەر وەک فرمێسک .. لە چاوی دایکی شەهیدان
وێنەی زەوی .. لە گوڵ و گیا و تەرزە و باران

راهاتووم پێت .. وەک شارەکەم لە تاریکی و خورپە و ناڵە !!
بە سواڵکردنی ئافرەت و پیر و مناڵ .. ئای کە تاڵە

لێت راهاتووم .. بە هاوار و بە خوێن رشتن
بە دەست دەست خستنە بینی یەک.. تاڵان .. کوشتن !

لێت راهاتووم وەکو ( مەل ) بە هێلانەکەی
هەر وەک کۆرپە بە لای لایە و جۆلانەکەی

پەرۆشتم .. لە تاڵیدا بێت یان خۆشی
تامەزرۆتم .. وەک هەژار بۆ نانی کۆشی

هۆگرت بووم وەک ( دێوانە ) لە عێشقی ( شەم)
وەک بێ ئارامی خاتوو( زین ) بۆ کاکە ( مەم )

وەک مامە پیرەی ماڵ وێران بە بەرماغ و گۆچانەکەی
وەک سۆزی شمشاڵی شوان بۆ کار و بەرخ و رانەکەی

لێت راهاتووم .. وێنەی ( سۆفی ) بە دەف .. دەروێش و بەرماڵ !
هەر وەک سەرخۆشی راهاتوو .. بە شەراب و ئارەقی تاڵ !!

وەک فرمێسکی ئەم چاوانەم .. کە دێنە خوار نەرم نەرم .. !
وەک شنەبا و رەشەباکەت.. تیشکی خۆری گەرم گەرم ..

یادت ئەکەم .. ئەی وڵاتی بەفر و خوێنم
ئەی پەرستگا پیرۆزەکەی هەست بزوێنم

من هۆگری منداڵانی کوردســـــــــــــتانم
شێت و شەیدای ساماڵی چاوی گەشیانم

ئاخۆ ئەو رۆژە بێتەوە باوەشتان بۆ بگرمەوە
فرمێسک بۆ ئێوەی ئازیزم .. لەم دیدانەم سڕمەوە !

یادتان ئەکەم ….. ئەژێمەوە
هەر ئەیڵێم و …. ئەیڵێمەوە

دایکی سۆلاڤ ( سەبریە نوری قادر )
سوید : ٢/٢ / ٢٠١٥

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی